"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: له‌سه‌روبه‌ندی سه‌ردانی بانی کی‌مۆن، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ ئێران، به‌ڕێز مسته‌فا هیجری له‌ نامه‌یه‌کدا ناوبراو له‌ بارودۆخی مافی مرۆڤ له‌ کردستان ئاگادار ده‌کاته‌وه.mustefa_hijri_nakimun


ده‌قی نامه‌که‌ به‌م چه‌شنه‌یه:

به‌ڕێز سکرتێری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان!
ئاگادار کراین که‌ به‌مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ دانیشتنی وڵاتانی بێ‌لایه‌ن، سه‌ردانی تاران ده‌که‌ن و له‌و پێناوه‌دا به‌وته‌ی وته‌بێژتان ده‌تانهه‌وێ سه‌باره‌ت به‌ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، هه‌ڵوێست و داخوازییه‌کانتان بێننه‌ ئاراوه. له‌ روانگه‌ی ئێمه‌وه‌ گوشاری کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆسه‌ر ئێران له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێشێلکاریی بێ‌پیشینه‌ی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته، له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ باسه‌کان زیاتر له‌ کێشه‌گه‌لێکی وه‌کوو کێشه‌ به‌رنامه‌ی ناوکی چڕ بووه‌ته‌وه، زیاتر له‌ جاران پێویسته. زیاتر له‌وه‌ش پێویسته‌ که‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندێکی قووڵتری له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی له‌ ئێراندا هه‌بێت. پێویسته‌ ئاماژه‌ بکرێ به‌هۆی سه‌رکوتی که‌سایه‌تییه‌کان و ناوه‌نده‌کانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ له‌ ناوخۆی ئێران و قه‌یتس کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێران له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه، له‌و وڵاته‌دا ئاشکرا کردنی تێکڕای پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌کانی په‌راوێزی ئێران نالوێ و هه‌ربۆیه‌ش به‌ پێویستمان زانی له‌م پێوه‌ندییه‌دا و به‌سرنجدان به‌ به‌ستێنی چالاکییه‌کانمان له‌ کوردستان، پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ چه‌ند کاتاگوریدا ئاماژه‌ پێ بکه‌ین. چاوه‌ڕوانیمان له‌ جه‌نابی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئه‌وه‌یه که‌ به‌ سرنجدان به‌ توندتر بوون و سیستماتیکتر بوونی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له کوردستان، گرینگی و بایه‌خێکی شیاو به‌م پێشهاتانه‌ بده‌ن. له‌ روانگه‌ی ئێمه‌ هه‌ستیار بوونی ئه‌و پرسه‌ له‌وه‌دا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ که‌ ته‌نیا ژیانی تاکه‌که‌سیی مرۆڤه‌کان، به‌ڵکوو ژیانی فه‌رهه‌نگی و به‌کۆمه‌ڵیشیان له‌ کوردستان به‌ شیێوه‌یه‌ی سیستماتیک له‌ مه‌ترسیی ته‌فرووتوونا بوون دایه و به‌ سرنجدان به‌ بایه‌خه‌ هاوبه‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگای جیهانی که‌له‌ جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی رێکخراوه‌ دڵخوازه‌که‌تاندا نووسراوه، پێویسته که‌ ناوه‌ند و که‌سایه‌تییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌ڵوێست بگرن و بڕشتی خۆیان به‌کار بێنن.

هه‌ر بۆیه چاوڕوان ده‌کرێ ئه‌م پێشێلکارییانه‌ی مافی مرۆڤ له‌ مه‌ئمووریه‌تی خۆتاندا له‌به‌ر چاو بگرن و به‌گوێ ده‌وڵه‌تی ئێراندا بیڵێنه‌وه:

ــ که‌ڵک وه‌رنه‌گرتن له‌ زمانی کوردی له‌ قوتابخانه‌ و ئیداره‌کان. هه‌رچه‌شه‌نه‌ نامه‌نووسینێکی فه‌رمی به‌ زمانی کوردی بێ‌وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه‌ و منداڵانی کورد ناچارن له‌ ته‌مه‌نی ٦ ساڵییه‌وه‌ به‌ زمانی فارسی بدوێن.

ــ هه‌وڵی سیستماتیک له‌مه‌ڕ گۆڕین شوناسی شاره‌کانی کوردستانی ئێران به‌تایبه‌ت شارگه‌لێک وه‌کوو کرماشان و ئیلام به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ راگه‌یه‌نه‌کان و په‌روه‌رده‌ی ده‌وڵه‌تی، سه‌رکوتی توندی چالاکییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کان که‌له‌ پێناو فه‌رهه‌نگی کوردی له‌م شارگه‌له‌دا ئه‌نجام ده‌درێ.

ــ نه‌دانی ئیزنی چالاکی به‌ هه‌ر حیزب، یان یه‌کیه‌تییه‌ک که‌ پرسی کورد به‌رنامه‌ی کاریی بێت. هه‌تا ئێستا گرووپ‌گه‌لێکی زۆر دامه‌زراون که‌ ده‌وڵه‌تی ئێران داخوازیی مۆڵه‌تی کاری ئه‌و گرووپانه‌ی ره‌ت کرووه‌ته‌وه.

ــ نه‌دانی ئیزن به‌ کوردان له‌مه‌ڕ که‌ڵک وه‌رگه‌تن له‌ ناوی کوردی. رێکخراوی تۆمار کردنی باری که‌سیه‌تیی ئێران له‌ تۆمار کردنی ناوگه‌لێک که‌ ده‌رخه‌ری شوناس و ناسنامه‌ی کوردی بێت خۆ ده‌بوێرێت و ئێوه،‌ که‌سانێکی زۆر له‌ کوردستان ده‌توانن ببینن که‌ ناوی سه‌ره‌کییان له‌گه‌ڵ ناوی ناسنامه‌یی جیاوازه.

ــ له‌ نێو زیندانه‌کانی ئێراندا سه‌دان زیندانیی کورد به‌ تۆمه‌تی سیاسیی وه‌کوو ئه‌ندامه‌تی له‌ حیزبه کوردییه‌کان و به‌بێ‌ دانی ئیزنی موره‌خه‌سی بوونی هه‌یه‌ که‌ ساڵانێکه‌ له‌ زیندان دان و هه‌نووکه‌ش هیچ ناوه‌ندێکی چالاکی مافی مرۆڤ زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌و زیندانییانه‌ نییه. رێژیمی ئێران به‌ هه‌ره‌شه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی زیندانیانی سیاسیی کورد، پێش به‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی ناویان ده‌گرێت. پێوسته‌ ئاماژه‌ بکرێ زۆرینه‌ی زیندانییانی سیاسیی هیچ چه‌شنه‌ ده‌ستڕاگه‌یشتنێکیان به‌ پارێزه‌ر نییه‌ و ته‌نیا له‌ چه‌ند خوله‌کدا دادگایی ده‌کرێن و به‌ سزایی درێژ ماوه‌ حوکم ده‌درێن. چاوه‌ڕوانیمان له‌ جه‌نابت ئه‌وه‌یه‌ که‌ داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بکه‌ن که‌ وێڕای چاودێری رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ناوی تێکڕای زیندانییه‌ سیاسییه‌کان ئاشکرا بکرێت و مافی موره‌خه‌سی و …هتدیان پێ بدرێت و له‌ دادگاییه‌کی دادوه‌رانه‌دا دادگایی بکرێن. زه‌ینه‌ب جه‌لالیان و عه‌لی مورادی له‌و زیندانییانه‌ن که‌له‌ خراپترین دۆخی لواودا ده‌ژین و حوکمی درێژماوه‌ی زیندانییان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.

ــ محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند ته‌نیا به‌ تۆمه‌تی دامه‌زراندن و چالاکی له‌ رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ١١ ساڵ سزای زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ و له‌ ساڵی ٢٠٠٧ـه‌وه‌ به‌بێ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ موره‌خه‌سی و بێ‌به‌ش بوون له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان له‌ زینداندا راگیراوه.

ــ لانی‌که‌م ٢٨ زیندانیی کوردی دیکه‌ به‌ تۆمه‌تی سیاسی و ئه‌منیه‌تی به‌ره‌وڕوون و له‌ زیندانه‌کانی سنه، ورمێ، سمنان، ره‌جایی شه‌هر و سه‌قز چاوه‌ڕێی سزای سێداره، په‌سند، یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوکمی دادگای به‌ده‌وی، یان دادگای به‌رزی وڵاتن. که‌ له‌وانه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی، شێرکۆ موعارفی، زانیار موردای و لوقمان مورادی بکه‌ین که‌ هیچکامیان له‌ دادگای عادڵانه‌دا دادگایی نه‌کراون و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا بوون.

ئه‌مانه‌ ته‌نیا به‌شێکی چووکه‌ له‌ پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ کوردستانی ئێرانن که‌ بایه‌خ و گرینگیه‌کی تایبه‌تییان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و ئێوه‌ی به‌ڕێز له‌ مه‌ئمورییه‌ته‌که‌تاندا یاریده‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ کوردستانی ئێران نه‌بن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کاره‌ساتێک له‌ حاڵی روودان دایه که رۆژبه‌رۆژ قووڵتر ده‌بێته‌وه.

پێویسته ئاماژه‌ به‌م خاڵه‌ش بکرێ که‌ هه‌نووکه‌ خه‌ڵکی ئێران و به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ئێران له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ک له‌مه‌ڕ گه‌یاندنی ده‌نگی خۆیان به‌ کۆمه‌ڵگای جیهانی به‌توندی بێ‌به‌ش کراون و به‌ هه‌ستیاری و نیگه‌رانییه‌وه‌ به‌رنامه‌ و هه‌ڵوێسته‌کانی ئێوه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا رووماڵ ده‌که‌ن.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مسته‌فا هیجری
٠٥/٠٦/١٣٩١ی هه‌تاوی
٢٨/٠٨/٢٠١٢ی زایینی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی