ئەگەر لەوە درێژتری نەکەمەوە و بچمە سەر ئەسڵی بابەتەکەی خۆم ، دەبێ باسەکە بگێڕمەوە بۆ هێزی مۆعێنی ئەو کات.
هێزی مۆعێنی یەکێک لەو هێز بە هێزانەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران بوو، کە زۆرترین جوڵەی پێدەکرا لە کاتی شەڕی ناو خۆ دا !
هەروەها هێزی موعێنی ئەو کات چەند تا یبەتی مەندێکی گرینگی مەڕبووت بە خۆی هەبوون وەک: هێزێکی زۆری پێشمەرگە، بنکەی سابیت لە سەر سنوورەکان، داهاتی گومرگ، لە زۆربەی ساڵەکاندا بەرپرسانی کۆمیتەی شارستان و فەمەندەری هێز ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بوون، پردێکی پیوەندی نێوان خەڵک و پێشمەرگە بوون لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان.
ئەو تایبەت مەندیانە وایان کردبوو، کە هێزی موعێنی ئەرکمەندتر و ماندوتر بێ لە هەموو میدانەکان دا .
من ئەو کات پێشمەرگەی پەلی ١ ی شەهید عەزیزی مولانپور لە دەستەی ١ی شەهیدانی ٨ ی گەلاوێژی و لکی ٣ ی شەهید سمایلی سەلیمی لە هێزی موعێنی بووم.
بنکەمان لەپشتی گوندی (باوزێ) بوو، لە شوێنک بە ناوی (باوەڵۆ).
کاتێک شەڕی ناو خۆ دەستی پێ کرد ، ئازارمان زۆر بوو ، زۆر یش بە پەرۆش بووین هەقی خۆمان بوو ، دەمانزانی کە ئێمەین دەستەچیلەی ئاگرەکە!
ئێوارەی ١۹ی سەرماوەر ١٣۶٣ بەبڕیارێک بەڕێیان کردین بۆ پارێزگاری لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە (دەشتێوێ) زیاتر لە چل ڕۆژ لەوێ ماینەوه، دوای ئەو ماوە پێشمەرگەی تریان نارد بۆ شوێنەکە و ئێمە گەڕاینەوە بۆ بنکەکانمان .
۲٧ی خاکەلێوەی ١٣۶٤ بۆ مەئموریەتێکی ێەک مانگەبەرێ کراین بۆ ناوچەی (بانه) زیاتر لە ١٠٠⁄ پێشمەرگە بووین، پێک هاتبوون لە دەستەکانی ١٬۲٬٣٬٤ ی لکی ٣ی هێزی موعێنی ئەو کات .
پێش ئێمەش هێزی (مینەشەمی) ئەو کات لە ناوچەی بانە بوون.
ئەوان لە گەڵ کۆمەڵە چەند چار تووشی شەڕ هاتبوون و لە هەر دوو لاش کوڕی کورد شەهید ببوون، ێەکێک لەو پێشمەرگانەی هێزی مینەشەم کە لەوێ شەهید بوو لەێەکێک لە شەڕەکان دا کوڕی پورم بوو ، بە ناوی (حوسێن عوسمانی) . ناسراو بە حوسێنە سەلکه.
ئێمە ماوەی ۲۹ ڕۆژ لە ناو گوندەکانی ناوچەی بانەدا دابووین و هەر ڕۆژە دەچووینە چەند گوندێک، بەخۆشیەوە لەو ماوەدا تووشی شەڕ نەبووین و دوای مەئموریەتەکە گەڕاینەوە ناوچەی سەردەشت .
کاتێک گەیشتینەوە بنکەکانمان گوێ بیس بووین، کە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەو ناوچانەیان بۆ چۆڵ کەین، ئەگینا تۆپبارنمان دەکە !
ئەو بڕیارەش ئازاری خۆی داین، پێمان خۆش نەبوو ناوچەکە چۆڵ کەین بەڵام دەرکراین .
وا هات سیپاڵەکانمان پێچایەوە ئامادەی ڕۆیشتن بووین، بەڵام لک و دەستەکان کۆبوونەوە و سیاسەتیان وا بوو ، لەگەڵ چۆڵ کردنی ناوچەکە زەربەێکیش لە مۆڵگەکانی ڕێژیم بەوەشێنین .
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی ١٥⁄٣⁄١٣۶٤ پێشمەرگەکانی دەستەی ١٬۲٬٤ ی لکی ٣ لەناوچەی (باژاڕ) لەخوار کونە پێستێ کۆ بووینەوه، لەوێ بەرنامەی شەڕەکەداڕژاو و تەقسیمی کار کرا ، هێشتا ڕۆژی مابوو لەلای (سەردۆڵەوه) سێ نەفەر ی فارس هاتنە خوار و بەنێو پێشمەرگەکاندا تێپەڕین کەس لێی نەپرسین چکارەن ! ئەوان کۆڵەپشتی گەورە و دەمانچەشیان پێ بوون ، وامان زانی (مجاهدین خلقن) کاتێک لەئێمە دوور کەوتنەوە بەپلەبەرەو نزیک ترین مۆڵگەی ڕێژیم کەوتنەڕێ لە پشت موچەی کوێخا ساڵحی قەڵەڕەشێ، چەند پێشمەرگەێکی ئازا کەوتنەدوویان، ێەکێک لەو پێشمەرگەپاڵەوانانە شەهید عەلی ئەحمەد عەوڵای بوو وەک پڵینگ لێی دان و کۆڵەپشتیەکانی پێ بەجێ هێشتن و خۆشیان هەڵاتن، لە ناو کۆڵە پشتیەکانیان دا ، دووربینێکی (مادۆن قرمز) و چەند خەریتەێکی ناوچەکە هەبوون.
ئەوێ شەوێ بەرەو شوێنی حەمەلیاتەکە وەڕێکەوتین، دەستەی ۲ لە نزیک مۆڵگەی گوندی (قوڵەسوێروێ) دامەزران و دەستەی١ و ٤ یش چووینەدۆڵی (چەورەبییه) .
سەعات چواری دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١۶⁄٣⁄١٣۶٤ شەڕ دەستی پێکرد، قورسای شەڕەکە لە سەر مۆڵگەی (کەوڵه) و پشتی قوڵەسوێروێ و لێدانی نیگابانەکانی جادەی (دەرمان ئاوه) و (دۆڵەگەرم ) و (ئەسپەمێزه) تا هۆمل بوو .
ڕێژیم زەربەی باشی وێکەوت و کوشتە و برینداری دا، لاشەی شەش چەکداری ڕێژیم کەوتە دەست پێشمەرگە بە چەکو چۆڵەوە.
بەداخەوە لەو شەڕە دا پێشمەرگەی ئازا شابازی ئیسماعیلی خەڵکی گوندی (بانوی قازان) شەهید بوو هەر وەها پێشمەرگەێکیش بریندار بوو .
ڕێژیم کە زەر بەێکی باشی لێدرا بوو ، بۆ قەرەبو کردنەوەی شکەستەکەی خۆی پەنای بۆ تۆڵە ستاندنەوە لە خەڵکی گوندی قوڵەسوێروێ برد، بۆ ئەو مەبەستەش دوو نەفەری ناو داری گوندەکەی کە هەر دووکیان ئەندامی حیزب بوو ، بە ناوەکانی : محەمەدی حاجی حوسێنی و کاک وەستا سەلیم ، گرتنی و بردنی لەدووری گوندەکە گوللەبارانی کردن.
هەزار سڵاو لەگیانی پاکی ئەو سێ شەهیدە نەمرە و هەموو شەهیدانی گەل .
دوای شەڕەکە شەو بەسەر داهات و بۆ پشو دان لەگوندی دۆڵەگەرم وەسەر ێەک کەوتینەوه، هەر لەوێش شەهید شابازمان پێچایەوەو لە سەر پشتی ئەسپێک دامان بەست و بەرەو دۆڵی باژاڕ کەوتینەڕێ .
هەر ئەوێ شەوێش بنەماڵەی شەهید شابازیمان ئاگادار کردنەوە کە بۆ دوا ماڵ ئاوای کردن لەشەهید شاباز بێنەدۆڵی باژاری .
بۆ سپەی ١٧ی جۆزەردان سەعات یانزدەی پێش نیوەڕۆ بنەماڵەی شەهید شاباز گەیشتنە(گۆڕستانی مەلا حەسەن) لەباژاڕی، لەوێ لە ناو خەم و پەژارەێکی زۆر دا شەهید شابازمان بەخاکی پیرۆزی کوردستان سپارد و لە ئاست هیبەت و جوامێری ئەو گەنجەجوانەسەری کڕنۆشمان دانواند .
دوای ماڵ ئاوای لە شەهید شاباز، ئێوارەدرنگانێک ناوچەی باژاڕمان بەجێهێشت و بەرەو گوندی (هەرزنێ) وەڕکەوتین، کاتێک گەیشتینەوێ زۆر ماند و هیلاک بووین تا بەیانی لەوێ ماینەوە، بەیانی زوو بەدۆڵی ( سەفرەو زەرونێ) دا بۆ نیوەڕۆ گەیشتینە شوێنی نیشتەجێ بوونمان لە (گەڵاڵێ).
لەکەپرەکان دا سێ رۆژ نەحەساینەوه، کەڕۆژی ۲۲ی جۆزەردان لەگەڵ کادیرانی تەشکیلاتی ناوچەی هۆمل کە ئەو کات کاک فەقێ محمود بەرپرسی ڕێکخراوی ناوچەی هۆمل بوو، چووینەگوندەکانی ناوچەی ئالان.
هەر سێ ڕۆژ لەوێ بووین، پەیامێکیان نارد کە بەپەلە بگەڕێنەوە بنکەکانمان !
گەڕاینەوه، ڕۆژی ۲٧ی جۆزەردان دوانیوەڕۆ کۆبوونەوەی بەرپرسەکان بوو ، ئێمەکە پێشمەرگەی سادەبووین بۆمان نەبوو گوێمان لەهەموو شتێک بێ! وەدەر کەوتین و لەپشتی ساڵۆنەکەبە تەلانەکەوە نووساین .
ئەوان کۆبوونەوەکەیان کرد و هەتا هەراشیان لێ بەرز بۆوە لەسەر ئەوەی بەشێک لە بەرپرسەکان حەزیان نەبوو بەشداری مەئمۆریەتەکە بکەن، بۆ شەڕی کۆمەڵە مەرحوم ماموستا مەلا برایم کەخۆی بەرپرسی لکی ٣ بوو، ڕازی نەبوو نەش هات ! ئێمەی پێشمەرگە کە شەو ڕۆژ لە ڕاکە ڕاک دابووین، گەلیک ماندو هیلاک بووین، هەر گیز حەزمان لێ نەبوو بەشداری شەڕی کۆمەڵە بکەین .
ئەمان گووت ناچین ، دەچی بەرپرسەکان کە خۆشیان هەر بە قەدرا ئێمە دەسەڵاتیان هەبوو ، هەڕەشەیان لێکردین! گووتیان: هەر کەش نەچێ بۆ مەئموریەتی حیزب چەکەکەدانێ و خواحافیزی بێ !
بەیانی زوو ڕۆژی ۲٨ی جۆزەردانی ١٣۶٤ لەگەڵالێ وەڕێ کەوتین بەرەو کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب کە ئەو کات لە (کانی مێوێ) بوو .
لەڕێگادا بەرپرسەکان قەولیان پێداین کەماشێنمان بۆ دەنێرن، گەیشتینە (وەڵاغلوێ) ماشێن نەهات ! گووتیان با هێندێکی تر بڕۆین دەمانگەنێ، چووینە(گاپێلۆنی) هەوا زۆر گەرم تەواوێک بێتاقەت بووین، لەوێش ماشێن نەبوو ! ئەو نۆرە خاترجەم بووین کەماشێن نابێ .
سەعات دووی دوانیوەڕۆ گەیشتینە بنکەکانی پێشەوەی نزیک دەفتەری سیاسی حیزب .
گووتیان لێرەدانیش دوای نان خۆرادن کاک دوکتۆر قاسملو قسەتان بۆ دەکا. دوای ماوەک نەمر قاسملوو هات، ئەم کۆبوونەوەیەی بۆ پێک هێناین.
دوای کۆبوونەوەکه، سواری ماشێنان بووین و وەڕێکەوتین، بۆ نان خواردنی شەو چووینە(کیوەڕۆێ) بەڵام لەوێ نەماینەوە بازارێک هەبوو لە خوار (گەمۆی) لەوێ پشوومان دا، لەڕێگادا ژنێکی ئاوروپایشمان لەگەڵدا بوو هەتا بازاڕی( شابەدینێ)، بەڵام ئەوان بە دوا ئیشی خۆیان داچوون و لە ئێمە هەڵبڕان.
شەوی ۲⁄٤⁄١٣۶٤ بەشێک لەپێشمەرگەکان لە ڕێگادا هەڵبڕان ! پیوەندی بێسیمیان هەبوو بەڵام نەیانتوانی تا (کانی شەکر) تێکەڵ بینەوە.
ئەوێ ڕۆژێ ئێمە لە ناو لێڕەوارێک دا ماینەوە لە نزیک گوندێک زۆر ماندوو بووین، شەهید میرزا عەوڵا ی نێشکۆڵان لە سەر ئەوی کە ئەو پۆلە پێشمەرگە هەڵبڕا بوون زۆر عەسەبانی و توڕە بوو ، ئەو جێگری هێز و بەرپرسی ێەکەمی هەموو پێشمەرگەکان بوو ، هەروەها پیاوێکی زۆر سادق و ناتق بوو .
لەوێ ناردیان حیوانێکمان بۆ ها ت لە گوندەکە ئەویشمان لەوێ خوارد، هەر ئەوێ ڕۆژێ دەمەو ئێوارە وەڕێ کەوتین بۆ بەیانی ڕۆژی ٣⁄٤⁄١٣۶٤ سەعات یانزدە گەیشتینە (کانی شەکرێ).
کەتێک گەیشتینە وێ پێشمەرگەکانی هێزی موعێنی بەفەرمەندەی کاک مەڵا حەسەنی شیوەسەڵی لەوێ بوون، دیارە خۆیان پێچابۆوە چاوەڕوانی ئێمەیان دەکرد بگەینەوێ ئەوانیش بڕۆن.
کاک مەلا حەسەن بەپەلە کۆبوونەوەی پێ کردین، بۆی باسی گرینگی ناوچەکە کردین ، باسی ئەرکی ئێمە کرد لە ناوچەکه، کە دەبێ چۆن هەڵسو کەوت بکەین، چۆن وریا بین و زەربە نەخۆین.
ئەوان دوای کۆبوونەوەکه، ماڵ ئاوایان کرد و گەڕانەوە بۆ ناوچەی بانه. ڕۆژی ٨⁄٤⁄١٣۶٤ سەعاتی پێنجی سەر لەبەیانی ئاگادار کراین، کە تاقمێک چەکدار لەو نزیکانەی ئێمەن ! لەکانی شەکرێ میرزا عەوڵا بڕیاری دا کە لەچەند لاوە بۆیان بچین، شەڕ دەستی پێکرد، بەڵام هەر زوو یەکێک لەپێشمەرگەکانی هێزی بێستوون بە هەڵە نارنجەکێکی خستە ئەو دۆڵەی کە کاک میرزا عەوڵا و هاورێیەکانی سەنگەریان لێگردبووە. زۆر بەداخەوە کاک میرزا عەوڵا زۆر بەسەختی بریندار بوو ، دوای چوار سەعات بەر بەرەکانی لەگەڵ مەرگ دا چاوی لەسەریەک دانا و چۆ ناو کاروانی پڕ لە شانازی شەهیدان.
کەم و کوڕیەکە وابوو ، لەوێ بریندارێکی سادەش نەدەگەیشتە هیچ شوێنێک ! داودەرمانی پێویست و برین پێچی شارەزا نەبوو .
شەهید میرزا عەوڵا چوار سەعات ژیا، پێویستی بەحەمەلی جەڕاحی فەوری هەبوو بۆ ئەوەی ژیانی بۆ بگەڕێتەوە، لەبرین پێچەکانی ئێمە کەس ئەو دەسەڵاتەی نەبوو ، نەئیمکاناتی پێویستیشیان لەدەست دابوو .
ئەو چوار سەعاتەی کە لەژیاند دا مابوو هەتا هێنامانەوە (کانی شەکرێ) زۆر هاواری کرد دەیگووت:״ دامنێن نۆێژ دەکەم ! ئەوە بۆ دام نانێن ؟ دەڵێم بەرم دەن ! دەست نوێژ هەڵدەگرم ! یان بەتوندی هاواری دەکرد ״. سەعات دوو و هەژدە دەقیقەی دوانیوەڕۆ گیانی شیرینی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپارد. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید میرزا عەوڵای نێشکۆڵان ئەو قارەمانەی کە هەر ڕۆی و ڕۆی نەگەڕایەوە بۆ ئەوێ بۆ جێی جاران .
ڕۆژی ١١⁄٤⁄١٣۶٤ دووبار تاقمێک پێشمەرگەی کۆمەڵە لەسەنگەرەکانی پێشمەرگەکانی هێزی موعێنی لە (کانی شەکرێ) نزیک بوونەوه، بەنیازی زەربە وەشاندن لە پێشمەرگەکانی هێزی موعێنی بەڵام دوای نیو ساعات شەڕ ڕایان کرد و شوێنەکەیان چوڵ کرد .
ئەو ی ڕۆژانەی کە ئێمە و کۆمەڵه، لە کوێستانەکانی کانی شەکر و ئاژوان بە دوا کەللەی سەری ێەک دا دەگەڕاین، بەرز و نەوی و شیو و دۆڵمان دەپشکنی، مەرگی زۆرمان بینی باوەشیان بە خاک دا کرد بوو تا فرمێسکیان بسڕێ ! خاک نزیکترین کەسیان بوو ، توند دەباوەشی گرد بوون تاکو ئارام بگرن. لەبن دارێکێ کۆن کۆن کەس تەمەنی ئەو ی نەبوو ! کیژێکم بینی لە سەر تەنیشت ڕاکشا بوو خاکی ماچ دەکرد، ببۆ بە دەزگیرانی ڕومەتی خۆی هەموو ڕنی بوو ، پرچەکانی ئاڵۆزکا بوون و تێکەڵ بە گەڵای دار و قژی دەور و بەر ببون. کاتێک وام دی بەکوڵ گریام کەس نەیزانی، هەر ئەوەندەش بوو دەسەڵاتم ، گەر قەبووڵی کا خەڵاتم .
لەبەرزای چیای کانی شەکر شوێنێکی زۆر بەرز بوو ، چینی سەرێی هەڵچنابوو بە کەللەی سەری پێشمەرگە کاتێک بەرز دەبوویتەوە پاشماوەخۆرەکان گازیان لێدەگرتی، هێندە تامەزرۆی گۆشتی مڕۆف بوون کە پێشتر لەوێ خوارد بوویان ! زرزی باڕنەکانی ئەوێ پڕ بوون لەتوکی سەر و کەللەی هاڕدراوی پێشمەرگە!
لەوێ کەس بۆ کەس نەدەگریا ، ڕوحم و حاتیفە لەبیر چوو بۆوه، بوغز و کینە جێگەی گرد بۆوه، خۆشترین هەوڵ هاڕینی سەر بوو ! بۆ ئەوان ئێمەو بۆ ئێمەش ئەو بوون !
بیـری وەتـەنم لەوێ کردەوە کە تـەرمی خۆیـان بۆ دەبردەوە!
بەڵام مەخابن تازە درەنگ بوو، کوا دەتوانن ئەو کەڵێنە پڕ کەنەوە!
دوای بەسەر کردنەوەی شوێنی شەڕەکان ڕۆژی ١٤⁄٤⁄١٣۶٤ پێشمەرگەکانی هێزی موعێنی بەرزایەکانی کانی شەکرێمان بەجێ هێشت و بەرەو (ناوەندی ئاژوان) وەرێکەوتین .
ئەبوبەکر سێوەتاڵی
۲۹⁄١⁄۲٠١٣
ئەو بابەتە درێژکەی هەیە!
بابەتی پەیوەندی دار
{jcomments off}