"an independent online kurdish website

بەڕیز کاک ڕامبوود لۆتفپووری کادری دیاری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و لە قەڵەم بەدەستانی گەنجی نێو حیزب ،rambud_lotfpuri25

پێم خۆشە وەک یەکێک لە بەڕێوە بەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبەوە چەند پرسیارێک بکەم و پێشەکی  وێڕایی پیرۆزبایی  جێژنی ٢٥ ی گەلاوێژ لە ئیوەی بەڕیز، سوپاس بۆ وڵامەکانتان .

دیمانە : کاووس عەزیزی

١ . ئەگەر بمەوێ خۆم لە پرسیاری باوی تیکراری بپارێزم ، دەمەوێ یەکەم پرسیار ئاوا بێنمە گۆڕێ ، داخوا بەڕاستی دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران  ، دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ بوو لە مێژوویی نەتەوەکەمان دا ؟

وڵام:بەڵێ ، دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و مۆدێرن لە خەباتی نەتەوایەتیی کورد بوو،هەرچەند بەر لە دامەزراندنی حیزبی دیمۆکراتیش هەندێک حیزبی وەک حیزبی هیوا لە باشووری کوردستان دروست ببوون ، بەڵام ئەوانە نەیانتوانی وەک حیزبی دیمۆکرات بمێننەوە و کاریگەرییان هەبێ. ئەگەر چاو لە مێژووی پێش دامەزراندنی حیزبی دیمۆکرات بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە لەو سەردەمەدا جوڵانەوە رزگاریخوازەکان لە کوردستان زۆربەی هەرە زۆریان لە سەر دەستی کەسایەتییە ئایینییەکان یا سەرۆک خێلەکان رێکدەخران و کەسایەتییەک یان رێبازێکی ئایینی یان خود خێلێک (زۆر جاریش بە هۆیەکی لاوەکیی جگە لە کوردایەتی)دژ بە دەسەڵاتی سەردەست رادەپەڕی و لە قۆناغێک و ماوەیەکی دیاریکراودا کەشوهەوای سیاسیی کوردستانی دەخستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بۆ سەلماندنی ئەوەیکە دامەزراندنی حیزبی دیمۆکرات دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەکەماندا بووە بەراوردێک دەکەم لە نێوان خەباتی حیزب و خەباتی کورد بۆ رزگاری لە پێش ئەودا.

 ئا)خەباتی شێخ و ئاغاکان  ئامانج و ستراتێژییەکی روون و دیاری نەبوو زیاتر پێرەوی هەلومەرج بوو تا رێباز و ستراتێژییەکی دیاریکراو. واتە زۆربەیان هەر لە سەرەتاوەئامانجێکی لاوەکیی جگە لە کێشەی نەتەوایەتی و نیشتمانیان هەبوو و دواتر و بە پێی هەلومەرج بەو ئاقارەدا دەرۆیشتن، کەچی حیزبی دیمۆکرات هەر لە سەرەتاوە لە سەر ئامانج و ستراتێژییەکی دیاری نەتەوەیی دامەزرا و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆگرامی کۆنکرێتی خۆی هەبوو.

ب)شۆرشی شێخ و ئاغاکان گرێدراوی کەسایەتیی ئەوان بوو  و زۆر جار بەرژەوەندیی ئەوان وەک بەرژەوەندیی گشتی پێناسە دەکرا و هەڵوێست و بۆچوونی ئەوان لە راستیدا مانیفێستی خەبات بوو، بەڵام شۆڕشی حیزبی دیمۆکرات هەرچەند لە ژێر کاریگەریی کەسایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و دواتریش دوکتور قاسملوودا بوو بەڵام قەت بە کەسایەتیی ئەوانەوە بەند نەبوە بەڵکوو پرۆگرامی حیزب، رێبازی سەرەکیی حیزبی دیاری کردوە و بریاریش بە دەنگی گشتی دراوە.واتە رێبەرییەکی جەمعی حیزبی بەڕێوە بردوە.

ج)چوونکە شۆڕشەکانی پێشتر گرێدراوی کەسایەتیی رێبەرانی واتە شێخ و ئاغاکان بوو، درێژەکێشان و بەردەوامبوونیشی بەوانەوە بەسترابوو وکوژران یا پاشەکشەی ئەوان کۆتایی بە شۆڕش دێنا و هیچ ئاڵقەیەک نەبوو کە نەوەکانی داهاتوویان پێوە پێوەندی بدات.بەڵام حیزبی دیمۆکرات کە هەر لە سەرەتاوە خەڵک و ئەندامانی لە دەوری پرۆگرامێکی سیاسی کۆ کردەوە، نەک هەر رێبەری دامەزرێنەری واتە قازی محەمەد بەڵکوو چەندین رێبەری گەورەیتریشی شەهید بوون، بەڵام خەباتەکەی کۆتایی پێنەهات.تەنانەت ئەگەر لە هەندێک قۆناغیشدا تووشی نسکۆ بووە بەڵام پوتانسیێلی ئەوەی هەبووە کە نەوەکانی داهاتوو و تەنانەت دابراو لە شۆڕشیش لە دەوری ئامانجە سیاسی و نەتەوییەکانی کۆ بکاتەوە.

د)هێزی سەرەکیی شۆڕش لە راپەرینی شێخ و ئاغاکاندا زۆرتر خەڵکانی نزیک لە خۆیان واتە مورید و رەعیەتەکانیان بوون و زۆر بە دەگمەن دەیانتوانی خەلکیتریش پەلکێشی جووڵانەوەکەیان بکەن، چوونکە شۆرشەکەیان بە ناوی خێل ، تەریقەت یان سەرۆک خێل و شێخەکانەوە پێناسە دەکرا و خەلكیتر خۆیان تێدا نەدەدیتەوە. بەڵام حیزبی دیمۆکرات بە پێناسەیەکی نەتەوەیی و دیمۆکراسیخوازانەوە شۆڕشی هەڵگیرساند بۆیە توانی خەڵکی ناوچەکانیتری کوردستانیش بە ئایین و دیالێکتی جۆراوجۆرەوە بۆ لای خۆی و خەباتەکەی راکێشێت.

٢ . زۆر جار دەگوترێ کە شۆڕشەکانی پێش حیزبی دێمۆکرات ،  ویست و داخوازەکانی کوردی بە شێوەیەکی فۆرمۆلە کراو نەدەهێنایە بەر باس و شێوەی ڕێبەریی جەمعی زۆر کەم بووە لەو شۆڕشانە دا ، نەزەری بەڕیزتان لەو بارەوە چیە ؟

ولام: پێم وابێ ئەم پرسیارەم لە پرسیاری پێشوودا ولام دایەوە

٣ . هەر وەک دەزانین کە تا کۆنفرانسی سێهەمی حیزب لە ساڵی ١٣٥٠ ، حیزب خاوەنی بەرنامە و پێڕەوێکی ناوخۆ نەبووە ، ئەو دەورانە ئێوە چۆن باسی دەکەن ؟

وڵام: نە ، وا نیە. حیزب هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەرنامە یا پرۆگرامی هەبوو کە لە هەشت خالدا فۆرمولە کرابوو، وەک شەهیدی نەمر د. قاسملوو دەڵێ، هەرچەند ئەو پرۆگرامە بە کورتی نوسرابوو ، بەڵام مافە سەرەکییەکانی کورد و هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی حیزبی دیمۆکراتی تێدا دەستنیشان کرابوون.بۆ ئەوەی کە پێڕەویش هەبووە یا نە، ناروونە ، بۆ بوون و نەبوونی بەڵگەیەک بە دەستەوە نیە. بەڵام لە کۆنفرانسی سێهەمدا بە روونی پێڕەو و پڕۆگرامی حیزب پەسند کراوە.

ئینجا ئەو سەردەمەش بۆ حیزب قۆناغی تێپەڕین(گوزار) و ناسەقامگیری بووە، دوای رووخانی کۆمار و گیران و شەهید کران و ئاوارە بوونی زۆربەی سەرکردایەتیی حیزب و کەسە ناسراوەکانی، لانیکەم تا ماوەی ساڵیک حیزب بە کردەوە هیچ بوونێکی بەرهەست و بەرچاوی نابێ. دوای ئەوەش کە هێندێک چالاکی و رێکخستنی حیزبی دێنە گۆڕێ بە شێوەی پچڕ پچڕ و شپرزە بووە، سەرباری ئەوە ئەو بوونە لاوازەش لە ژێر کاریگەریی حیزب و لایەنیتردا بووە ،ماوەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری و چاوەدێریی حیزبی تودەی ئێراندا بووە کە ئەو حیزبە ، حیزبی دیمۆکراتی لە رێگای “کاک”ەوە (کۆمیسیوونی ئازەربایجان،کوردستان)سەرپەرشتی دەکرد.دەتوانین بێژین حیزبی دیمۆکرات ببو بە ئۆرگانێکی حیزبی تودە.

لە کۆنگرەی دووهەمیش کە بە هۆی ئەحمەد تەوفیق(عبداللە ئیسحاقی)ەوە بە تەواوی کەوتە ژێر کاریگەریی پارتی دیمۆکرات و خودی بارزانی نەمرەوە. بۆیەش ووتم قۆناغی تێپەڕین بوو چوونکە لەم سەردەمەدا حیزب نەک هەر سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست دابوو، بەڵکوو بوونێکی تەماوی و نایەکانگیریشی هەبوو. کەس و لایەنی جۆراوجۆر بە ناو حیزبەوە قسەیان دەکرد و هەرکامە روانگە و خوێندنەوەی خۆی بۆ دیمۆکرات هەبوو.بۆیە بە کورتی دەتوانم بڵێم قەوارەیەکی یەکدەستی توکمە و رێکخراو بە ناوی دیمۆکرات لە ئارادا نەبوو کە چاوەروان بین پێڕەوی هەبێ.دیمۆکرات هەبوو بەڵام بە پەرش و بڵاوی .

٤ .  زۆر جار دەبینین کە دەگوترێ ، ڕەسالەتی حیزبی دێمۆکرات کۆتایی هاتووە ، پیویستە حیزب و لایەنی دیکە جێگای بگرنەوە و ئەو ڕەسالەتە بگرنە ئەستۆ ، یان دەگوترێ حیزبێکی کلاسیکە ،  بەڕاستی ئەوە چەندە واقیع بینانەیە ؟

وڵام:نازانم لێرە مەبەست لە رەسالەت چیە؟ ئەگەر مەبەست ئەو ئامانجە سەرەکییەیە کە حیزب بۆ خۆی دیاری کردوە واتە ، دابین کردنی مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەی خۆ ئەمە هێشتا وەدی نەهاتووە تا رەسالەتی حیزبی دیمۆکرات کۆتایی هاتبێ و جێگای خۆی بە حیزبیتر بدات . تازە خۆ ئەگەر بەو ئامانجەش گەیشت مەرج نیە نەمێنێ و جێگای خۆی بە حیزبیتر بدات، راستە حیزبی دیمۆکرات حیزبێکی رزگاریخواز ە ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی لە ئەستۆ گرتوە بەڵام لە هەمان کاتدا حیزبە و دەبێ هەوڵی بە دەست هێنانی دەسەڵات بدات. بۆیە دوای قۆناغی رزگاریش بێگومان دەچێتە نێو ململانێی دەسەلاتەوە..

بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوە بێ کە چیتر توانای دابین کردنی ئەو مافەی بۆ نەتەوەکەی نیە ، ئەوەش قسەیەکی نالۆژیکییە.راستە حیزبی دیمۆکرات کۆمەڵێک گرفت و کەموکۆڕی هەیە کە لە چارەسەرکردنیاندا وەک پێویست شێلگیر نەبووە، بەڵام نابێ لە بیری کەین کە ئەم حیزبە مێژوویەکی درێژ و پرشنگداری هەیە و لە نێو خەڵکی کوردستاندا رەگی داکوتاوە،تێکەڵ بە خەم و ئازارەکانی نەتەوەکەی بووە، تاقە کۆماری کوردستانی تا ئێستای پێکهێناوە،کۆمەڵێک هێما و سیمبۆلی بۆ نەتەوەکەی خوقاندوە، پتر لە پێنج هەزار کەس لە رۆڵەکانی ئەم گەلە لە پێناو ئامانجەکانی و لە ریزەکانیدا شەهید بوونە، بە دەیان سەرکردە و سێ رێبەری گەورەی شەهید بووە.

ئاسان نیە هێزێکی نوێ بێت و جێگای ئەم حیزبە بگرێتەوە، حیزبی دیمۆکرات لە مێژووی خۆیدا سەلماندوویەتی لاواز دەبیت بەڵام لە نێو ناچێت و بەردەوام سەرەکیترین ئەکتەری نێو گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.هەرچەند حیزبی دیمۆکرات سەبارەت بە دۆخی ئێستای رەخنەی لە سەرە، بەڵام دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە بە گشتی بۆ چالاکیی حیزبی دیمۆکرات وهەموو هێزەسیاسییەکانیتری رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بارودۆخێکی دژوار و ئەستەمە، ئەمە بەو واتایە نایژم کە کەموکۆڕییەکانی حیزب پاساو بدەمەوە بەڵکوو دەمهەوێ بڵێم مرۆڤ کە لێکدانەوە دەکات دەبێ راستییەکانیش لە بەر چاو بگرێت. دیارە من باس لە چالاکیی راستەقینە و دوژمن هەژێن دەکەم نەک ئەو سیناریۆسازییانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لایەنێک کردوویەتی و دەیکات.

٥ . کاک رامبوود چۆن حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران تاریف دەکا ، واتە پێناسەێان بۆ حیزب  چیە ؟

وڵام:بە بڕوای من حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران گەرووی هاوار و زمانحاڵی نەتەوەی چەوساوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.حیزبی دیمۆکرات بە هەموو کەم وکۆڕییەکانییەوە هەنووکە مەتەرێزی زۆربەی هەرە زۆری رزگاریخوازان و ئازادیخوازانی کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمانە.حیزبی دیمۆکرات نزیک بە حەفتا ساڵ لەمەوبەر گوتاری نەتەوەیی و دیمۆکراسیخوازیی هەڵگرتوە لە سەردەمێکدا کە دیمۆکرات بوون و نەتەوەخوازی بە کۆنەپەرستی و پاشڤەڕۆیی لە قەڵەم دەدرا، کەچی ئێستا هەمان گوتار بۆتە گوتارێکی جیهانی و سەلمێندرا کە لۆژیکیترین گوتارە و دروستترین تەعبیر لە خواست و ویستی راستەقینەی نەتەوەی کورد و هەلومەرجی کوردستان دەکات .

٦ . پەیامتان بۆ لاوان و جیلی نوێی گەلەکەمان چیە هەمبەر بە

 حیزبی دێمۆکرات ؟

وڵام:پێش هەموو شتێک پێویستە نەوەی نوێی گەلەکەمان بە وردی حیزبەکەی بناسێت و ئاگاداری مێژووەکەی بێت، دەبێ بزانێ ئامانجەکانی چین و بە پێی کام پڕەنسیپ هەڵسوکەوت دەکات. ئینجا وێرای رێز گرتن لە خەبات و تێکۆشان و سیمبۆلەکانی دەبێ بە چاوی رەخنەوە چاوی لێ بکەن و پێشنیاری بنیاتنەری پێ بکەن.پێویستە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەلوێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەکەیان هاوکاری حیزبەکەیان بکەن و دەست لە دەستی بەر نەدەن.

٧ . هەموومان باردودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبینین ، بەتایبەتی لەو قۆناغە دا کە ناوچە ئاڵۆزە ، ڕووداوی زۆر تازە و جیددی لە ناوچە ڕوو دەدەن ، ئەحزابی ڕۆژهەلات هەر هەموویان تووشی لێک ترازان هاتوون  ، وەحدەتێک لە بەینی ئەحزاب دا نیە ، ئەرکی حیزب لەو قۆناغەدا چۆن هەلدەسەنگێنن ؟ بە تایبەتی کە کۆنگرەی لە پێشە ؟

سەرەتا دەبێ نێوماڵی خۆی رێکبخاتەوە واتە هەوڵ بدات یەکریزی پێک بێنێت و میکانیزمێک بدۆزێتەوە کە ئەو هاوڕێیانەی وا شەش ساڵ لەمەوبەر لە حیزب دابڕان، پەیوەستی ریزەکانی حیزب بکاتەوە. کە دیارە لە ماوەی ئەم دواییەدا هەندێک هەنگاوی باشی لەو پێناوەدا هەڵگرتوە و پێویستە درێژەی بدات.ئینجا دەبێ لە هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانیدا بێت لە گەڵ هێز و رێکخراوە سیاسییەکانیتری رۆژهەڵاتی کوردستان.بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستییەوە بەرەورووی گۆڕان و پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتووی ئێران و کوردستان ببێتەوە.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی