بوومەلەرزەی وێرانكەری 6.2 ریشتێریی رۆژی شەممە، 26ی گەلاوێژ، لە ناوچەی ئەهەر، هەریس و وەرزەقان، لە باژاری ئازەربایجان، زۆربەی خەڵكی ئێرانی خەمبار كرد.بە گوێرەی هەواڵ و وتەی ئاگادارانی رووداوی بوومەلەرزەكە، خەڵكی ئەو ناوچانە لە بارودۆخێكی زۆر دژواردا بوونە
و تەنانەت تا ماوەیەكی زۆر پێداویستیە سەرەكیەكان وەك ئاو، خواردن و خەدەماتی دەرمانی بۆیان دابین نەكرابوو. دوایین ئامارەكان لە بواری رادەی كوژراوەكان لە لایەن وەحیدە دەستجێردی، وەزیری تەندروستی راگەیەندرا كە بریتی بوو لە 306 كەس (كە زۆربەیان ژن و مندال بوون) گیانی خۆیان لە دەست داوە و سێ هەزار و 37 كەسیش بریندار بووە.
یەكەم هێزی خەدەماتی كە بە مەبەستی یارمەتی بە بریندارەكان و خەڵكی بەڵالێدراوی بەرەو ئەو ناوچانە وەرێ كەوت بوون، دوای 7 ساعەت توانیویانە فریای خەڵكی بێ دەرەتان بكەون. كارناسانی بواری بوومەلەرزە دەڵێن، كات لە رزگار كردنی گیانی ئەو كەسانە كە لە ژێر ئاوارەكان ماون زۆر گرینگە، بەڵام بە داخەوە گرینگی نەدان و تیشك نەخستنی درووستی هەواڵەكانی پێوەندیدار بە بوومەلەرزە لە تەلەویزیۆن و رۆژنامەكانی دەوڵەتی ئێران و راگرتنی گەرانەوە بە شوێنی خەڵكی ژێر ئاوارەكان و هەروەها ئاورنەدانی بەرپرسان بەم كارەساتە بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ئەم ناوچەیە، بوو بە هۆی دروست بوونی نارەزایەتیەكی زۆر لە نێو خەڵكی بەڵالێدراو و بە گشتی هەموو خەڵكی ئێراندا. ئەمە بوو بە پرسیار بۆ هەموو كەس كە بۆ راگەیەنەكان لە بەرامبەر ئەم كارەساتە بێ دەنگی هەڵدەبژێرن؟ دیارە لە كاتی هەر رووداوێكی بەم چەشنەیە، گرینگیی راگەیاندن لەوەدایە كە هەر چی دەنگدانەوەی هەواڵەكان زیاتر بێ، خەڵكی شار و باژار و تەنانەت وڵاتانی دیكە لە ناردنی یارمەتی و كەرەستەی پێویستدا بۆ خەڵكی بەڵالێدراو هەرچی باشتر و لە كاتی خۆی دەبێت، بە داخەوە تەنانەت هەواڵی ئەم رووداوەش، دوای هەموو هەواڵنێریەكانی جیهان بڵاوبوو و ئەمەش بوو بە درووست بوونی ناڕەزایەتی خەڵك و زۆربەی سایەتەكان و هێندێك لە نوێنەرەكانی مەجلیس.
ماوەیەك لەمەوبەر كارەساتی بوومەلەرزەی وان لە توركیە و هەروەها شاری بەم لە ئێران لەبیڕمان نەچووە. بە داخەوە هەر ئەو كاتەش تەنیا خەڵكی هەژار و فەقیری ئەو ناوچانە بوون كە لە هەموو كەس زیاتر زەرەرمەند بوون، هۆكارەكەشی نەبوونی خانوبەرەیەكی ئیستانداردی پتەو و قایم كە لە بەرامبەر بوومەلەرزە نەرووخێت بوو، بەداخەوە لەم بوومەلەرزەش وەك دوو نموونەی دیكە، زۆربەی خەڵكەكە لەژێر ئاوارەكان بە هۆی نەبوونی هەوا خنكاون، یانی ماڵی گڵی و خشت وەك كێوێكی خۆڵ بە سەریانەوە رووخاوە و بە هۆی نەبوونی هەوا، خنكاون و شین هەڵگەراون. ئەمەش نموونەیەكی دیكە لە كەمكاری و گرینگی نەدانی بەرپرسانی حكوومەتی ئێرانە لە بەرامبەر بارودۆخی ناڵەباری ژیانی خەڵكی ئێرانە و ئەم كارەساتە ئەو راستیە دەردەخات كە خەڵكی ئێران لە بەرامبەر ئەم كارەساتانە چەندە ئاسیب پەزیرن، چونكە بە قسەی پسپۆرانی بواری ئەرزناسی، وڵاتی ئێران یەكێك لەو ناوچانەیە كە بە هۆی قەرار گرتنی لە هێلی بوومەلەرزەدا، لەوانەیە لە ماوەیەكی نزیكدا، شاهیدی چەندین بوومەلەرزەی بەهێزتر لە بوومەلەرزەی ئەهەر بینەوە.
{jcomments off}