"an independent online kurdish website

سیكولاریزم یان جیایی دین لە دەوڵەت، دروشم و مێتۆدێكە بۆ پێكهێنان و بەڕێوەبەری حكوومەت لە وڵاتدا، لەو رووەوە كە دانیشتوانی هەر وڵاتێك ئیدە و ئایینی جۆراوجۆریان تێدا دەبێ‌،newid_keremi

پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای جیاوازی دین و دەوڵەت تاكە رێگایە بۆ پاراستنی رێز و حورمەتی هەموو باوەڕی تاكەكان و ئایینەكانی كۆمەڵگا و پێكهێنانی تەبایی نێوان خەڵكی ئەو وڵاتە.

لە مێژوودا زۆرن نموونەی ئەو حكومەتە ئایینمەدارانەی كە سەرەتا بە هەست و سۆزی خەڵك و بە كەڵك وەرگرتن لە باوەڕی (باوەڕی ئایینی) ئەوان گەییشتوون بە دەسەڵات، ئەگەرچی لە سەرەتادا بانگەشەیان كردووە بۆ دابینكردنی عەداڵەت لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگاو پاراستنی كەرامەتی هەموو لایەك، بەڵام پاش ماوەیەك خۆیان بوونەتە دیكتاتۆرو دەستیان داوەتە سەركوت كردن و كپ كردنەوەی دەنگە جیاوازەكان و هەرچەشنە كەمایەتی و بیرۆكەی جیاوازیان رەت كردۆتەوەو جیابیرانیان بە شێوەهای جۆراوجۆر پەراوێز یان لە نێو بردوون و بە هەموو شێوەیەك هەوڵیان داوە تا هێژمونی و باوەڕی خۆیان بە سەر كۆمەڵگادا بسەپێنن.

بە مەبەستی روون بوونەوەی زیاتر و شیكردنەوەی زیاتری باسەكەمان پێوپیستە تا پێناسەیەك لە ئایین بكەین و بزانین ئایین چییە؟ مەگەر جگە لەوەیە ئایین وەك رێڕەوێكە بۆ پێوەندی نێوان مرۆڤـ و خۆدا، كە مرۆڤی باوەڕمەند لەو پێوەندی و نیزیكبوونەوەدا هەست بە سۆزو هێمنی و خۆشەویستی دەكات.

كەوایە ئایینەكان جیا لە هەر جۆرە ناونیشان و شێوەو مێتۆدیان بۆ پەرەستش و باوەڕمەندی بە خۆدا، لە باوەڕی تاكەوە سەرچاوە دەگرن و ئەو باوەڕەش لە نێوان تاكەكاندا كەم و زیادو جیاوازی تێدایە، بۆیە ئایینەكان تا ئەو كاتەی كە رۆڵی سەرەكی خۆیان (واتە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خۆدا) دەگێڕن بۆ لایەنگران و پێڕەوانی خۆیان سەرچاوەی سۆز و ئارامش و خۆشەویستین، بەڵام كێشەی سەرەكی لەوێوە دەست پێدەكات كە ئایین ببێتە كەرەستەی دەستی دەسەڵاتخواز بۆ دەستكێشان بەسەر كۆمەڵگا و حوكمڕانی بەسەر خەڵك، لەو رووەوە چوارچێوەیەكی بۆ دیاری دەكرێ‌(چوارچێوە بۆ ئایین و خۆدا پەرەستی) و هەمووان بە زۆر ناچار دەكرێن تا ئەو چوارچێوەیە بپارێزن، هەر تاكێك لەو چوارچێوە دیاریكراوەدا چووە دەرێ‌ئەوا بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە سزای بەسەردا دەسەپێت.

بەو شێوەیە ئایینەكان رۆڵی راستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبن بە ئامرازی زۆڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و تەقلیدی كوێركوێرانەی خەڵكی كۆمەڵگا لە ویست و داخوازەكانی دەسەڵاتدارانی زاڵا بەسەر ئەو كۆمەڵگایەدا.

لەو حكومەتانەی كە ئایین بووەتە پێكهاتەی سەرەكی دەسەڵات، ئایین بە پێی چوارچێوەیێكی دیاریكراو بۆ بەڕواڵەت پەرستشی خۆدا بۆ خەڵك دەستنیشان دەكرێ‌، ئەو كەسانەی ئەو چوارچێوەیە بپارێزن ئەوا وەك خۆدی چاویان لێ‌دەكرێت و دەكەونە بەر رەحمەت و سۆزی دەسەڵات و بە پێچەوانە جیابیران و ئەوانەی كە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا دەجووڵێنەوە پەراوێز دەخرێن و بە شێوەهای جۆراوجۆر دەكەونە بەر رق و بێزاری دەسەڵاتی ئایینمەدار و بە شێوەهای جۆراوجۆر هێرش دەكرێتە سەریان و گیان و ماڵیان دەكەوێتە بەر مەترسی لەنێوچوون.

بەو شێوەیە رۆحی یەك قەبووڵ كردن لە كۆمەڵگادا جێگای خۆی دەدا بە دوژمنی و رق و كین، كە بەرهەمی دەسەڵاتخوازانی ئایینمەداری درۆینەیە، ئەوان بۆ سوود و مەنفەعەتی خۆیان كۆمەڵگە دابەش دەكەن بەسەر خۆدی و غەیری خۆدی‌دا و تۆی دووبەرەكی لە نێو خەڵكدا دەچێنن، تەنانەت ئەو كردارانە بەوەشەوە ناوەستن و ئایینەكان كە لق و پۆیان لێ دروست دەبێ‌، دژایەتی و رقەبەری نێوان لایەنگرانی ئەو لق و پۆیانەش بیانوویەكی تازەو باش دەبێ‌بۆیان تا هەرچی زیاتر كۆمەڵگا لەیەك داببڕن و بەو شێوەیە پەرە بە ویست و دەسەڵاتی خۆیان بدەن.

رۆڵ و ئەركی رووناكبیران لە پێكهاتنی حكومەتی سیكۆلارو گەشەی دێمۆكراسی:
رووناكبیران لە هەر چین و توێژێكی كۆمەڵا، یان هەر پلەو پایەیەكی زانیاری و كۆمەڵایەتیدا كە ببن، دەتوانن كاریگەرییان هەبێت لە سەر چۆنییەتی پێك هاتن و هەڵسووكەوتی دەسەڵات.

لە ئێرانی ئێمەدا بە رێژەیەكی نێونجی جگە لە چەندین رەوت و دسەڵات وەك سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی كەریم خانیزەند لە ساڵی 1753ی زایینی، دەسەڵاتی مەشرووتەخاكان كە بۆ دامەزرانی دێمۆكراسی و حكومەتی یاسا لە ئێراندا هەوڵیان دەدا، هەروەها كۆماری كوردستان و كۆماری ئازەربایجان لە ساڵی 1324ی هەتاوی كە لە هەرێمی خۆیاندا بۆ دابینكردنی دێمۆكراسی و چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی تێدەكۆشان، هەژمۆنی ئایین و مەزهەب هەردەم دیارو بەرچاو بووە لە سەر یاسای بنەڕەتی حكومەتەكانی زاڵا بەسەر ئەو وڵاتەدا، بە تایبەت پاش بە دەسەڵات گەیشتن شا اسماعیل و دامەزرانی حكومەتی سەفەوییەكان لە ساڵی 1500ی زایینی، ئایینی شیعە بوو بە ئایینی دەسەلاتدار لە ئێران و چەوساندنەوەو پەراوێزخرانی لایەنەكانی دیكە بوو بە نەریتی دەسەڵاتداران.

دیاردەیەك كە دەمانەوێ‌لێرەدا باسی لەسەر بكەین هەڵسوكەوتی زانایانی ئایینی و رووناكبیرانی كۆمەڵگایە بەرانبەر بەو كردارانەی حكومەت و هەروەها شێوازی هەڵسوكەوتی دەسەڵاتداران بەرانبەر بە رووناكبیران و جیا بیران.

بە زاڵبوونی ئایین یان مەزهەبێك بە سەر حكومەت، هەندێك لە دەسەڵاتدارانی ئایینی لە راستای بەرژەوەندییەكانی خۆیان و بەدەستهێنانی پێگەو دەسەڵاتی زیاتر بوون بە جارچی سیاسەتمەدارانی حاكم و یاریدەدەری دەسەڵات بۆ دەستكێشان بەسەر سەرمایەی ئینسانی و ماددی خەڵك، بە كەڵك وەرگرتن لە هەستی ئایینی خەڵك، خۆیان كردۆتە جێگای باوەڕو متمانەی خەڵك و هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ تا خەڵك لە چوارچێوەی خواست و سیاسەتەكانی حاكمییەت جێگیر بكەن.

بەڵام ئەو بەشە لە زانایانی ئاییی و رووناكبیران كە دەنگی نارەزایەتی و رەخنەیان بە نیسبەت كردارەكان و سیاسەتەكانی حاكمییەت بەرز كردۆتەوە، بە شێوەهای جۆراوجۆر وەك دوور خستنەوە، زیندان و تەنانەت ئیعدام بێ‌دەنگ كراون.

بە رووخانی دەسەڵاتی شاهنشاهی حەمەرەزا شای پەهلەوی و هاتنە سەركاری دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە ساڵی 1357ی هەتاوی، گەرچی سەرەتا ئایەتۆڵلا خۆمەینی بانگەشەی بۆ دامەزرانی دێمۆكراسی دەكرد و لە بەیانییەكان و وتومێژەكانی‌دا وا نیشانی دەدا كە دین لە دەوڵەت جیا دەكاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی وتەكانی پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران دەستی كێشا بەسەر شۆڕشەكەدا و حكومەتێكی ئایینی ویلایەتی فەقیهی شیعە مەزهەبی دامەزراند.

نەك هەر دینی لە دەوڵەت جیا نەكردەوە بەڵكوو دینی كردە یاساو بنەمای دەستوور لە ولات و بێ‌بەزایانە دەستی دایە پاكتاو كردن و حەزف كردنی جیا بیران و حیزبە دێمۆكرات و پێشكەوتنخوازەكان، هەر جۆرە دەنگێكی نارەزایەتی بە توندترین شێوە كپ كرایەوەو حیزبە خەڵكیەكان كە دەستێكی باڵایان هەبوو لە سەركەوتنی شۆڕشی 57دا پەراوێز و نافەرمی راگەیاندو كەوتە دەستدرێژی كردن بۆ سەر خاك و بیرو باوەڕی جیا بیرانی خۆی و ملكەچكردنیان بە زەبری چەك و هێزی نیزامی.

هەندێ‌لە زانایانی ئایینی و تەنانەت كەسایەتی و رووناكبیرانی ئێران بە هۆكاری جۆراوجۆر وەك بەرژەوەندی تاكەكەسی یان بیرۆكەی شئۆنیستی، یان ترس لە رق و غەزەبی دەسەڵاتداران، بوون بە هاوڕاو هاوپەیمانی ئەو شێوازە هەڵسوكەوتەی دەسەڵات و نە تەنیا بێدەنگیان نواند لە بەرانبەر زۆڵم و ناڕەوایی و پێشێلكارییەكانیدا، بەڵكوو هەندێكیشیان خۆیان بوون بە جارچی بۆ رەوایی بەخشین بەو سیاسەتانە.

ئێستا بە روونی بۆ هەموومان ئاشكرایە كە پاش 34 ساڵ تێپەڕین بە سەر دەسەڵاتدارییەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و زاڵ بوونی بیرۆكەی مەزهەبی شیعەو ئایین بە سەر هەموو یاساو پێكهاتەی ئەو وڵاتەدا، كۆمەڵگا تووشی خەسارێكی یەكجار قەرەبوو نەكراو بووەتەوە و خەڵك و وڵاتی ئێران لە باتی ئەوەی كە رۆژ بە رۆژ هاوكات لەگەڵ پێشكەوتووەكانی سەردەمدا گەشە بكات، دووچاری دواكەوتوویی و نەخۆشی جۆراوجۆر بووەتەوە.

بە راستی، لە باتی ئەوی كە رووناكبیران و زانایانی ئایینی و علمانی وەك ئەركی راستەقینەی خۆیان، ببن بە رێنیشاندەرو رێنوێنی كەری رۆڵەكانی كۆمەڵگا و لاوان بە وتاری شۆڕشگێرانەو سەربەرزانە پەروەردە بكەن، تا هەردەم بەرەنگاری هەر جۆرە زوڵم و ناڕەواییەك ببنەوە كە لە لایەن دەسەڵاتدارانی پاوانخوازەوە دەرحەق بە تاك و كۆی كۆمەڵگا دەكرێت، بە بێ‌دەنگی و موحافزەكاری و تەنانەت هاوكاری دەسەلاتداران لە ئاست كردارە زاڵمانەكانیان، تۆی بێ‌موبالاتی و بێ‌هوییەتی و ملكەچی‌یان لە كۆمەڵگاداچاندووە.

پێویستە تا رووناكبیران و زانایانی ئایینی لە خەونی غەفڵەت راچڵەكن و رۆڵی راستەقینەی خۆیان كە وەك ئەركێكی پیرۆز لە سەر شانیانە، بۆ رزگاری گەل و نیشتمان و پیادە كردنی دیمۆكراسییەت و بەرهەمهێنانی سیستمێكی حوكمڕانی سیكۆلار، بگرنە ئەستۆ، تلسمی موحافزەكاری و بێ‌دەنگی بشكێنن و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵا حیزبە رەسەنەكانی كۆمەڵگاكەیان كە سالانێكە بە ئەزموونێكی زۆرەوە بۆ وەدیهاتنی ئامانجی گەلەكەیان تێ‌دەكۆشن و لەو پێناوەشدا بە هەزاران قوربانیان داوەو بە دەیان رێگای سەخت و دژواریان بڕیوە.

ئایا بە راستی كاتی ئەوە نەهاتووە تا هەموو بە یەك دەنگ بڵێین بە دوور لە ئایین و مەزهەب و … هتد، هەموو وەك یەكین و وەك مرۆڤــ مافی وەك یەكمان هەیە و پێویستمان بە ئازادی و مافی سیاسی و كۆمەڵایەتی و بەشداری ئەكتیڤ لە كۆمەڵگادا هەیە.

ئەگەر ئەمڕۆ هەوڵ دەدەین بۆ رووخانی حكومەتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێراندا و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی دێموكراتیك كە مافی هەموو پێكهاتەكان و نەتەوەكانی پێكهێنەری ئێران رەچاو بكات، پێویستە ئەوە بزانین كە خاڵی سەرەكی بۆ گەیشتن بەو مەبەستە رێزگرتنە لە بیروڕاو باوەڕە جیاوازەكان، هەر بۆیە لە دواڕۆژی ئێراندا بە مەبەستی گەیشتن بەو ئامانجە پێویستمان بە یاسایەكی بنەڕەتی سیكۆلار هەیە، تا سنووری دین لە دەسەڵات جیا بكاتەوە و پێش بە باڵ كێشانی هەر ئایینێك یان تاقمێكی مەزهەبی بەسەر یاسای بنەڕەتی و دەسەڵاتدا بگرێ‌، كە پشتگیری سیاسەت و دەسەلات لەو یاسا بنەڕەتییە، گەرەنتی بەردەوامی و ماندگاری دەسەڵاتێكی دێمۆكراتیكی سیكۆلارە لە دوارۆژی ئێراندا.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی