"an independent online kurdish website

ئاگادارییەك لە لایەن یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتەوە

armi_xwendkaran

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان!
نووسەران، رەخنەگران و خوێندكارانی هێژا!

لەم رۆژانەی دواییەدا هەروەك هەموومان لە سەر ماڵپەڕ و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بینیمان، لقێكی میلیشیایی سەر بە PKK، هەڕەشە و گوڕەشە لە نووسەران و رەخنەگران و چالاكانی سیاسی دەكات و هۆشدارییان پێ دەدات كە لە بەرانبەر هەڵە و گەمە سیاسیەكانی ئەوان كە لە سەر بنەمای خوێنی رۆڵەكانی رۆژهەڵات و بۆ مسۆگەركردنی بەرژوەندیی لایەنێكی پاوانخواز و بێ پرەنسیپ دەكرێت، بێ دەنگ ببن.
هەر وەها لەم راگەیەندراوەدا رەخنەگران و رووناكبیران بە دوژمنانی ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆ ناو دەبرێن، نائاگا لەوەی كە رۆژنامەوانان و رەخنەگران و رووناكبیران جەمسەری سەرەكیی بیر و ئەندێشە و ئیرادەی ئازادن.

ئەم لقە بەو پەڕی بێ پرەنسیپی و بە پشت كردن لە كۆی بەرژوەندییە گشتییەكانی نەتەوەكەمان، حیزبە رەسەن و مێژوودارەكانی كوردستان كە خاوەنی هەزاران شەهیدن و بست بە بستی خاكی كوردستان شاهیدی لە سەر گیانبازی و لە خۆبردوویی پێشمەرگەكانیان دەدات، بە سیخوڕ و هاوسەنگەری دوژمن ناودەبات، بەجۆرێك كە دوژمنانی ئەم خاكەش ناتوانن وا بێ شەرمانە لێدوان بدەن.

خەڵكی ئاگای كوردستان!
هەروەك دەزانن و باش ئاگادارن، ناڕاستیی بانگەشە و پرۆپاگەندەكانی ئەم لقە لە مەڕ شەڕ و بەرخۆدان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هێرشەكانی بۆ سەر حیزب و لایەنە سیاسی و تەنانەت رێكخراوەكانی چالاكی مافی مرۆڤیش، لە سناریۆی شەڕی شاخی”جاسووسان” دا بە روونی دەركەوت و ئەم لقە لە سەر بڕیاڕی خاوەنەكانیان سەرەتا سپای پاسدارانیان راكێشی ئەو ناوچە و دواجاریش ئەم شاخەیان رادەستی هێزەكانی رێژیم كرد و بە واژۆكردنی رێككەوتنێك، بڕیاردرا كە هێزە شەڕكەرەكانیان بە قازانجی كۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەكانی، رەوانەی بەرەی شەڕ لە سووریە و توركیە بكرێن.

ئەم لقە لە سەر بڕیاڕێك كە بۆیان درا، خەباتی شاخ و شەڕی چەكدراییان وەكوو مێتۆدێك كە هەنووكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان وەڵامدەر نیە وە لا نا، ئەگەرچی لەم چەن ساڵەدا كردبوویانە ئامرازێك بۆ سەندنی رەوایی لە لایەنەكانی دیكە.

هاونیشتمانانی هێژا!
بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان لە سەر بنەما و ئوسوولێك ئاڵای خەباتی خۆی بەرز كردۆتەوە و ئەویش دابین كردنی مافی نەتەوەیی و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی دێموكراتیك بووە. تێكۆشان و خەباتی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئەم مەبەستە بووە كە كۆمەڵگایەك لە سەر بەها مرۆییەكان دابمەزرێنێت و فەزای رەخنە و دیالۆگ و بە گشتی كۆمەڵگایەكی كراوە پێك بێنیت.

هەر بۆیەش هەر چەشنە هەڕەشە و گوڕەشەیەك بۆ سەركوت كردنی ئەندێشە و بیری رەخنەگرانە بە پیلانی دوژمنانی دێموكراسی و بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان بە ئەژمار دێت و ئەوانەی دژی ئەم بەها و پرەنسیپانە دەوەستنەوە، ناتوانن خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە بن كە بە بەشێك لەم بزووتنەوەیە بە ئەژمار بێن و بێ گومان دەچنە خانووی ئەوانەوە كە لە سەر بنەمای ئایدیۆلۆژییەكی دۆگم، جیابیران قەڵاچۆ دەكەن و لە سێدارەیان دەدەن كە نموونەیان لە رەوتی مێژوودا زۆرن: نازییەكانی ئاڵمان، ستالینیستەكان، خمرە سوورەكان و بەعسی عێراق و سووریەو حیزبۆڵڵاییەكانی قوم و لوبنان.

یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وێڕای هۆشداری بە “میرزا بنووسە”كانی ئەم لایەنە لە مەڕ نووسینی وەها راگەیاندنگەلێك، را دەگەیەنێت كە كۆمەڵگای كوردستان بەهیچ چەشنێك لە دوا رۆژدا تەحەمولی وەها بیرۆكەیەك ناكات و یەكیەتیی خوێندكاران بۆ بەربەرەكانێ لە گەڵ هەرچەشنە ئەندێشەیەكی دۆگم و دواكەتووانە هەردەم ئامادەی رۆشنگەری و گیانبازی لەو پێناوەدایە.

یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سەرماوەزی 2712ی كوردی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی