"an independent online kurdish website

دواجار دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری دا کە پلانەکەی سەرۆک ئۆباما بۆ ڕیفۆرمی تەندروستی لەو وڵاتە، یاسایەکی دەستوریە و ناکۆک نیە لە گەڵ دەستوری ئەمریکادا. هەر لە گەڵ دەرچوونی پلانەکەdr_goran_abdulla

و ئیمزاکردنی لە لایەن باراک ئۆباماوە وەکو یاسا لە ساڵی ٢٠١٠دا، مشتومڕێکی توند و هەندێک جار بریندارکەر لە نێو ئەمریکیەکاندا دەستیپێکرد. گفتوگۆکە ئەوەندە توندو کەلەڕەقانە بوو کە پێویستی بەوە دەکرد پەناببرێتە بەر باڵاتری دادگای ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی دەستوری بوونی یاسا و پلانەکە. سەرەڕای ئەوەی کە دادگای باڵای ئەمریکا زۆرینەیەکی کۆنزەرڤاتیڤی هەیەو سەرۆکەکەشی سەر بە کۆنزەرڤەتیڤەکان هەژمار دەکرێت، بەڵام دادگاکە لە بەرژەوەندی دیموکراتەکان و ئۆباما بڕیاری دا. هەرچەندە کۆمارییەکان لەڕێی کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، میت ڕۆمنیەوە، هەڕەشەی لابردنی پلانەکە دەکەن ئەگەر هاتوو ئەو ببێت بە سەرۆک و بە گەورەترین و بەرزترین باجی سەر ئەمریکایەکان لە قەڵەمی دەدەن، بەڵام بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەیە. ئەو بڕیارە مێژووییە، بەتەنها سەرکەوتن نیە بۆ دیموکراتەکان و ئۆباما، بەڵکو هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ زۆرێک لە ئەمریکیەکان خۆیان و تەنانەت زۆرێک لە ئێمەمانانی چاودێرو توێژەری بواری سیاسەت و سیستمی تەندروستی. 
سەرکەوتنی پلانەکانی ئۆباما، بەلای کەمەوە لە حاڵی حازردا و لەسەر کاخەز، گرنگە بەهۆی هەبوونی چەند پێدراوێکی زەقی تایبەت بە سیستمی تەندروستی ئەمریکا. ئەمریکا تاقە وڵاتی زلهێزو پیشەسازی و دەوڵەمەندە کە سیستمێکی گشتگیر و تۆکمەی بیمەی تەندروستی نیە. زیاتر لە ٣٠ ملێون ئەمریکی بیمەی تەندروستیان نیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا وەکو وڵات زۆرترین خەرجیی لە تەندروستیدا دەکات و زیاتر لە ١٧%ی کۆی بەرهەمی نیشتیمانی خۆی بۆ تەندروستی خەرج دەکات. تێچوونی تەندروستی لە ئەمریکادا گەورەترین هۆکاری مایەپوچبوونە لەو وڵاتدا. هەروەها، سەرباری ئەو پارە زۆرەی کە ئابوری ئەمریکا لە تەندروستیدا خەرجیدەکات، بە پێی پێوەرە جیهانیەکان ئەمریکا ٢٧هەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی باشی سیستمی تەندروستیەوە. ئەم پێدراوانە و زۆری تریش وایان کردووە کە سەرۆک دوای سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی چاکسازیی و ڕیفۆرمی تەندروستی بدات. زۆربەی هەرە زۆری ئەو سەرۆکانەی هەوڵی چاکسازییان داوە یا شکستیان خواردووە یاخود توانیویانە چاکسازیی و پینە و پەڕۆی سیستمەکە بکەن بە بێ ئەوەی کێشە ناوەکی و جەوهەریەکان چارەسەر بکەن. دەشێت ئۆباما ناوی بچێتە مێژووە وەکو یەکەمین سەرۆک کە توانیبێتی چاکسازی و ڕیفۆرمی تەندروستی لەو قەبارەیەی لە پلانەکەیدا هاتووە ئەنجامبدات. جگە لەوەی کە پلانەکە سوودی گەورەی بۆ ئەمریکیەکان خۆیان و وڵاتەکەیان هەیە، بەڵام خودی پلانەکە و ئەو مشتومڕەی کە دروستی کردووە سوودی بۆ سەرجەم وڵاتانی دنیا هەیە. پێش ئەوەی بچینە سەر ناوەڕۆکی پلانەکە و خاڵە گرنگەکانی، دەبێت ئەوە بڵێین کە بەرزبوونەوەی سیاسەت و سیستمی تەندروستی بۆ ئاستێکی باڵای سیاسەتی ناوخۆیی وڵات لە شوێنێکی وەکو ئەمریکادا دەبێت هەموومان لە گرنگی تەندروستی ئاگادار بکاتەوە. دەبێت لەوە ئاگادارمان بکاتەوە کە هیچ سیاسیەک ناتوانێت هەتاهەتایە کێشە و خەمە تەندروستیەکانی کۆمەڵگا و تاکەکەسەکانی وڵاتەکەی پشتگوێبخات. لەو وڵاتانەی لەمەڕ خۆمان، تەندروستی و سیاسەتی تەندروستی ئەو جێگا سەنگینەیان لای سیستمی سیاسی و سیاسیەکان نیە. بۆیە دەبێت ئەو سیاسیانە لە ئەزمونی زلهێزێکی وەکو ئەمریکاوە فێرببن و دڵنیا بن لەوەی کە ئەمڕۆ بێت یا سبەی کێشە تەندروستیەکان بەرۆکیان پێدەگرێت و تەندروستی و کێشەکانی فاکتەرێکی کاریگەر دەبن لە دەستنیشانکردنی براوە و دۆڕاوەکانی گەمە سیاسیەکان. 
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی مشتومڕە گەرموگۆڕەکانی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان سەبارەت بە پلانەکەی ئۆباما بۆ ڕیفۆرمی تەندروستی لەسەر خاڵێکی جەوهەری پلانەکەیە. ئەو خاڵە بریتیە لەوەی کە دەبێت هەموو هاوڵاتیەکی ئەمریکا بیمەی تەندروستی بکڕێت و بیمەی تەندروستی هەبێت. واتە نابێت هیچ هاوڵاتیەک بمێنێتەوە کە بیمەی تەندروستی نەبێت. گرنگی ئەم خاڵە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەگەر کڕینی بیمەی تەندروستی بەزۆر نەبێت، ئەو خەڵکانەی کە تەندروستن یا گەنجن، وا دەزانن پێویستیان بە خزمەتی تەندروستی نابێت و کەمتر لەوانی تر بیمە دەکڕن. ئەمە وا دەکات کە تەنها ئەوانەی کە نەخۆشیان هەیە یا ئەوانەی کە پیرن بیمە بکڕن. کە ئەوەش ڕوویدا، نرخی بیمە بەرزدەبێتەوە، چونکە ئەو گروپانەی دوایی زۆرترین پەیداویستیان هەیە بە خزمەتی تەندروستی و زۆرترین ڕێژەی خزمەت مەسرەف دەکەن. هەروەها لەو حاڵەتەدا یەکێک لە پرنسیپە هەرە سەرکییەکانی بیمە کە گواستنەوەی داهات و یارمەتییە لە خەڵکی تەندروستەوە بۆ خەڵکی نەخۆش و لە گەنجەوە بۆ پیر جێبەجێ نابێت. بۆیە لە پلانەکەی ئۆبامادا هاتووە کە دەبێت هەموو کەسێک بیمەی هەبێت و ئەگەر هاتوو هاوڵاتیەک نەتوانێت بیمەی تەندروستی بکڕێت ئەوا حکومەت یارمەتی دەدات، ئەگەریش هاتوو کەسێک بڕیاردا کە بیمە نەکڕێت ئەوا دەبێت جەزایەکی دیاریکراو بدات. ئەمە پرنسیپێکی زۆر گرنگی سیاسەتی تەندروستیە و زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان پەیڕەوی دەکەن. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە خەسڵەتێکی زۆرەملێی لە پلانەکەدا هەیە بەو ماناییەی کە دەوڵەت بەزۆر بیمەی تەندروستی بە هاوڵاتیان دەکڕێت، بۆیە کۆمارییەکان زۆر بە توندی دژی ئەو بڕیار و سیاسەتەن. ئەرگومێنتی کۆمارییەکان لە بیروباوەڕێکی توندی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت سەبارەت بە دەوڵەت و توانای دەوڵەت بۆ دەستبردن بۆ شت و کێشە و بەرژەوەندی تایبەتی کەسەکان. بەلای کۆمارییەکانەوە، نابێت دەوڵەت دەست بۆ هەموو شتێکی تایبەتی هاوڵاتی ببات و دەبێت دەوڵەت بچووبکرێتەوە و کەمترین ئەرکی پسپێردرێت و زۆربەی ئەرکەکان لەسەر شانی تاکەکەس خۆی بێت. ئەم بیروباوەڕە لە تێگەیشتنی ئەمریکیی بۆ ئازادیەوە سەرچاوە دەگرێت. لای ئەمریکایەکان ئازادیی مانای ئەوەیە کە تاکەکەس بە دووربێت لە دەستێوەردانی دەرەکی چی لە لایەن کەسانی ترەوە یا خود لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە. ئەم تێگەیشنە بۆ ئازادی لای ئەمریکیەکان ئەوەندە خۆشەویست و نازدارە کە تەنانەت دەستێوردانێکی لە شێوەی چەسپاندنی بیمەی تەندروستی بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا، لە لایەن زۆرێک لە ئەمریکیەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە. ئەو ئەرگومێنتەی کە کۆماریەکان دیانکرد ئەوە بوو کە نابێت دەوڵەت کڕینی کاڵایەک بسەپێنێت بەسەر هاوڵاتیدا و لە بەر ئەوەی کە بیمەی تەندروستی بۆ خۆی کاڵایە، بۆیە پلانەکەی ئۆباما دەستووری نیە. بەڵام خۆشبەختانە، دادگای باڵا، بە پێچەوانەی زۆرێک لە پێشبینیەکان، بڕیاری دا کە بەڵێ دەوڵەت دەتوانێت، جیاواز لە هەر کاڵایەکی تر، کڕینی بیمەی تەندروستی بسەپێنێت بەسەر هاوڵاتیاندا. 
خاڵێکی گرنگی تری پلانەکەی ئۆباما بریتیە لە قەدەغەکردنی بێبەشکردنی ئەوانەی کە نەخۆشییان هەیە لە بیمەی تەندروستی لە لایەن کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمەوە. ئەو کۆمپانیانە، بۆ ئەوەی خەرجیی خۆیان کەمبکەنەوە و قازانجەکانیان زیاتر بکەن، فێری کۆمەڵێک فێڵ بووبوون کە زەرەرێکی گەورەی لە تەندروستیی خەڵکی ئەمریکاو ئابوری وڵاتەکەش دەگەیاند. بۆ نموونە ئەو کۆمپانیانە پێیان خۆشە کە هاوڵاتیەک بیمەیان لێبکڕێت کە کەمترین ئەگەری نەخۆشکەوتنی هەبێت. ئەوانەی کە پێش ئەوەی بیمەی کۆمپانیاکە بکڕن نەخۆشیەکی درێژخایەنیان هەبووایە، کۆمپانیاکە نرخی بیمەکەی لەسەر هاوڵاتیەکە زیادەکرد. ئەو کۆمپانیانە هەمان سیاسەتیان بۆ گروپی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی وەکو ئافرەت و منداڵیش بەرپادەکرد چونکە ئەو گروپانە زیاترین ئەگەری نەخۆشکەوتنیان هەیە و زۆرترین خەرجییان پێویستە و لەدەرئەنجامدا کەمترین قازانج بۆ کۆمپانیاکە دەمێنێتەوە. هەوڵی هەندێک لە کۆمپانیاکانی بیمە گەیشتبووە ئاستێک کە لە باڵاخانەکانیاندا ‘مصعد’یان دابینەدەکرد بۆ ئەوەی ئەو کەسەی هێزی سەرکەوتنی بە باڵاخانەکە نەبێت نەیەت بۆ کڕینی بیمە و تەنها کەسە تەندروستەکان بتوانن سەردانی کۆمپانیاکە بکەن!! پلانەکەی ئۆباما هەموو ئەمانە ناهێڵێت و دەیسپەینێت بەسەر کۆمپانیاکانی بیمەدا کە ڕازیبن لەوەی کە هەر کەسێک ئارەزووی کڕینی بیمە بکات دەبێت ئەو کۆمپانیانە پێیانی بفرۆشنەوە بێ ئەوەی ڕەچاوی کارکتەرە دیموگرافی یا پزیشکییەکانی کەسەکە بکەن. 
پلانەکەی ئۆباما کۆمەڵێک خاڵی گرنگی تری تیایە وەکو ئەوەی کە هەموو منداڵێک بۆی هەیە تا تەمەنی ٢٦ ساڵیی لە بیمەی باوک و دایکی سوودمەندبێت و پێویست بەوە نەکات کە خۆی بیمە بۆ خۆی بکڕێت و هەروەها دروستکردنی بازاڕێکی ئازاد بۆ کۆمپانیاکانی بیمە لەسەر ئاستی ویلایەتەکان بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن بە پێی خەسەڵەتی کۆمپانیاکان و ناوەڕۆکی ئەو پلانانەی کە لە بیمەدا پێشکەشی دەکەن بۆ خۆیان کۆمپانیایەک و بیمەیەک هەڵبژێرن و زۆر خاڵی تری پەیوەست بە کەمکردنەوەی تێچوونی و خەرجیی گشتی ئەمریکا لە تەندروستیدا. 
هەرچەندە ئەو هەنگاوانەی کە لە پلانەکەی ئۆبامادا هاتووە، ناتوانێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەر سیستمی تەندروستی ئەو وڵاتەدا بهێنێت، بەڵام پلانەکە بۆ وڵاتێکی وەکو ئەمریکا، هەنگاوێکی شۆرشگێڕانەیە. پلانەکە و دەرهاویشتەکانی، بە تەنها گرنگ نین بۆ ئەوانەی کە توێژینەوە لە سیاسەت و سیستمی تەندروستی دەکەن، بەڵکو بۆ تەواوی هاوکێشە سیاسیەکانی ئەمریکا گرنگە. دەشێت ئەم سەرکەوتنەی ئۆباما لە تێپەڕبوونی پلانەکەی تەکانێکی گەورە بێت بۆ کەمپینەکەی بۆ بردنەوەی کۆشکی سپی بۆ جاری دووەم. ئەگەری بردنەوەی ئۆباما زۆرترە ئەگەر ئەوە بڵێین کە ڕەکابەرە کۆمارییەکی، ئەو کاتەی کە حاکمی ویلایەتی ماسەچوستس بوو، پلانێکی هاوشێوەی ئەوەی ئۆبامای پەسەند کرد و ئەو کات داوای کرد کە هەموو ئەمریکا چاو لە ویلایەتەکی ئەو بکات. لە حاڵی حازردا میت ڕۆمنی لەو قسانەی خۆی و لە ئیمزاکەی لەسەر پلانەکە پاشگەز بووەتەوە و دیموکراتەکانیش ئەوەیان قۆستووەتەوە بۆ نیشاندانی دووڕوویی و ناجێگیریی بڕیارەکانی ڕۆمنی و شایان نەبوونی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا. 
دوور لە ناوەڕۆکە تەکنیکی و لێکەوتە سیاسی و یاساییەکانی پلانەکەی ئۆباما، ئەو پلانە وانەیەکی گەورەیە بۆ هەموو حکومەت و حیزبە سیاسیەکانی دنیای دوورو نزیک. وانەیەک کە دەبێت سیاسیەکانی لای خۆشمان لێوەی فێربن. دەبێت سیاسیەکانی لای خۆمان لەوە تێبگەن کە ناتوانن هەتاهەتایە بۆ نەخۆشیەکانی خۆیان پەنا ببنە دەرەوەی وڵات و سیستمی تەندروستی وڵاتەکەشیان وێرانە بێت. دەبێت ئەوانیش وەکو سیاسیەکانی تری وڵاتە پێشکەوتووەکان، هێز و توانایان بخەنە گەڕ بۆ بیرکردنەوە لە ڕیفۆرمکردن و باشترکردنی سیستمی تەندروستی و خزمەتی تەندروستی. ئەگەر ئەوە نەکەن، داهاتوویەکی سیاسی تەندروستیان نابێت. 
goransbr@yahoo.com

سەرچاوە: ئاوێنە

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی