"an independent online kurdish website

هەستە ئەی لاوی سنە،هیوات ئەگەر سەرکۆتنە

کورد ئەبێت ئازادە بێت،هەستە چە باکی مەردنە.
 مامۆستا شەریفshaho_ebrahimi

کاتێک کە لاپەڕەکانی تەمەن هەڵدەدەینەوە دەبینین کە زۆرێک ڕووداوی تاڵ و شیرێن لە ناو بیرەوەرییەکانی هەر تاکێکمان نەخشی بەستووە کە زۆر کات ئەو ڕووداوگەڵە دەبێتە هۆی دروست بوونی رێگای نوێ یان گۆڕان

لە بیر کردنەوەماندا. لە ژیانی تاکە کەسی ئێمە دا زۆر کەس دێن و دەڕۆن و فڕە کاتیش کەسانێک دەبن بە هاوڕێ و ئازیزت کە هیچ کات پێت خۆش نییە کە بۆ ساتێکیش چییە لێیان دوورکەویتەوە، بەڵام هەندێ جار چەرخی زەمانە وات لێ دەکات کە بۆ ئامانج و هەدەفەکانت خۆشەویستەکانیشت فیدا بکەی و یان بە جێان دەهیلێت و روو لە سەفەرێکی بێگەرانەوە دەکەێت و ئەو شتانە کە پێشتر روویان داوە دەبێتە بیرەوەری و چراێ رێگای داهاتووت.

گاندی دەڵێ: “ئەگەر نەتوانین بە ئازادی بژین، باشتر وایە باوەش بکەینەوە و پێشوازی لە مەرگ بکەین”.

زۆر زەحمەتە کە لە یاد و بیرەوەری هاوڕێیەک شتێک بنووسی کە باشترین کاتەکانی ژیانت لە گەڵ بووبێتی و بیرەوەرییەکانی ڕابەردوو کە ئێستا بەشێکن لە مەلەکەی خانەکانی مێشکت، کە ئەو کەسە دوور لە هەر چەشنە پرەنسیبێکی ئینسانی و ئەخلاقی شەهید کرابی و ئێستا ئەتویش بە هەزاران کێلۆمێتر دوور لە داێکی نیشتمان و مەزاری ئەو هاوڕێ و خۆشەویستەت بیت.

ئەوە راستە کە مرۆڤە گەورەکان نایانەوەیت کە بۆ خۆیان بژین، ئەوان خۆیان دەکەنە قوربانی ڕێگایەکی ئامانجدار و دەتوانم بڵێم کە ئەوان باوەڕیان بە ئەوە هەیە کە “کەم بژین بەڵام کەڵ بژین”.
کالۆن دەڵێ:” شمشێر دەتوانی گیان لە لەش جیا بکاتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانی بیر و باوەڕ لە مێشکی کەسێک دەربێنی”.
لە سێ رەشەممە ی ساڵی ١٣٧٧ هەتاوی شاری سنە، کە رۆژێکی پر حەماسە و راپەرین بوو کەسێکەم لە ناو خۆپیشاندانەکە ناسی کە دوایی بووین بە باشترین هاوڕێ و هاوخەبات، ئەویش ئیبراهیم لوتفوڵاهی بوو. ئیبراهیم ساڵی ١٣٥٩ لە ناوچەی سنە و بنەمالەیەکەی مام ناوەندی بەڵام نیشتمان پەروەر لە دایک بوو، هاورێ ئیبراهیم کەسێکی خوێن گەرم، وەفادار لە هاورێیەتی و هەروەها ئەمانتداری راز و قسە نەهێنییەکان بوو، کاک ئیبراهیم وەک هەموو منداڵە چەوساوەکانی کورد بە هەزاران ئاوات و ئارەزوو دەورانی مەنداڵی و لاویەتی لە گەرەکی فەرەجەی شاری سنە بەری کرد، لە بیرمە کە هەمیشە پێمی دەگوت: گەورەترین ئاواتم ئەوەسە کە رۆژێک بتوانم خەزمەت بە نیشتمانەکەم بکەم بۆ ئەوە کە لە رەنج و نارەحەتی رەزگاریان بێیت.

کاک ئیبراهیم کاتێک کە خوێندکار بوو هاوکات لە گەڵ زۆرێک لە لاوانی سنە لە رێکخراوەی ناحکومەتییەکان و ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی ناو شار وەک مەولەوی، جوان و کوردستان کە لە زانکۆی کوردستان لە سنە بەرێوە دەچوو پێکەوە بەشداریمان دەکرد .
ئیبراهیم یەکێک بوو لەو قوتابیانەی زمانی کوردی لە ساڵی ١٣٧٩هەتاوی (کە ناسرابوو بە هاوینی زێرین کە لە لایەن ئەنجەمەنی ئەدەبی مەلەوی و شەخشی مامۆستا شەریف حۆسێنپەناهی یە وە بەرێوە دەچوو)کە فرە کەس فێری نووسین و خوێندنی زەمانی کوردی بوون و لە نەفراتی یەکەمی پۆلەکەی خۆیان بوو و ئەوەی کە لە دەسی دەهات بە خەزمەت بە فەرهەنگی نەتەوەکەی بەو پەڕی دەڵسوزیەوە بەڕێوەی دەبرد.
رۆژگار هەروا دەڕۆیشت و رۆژ لە دوای رۆژ دۆستی و هاورێیەتی ئێمەش پەرەی دەگرت و فرەتر لە رۆژەکانی دیکە عادەتمان بە پێکەوە بوون دەکرد زۆرێک لە رۆژە خۆش و ناخۆشەکانمان پێکەوە بوو و ئەو باوەڕەی کە وا بە یەکدیمان هەبوو وای دەکرد کە کاری زۆرمان پێکەوە ئەنجام دەدا بۆ نموونە، رۆژێکیان لە مەدرەسە بووم ئیبراهیمم دی کە رۆژنامەدیواریەکی بە دەستەوە بوو وەتم ئەوە چییە؟ وتی ئەوە نەخشە و ئاڵای کوردستانە کە بە دەس کێشاومە و هێناومە بۆت دەمزانی ئەگەر ئەو رۆژنامەدیواریە بە دەستمانەوە بەگێرابایت کێشەیکی گەورەمان بۆ ساز دەبێ و من کە لە گەڵ مامۆستایێکەم نێوانم زۆر باش بوو رۆیشتم بۆ لای و پێم وەت کە شتێکی ئاوام پێە دەتوانێت لە ژوورەکەی خۆت بۆم رابگریت دوایی لێت وەردەگرمەوە ئەویش کە سەیری کرد زۆری بە دەڵ بوو پێمی وەت بە شەرتێک کە دانەیێک لە ئەم وێنە بۆ منیش بکەێشنەوە .

braym_lotfollahi
لە گەڵ ئیبراهیم زۆر کارمان پێکەوە ئەنجامدا ئێمە نە تەنها ئەوە کە دۆست و هاورێی بووین بەڵکۆ هاۆ بێر و هاوفیکر هاو ئامانجێش بووین کە بە داخەوە لێرە ناکرێت باسی هەموویان بکەم ئێمە ئەو ماوە پێکەوە لە بڵاو کردنەوەی رۆژنامە حیزبیەکان بگرە تا بڵاو کردنەوەی سی دی و پلاکارد لە ناو کتێبخانە و کووچە و کۆڵانەکانی سنە دا پێکەوە هاوڕا و هاو خەبات بووین.

دوای ئەوە کە من ڕێگای دەرەوەی وڵاتم گرتە بەر بۆ ماوەیەک لە هاوڕێیانم بە گەشتی و بە تایبەتی لە ئیبراهیم بێ هەواڵ مامەوە، بەڵام دوای ماوەیێکی دیکە لە ساڵی ١٣٨٤ هەتاوی دیسانەوە توانیم لە گەڵ ئیبراهیم پێوەندی بگرمەوە و ئەو کاتە بوو کە خەبەرێکی فره خۆشی پێدام کە بە خۆشیەوە لە بەشی ماف واتا حقوقی زانکۆی پیام نووری سنە وەرگیراوە ئەو هەواڵە بۆ من زۆر دڵخوشکەر بوو چۆنکو ئەو کاتانم هاتەوە بیر کە چۆن هەردووکمان بە شەو و رۆژ لە کتێبخانە و پارکەکانی شاری سنە خەریکی خۆ ساز کردن بۆ بەشداری لە کنکور بووین و چە روژگەلێکی ناخۆش وخۆشمان بەری کرد.

من بە داخەوە بە هۆی کێشە و گرفت ناچار بووم کە وڵات بە جێ بهێڵم و رووم لە کوردستانی باشوور کرد، بەڵام کە ئاگادار بووم ئێبراهیم قەبووڵ بووە شەکەتی و ماندوو بوونی نەو رۆژه سەختانەم کە پێکەوە دەمانخوێند لە بێر کرد، من زۆر شاد بووم بۆ ئەوەی کە ئێبراهیم رویشتە زانکۆ چۆنکە باوەری تەواوم پێ بوو کە دەتوانێت لە زانکۆ خەزمەتی زیاتر بە میلەتەکەی بکات و بە حەق ئاگادار بووم کە ئەو ماوەی کە لە زانکۆی پەیام نوور بوو هیچکات لە هەدەفە ئەسلیەکەی دوور نەکەوتەوە و فەعالتر لە جاران کاری دەکرد
شێوازی شەهید کرانی شەهید ئیبراهیم
لە رۆژی یەک شەممە ١٦ ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٦ هەتاوی پاش ئەوەی کە ئیبراهیم لە زانکۆ دێتە دەرەوە لە لایەن هێزە دژه مروێیەکانی کۆماری ئیسلامی بە بێ هیچ تاوانێک دەسبەسەر دەکرێ و لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە رادەگێردرێت دوای نزێک بە ٩ رۆژ ئەشکنجە و ئازار دان لە رۆژی سێ شەممە ٢٥ ی بەفرانبار ١٣٨٦ هەواڵی شەهید کرانی شەهید ئیبراهیم بە کەس وکاری ڕادەگەینن کە گوایا شەهید ئیبراهیم لە زیندان خۆی کوشتووه ئەوە لە حالێک دایە کە ئەگەر هەر کەس بۆ نیو کاتژمێریش لەو زیندانا بووبێت دەزانێت کە هیچ کەرەستەیەک وەک تەناف یان شەتێکی دیکە بۆ خۆ کوشتن نییە و ئەو قسانەی کاربەدەستانی ئیتلاعات شتێک بێجگە لە درۆ و کوشتنی شەهید ئیبراهیم لە ژیر ئەشکەنجە دا نییە دوای ئاگادار کرانی بنەماڵەی شەهید ئیبراهیم ئەوان روو دەکەنە شوێنە پێوەندیدارەکان کە سەد مەخابن وەڵامێکی راستیان دەس ناکەوێت بێجگە لە ئەوەی کە رۆژی چۆارشەممە ٢٦ی بەفرانبار لە گۆڕستانی بەهەشتی موحەممەدی شاری سنە لە لایەن بەکرێگیراوانی رەژیمەوە بە خاک دەسپێردرێت و زوویش مەزارەکەی بتۆن کاری دەکرێت هەرەها بە بنەمالەکەشی رادەگەینن کە نابێت مەراسمی پرسە و سەرەخۆشی دابنرێ.

بەلام بنەماڵەی شەهید ئێبراهیم و خەڵکی سنە گوێیان بە ئەو قسانەی پیاو کوژانی کۆماری ئیسلامی نەدا و لە مزگەوتی گەرەکی فەرەجە و هەروەها لە ماڵی باوکی شەهید ئیبراهیم مەراسمی پرسە دانرا، هێزە دژە گەلەکانی رژیم لە رۆژی حەفتەی شەهید کرانی ئیبراهیم دا کە بەریار وا بوو لە مەزگوتی ئەدەب مەراسمەکە بەرێوە بچێت ئیجازەی ئەوەیان بە بنەماڵە و دۆستان و هاوشارییەکانی شەهید ئیبراهیم نەدا و لە رۆژی رووناک دەرگای مەزگەوتی ئەدەبیان لە سەر خەڵک داخست. لە رۆژی چلەی شەهید ئێبراهیم لە گۆڕستانی بەهەشت موحەممەدی و لە سەر گڵکۆی بێنازی هاوڕێ جوانەمەرگم مراسێمکی یاد کردنەوەی بێ وێنە و بەرین بۆ یادی هەمێشە زیندووی بەرێوەچوو.
دوای شەهید کرانی ئەو خۆێندکارە ئازادیخوازە لە لایەن بنەماڵە و وەکیلی شەهید ئێبراهیم وە دوکتۆر ساڵح نیكبخت زۆر هەوڵ دەرا کە راپۆرتی پزیشکی دوای ڵێکۆلینەوە لە سەر شەهید کرانی شەهید ئێبراهیم دا بە شوێن دۆسیەکی دا برۆن،بەڵام لە ئەنجام دا بەر بەستێکی زۆر کەوتە سەر رێگای ئەو دۆسییە و هەروەها بنەماڵەی شەهید ئێبراهیم یان خەستە ژیر فشار و چەندین جار هەڕەشەی بێسەروشوێن کران و زێندانی کرانی ئەندامانی بنەماڵەکانیان لێکرا.
ئەوە پێنج ساڵە بە سەر شەهید کرانی هاوڕێ جوانەمەرگم شەهید ئیبراهیم تێدەپەڕی بەڵام ناو و یادی هەمیشە بەلامەوە زیندوو دەمێنێتەوە و هیچکات لە بیری ناکەم، داوا لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لە خەڵکی بە شەرەفی سنە دەکەم کە بنەماڵەی شەهید ئێبراهیم و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری و خۆڕاگرانی سیاسی لە بندیخانەکانی کۆماری پڕ لە جەنایەت ئیسلامی بە تەنها بە جێ مەهێلێن .
لە کۆتایی دا بۆ یادی هەمیشە ئازیزی هاوڕێ شەهیدم، هاوڕێ جوانەمەرگم شەهید ئێبراهیم پێمانی وەفا و دەرێژەدانی ڕێگا پر لە شانازیکەی کە هەمیشە باسمان لێدەکرد دووپات دوکەمەوە و سەری رێز و کوڕنۆش و گوڵی خۆشەویستی بۆ مەزارە بێنازەکەی دادەنوێنم و ئەو پێمانەی لە گەڵی دووبارە دەکەمەوە کە هەمیشە وەفادار و بە باوەڕم بە ئامانجە بەرزەکانمان بمێنمەوە .

شاهۆ ئیبراهیمی

سوئید{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی