"an independent online kurdish website

هەروەک ئاگادارن چەند رۆژ لەمەپێش و  لە راگەیندراوێکدا گروپی هەلوێست، پەیوەست بوونی خۆیان بە رێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕاگەیاندqells

و لە بەرانبەردا حیزبی دێموکراتیش بە دەرکردنی بەیاننامەی دفتەری سیاسی پێشوازی لێکردن و لە بەشێک لە بەیان نامەکەدا ئاواتی بەرین کردنەوەی یەکگرتن لە ئاستی بەرزتردا   و بەربڵاوتر دەربریبوو و لە لایەکی تریشەوە کموسیۆنی سیاسی نیزامی هاورێیانی پێشوو بە دەرکردنی ڕاگەینراوێک پەیوەست بوونی گروپی هەلوێستیان بۆ ناو رێزەکانی حدکا بۆ یەک کەس گێرایەوە وباسی ئەوەیان کرد کە ئەو یەک کەسەش لە لایەن ئەو هاورێیانە بە هۆی پێشێلکردنی بریاراتی تەشکیلاتی سزا دراوە ودەریان کردوو و تەواوی ئەندامانی گروپی هەلوێست لە ناو ریزەکانی حدک درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان ئەدەن  و لە هەمان کاتدا رەخنەشیان لە سیاسەتەکانی حدکا گرت بە دەرکردنی ئەو ڕاگەیاندراوە .

لێرەدا ئەگەرچی ناچمە سەر تێروانینی ئەم دوو ڕاگەیەندراوە لێک جیاوازە بەڵام بە خراپی نازانم کە وەبیر هەموو لایەکی بێنمەوە کە لە کاتی راگەیندراوی یەکەمی گروپی هەڵوێست کە بوونی خۆیان بە فەرمی ڕاگەیاند ، کاردانەوەی تووندی لە لایەن رێبەرایەتی هاورێیانی پێشووی لێکەوتەوە و تەنانەت  کاک مستەفا مەولوودی لە بارەی گروپی هەلوێستەوە بۆ رووداو نێت ، نکۆلی لە گرووپێکی وا دەکا و دەڵێ`
  مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو بارەوە به (رووداو)ی راگەیاند “گروپێک بەناوی گروپی هەڵوێست لەناو حیزبی دیموکراتدا بوونی نیه و هیچ کەسێک بۆ ئەو مەبەسته پەیوەندی به سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە نەکردووە و هیچ راگەیەندراوێکیش لەو بابەتەوە بەدەست سەرکردایەتی حیزب نەگەیشتووە”.  

لینکی تایەبەت بەم بەشە  (   http://rudaw.net/kurdish/index.php/kurdistani/13213.html   )

 تا ئێرە من واز لەم پارادۆکسی قسە و کردارە دێنم کە لە لایەکەوە حاشا لە گروپی هەلوێست دەکەن و لە لایەکیترەوە دیانیان پێدادەنێن ، ئەوەی مەبەستمە لەم بابەتە ئەوەیە کە بە پەیوەست بوونی گروپی هەلوێست هەر مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر و دلسۆز دڵی خۆش بوو ، ئەم دڵ خۆشیە بەو راستایە نا کە لایەنێک بەهێز بێ و لایەنێکیتر لاواز ، بەڵکوو بەو مانایە کە یەکیەتی و برایەتی و یەکگرتن گرنتی سەرکەوتنمانە وەک گەلی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایەبەتی و دەکرێ کە وەک یەکەم هەنگاوی یەکگرتن سەیری ئەم رووداوە بکرێ و هەر لە سیلەی چاوی ئەم پێویستیە مێژوویەشمانە  کە لە لایەن کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیەوە پشتگیری لەو کردەوە شۆرشگێرانەیە کرا و بە دڵنیایەوە ئەگەر دەرفەتی دەربرینی هەلوێست بە خەڵکی کوردستان بدرایە ئەوا پشتگیریەکان لە ناو خۆی وڵات ملیۆنی دەبوو .
بەداخەوە کەم نین ئەو کەسانەی کە تا ئێستاش بە بیری تەسکی حیزبی و جیناحی و ناوچەی لە ناو سەرجەم حیزبەکانی کوردستاندا بە بێ جیاوازی  خول دەخۆن و هەموو شتێک بە رەش و سپی سەیر دەکەن و ژەنگ خانەی بیرکردنەوەی مێشکیانی ئابلوقە داوە و برشتی لێبریون و ناتوانن لە بەرانبەر رووداوە چاوەروان نەکراو و کوت وپڕەکاندا هەلوێستی شۆرشگێری لە سەر بنەمای ئەخلاقی نیشتمانی و نەتەوەی بگرن و بە پێچوانەوە بۆ دامڕکانەوەی ناخی ژەنگاوی خۆیان پەنا بۆ هەموو کردەوەیەکی قێزەون و دوور لە بەها ئینسانیەکان دەبەن ، نموونەی بەرچاوی ئەم هەست و کەوتانە ئێستا بە رۆژانە لە جیهانی مەجازی ئینترنێت و بە تایەبەت لە ناو هێندێک ماڵپەڕی کوردی دەبیندرێ کە زۆر بێرحمانە هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر حدک ئێران  و گروپی هەلوێست و ئەو دەستە لە رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی دەستی پێکردەوە و دوور لە هەر بنەمایەکی ئەخلاقی ئەدرێنە بەر بێ حورمەتی و تۆمەت لێدان و کەسانێکی دەمامەکداریش وەک بۆچون نووس لە خوار بابەتەکانی پەیوەندارەوە بەو پەری دڵرەقی رق و بوغزی خۆیان هەڵدەرێژن .
ئەم جۆرە کەسانە کە هیچ بۆنێکیان لە ئینسانیەت و شۆرشگێری و کوردایەتی نەبردووە هەر بەوەندەوە نەوەستان و بە رۆژانە بە شوێن ئەو کەسانەی کە دلسۆز و نیشتمان پەروەرن و دڵیان بۆ ئازادی نەتەوەکەیان لێئەدات ،دەگرێن و پەیوەندیان پێوەدەکەن بە مەبەستی لە خشتەبردنیان بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ژێر ناوی دلسۆزی بۆ یەکیەتی و برایەتی و من یەک لەو کەسانەم کە ئەو پەیوەندیەم لە لایەن چەند کەسی دیارەوە پێوەگیراوە ، هەر بۆیە لەی بێدەنگ نەبووم و لە لاپەرەی خۆم لە فەیسبۆک رۆژی پێنج شەممە ٢٦/٠٦/٢٠١٢ روو بە سەرجەم ئەندامانی حیزبی دێموکرات داوای هوشیار بوونم لێکردن کە نەکەونە ناو ئەو پلانەی کە هێندێک کەسی دەمار گرژ بە تەمان دایرێژن و ئەوەش پەیامەکەم بوو : 

(.دۆستان و هاوڕێیانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هەر کوێ یەک هەن سلاوی من قبول بەفەرموون .

هاورێیانی خۆشەویست! دوای هەڵوێستی ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی “حدک” لە ژێر ناوی گرووپی هەلوێست و لە ئاکام دا پەیوەست بوونیان بە ح…دکا وە و لە هەمان کاتدا پێشوازی گەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو هەنگاوە و دەرکردنی راگەیندراوێک کە لەودا ئاوات و هیوا بۆ یەکگرتنی بەرینتر و بەربڵاوتر وەک سیاسەتی هەمیشەیی حیزب دووپات کرایەوە و دوابەدوای ئەوەی کە ئەو هەنگاوە دڵی خەڵکی کوردستانی خۆش کرد بە ئاواتی یەکریزی و تەبایی و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک لە رۆژنامەنووس و رووناکبیر پشتیوانیان لەو هەنگاوە کرد ، بەداخەوە هاورێیانی پێشوو بە پێچەوانەی ئەو بانگەوازانەی کە بۆ یەکگرتن و یەکریزی لە راگەیندراوەکانیان بڵاوی دەکەنەوە ، دژ کردەوەی نا بەرپرسانەیان لە خۆ نیشاندا و بە گژ ئەم مەسەلەیەدا چوونەوە . پێویستە ئاگادار و وشیار بن کە برێک لە ئەندامانی ئەو هاورێیانە زۆر دەمارگرژانە ڕەفتار دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیاکانی وەک فەیسبۆک و ماڵپەرەکان وێرای ئەوەی بێرێزی و بێ حورمەتیەکی ئێجگار زۆر بە هەموو لایەک دەکەن ، ئێستا داوا لە ئەندامانی حیزب دەکەن کە ناڕەزایەتی لە ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسی و بەرنامە تایبەتیەکانی تیشک بگرن کە بە قەولی ئەوان ، هەوڵەکانی یەک گرتن لە بار دەبەن ودیسان بار گرژی پێک دێنن . ئەوان بەو پێشنیارانە دەیانەوێ بە جۆرێک ئەندامانی حیزب هان بدەن بۆ نانەوەی کێشە لە ناو حیزبدا.
زۆر پێویستە کە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هوشیار و زیندوو بن ، ئەندامێکی زیندوو وێرای ئەوەی کە پشتگیری لە حیزبەکەی بە تەواوی وجوودیەوە دەکا ، لە هەمان کاتدا رەخنە و پێشنیاری خۆشی لە شوێنی خۆی ئاراستەی حیزبی خۆی دەکا ، هەر بۆیە پێویست ناکا بە هیچ جۆرێک خۆتان تێکەڵ بە گەمەیەک بکەن کە بە دوور بێ لە بەرپرسیارەتی حیزبی و تەشکیلاتی و بە بێ ئەوەی بزانن کە کێی لە پشتە و بە چ ئامانجێکە .

هاورێیانی خۆشەویست !
هەروەک ئاگادارن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی پانزدەهەمی خۆی لە سەر رێگایە و گەلی کورد چاوی بریوەتە ئاکامەکانی ئەو کۆنگرەیە .سەرکەوتنی کۆنگرەی پانزدەی حیزب ویست و خواستی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەر لە ئێستەوە پشت و پەنای ئەو کۆنگرەیە بین و خۆمان لە هەر کردەوەیەکی نابەرپرسانە بەپارێزین کە زیانی بۆ خۆمان بەدواوە بێ .
بە نیسبەت لێک نزیک بوونەوە و سەرئەنجام رێکخستنی ماڵی گەورەی دێموکراتیش لە ئاستی رێبەریدا دەرگای بۆ کراوەتەوە و بە ئاشکرا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس لە پێویستی چارەسەری کێشەکان دەکا . شەخسی سکرتێری گشتی حیزب ، واتە کاک مستەفا هیجری لەو بارەوە و بە ئاشکرا باسی لەو مەسەلەیە کردووە و بۆیە لە راستیدا لە جێگای ئەوەی کە ئێمە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆمان تێکەڵ بە هێندێک شتی لاوەکی و گوماناوی بکەین ، باشترە چ وەک ئەخلاقی شۆرشگێری و چ وەک نیشتمان پەروەرێکی راستەقینە و چ وەک دڵسۆزی حیزب و وەک هەمیشە پشت و پەنای حیزبەکمان  بین و پشتگیری لە سکرتێری گشتی حیزبەکەمان بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان .هەر بژین و سەرکەوتوو بن )

بەدوای ئەو داواکاریەی من لە ئەندامانی حیزب بەداخەوە چەند رۆژی درێژەی نەکێشا کە نیشانەکانی دەرکەوتن و من لێرەدا ئیشارە بە دوو بابەتی لەو جۆرە دەکەم .

١- بڵاو کرنەوەی داواکاری ئەندامانی تەشکیلاتی ناوخۆ لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ روون کردنەوە بە مەبەستی پاراستنی  پرستیژی حیزبی لە ماڵپەری بەیان
لینکی داواکاریەکە     http://www.beyan.info/Direje.aspx?C=Hewal&J=2160
 

٢- بڵاو کردنەوەی هێندێک نامەی  نێوان هاورێی تێکوشەر کاک مستەفا هیجری و بەشێک لە دۆستانی لە سەر تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبۆک لە ماڵپەری رۆژهەڵات تایمز
لینکی نامەکان       http://rojhelattimes.org/read.php?id=5497

بە نیسبەت بابەتی یەکەمەوە دەبەی ئەوە بڵێم کە هەر کەس کەمێک لە ئەلف و بێی سیاسەت و تەشکیلاتی حیزبێکی خەباتکار و لە حاڵی شۆرش کە لە ناوخۆ بە نهێنی چالاکی دەکا ، شارەزایی هەبێ  باش دەزانێ کە ئەم هەواڵە سەری بە راستیەوە نییە ، بۆ ؟
یەکەم ئەم هەواڵە لە هیچ ڕاگەیندراوێکی فەرمی ئەو حیزبە و یان لەو ماڵپەرانەی کە بە جۆرێک لە سیاسەتی ئەو حیزبە نزیکن  و تەنانەت لە هیچ شوێنێکیتر ىڵاو نەکراوەتەوە و تەشکیلاتی ناوخۆش ڕاگەیاندنی تایەبەت بە خۆی نییە تا ماڵپەری بەیان لەوی وەرگرتبێ و هەروەها ماڵپەری بەیان نەتەنیا هیچ بەرپرسیارەتیەکی لە ناو حدکا نییە تەنانەت سریشی بەو حیزبەوە نییە تا تەشکیلاتی نهێنی باوەرمەند بەم ماڵپەرە بێ و خۆی بۆ ئاشکراکات و ئەگەریش خۆی ئاشکرا نەکردووە ئیتر ماڵپەری بەیان چۆن دەزانێ کە ئەو کەسە ئەندامی حدکایە ؟ و دووهەم ئەوە کە هەموو کەسێک ئەوە باش دەزانێ کە لە
  تەشکیلاتێکی نهێنیدا هەرگیز ئەندامانی ئەو تەشکیلاتە ناتوانن لە دەوری یەک کۆبنەوە و تەنانەت لە تەشکیلاتی شارێکیش ئیمکانی ناسینی یەکتریان نییە و سێیەم تەشکیلاتی نهێنی ، تەشکیلاتێکی سەربەخۆ نییە تا گوتەبێژی تایەبەتی لە ناو خۆ هەبێ و بتوانێ روانگەی ئەندامەکانی بۆ راگەیندنەکان بگوازێتەوە بەلکوو سەر جەم تەشکیلات لە گروپی چەند کەسیدا لە هەر شار و ناوچەیەک راستەوخۆ گرێدراوە بە بەرپرسی  بەشی تەشکیلاتی  ئەو شار و ناوچەیە کە بە ئاشکرا پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و بەم جۆرە ئەم هەواڵە لە تەواویەتی خۆیدا درۆیە و سەری بە راستیەوە نییە ، بەڵام بۆ ماڵپەڕی بەیان بڵاوی کردۆتەوە ؟ ئەوەش روون و ئاشکرایە . لە بنەرەتدا بۆ تاقە جارێکیش ماڵپەری بەیان نەیتوانیوە بەهاکانی  ئەخلاقی رۆژنامەگەری بپارێزێ و هەردەم لە پێناو شلقاندنی گۆمەکە چالاک بووە کە  هۆکاری ئەویش بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە و ئەو بەرێزانەش کە لە پلان دانان دان بۆ نانەوەی ئاژاوە ، ئەم راستیە باش دەزانن و هەر بۆیە لە پێناو دامرکانەوەی رق و بۆغزەکانیان کە وەک لە سەرەتادا باسم کرد ، پەنایان بۆ ئەو ماڵپەرە بردووە تا بتوانن لەو رێگەوە بە ئامانجە چەواشەکاریەکانیان و سەر ئەنجام ویستی ژەنگاوی هەناویان بگەن .

لە سەر ئەو نامانەی کە رۆژهەڵات تایمز بڵاوی کردوونەوە و رووی نەبوە ئیشارە بە سەر چاوەکەی بکات پێویستە ئاشکرای بکەم کە سەر چاوەی ئەم بابەتە ماڵپەری سمکۆ شکاکە و ئەوەش لینکەکەی  .   http://simkoshikak.blogspot.de/2012/06/blog-post_24.html?spref=fb
ئەوەندەی بە شوێنداچوونم کردبێ بۆ بەرێوەبەری ئەو ماڵپەرە ، سامووئێل کرماشانییە
سامووئێل کرماشانی کێیە ؟ ئەگەرچی لە نزیکەوە نەمبینیوە و نای ناسم بەڵام تا ئەو جێگای بۆم دەرکەوتووە و لە دۆستانیم پرسیەوە ، ساموئێل کرماشانی ئەندامی موجاهدین خەلک بووە و دوو ساڵ لەمە پێش بابەتێکی نووسی کە گۆیا حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵە ٣٠٠ کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی خۆیان کە یارسانی بوون لە دالاهۆ ئێعدام کردووە کە لە لایەن هاوولاتیانی یارسانەوە بەدرۆ خرایەوە و هەرەشەی لێکرا ، دوا بەدوای ئەمە کەوتە دژایەتی کردن لە گەڵ یارسانیەکان و ئەم کێشەیە تا ئەو جێگایە رۆشت کە تۆبەی پێکرا و داوای لێبوردنی لە یارسانیەکان کرد ، بە پێی ئەو هەڵس و کەوتانە کە ساموئیل دەیکا دەبێ کەسێکی  …..  و هەر رۆژەی سەر بە حیزبێک و لایەنێکە ، باری….  ساموئێل تا ئەو جێگایە نا سەقامگیرە کە تەنانەت رۆژهەڵات تایمز رووی ئەوەی نەبووە باس لە سەر چاوەی ئەو نامانە بکات کە بڵاوی کردوونەوە لە بەر ئەوەی کە خۆشی باوەری بەو شتانە نییە .
بەڵام رۆژهەڵات تایمز نەتەنیا ئەم نامە دەستکردانەی بڵاو کردۆتەوە ، بەلکوو بۆچوون نووسە جنێوە فرۆشەکانیش لە خوارەوە بە دەیان بێ حورمەتی و بێرێزیان بە حدک ئێران و شەخسی کاک مستەفا کردووە ، دیارە ئەمەش درێژەی ئەو هەوڵ و پەلەقاژە نەزۆکانەیە کە بیرتەسکانی مێشک ژەنگاوی کاری بۆ دەکەن .

هەر بۆیە من وێرای ئەوەی کە ئەم کردەوە نا شۆرشگێرانە و دوور لە هەر بنەمایەکی ئەخلاقی کە لە لایەن هێندێک کەسی دەمارگرژەوە بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەیکی مەحکووم دەکەم ، لە هەمان کاتیشدا گەش بینم بە یەکریزی و سەرکەوتنی یەکجاری .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەریایەکە لە پێگەی جەماوەری ، ئەم دەریا خرۆشانە بە سەدان جار کەوتۆتە بەر هێرشی داگیرکەرانی کوردستان وەک حکومەتی پاشایاتی رووخاو و حکومەتی کۆماری ئیسلامی مرۆڤ کوژ و تووشی زۆر کۆست و تەگەرە هاتووە و زۆر مرۆڤی لێهاتوو و زانا بە تایبەت سێ رێبەری مەزنی وەک شەهیدان پێشەوای نەمر و دوکتور قاسملووی مامۆستا و دوکتور شەرەفکەندی زانای و دەیان و سەدانیتر کە هەر کامەیان رێبەرێک بوون ، پێشکەشی بە بارەگای سەرفرازی گەلەکەی کردووە بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەر دەستی مامۆستاکانی وەک پێشەوا و قاسملوو و شەرەفکەندی دامەزراوە و قوتابخانەی سەداقەت و شۆرش و بەرخودان بووە ، هەرگیزاوهەرگیز دوژمنانی گەلەکەمان نەیان توانیوە لە ئامانجە پیرۆزەکانی دووری خەنەوە و تۆزقاڵیک لە خۆشەویستی ئەو حیزبە لە ناو دڵی کۆمەڵانی خەلکی کوردستانی کەم کەنەوە و هەر بۆیەش ئێستا چەند کەسێکی چەقبەستوو بە بیری ژەنگاوی ناوچەگەری و جیناحی و دەورانی دەرەبەگی لە ناو تۆری ئینترنێت ناتوانن زەفەر بەو حیزبە بێنن و سەرئەنجام بەم کارانەیان لاپەرەی رەش بۆ خۆیان تۆمار دەکەن و باشتر وایە لە جێگای ئەو هەموو بێرێزی و بێ حورمەتیە بە خەباتکارانی گەلەکامان بە خۆیاندا بێنەوە و کەمێک ویژدانیان بە خزمەت کردنی گەلەکەیان لە راستای پەرە پێدانی برایەتی و خۆشەویستی ئاسوودە کەن . هەر لێرەوە و بۆ جارێکیتریش داوا لە سەر جەم خەباتکارانی راستەقینەی گەلەکەمان و بە تایەبەت ئەندامانی حیزبی دێنوکرات دەکەم کە هوشیاری خۆیان بەپارێزن و خۆیان نەخەنە ناو گێژاوی بەرژەوەندی کورسی و ناوچەگەرای .
ئێمە پێویستە بە چاوی رێز و حورمەتەوە بروانینە رووناکبیران، شاعیران. رۆژنامەنووسان ، نووسەران ، هونەرمەندان و ….خەباتکارانی راستەقینەی گەلەکەمان وتێبگەین  کە ئەمانە سامانی پێشکەوتنی وڵاتەکەمانن و لە جێگای بێ حورمەتی و بێرێزی لە توانا و لێهاتوویەکانیان کەڵک وەرگرین بۆ پەروەردەی فیکری سیاسی ، کۆمەلایەتی ، ئابووری  نەتەوە ژێردەست و زوڵم لێکراوەکەمان .
سەربەرزی و یەکیەتی و برایەتی بۆ هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازم.

رەشید زەرواوی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی