"an independent online kurdish website

ناوچه‌ی پاوه به باخات و به تایبه‌ت دار گوێز به‌ناوبانگه. مانگی خه‌رمانان و ڕه‌زبه‌ر و خه‌زه‌‌ڵوه‌ر، سێ له‌و مانگانه‌ی ساڵن که زۆر لای منداڵان، به تایبه‌ت مناڵی فه‌قیر و هه‌ژاران خۆشه‌ویسته.fariq_yosefi_0

ئه‌ڵبه‌ت ئێستا له‌وانه‌یه که‌مێ فه‌رقی کردبێت، به‌ڵام دیسان زۆریش نه‌گۆڕاوه. ئه‌م چیرۆکه ڕاسته‌قینه‌یه، که زیاتر ده‌چێته خانه‌ی ته‌نز و جۆکه‌وه، ئی نێزیکه‌ی پازده بیست ساڵ له‌وه پێشه. کاتێ که به هاتنی نیمه‌ی دووه‌می مانگی خه‌رمانان، مناڵان وه ناو باخاتی ناوچه‌ ده‌که‌وتن بۆ شارۆی گوێز، که ده‌سه‌یه گوێز که ده دانه بوو، دووکاندار، پووڵێکی به نسبه‌ت باشیان ده‌دا به مناڵان و ئه‌و کات بوو که کێبڕکێش ده‌که‌وته ناو دووکانداری بازاڕه‌کان و ورده ورده نرخی گوێزیان ده‌برده سه‌ر. له ناوچه‌ی پاوه، ئه‌ڵبه‌ت به زاراوه‌ی جافی ناوچه، به گوێزی نه‌گه‌یشتوو، که‌مکۆڵه گوێز ده‌ڵێن. ئه‌گه‌ر پاک کراو بێت یا بێ توێکڵ بێت، پێی ده‌ڵێن، پاقلیس. دارێ که گوێزی پی ده‌ته‌کێنن، پێید‌ه‌ڵێن شه‌ن، کابرای داره‌وێریش که گوێزه‌که ده‌ته‌کێنێت، پێیده‌ڵێن شه‌نگه‌ر. ئه‌ڵبه‌ت شه‌نکه‌ریشمان هه‌یه که خه‌رمانی گه‌نم و جۆ به با ئه‌کات،  بۆ جوی کردنه‌وه‌ی گه‌نم له کاکه‌ی. وه‌ک چۆن مامۆستا مه‌وله‌وی ئه‌م دێڕه جوانه‌ی داناوه بۆ زوولفی یار که به دوو په‌لک هۆنراوه‌ته‌وه، که کاتێ له سه‌ر به‌رزایی با لێیده‌دات و به‌م لاو ئه‌و لادا ده‌که‌ون. که وه‌ک شه‌نکه‌ریک شووبهاندوونی که به دوو شه‌ن، خه‌رمان به با ئه‌کات: خه‌رمانه‌ی خه‌مان، هاوه که‌ل‌باوه….. شه‌نکه‌ر یه‌کێوه‌ن، دوو شه‌ن به‌لاوه……

دار گوێز که ته‌کێنرا، یه‌ک ده‌ور ده‌چنڕێته‌وه بۆ خاوه‌ن گوێز. ده‌وری دووه‌م پێ‌ده‌ڵێن پاشارۆ، که ئه‌ویش بۆ خاوه‌ن باخ و گوێز ده‌بێت. ده‌وری ئاخر پێیده‌ڵێن شارۆ، که له ئه‌و کاته‌دا، خۆشترین ووشه‌یه لای مناڵان، چوون ئیتر هه‌ر که‌س بۆ خۆی گوێز شارۆ ده‌کات یا له بن گه‌ڵا و گژ و گیادا گوێزی به جێماو ده‌دۆزێته‌وه. هه‌ندێ جاریش، مناڵانی سه‌ر بزێو، به قه‌ستی، کاتی چنینه‌وه‌ی یه‌که‌م ده‌ور، له ناو چاڵی چکۆله، گوێز ده‌شارنه‌وه، که پێیده‌ڵین بۆڕ کردن، تا له کاتی شارۆدا، بۆ خۆیان هه‌ڵیان بگرنه‌وه.

ئێستایش ئه‌سڵی چیرۆکه‌که: هه‌ندێ جار که مناڵان وه ناو باخان ده‌که‌وتن بۆ شارۆی گوێز، جار نه جاریش دوو به‌ردیان له گوێزی نه ته‌کێنراویش ده‌گرت، هه‌ندێکیشیان که سه‌ر بزێوتر بوون، جار نه جار له قه‌د دار گوێزی نه‌ته‌کێنراو ده‌چوون و گیرفانیان له که‌مکۆڵه گوێز پڕ ده‌کرد.

ڕۆژێک یه‌کی له‌و کوڕه هه‌ژارانه، ڕێی له باخی مام حاجی ده‌وڵه‌مه‌ند و نێو به ده‌ره‌وه ده‌که‌وێت و بۆ تۆڵه‌ی چاو چنۆکی و ده‌س وشکی مام حاجیش بێت، له دار گوێزی مام حاجی وه سه‌ر ده‌که‌وێت و خه‌ریکی گیرفان پڕ کردن ده‌بێت، که له پڕدا، مام حاجی په‌یدا ده‌بێت. کوڕه مه‌جالی هه‌ڵاتنی نابێت و ده‌سه‌وه‌سان له به‌رده‌م مام حاجی‌دا، داده‌نیشێت. مام حاجی زۆر زان، بیر ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێستا لێیبده‌م، خه‌ڵک ده‌ڵێن عه‌یب نه‌بووه بۆ چ‌‌‌ند که‌مکۆڵه گوێز له‌و کوڕه‌ی داوه. پاشان بیرێکی لێده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ به کوڕه: که‌لاسی چه‌نده‌می؟ کوڕه ده‌ڵێ پێنج، حاجی ده‌ڵێت: ئه‌مساڵ قه‌بووڵ بووویت؟ کوڕه ده‌ڵێت: دوو ته‌جدیدم هێناوه. مام حاجی داخ له دڵ، تووڵه هه‌ڵووژه‌یه‌ک ده‌بڕێت و ئێستا لێی مه‌ده که‌ی لێی‌ بده: ده‌ڵێت: فڵان و فیساری خوێری، له جیاتی ده‌رس خوێندن، هاتووی بۆ گوێز ڕنینی من 🙂 کوڕه شین و مۆر به گریان ده‌چێته‌وه بۆ ماڵ. دایکی ده‌ڵێت چی قه‌وماوه کوڕم؟ کێ لێی داوی؟ کوڕه‌ش داستانی بۆ ده‌گێرێته‌وه. دایکی فه‌قیر و ساده‌ی کور‌‌ه‌ش، ده‌ڵێت: ده ئه‌و ده‌سته‌ی نه‌ڕزێت مام حاجی،  خوا ده‌س به عومریه‌وه بگرێت، چه‌نده دڵسۆزه….!!! من: 🙁  کوڕه: :((    مام حاجی: :))  خوا ده‌ستی به عومری مام حاجیه‌وه گرتوه‌ و هێشتا له ژیاندایه…….!!!

فه‌ریق یووسفی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی