"an independent online kurdish website

  کاک حاتەم مینبەری تێکۆشەری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ولامی پرسیارێکی من دا کە  ،ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟  لایەنە ئەرێنی و نەرێنی یەکانی ئەو ڕێککەوتنە لە نەزەر ئێوەوە چین ؟hatem-67

بەم  شێوەیە ولامی دایەوە  ،کە منیش پڕ بەدڵ  سوپاسی دەکەم

ئامادەکار : کاووس عەزیزی

• پێش هەمووشتێک ئەشێ بزانین کە ئەم رێککەوتنامەیە لە نێوان دوو حیزبی کوردی دا مۆرکراوە کە بە ساڵان نەک هەر ناکۆک بەڵکوو دژمنی یەکتر بوون،سەدان کەس لە باشترین ئەندامەکانیان لە شەڕێکی چەپەڵ دا کە بەرۆکی ئەم دوو لایەنەی گرتبوو گیانیان لە دەست داوە و فەزا و ئاتموسفەڕێکی دژمنانە بۆ ماوەی نزیک بە ١٥ ساڵ بە سەر سەرجەمی پەیوەندییەکانیان دا زاڵ بووە.
• راستە ساڵانێکی زۆر بە سەر ئەو وەزعەی سەردەمی شەڕ دا تێ پەڕیون و لە مێژە هیچ لایەکیان وەک دژمن ناڕوانێتە ئەوی دیکە. بەڵام گشتمان دەزانین کە دوای تەواوبوونی شەڕ و دژمنایەتیەکە، هیچ لەهەوڤهاتن و ئاشتییەکی نووسراو پێش ئەم رێککەوتنە لە نێوان کۆمەڵە و دیموکرات دا مۆر نەکراوە و نزیکایەتی و دۆستایەتییەکەیان تەنیا ”لەڤزی” و لە چوارچێوەی دیدار و هات و چوو دا قەتیس ببوو.
• بۆیە خوی لە خوی دا هەر چەشنە رێکەوتن و ئیمزاکردنی پەیمانێک (جیاواز لە بایەخی ناوەرۆکەکەی) لە نێوان ئەم دوو حیزبە دا بۆ هەل و مەرجی ئیستای بزووتنەوەی کورد گەلێک گرنگ و بەنرخە و هەموان پیویستە وەک فرسەت و دەستکەوتێک سەیری بکەن نەک بەراوەژوو.
• بەڵام ئەگەر بە وردی و بێ لایەنانەش لە ناوەرۆکی ئەم رێککەوتنە بڕوانین، ئەبینین سەرجەمی خاڵەکانی ئەگەرچی ناتەواو، بەڵام باش و پێشکەوتوانەن و ئەکرێ بە هاسانی ببنە مایە و بناغەی یەکگرتنێکی گەورەتریش. یەکگرتنێک نەک هەر ئەم دوو حیزبە بەڵکوو سەرجەمی لایەنەکانی دیکەش بگرێتەوە و ئەو دەم ناوێکی دیکە، بۆ نموونە بەرەی کوردستانی لێ بنین.
• بەڵام خاڵی لاواز،یان وەک ئێوە نووسیوتانە لایەنە نەرێنیەکانی ئەم رێککەوتنەنامەیە چین؟
• وەک هەموومان دەزانین ئەم بەیانامە هاوبەشەی نێوان دوو لایەنی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات بەرینترین سەرنجی مێدیای کوردی بۆ لای خوی راکێشاوە و ئەوەی من بینیومە گەلێک کەس لە روانگەی جیاوازەوە رەخنەیان لێ گرتووە و بە پۆسیتیڤیش لە سەریان نووسیوە. بە بڕوای من لایەنی نەرێنی،یان ناتەواوی ئەم رێککەوتنە زۆرن و من هەوڵ ئەدەم بۆ درێژنەبوونەوەی وەڵامەکانم تەنیا دەستنیشانی دوو خاڵی سەرەکی لەم بارەوە بکەم .
• یەکەم:
• لە خاڵی حەوتەمی ئەم رێککەوتننامەیە دا هاتووە: هه‌ر دوولا پابه‌ند بوونی خۆیان به‌ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ و گرفته‌ سیاسییه‌کانی نێوانیان له‌رێگه‌ی دیالۆگ و به‌شێوه‌ی سیاسی و هێمنانه‌ و دوور له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ توندوتیژییه‌ک ده‌رده‌بڕن. هه‌ر وه‌ها ئه‌م شێوازه‌ش له‌نێوان سه‌رجه‌می هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان به‌پێویست ده‌زانن و بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و پره‌نسیپه‌ له‌ پانتایی هه‌موو کوردستان تێده‌کۆشن.
• ئەم خاڵە هەم خۆدزینەوەیە لەو رابوردوە تاڵەی کە ئەم دوو حیزبە پێکەوە هەیانە و هەمیش بایەخنەدانە بەو گشت خەڵکەی کە لە سەر بڕیار و بیرکردنەوەی ئەوان تووشی شەڕی خۆکوشتن بوون. شەڕی ناوخۆیی لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە زۆر شوێنی دیکەی دنیاش دا رووی داوە. بەشداربوون لە هیچ شەڕێکی ناوخۆیی دا مایەی شانازی نیە بەڵام نیشاندانی سەداقەت و ئازایەتیشە کە مرۆڤ شان بداتە بەر مەسئولیەتەکەی و بوێرانە بڵێ: هەڵەم کرد خەڵکینە بمبوورن!.
• لە روانگەی منەوە درووست و باشتر ئەوە بوو کە روون و راشکاوانە ئیشارە بە شەڕی نێوان کۆمەڵە و دیموکرات کرابا،بێ ئەوە تاوانەکە بەش کەن هەردوکیان خویان بکەنە خاوەنی و وێڕای داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو شەڕە، بەڵێن بدەن کە هیچ کات و بە هیچ بیانوویەک شەڕی خۆکوژی دووپات ناکەنەوە. بەم کارەیان هەم سەداقەتی خویان باشتر نیشان ئەدا و هەم بەردی بناغەی فەرهەنگ و بیرێکی نوێیان لە ناو سیاسەتی کوردیدا دادەنا.
• دووهەم
• لە پەیوەندی لەگەڵ هێزەکوردییەکان دا دەبوا بە راشکاوانەترین شێوە گونجێندرابا کە ئەم رێککەوتنە دژی هیچ لایەنێکی دیکەی کوردی نیە و بە پێچەوانە بەم هەنگاوە هەردوو حیزب گەرەکیانە ببنە رچەشکێن بۆ یەکگرتنێکی گەورەتر کە سەرجەمی لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە.ئەگەر ئەم بەشە لە دەقەکە دا گونجێندرابا ئەو دەم نەک هەر پێشی خراب حاڵیبوون و دژایەتی لایەنەکانی تر دەگیرا بەڵکوو رێگای بۆ نزیکبوونەوە و بەشداربوونی ئەوانیش خوشتر دەکرد و دەگمەن کەسێکیش لە دژی دەردەکەوت.
{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی