"an independent online kurdish website

برای خۆشه‌ویستم نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس کاک ( رابه‌ر ره‌شید ) له‌م هه‌فته‌یدا له‌ سایته‌کاندا بابه‌تێکی به‌ ناونیشانی ( ئاینده‌ی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوک به‌ره‌و کوێ؟) بڵاوکردۆته‌وه‌.. ده‌ستخۆشی له‌ کاک رابه‌ر ده‌که‌م..kerkuk-0

که‌ خه‌مخۆرێکی به‌ ئه‌مه‌کی شاری که‌رکوکه‌.. له‌م نووسینه‌یدا ده‌ستی خستۆته‌ سه‌ر چه‌ند هۆ و فاکته‌رێکی دواکه‌وتن و تا راده‌یه‌کیش به‌ره‌و شکستی چوونی خوێندنی کوردی له‌ شاری که‌رکوکدا و.. چاره‌نووسی خوێندنی کوردی له‌ داهاتوودا چی به‌سه‌ر دێ.. کاک رابه‌ر هۆیه‌کانی له‌ چوار خاڵدا چڕکردۆته‌وه‌.. له‌ هه‌ر چوار خاڵه‌که‌شیدا راستیی هۆیه‌کانی به‌ره‌و لاوازبوونی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا پێکاوه‌., منیش له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی کاک رابه‌ردام که‌ هۆیه‌کی دواکه‌وتنی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا.. ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه‌ کوردییه‌کانمانه‌.. که‌ هه‌ر یه‌که‌یان ده‌یانه‌وێ پۆستی به‌ڕیوه‌به‌رێتی خوێندنی کوردی و زۆرترین ژماره‌ی سه‌رپه‌رشتییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی قوتابخانه‌کان و ته‌نانه‌ت جێگری به‌ڕیوه‌به‌ره‌کانیش بۆ خۆیان قورخ بکه‌ن.. ئه‌م ململانێیه‌ش له‌ ساڵی ( 2003) وه‌ تا ئه‌مڕۆ نه‌بڕاوه‌ته‌وه‌..

 کاتێکیش که‌ هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک کرا، پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر لیست و رایه‌کی هاوبه‌ش و مامۆستایه‌کی کاندیکراوی په‌سه‌ندکراوی هه‌ردوولایان رێنه‌که‌وتن و نه‌سازان.. بێ لایه‌نه‌کانیش له‌ لایه‌کی تره‌وه‌.. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانیشه‌وه‌ مامۆستایانی تورکمان یه‌ک کاندیدێکیان هه‌بوو.. ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی مامۆستایانی کورد له‌ که‌رکوکدا له‌ ژماره‌ی مامۆستایانی تورکمان عه‌ره‌ب زیاترن.. به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌نگه‌کان نه‌درایه‌ یه‌ک کاندیدکراوی کورد.. مامۆستایانی کوردمان ئه‌م پۆسته‌ گرنگه‌یان له‌ ده‌ستی خۆیان دا.. که‌وته‌ ده‌ست تورکمان. ئێستا به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک تورکمانێکی توندره‌وه‌ و نه‌ک هه‌ر یارمه‌تی قوتابخانه‌ کوردییه‌کان نادات، به‌ڵکو دژی خوێندنی کوردیشه‌ له‌ که‌رکوکدا.. ئه‌وان به‌ هه‌وڵی خۆیان توانیان که‌ به‌ڕیوه‌به‌ریه‌تییه‌کی گشتیی سه‌ربه‌خۆی خوێندنی تورکمانی دامه‌زرێنن که‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراقه‌.. که‌چی مامۆستایانی ئێمه‌ .. ته‌نها هۆڵی ئه‌وه‌یانه‌ که‌ پۆسته‌کانیان له‌ ده‌ست نه‌چێ.. کاتێکیش که‌ به‌رپرسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانمان، له‌کانه‌ڵه‌ کوردییه‌کاندا قسه‌ له‌سه‌ر خوێندنی کوری له‌ شاری که‌رکوکدا.. ده‌که‌ن گایه‌ک به‌ ده‌میانه‌وه‌ ده‌چێت.. به‌ڵام ته‌نها قسه‌ی زل ده‌که‌ن و هیچیان به‌ پراکتیکی و کردار پێ ناکڕێ و بێ ده‌سه‌ڵاتن.

 له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌ڕله‌مانی عێراقیشدا به‌رپرسانی کوردمان و به‌ تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتدار و باڵاپۆستێکی کوردمان، به‌ڵێنی کردنه‌وه‌ی زانکۆیه‌کی کوردیی له‌ شاری که‌رکوک دا.. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ قسه‌که‌ی ته‌نها به‌ڵێنێکی رووت و رووکه‌شی بوو، پڕوپاگه‌نده‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن بوو.. دواتر هه‌ر وه‌کو ئه‌و وای نه‌وتووبێ .. خۆی بێ ده‌نگ کرد و هیچ هه‌وڵ و به‌ دواداچوونێکی بۆ به‌ڵێنه‌که‌ی خۆی نه‌کرد..

(کۆلیدج) له‌ وته‌یه‌کیدا ده‌ڵێ : ” پیاوی زۆر بڵێی ده‌وڵه‌ت ، کرداری که‌مه‌ “

 ئه‌مه‌و به‌رپرس و کاربه‌ده‌سته‌ حیزبه کوردییه‌کانی که‌رکوک.. به‌شێکیان تا ئه‌مڕۆش بڕوایان به ‌داهاتووی خوێندنی کوردی نییه‌.. منداڵه‌کانی خۆیان له‌ قوتابخانه‌ عه‌ره‌بییه‌کاندا به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنن.. راسته‌ هه‌رکه‌سی ئازاده‌ و خۆی خاوه‌ن بڕیاره‌.. به‌ڵام ئه‌م به‌رپرسانه‌ له‌ په‌نا و سایه‌ی حیزبه‌ کوردییه‌کاندا ده‌له‌وه‌ڕێن و گیرفان پڕ ده‌که‌ن.. من ناوی گه‌لێک‌ له‌و به‌رپرسه‌ حیزبیه‌ کوردانه‌ی که‌رکوکم لایه که‌ منداڵه‌کانیان له‌ قوتابخانه‌ عه‌ره‌بییه‌کاندا به‌ عه‌ره‌بی درێژه‌ به‌ خوێندن ‌ده‌ده‌ن.. ئه‌گه‌ر حیزبه‌ کوردییه‌کان راست ده‌که‌ن که‌ له‌ خزمه‌تی خوێندنی کوردیدان له‌ که‌رکوکدا.. با لۆمه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رپرسانه‌یان بکه‌ن که‌ منداڵه‌کانیان له‌ قوتابخانه‌ عه‌ره‌بییه‌کادان و به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنن.. ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسێتی له‌و به‌رپرسانه‌یان بسه‌ننه‌وه‌.. ئه‌مه‌ شه‌رمه‌زاری و دووڕوویه‌.

 به‌ڕیوه‌به‌ری خوێندنی کوردی و سه‌رپه‌رشتییاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ کوردییه‌کان.. تا ده‌گاته‌ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانیش، به‌ پێی لێهاتووی و توانا و پسپۆری و شاره‌زایی پیشه‌یی نییه‌.. باشتر بڵێین که‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو دانه‌نراون.. به‌ڵکو له‌سه‌ر پێوه‌ری ئینتیما و وه‌لا و نزیکی و مامه‌حه‌مه‌یی بۆ به‌رپرسانی حیزبه‌که‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ ئه‌و پۆستانه‌یان پێ داون.. ناشڵیم له‌ ناویاندا که‌سانی به‌ توانایان تێدا نییه‌.. داوای لێبووردنیش له‌ مامۆستایانی دڵسۆزی كه‌رکوک ده‌که‌م که‌ ــ خۆشم بیست و حه‌وت ساڵ مامۆستا بووم له‌ شاری که‌رکوکدا ــ ئه‌وه‌ی به‌ لای منه‌وه‌ جێی داخه‌ هه‌ندێ مامۆستای کوردی هه‌لپه‌رستی وا ده‌ناسم که‌ له‌ کاتی رژێمی به‌عسدا.. پله‌ی ره‌فیقی هه‌بوو، رۆڵی سیخوڕێکی به‌عسی ده‌بینی، که‌ ده‌مان بینی خۆمان لێ ده‌شارده‌.. چوار مانگ به‌ر له‌ ئێستا سه‌ردانی که‌رکوکم کرد.. هه‌ندێ له‌و مامۆستا جلشۆره‌ هه‌لپه‌رستانه‌م بینی، که‌ ئێستا به‌ڕیوه‌به‌ر و کاربه‌ده‌ستی په‌روه‌رده‌ی کوردین له‌ که‌رکوکدا.. که‌ له‌ لایه‌ن حیزبه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ دانراون..؟!

 کاک رابه‌ریش له‌ نووسینه‌که‌یدا ئه‌وه‌ی نووسیوه‌ که‌ زانکۆکانی شاره‌کانی تری کوردستان قوتابیه‌ ده‌رچووه‌ کورده‌کانی ئاماده‌ییه‌کانی که‌رکوک وه‌رناگرن..

من له‌ به‌رواری(31 /10 / 2010) دا له‌ژێر ناوی ( هه‌وڵدان بۆ شکستیهێنان و به‌ عه‌ره‌بکردنی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوک)  نووسینێکی خۆمم بڵاوکردۆته‌وه‌. ده‌قی ‌دووه‌مین پێشنیارم له‌و پێشنیارانه‌ی له‌و نووسینه‌مدا کردوومه‌ بۆ پێشخستنی زمان و خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا ئه‌مه‌یه‌ : ( پێویسته‌ حکوومه‌ت و په‌ڕله‌مان و سه‌رکۆماری عێراق و سه‌رۆکی کوردستان، هه‌موو پێکه‌وه‌ زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵی کردنه‌وه‌ی زانکۆیه‌کی کوردی له‌ شاری که‌رکوکدا بده‌ن که‌ خوێندن تێیدا به‌ زمانی کوردی بێت.. پێشنیاری ئه‌م ناوه‌شی بۆ ده‌که‌م ( زانکۆی باوه‌گوڕگوڕ). تا ئێستاش له‌ ئه‌رشیفی نووسه‌رانی هه‌ندێ له‌ ماڵپه‌ڕه‌ کوردییه‌کاندا ئه‌و نووسینه‌م ماوه‌ته‌وه‌.. که‌ به‌درێژی باسم له‌ پیلان و هه‌وڵی ناحه‌زانی زمانی کوردی کردووه‌ بۆ شکتیهێنان خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا.

 به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات دارانی کوردمان، ئه‌وه‌ی به‌ خه‌یاڵییاندا نه‌یات و، به‌ لایانه‌وه‌ زۆر گرنگ نه‌بێ ئاینده‌ی خوێندنی کوردییه‌ له‌ شاری که‌رکوکی بێ نازدا.

ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌یاڵی دروستکردنی کۆشکی باڵابه‌رز دان.. نیو هێنده‌ له‌ خه‌می دروستکرنی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا نین.. که‌ ده‌بنه‌ نه‌وه‌ی داهاتووی کوردستانمان.. ئێوه‌ خوتان که‌رکوکتان له‌ کوردستان دابڕیوه‌.. تا ئێستا وه‌زیرێکی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستان نه‌چووه‌ بۆ که‌رکوک تا بزانێت پێویستی و که‌موکوڕی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا چییه‌..؟ بۆ که‌رکوک له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک جیاده‌که‌نه‌وه‌..؟ راسته به‌شه‌ بودجه‌ی که‌رکوک له‌ پاڵ بودجه‌ی ئه‌و سێ شاره‌ماندا نییه‌.. به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ، به‌ چاوێکی تر له‌ که‌رکوک بڕوانن و بێ به‌شی بکه‌ن له‌ خه‌رجی و خزمه‌تگوزاری.. ئه‌وه‌ش ناڵێم هیچتان بۆ نه‌کردووه‌.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ کردووتانه‌، زۆر که‌مه‌ و له‌ ئاستی ئه‌و قوربانی دان و خۆڕاگری و کۆڵنه‌دانه‌ی که‌رکوکییه‌کان له‌ کۆن و ئێستاشدا نییه‌.. که‌ هه‌رده‌م له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی کوردایه‌تی و به‌رگریدا بوونه‌ و پشکی شیری قوربانیشیان به‌رکه‌وتووه‌، تا سه‌ر ئێسقانیش کورد و کوردستان په‌روه‌رن.. هه‌ر بۆیه‌ش تا ئه‌مڕۆش تیرۆریستان ئه‌م شاره‌ کوردییه‌مانیان کردۆته‌ ئامانجی گڵاو و قێزه‌وه‌نیان و ، رۆژ نییه‌ که‌ له‌ گه‌ڕه‌که‌ کوردییه‌کاندا، ئۆتۆمبیلێکی مینڕێژکراو و یا مینێکی چێنراو نه‌ته‌قێننه‌وه‌.. تا ئێستا به‌ ده‌یان سڤیلی کوردمان بوونه‌ته‌ قوربانی یا که‌مئه‌ندام و سه‌قه‌ت بوونه‌. ئه‌ی نابێ له‌ خێروبێر و ده‌ستکه‌وته‌کانیشدا به‌شمان هه‌بێت و..، که‌رکوکییه‌کان په‌راوێز و فه‌رامۆش نه‌که‌ن..؟

 بۆ ناکرێ زانکۆیه‌کی کوردی له‌ که‌رکوکدا بکه‌نه‌وه‌ ؟ له‌ چی ده‌ترسن ؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ هه‌موو هه‌نگاوێکتاندا، که‌ بتانه‌وێ بۆ که‌رکوک‌ بینێن بترسن و سڵ بکه‌نه‌وه‌ ئه‌وا هیچ به‌ هیج  ناکه‌ین و.. ئه‌م ترس و خه‌مساردی و بێ ده‌نگیییه‌ بوو که‌رکوکی به‌م رۆژه‌گه‌یاند.. له‌ دوور نه‌بینی و خه‌مساردی و بێ هه‌ڵویستی ئێوه‌دا، ئێستا له‌ که‌رکوکی کوردستانیدا، تابێت تای ته‌رازوو به‌ لای ناحه‌زان و داگیرکه‌رانی ئه‌م شاره‌دا خۆشه‌ویسته‌ماندا ده‌نیشێ.. به‌ده‌یان ساڵه‌ سته‌م و ناهه‌قی له‌ که‌رکوکییه‌کان ده‌کرێ.. تاکه‌ی له‌ چاوه‌ڕوانی یه‌کلایی کردنه‌وه‌بین..؟

 منیش ده‌نگم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ده‌نگی برای ئازیزم کاک ڕابه‌ر ره‌شید.. داوا له‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق و سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکوومه‌تی کوردستان ده‌که‌ین.. که‌ ئاوڕێکی به‌ جدی له‌ خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا بده‌نه‌وه‌ و.. به‌ خه‌می خۆیانی بزانن و.. بڕه‌ پاره‌یه‌کی باش بۆ پێویستییه‌کانی په‌روه‌رده‌ی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا ته‌رخان بکه‌ن، ئه‌و قسه‌یه‌ش مه‌ڵین که‌ به‌شه‌ بودجه‌ی که‌رکوک له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ی کوردستان نییه‌.                                                            له‌سه‌رتانه ساڵانه‌ ژماره‌یه‌ک قوتابخانه‌ له‌ ناوچه‌ و گه‌ڕه‌که‌ کوردییه‌کانی که‌رکوکدا دروست بکه‌ن و کتێبی کوردی و ریحله‌ و مامۆستایان بۆ دابین بکه‌ن.. ململانێی حیزبایه‌تیش ‏له‌ په‌روه‌رده‌دا دووربخه‌نه‌وه‌.. له‌سه‌ر بنه‌مای کوردێکی شیاو بۆ شوێنی شیاو.. کاربه‌ده‌ستان و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کانه‌کان هه‌ڵبژێرن و چیتر ده‌ستی حیزبایه‌تی مه‌خه‌نه‌ ناو کاروباری خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا.

 دووباره‌شی ده‌که‌مه‌وه‌، به‌ کردنه‌وه‌ی زانکۆیه‌کی کوردی له‌ که‌رکوکدا.. زمان و خوێندنی کوردی پێش ده‌که‌وێت و، هیوا و داهاتوویه‌کی گه‌ش به‌ خوێندنی کوردی ده‌به‌خشێت.. هه‌موو کێشه‌کانی قوتابییه‌ کورده‌ ده‌رچووه‌کانی ئاماده‌ییه‌کانی شاری که‌رکوک و ناوچه‌ نزیکه‌کانی که‌رکوک نامێنێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌م زانکۆیه‌ له‌ ناو شاری که‌رکوکیشدا نه‌کرێته‌وه‌، ده‌توانن له‌ شاروچکه‌ی ( شوان ) یا( قه‌ره‌هه‌نجیر ) که‌ هه‌ردووکیان زۆر له‌ که‌رکوکه‌وه‌ نزیکن و دوو ناوچه‌ی له‌ سه‌دا سه‌د کوردین .. 

تا ئه‌م هیوایه‌ش دێته‌دی‌.. پێویسته‌ به‌بێ جیاوازی قوتابیانی کوردی ده‌رچووانی ئاماده‌ییه‌کانی که‌رکوک له‌ زانکۆکانی کوردستاندا وه‌ربگرن و، ناچاریان مه‌که‌ن که‌ روو له‌ زانکۆکانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق بکه‌ن و، به‌ زمانی عه‌ره‌بی بخوێنن و، دواییش خزمه‌تی ئه‌وان بکه‌ن و، ره‌نج خه‌ساربین.. ئه‌م گوناهه‌ش له‌ ئه‌ستۆی حکوومه‌تی کوردستان دایه‌.

 ده‌کرێت هه‌وڵ ئه‌وه‌ش بدرێت، که‌ به‌ڕیوه‌به‌رێتییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆخوێندنی کوردی له‌ که‌رکوکدا بکرێته‌وه‌ و، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی خوێندنی کوردیی و دامه‌زراندنی مامۆستایانی کوردی هه‌بێت.. ناشبێ وه‌زاره‌تی په‌روه‌ردی عێراق ده‌ست له‌ کاره‌کانی وه‌ربدات.. یاخود ببێته‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌کی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوک سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی کوردستان بێت و.. بودجه‌یه‌کی ساڵانه‌ی بۆ دابین بکرێت.. ئه‌م خواستانه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ جدی هه‌وڵییان بۆ بده‌ین و واز نه‌هێنین دێنه‌دی.  

 

{jcomments off}

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی