"an independent online kurdish website

لە دونیای ئەمڕۆدا کەمتر دەوڵەت و نەتەوەیەک هەیە هەوڵ نەدات لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی وەک ئابووری و سیاسەتی دەوڵەتی و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتیەکان و دەیان جێگە و شوێنی دیاریکراوی دیکەدا و لە پێوەری جیهانیدا خۆی فەرز نەکات.aref_shexaxayi13

 لەمڕۆدا بە فۆرمۆڵەکردنی خواست و ویستەکانی نەتەوەیەک یان لایەنگرانی ئایین و چین و توێژێکی تایبەت لە کۆمەڵگەیەکدا لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا و بە پێکهێنانی گروپ و ڕێکخراوی جیاواز بۆ ئەم مەبەستە، حەول دەدرێت پەرژینی جوگرافیایی و سیاسی و ئابووری وڵاتێک یان نەتەوەیەک یانیش مافەکانی دەستە و گروپێکی ناسراو بپارێزرێت.

وشەی لۆبی “Lobbying” لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای ڕێڕەو و شوێنی هاتووچۆیە و لە سەدەی نۆزدەدا هاتۆتە ناو فەرهەنگی سیاسی و لەو کاتەدا ئەو کەس و گروپانەی کە لە پەرلەمانی بریتانیا نوێنەر نەبوون لە ڕێڕەوی مەجلیسدا پێشیان بە نوێنەرانی پەرلەمان دەگرت تاوەکوو گوێبیستی داخوازییەکانی ئەوان بن و داوایان دەکرد یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان بە پێچەوانەی خواستەکانی ئەوان دەرنەچێت، هەر بۆیەش دواتر بەم گروپانە گوترا لۆبی و بەم چەشنە هەڵسووڕان و هەوڵانەی ئەمانەش گوترا “لۆبیگەری”.

لە فەرهەنگی سیاسیدا بەو گروپانەی کە لە ناوەندە دەوڵەتی و فەرهەنگی و ئابوورییەکاندا کارتێکەرییان هەیە دەگوترێ لۆبی و هەر بۆیەش لە ڕاگەیاندنی گشتی و ڕۆژنامە و پەرلەمان و زۆر شوێنی دیکەدا ڕۆڵ دەگێڕن و حەول دەدەن یاسا و بڕیارەکان لە بەرەی قازانج و بەرژەوەندی ئەوان بنووسرێتەوە.

کۆنترین گروپی لۆبی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەت دەستیان داوەتە هەڵسووڕان و سەرمایەدارانی قەومی یەهوود یەکەم هەنگاویان لەم پێناوەدا لە ئەمریکا هەڵگرتووە و لە ئێستاشدا گرووپی” ئای پاک” بە ناوبانگترین لۆبیە لە ئەمریکا و ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سیاسەتی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەدا و دەوری چالاک دەگێڕێت.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرترین گروپی لۆبی تێدایە و لە ساڵی ١٩٤٥وە چالاکی لۆبی بە فەرمی کراوە و زنجیرەیەک یاسا و ڕێسای تایبەت بە کار و بازنەی چالاکی و چۆنیەتی هەڵسووڕانی لۆبیەکان داڕشتراوە و لە وڵاتی کەنەدا و دواتر لە پەرلەمانی یەکێتی ئورووپا لە ساڵی ٢٠٠٥ یاسای تایبەت بە گروپە لۆبیەکان بڕیاری لە سەر دراوە و لە ئێستاشدا لە ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەورگێڕانی “لۆبیسم” زۆر بەرچاوە و دەتوانین بڵێین هیچ یاسا و بڕیارێک نیە کە دەستی لۆبی لە پشتەوە نەبێت و بەرژەوەندی گروپێکی تایبەت بە سەر زۆر داواکاری دیکەدا براوە نەکات.

وەک نموونە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٠دا و لە کۆبوونەوەی وڵاتانی جیهان سەبارەت بە داهاتووی ژینگە و گیانلەبەرانی دەریایی کە لە وڵاتی قەتەر لە لایەن کۆنوانسیۆنی بازرگانی جیهانیەوە بەڕێوەچوو، کارتێکەری حەڤدە لۆبی بە ناوبانگی ژاپۆنی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شاندی وڵاتانی هەژار کە لە ڕێگەی خەرجکردنی پارەیەکی زۆری بۆ سەفەری وەفدەکان کرابوو، وایکرد کە زۆربەی بڕیارەکانی ئەم دانیشتنە لە قازانجی وڵاتی ژاپۆندا ببڕێتەوە و ئەمەش لە حاڵێکدابوو کە ژاپۆن پلەی یەکەمی هەبوو لە ڕاوکردنی گیانلەبەرانی دەریاییدا!!.

 بەداخەوە نەتەوەی بێ دەوڵەتی کورد لەگەڵ ئەوەی خاوەن سەرمایەدار و بازرگانێکی یەکجار زۆرە و دەتوانێت بە یەکخستنی گەڵاڵەگەلی ڕێک و پێک و هاوکات بەشداریی پێکردنی ڕۆشنبیرانی سیاسی خۆی، لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەوری گاریگەری هەبێت و ڕای گشتی ناوخۆی نەتەوەکەی و هاوکات کارتێکەری و ڕۆڵی بەرچاوی سیاسەت و ئابووری زلهێزەکان لە قازانجی خۆیدا بشکێنێتەوە، کورد نەیتوانیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەمبەر داگیرکەراندا بە دیتنەوەی کەناڵێکی دیکە جیاواز لە چالاکی سیاسی و بەرخۆدانی میللی، بۆ دواڕۆژی حەولەکانی خۆی ئاڵترناتیڤی لۆبیسم جێگیر بکات و بیکاتە قەڵغانی بەرگری و هەوێنی سەرخستنی پرسی خۆی.

باشووری کوردستان لەمڕۆدا وێڕای هەبوونی ئازادییەکی بەرچاو لە زۆربەی بوارەکاندا و هاوکاتیش بوونی سەروەت و سامانێکی زۆر و بەرهەمهێنای پتڕۆڵ و بانگهێشتی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانیەکانی پتڕۆڵ، بووەتە ناوەندێکی تایبەتی کێبەرکێی ئابووری و تمووحاتی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بەداخەوە بەم حاڵەشەوە ڕێبەرایەتی باشووری وڵات نەیتوانیوە بە هۆکاری گەندەڵی و نەبوونی پلانی کاریگەر لە بواری ئابووریدا، سنوورێک بۆ دەوڵەمەندبوونی ڕەمەکی دابنێت و شێوازێک لیبڕاڵ بازاڕ هاتۆتە ئاراوەو ئەگەریش پێشی پێ نەگیرێت قازانج سەری مایە دەخوات.

کەوابوو پێش هەموو شتێک وەک چۆن لە بواری زماندا و لەم کاتانەدا پێویستە فەرهەنگستانی زمان و وێژەی کوردی لە سەر دەستی دەوڵەتی نیمچە سەربەخۆی باشووری کوردستانەوە بە ئاکام بگەیێندرێت و ستانداردێک بۆ زمانی کوردی درووست بێت، هەر بەو خوێندنەوەیەش و بە پێی هەلوومەرجی ئێستای ئابووری ئەم بەشە لە کوردستان پێویستە بیرێک لە پێکهێنان و درووستبوونی لۆبی کورد بکرێتەوە.

لەمڕۆدا لۆبی نەتەوەی عەڕەب و تورک و فارس لە دوای لۆبی یەهوود دەوری کاریگەر دەگێڕن و دەخوازن بۆ پێکانی ئامانجەکانی نەتەوەیی و سەروەری سیاسی وڵاتەکانیان بەرانبەرکێی زۆر وڵات و نەتەوەی دیکە جیهان بکەن.

لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، باشووری کوردستان وەک سەرێکی گەورەی لێهاتووە بە سەر جەستەیەکی لاوازەوە کە تەنیا بووەتە بازاڕێکی ئازاد و بێ سنوور و بێ بەرهەم و شینخۆرکردنی کاڵاو شتوومەکی دراوسێکانی خۆی.

بۆیە بەم خوێندنەوەیە لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی باشووری کوردستان، دەکرێت سەرمایەدارانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانیش بە پشت بەستن بە دەسەڵاتداری کورد لە هەرێمی کوردستان و سەروەت و سامانی پتڕۆڵ و بازرگانیکردن و گومرگی سنوور و زۆر سەرچاوەی ئابووری دیکە، ببنە پاڵپشتی بیرۆکەی درووستبوونی لۆبی نەتەوەیی کورد .

  ئەم هەنگاوەش دەتوانێت لەمەڕ هەڕەشە و گوڕەشەی دوژمنان کاریگەری بەرچاوی هەبێت و دڵنیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی سیاسی و چالاکوانانی کوردی بەدواوە بێت لەوەی کە بە بووونی لۆبی ناوچەیی و جیهانی کورد، دەتوانن لە سەرخستنی کاروانی خەباتی نەتەوەی بێ دوڵەتی کورد، بێ پسانەوە حەوڵ بدەن و ماندوویی و بێ پاڵپشتبوون نەبێتە ڕێگر و لەمپەر لە بۆ گەیشتن بە سەربەستی نەتەوەکەمان.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی