"an independent online kurdish website

هەڵویستی بێ دەنگی لە مەڕ مانگرتنی گیراوانی باکووری کوردستان مەحکوومە و نیشانەی بێ هەڵوێستی یە !pishtiwani_mangrtwan

کاتی خۆی لە بووسەکان( ڕیم) ی باشووری کوردستان دا ئەو ڕستەیە دەنووسرا کە : بێ دەنگی جوانیی مرۆڤە!

ئیستا و لەم باروو دۆخە دا کاتێک تەماشای هەڵویستی بەشێک لە ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی ئەو حیزبەی کە من چاوەڕوانییەکی زۆرم لێیە ؛ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران  دەکەم ڕاست ئەو ڕستەیەم دێتەوە بیر .

ئەوە ماوەیەکی زۆرە لە باکووری کوردستان نیزیک بە ٧٠٠ زیندانیی سیاسی کە بەشێکیان سەرۆک شارەوانی و هەڵبژێراوی خەڵکن و لە زیندان کراون ، دەستیان داوەتە مانگرتنێکی بەرین لە خواردن و داوای کۆمەڵێک ویست و داخوازی دەکەن کە هیچکامیان بەدەر لە ویست و داخوازەکانی نەتەوەی کورد نین. ئەوان بە ناحەق و بە بڕیاری سیاسی و “سرفا” بە خاتری کورد بوون و کوردایەتی کەوتوونەتە زیندانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە . لە هەمان کات دا ئەو مانگرتنە لە مێژووی دەولەتی کۆماری تورک دا ئەگەر نەڵێین بێ وێنە ، دەتوانین بە ڕاحەتی بڵێین کەم وێنەیە و دەنگدانەوەیەکی بەرینی لە ئاستی ناوچە ، تورکیە و جیهان دا بە خۆیەوە گرتووە . ئەوان گیراوی دۆزێکی رەوای کوردایەتین و خەریکە خۆیان دەکەنە فیدای ئامانجەکانی گەل و نیشتیمانی خۆیان.

بەڵام لەم نێوە دا ئەوەی جیی سرنج و سەرسوڕمانە هەلوێستی بەشێک لە ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەک لەوان حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە !

ئەوان بە تەواوی بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن  و تەنانەت لە ڕاگەیاندەکانیان دا زۆر کەم بایەغ و بێ مەیل باس لەو ڕووداوە گرینگە دەکەن و وەک ئەوەی لە ئەفریقا کرێکارانی مەعدەن مانیان گرتبێ ! لە کاتێک دا ئەوان کوردن و لە سەر کوردایەتی خەریکە ژیانیان لە دەست دەدەن .

خاڵێکی دیکەی جێی سرنج ئەوەیە کە بەداخەوە ئێمەش خەریکە خۆمان تێکەڵ بە کاروانی سەفبەندییەناوچەییەکان دەکەین کە ئەمڕۆ خەریکە شکڵ دەگرێ . ئەو سەف بەندیانەی کە لە نیهایەت دا دەبنە نەگبەتی بۆ میللەتەکەمان و دۆڕاوی یەکەم خۆمانین .  وادابنێین حیزبی دێمۆکرات لە گەل پارتی کرێکاران پەیوەندییەکی نیە و دۆستایەتی ناکات ! وادابنێین ئەوان ناحەق و ئێمە حەق ، ئەوان تێکەڵی سەف بەندییەکان و ئێمە بە دەر لەو سەف بەندیانە!  بەڵام بەو هەڵوێستەمان ئێمە دەکەوینە کام کاتاگۆریی سەف بەندییەکان؟ مەگەر ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە  پەیرەو دەکەین بە جۆرێک خۆمان ناخەینە نیو بازنەی بەرەی  ئەردۆگان ، پارتی دێمۆکرات و قەتەر و …… ؟

پرسیار ئەوەیە کە ، ئەگەر ئێمە لە هەڵوێستێکی بوێرانەی خۆمان دا کە لە مێژووی حیزب دا نموونەیان یەکجار زۆرە ، پشتگیریی ئەو مانگرتووانە بکەین و لە هەمانکاتیش دا مەحکوومی ڕەفتاری فاشیستیانەی  ئەردۆغان بکەین ، کام بەرژەوەندیی خۆمان دەخەتەر دەکەوێ ؟ چ مەیدانێک لێمان بەرتەسک دەبێتەوە؟ کام دۆستایەتیمان لە گەل دەوڵەتی تورک لاواز دەبێ ؟ ئەگەر هەموو حیزبەکان دۆستایەتیی تورکیەیان کردبێ( کە نەیان کردووە ) حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ئەسڵەن نەیبووە وبگرە ئەوان بە چاوی تێرۆریست تەماشای ئەو حیزبەیان کردووە .

ئەگەر ئەمڕۆ دۆستانی ئێمە!! پەیوەندیی سیاسی و بازەرگانیان لە گەل دەولەتی تورک هەیە ، چ ڕەبتێکی بە ئێمە و هەڵوێستەکانمان هەیە؟ مەگەر شانازی ناکەین بە سەربەخۆیی بڕیار دانی خۆمان؟ ئەدی کوا ئەو سەربەخۆییە؟ ئەگەر کێشە و گرفتێک مان لە گەل پارتێکی سیاسی هەیە ، بۆچی دەبێ بیگۆڕین بە دڕدۆنگی و نەدواندن لە گەل خەڵک ؟ یان هەڵویستەکانمان بۆ دەبێ لە سەر ئەساسی پەیوەندیی باش، یان خەراپ بە حیزبێکەو ەبێ ؟ ئەگەر پشتیوانی لەو مانگرتنە بکەین ومەحکوومی دەولەتی تورک ، پشتیوانیمان لە پکک کردووە یان باکووری نیشتیمان؟ ئەگەر زیندانییەکی تەنانەت غەیرە کوردیش لە ئێران مان لە خواردن دەگرێ ، میدیاکانمان بە حەماسەتەوە باسی دەکەن ، بەڵام لە هەمبەر بەشی هەرەگرینگی کورد و کوردستانەوە  بەم شێوەیە بێ دەنگی هەڵبژاردن بە چ واتایەک دێت؟ کام داگیر کەری کوردستان دڵی بەم هەڵوێستەمان ڕازی دەبێ و ئافەرین مان پێ دەڵێ ؟

 بۆیە من وەک کوردێک لێرە ڕا بانگ لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە بێ هەڵوێستەکان  بە نیسبەت ئەو مانگرتنەی باکووری کوردستان و بەتایبەتی  ئەو حیزبەی کە من شەڕەفی ئەندامەتیم تێیدا هەیە ، دەکەم  کە : ئەوان بێ هەڵوێست نەبن و ئیزن نەدەن ڕێبەرایەتی لە دەر بڕینی هەڵوێستی بوێرانە خۆ بپارێزێ  و بە هۆی هیندێک بەرژەوەندیی تەسکی کاتی ، خۆیان لە هەڵوێستێکی نەتەوەیی ببوێرن . ئەوە قەزیەی میللەتێکە ، نەک حیزبێک کە ئێمە خۆشمان دەوێ ، یان نا ! هیچ ڕێبەری و لایەنێکی سیاسی بۆیان نیە درز (شکاف) بخەنە نیو بەشەکانی کوردستان بە خاتری ڕەقابەتی ناساڵمی حیزبایەتی یەوە! ئەوان پیویستە کێشە و ڕەقابەتەکانیان تێکەڵ بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەکەن و خاوەن هەڵویست بن . میدیای ئەوان بە جیدی و بە شێوەیەکی بەرین دەنگی ئەو مانگرتنە بە گوێی جیهانیان بگەیەنێ . لە باتی هەڵوێست  ، هەوڵ نەدەین ئاڵتر ناتیڤ بۆ حیزبێک دابتاشین کە ئێمە بە ڕەقیبی سیاسیی خۆمانی دەزانین . یان بێ ئەوەی بزانین ئەو ئاڵترناتیڤە خاوەن کام هیزی جەماوەری و سەنگی ناوچەی و نیو دەولەتی یە کە دایدەتاشین؟

 لە پێشدا  پیویستە هێزی جەماوەریی هەر لایەنێک لە بەرچا وبگرین و پێمان وانەبێ هەموو حەقیقەت لای خۆمانە و هەر خۆشمان  حیسابین. هەر حیزب و لایەنێکی سیاسی لە کاتەهەستیارەکان دا نەیتوانی خاوەن هەڵوێستی شیاو بێت ، ئەوە جگە لە دۆڕان ، دەبێ وڵامدەری مێژووش بێ .  بۆیە من ڕوو دەکەمە ڕێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و دەڵێم کە : حیزبی دێمۆکرات لە مێژووی خۆی دا وەک ئەمڕۆ نەبووە ، حیزبی هەڵوێست و بوێری بووە ، حیزبی قوربانی کردنی بەرژەوەندیی حیزبی بووە بۆ نەتەوەیەک و ئەو حیزبە بووە کە ئێمە شانازی بە ڕابردووی دەکەین، نەک حیزبێک کە لە خۆڕا و بە بێ هیچ بنەمایەک بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی ، بکەوێتەوە نێو کایە ناوچەیی و ئیقلیمی یەکان کە ئێمە بەشیک نین لە پارسەنگەکەی و لە نیهایەت دا خۆمان دەبێ وڵامدەری ئەو هەڵە یە بین و خۆشمان تەحەمولی دۆڕانی مەوقعیەتی خۆمان لە نێو میللەتێک  دا بکەین . مێژوو باجی ئەم هەڵوێستە بە دوور لە بنەمای نەتەوەیی یەمان  لێ  وەردەگرێتەوە .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی