لە کتێبی “فرشتەکان و شەیتاندا” لێئۆناردۆ ڤێترا، فیزیکزانی ناوەندی لێکۆلینەوەی سێرن بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەکوژرێت. لێکۆلینەوەکانی سەر کوژرانی توێژێرەکە، لێکۆلەران بە گرووپێکی مێژوویی بە ناوی “ئیشراقیەکان” پێوەندی دەدرێت کە حەشارگەیان لە یەکێک لە کلیسا بەناوبانگەکانی رۆمدایە.
لەو رۆمانەدا پێوەندی سڕاوی و ترسناکی ڤاتیکان لە گەڵ لایەنە سیاسی و دەوڵەتیەکان و تەنانەت زانستیەکانی ئەمریکا و ئورووپا دەدەکەوێت. تیرۆری سێ تێکۆشەری کورد لە پاریس و شێوەی ئەنجامی تیرۆر مرۆڤ دەخاتە بیری ئەو رۆمانە ترسهێنەرە و هەگەرەکانی پێوەنیدار بە هۆ یان لایەنەکانی ئەو جینایەتە.
بکوژانی سەکینە جانسز Sekince Cansiz ، ڤیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز لە دەرگایەکدا دەچنە ژوورەوە کە یان دەبێ شیفرە و رەمزی دەرگاکەیان هەبێت یا خود کەسێک لە ژوورەوە دەرگای بۆ ئەوانە کردبێتەوە. جیا لەوە تیرۆری بەشێوەی “ئێعدام”ی لە پشتەوە، پەیام لە پلانێکی دارێژراو و ورد دەدات، کە هەگەرەکان و سەناریۆکانی ئەو جینایەتە سەرنجراکێشتر دەکات:
سەکینە جانسز ئەندامی دامەزرێنەری پکک و یەکێک لە هاوبیرانی بەرێز ئۆجەلان، لایەنگری رەوتی ئاشتی لە گەڵ تورکیا بوو. بۆیە کوژرانی ئەو لەو هەلومەرجەدا بە وتەی زوبەیر ئایداری نوێنەری پکک لە ئوروپا ناتوانرێ بە رووداوێکی لە نەکاو و بێ پلان دابندرێت. ئامانجی ئەو کردەوە تیرۆرە لە پلەی یەکەمدا بەربەست خستنەوە و شکستی دەسپێکی رەوتی ئاشتی لە باکووری کوردستان و دیالۆگەکانی نێوان بزاڤی کورد و دەوڵەتی تورکیایە.
بە لەبەرچاوگرتنی رابردووی خوێناوی “پاکسازی فیکری” لە ناو پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها پێوەندی پرسی کورد بە زۆر وڵاتی ناوچە لە وانە کۆماری ئیسلامی ئێران، توندرەوانی ناو دەوڵەتی تورکیا، دەکرێ سناریۆکانی خوارەوە لە ئامانجی ئەو تیرۆرە وێنە بکرێن:
· لەناو بردنی هیوایەک کە بە هۆی دەسپێکی رەوتی دیالۆگی نێوان ئانکارا – ئیمڕاڵی پێک هاتبوو و هۆشدار دانەوە بە لایەنەکانی دیالۆگ لە چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە تورکیا
· هەوڵدانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەربەست خستنەوەی بەر دەم رەوتی ئاشتی خوازانەی پرسی کورد لە باکوور و تۆڵە سەندنەوە لە تورکیا لە بەرانبەر پشتیوانی ئەو لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا دژی حکوومەتی بەشار ئەسەد
· لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چالاکیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە فەرانسە لە ژێر چاوەدێری توندی پۆلیسی فەرانسە بوو. هەڵبژاردنی شوێنی تیرۆر لە پاریس دەکرێ بە هۆشداردانەوەیەک بە دەوڵەتی فەرانسەش لە پێوەندی لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست بێت.
· خاتوو جانسۆز یەکێک لە لایەنگرانی سەرسەختی بەرێز ئۆجەلان بوو. تیرۆری ئەو کەسایەتیە هۆشدار دانەوەیەک بۆ بەرێز ئۆجەلان بوو لە مەڕ گفتگۆی ئاشتیخوازانە لە گەڵ تورکیا
· زۆرێک لە کادرەکانی پکک لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە وڵاتانی ئورووپا گیرسانەوە، تیرۆری پاریس لە جێی خۆیدا هۆشداریەک بۆ ئەو شۆرشگێر و خەباتکارانە بوو کە ئورووپا شوێنێکی ئارام و هێمن دەزانن
هەرکام لە هەگەرەکانی سەرەوە وەک رەمزەکانی کوژرانی لێئۆناردۆ ڤێترا، ناونیشانی بکوژانی خاتوو جانسۆز و هاورێیانی بەرەو چەندین ئادرێس دەبەن:
– کۆماری ئیسلامی، موخابراتی سووریا یا خود وڵاتێکی دیکەی ناوچە، کە کۆتایی شەری نێوان تورکیە و بزاڤی کوردستان بە زیانی بەرژەوەندیە ستراتێژی و ناوچەییەکانی ئەوە.
– “دەوڵەتی کوور”ی ناو دەوڵەتی تورکیا، کە هەروەک قەتڵەکانی بێ سەروشوێنی نەوەدەکان، بوو بە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە رۆژنامەڤان، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و سیاسی بزاڤی کورد لە باکووری کوردستان.
– “پکک ی کوور”، یان ئەوانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە باشووری کوردستانیش رەخنەگران و جیابیرانی ناو پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە ناو بردووە.
ئەم سیناریۆیانە ئەرکی دەوڵەتی فەرانسە بۆ روونکردنەوە و وەڵامدانەوە بە پرسیاری کێ و بۆچی ئەو جینایەتەیان خوڵقاندووە قورستر دەکات. لە لایەکی دیکەوە هەروەک بەرێز ئەحمەد تورک لە رۆژی یەکەمی دیداری لە گەڵ بەرێز ئۆجەلاندا پێشبینی کردبوو، بەداخەوە رەوتی وتووێژی ئاشتیانە یەکەم بەربەستەکانی بەخۆیەوە بینی و سێ ژنی چالاک و بەئەزموونی بزاڤی نەتەوایەتی کورد بوون بە یەکەم نرخەکانی دەسپێکی گفتگۆی ئاشتی.
مەجید حەقی
11.1.2013
{jcomments off}