"an independent online kurdish website

هاوار بازیان / ئەركی سەرەكیی وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی لە باشووری كوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.hawar_bazyan12

ئەگەر ساڵانی نێوان 1992 تا 2003 كاری یەكەمی ئەو دەزگا هەواڵگرییەی ئێرانی كوشتن، هەڕەشە و دەستوەردانی راستەوخۆی ئەمنی لە كاروباری باشوور بووە، ئێستە ئاراستەی دیكەی وەرگرتووە كە هەرچەندە كوشتنی راستەوخۆی تێدا كەمترە، بەڵام رۆڵی ئێستەی ئیتلاعات لە باشوور زۆر لە جاران مەترسیدارترە كە لە چەند خاڵدا باسی كاروچالاكییەكانی ئەو باسكە تیرۆرەی ریژیم لەو پارچە ئازادەی كوردستان دەكەین و تا ئەو جێگەی بكرێ بەنیشاندانی چەند نموونەیەك لەو چالاكییانە، بەهێنانی 13 سەرچاوە شیكارێكی كورتیان بۆ ئەنجام دەدەین.

1. سیخوڕی لەسەر حكوومەتی هەرێم

بەپێی ئاماژەكانی ئەمنیی كۆماری ئیسلامی، كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر دامەزراوەكانی رەسمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك گرینگترین ئەركی ئێستەی وەزارەتی ئیتلاعات لە باشووری كوردستان دانراوە. (بەلایەنی كەمەوە لە ئێستەدا) ئیتلاعات پێویستییەكی زۆری بە هەبوونی زانیاری لەسەر لایەنە شاراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە تا بزانێ جەستەی دڵی كوردی باشوور بۆ كێ و لە كوێ لێدەدا؟ ئیتلاعات زۆر نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل چەندە دەستی گەیشتووەتە كوردانی باشوور و زۆر تامەزرۆیە تا بەتۆمەتی ئەو پێوەندییە و هەبوونی بەڵگەی زیندووی نێوان هەولێر و تەلئەبیب، عەرەب و تورك لە كورد یاخیتر بكا و بۆ ئەو مەبەستە لە هیچ پروپاگەندە و چەواشەكارییەك درێخی نەكردووە. (لینكی 1 و 2)

هەواڵگریی ئێرانی هەروەها زۆر بەوردی چاودێریی پێشكەوتنە سەربازی و تەناهییەكانی كورد لە باشوور دەكا (لینكی 3)، هەروەها زۆر تینوویە تا بزانێ لە كۆبوونەوە ناڕەسمییەكانی وەزارەت و فەرمانگەكاندا باسی چی دەكرێ و لەلایەن رێكخستنی حزبەكانەوە چ جموجوڵێك رێكدەخرێ. ئیتلاعات زۆر بەگرینگەوە هەوڵی دەستگەیشتن و هەبوونی كاریگەری لە ناوەندەكانی بڕیاردان دەدات، بەتایبەت لە دانانی سەرۆك شارەوانییەكان و كۆنتڕۆڵی لایەنەی ئابوورییەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگاكان و لایەنی سەربازیی هەرێم. دزەكردنی ئیتلاعات لەو جۆرە شوێنانە و خزاندنی كەسانی سەربەخۆی دەبێتە هۆیەكی سەرەكی تا ئیتلاعات بەوردی یاری بە ئەمنیەتی ئابووری و شاڕەگی ئاوەدانیی باشووری كوردستان بكا و بە لاوازكردنی ئەو 2 رەگەزە بتوانێ ناڕەزایەتیی جەماوەری زیاد بكا. واتە ئیتلاعات دەبێتە هۆكارێك تا پێوەندیی نێوان حكوومەت و خەڵك زیاتر بكا و ئەگەریش تەواو سەركەوتوو نەبووبێ، ئەوە هەوڵەكانی ئەو دەزگایە بەردەوامە و زۆر دڵخۆشە كە ناڕەزایەتییەكی جەماوەری ئەو هەرێمە دەگرێتەوە و هەوڵی راگەیاندنی چەواشەكارانەی پێ بدا. (لینكی 4) 

2. ئیتلاعات و ئاسایش

بەهێزبوونی لایەنی ئاسایشی لە باشووری كوردستان، بەتایبەت لەماوەی 5-6 ساڵی رابردوودا، نیگەرانی و ئاڵۆزییەكی زۆری خستە ناو دەزگای ئیتلاعات. لای كەس شاراوە نییە كە ئیتلاعات راستەوخۆ/ناڕاستەوخۆ پێوەندییەكی سیستماتیكی لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام ئەو پێوەندییە بەرەو سنوورداربوونی زیاتر دەڕوات كە رەنگە لە بەرژەوەندیی ئیتلاعاتدا نەبووبێ، بۆیە باڵی هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی لە باشووری كوردستان زیاتر روویان لەو كەس و لایەنانە كردووە كە زیاتر مەیلی كاركردنیان بۆ ئیتلاعات هەیە نەك لایەنی كوردی. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە دەزگای زانیاریی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەگشتی دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانی لە ناوچەی ژێردەستی ئەو حزبە لە سلێمانی و كۆیە و گەرمیان و پشدەر بكەین. ئەوە بەو مانا نییە كە ئیتلاعات لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتدا دەستی زۆر كراوە نییە یان رووی سپییە، بەڵام دەزگا هەواڵگرییەكانی پارتی دیموكرات بەتایبەت ئاژانسی پاراستن لە ئێستەدا كەمتر گرینگی بەخواستە ئەمنییەكانی ئیتلاعات دەدات و ئیتلاعات زیاتر چاوی لە ئاسایشە كە هەردوو پێكهاتەی پارتی و یەكێتی لەخۆ دەگرێ و لەرێگەی كەناڵەكانی یەكێتیی ناو دەزگای ئاسایشەوە هەوڵی دەستەبەركردنی ویستە ئەمنییەكانی خۆی دەدا، بەڵام بەگشتی ئیتلاعات لەوبارەیەوە لە دڵەڕاوكێیەكی ئەمنیدا بەسەر دەبا و پێیواوە لە باشوور زۆر شت هەیە لێی بێ خەبەرە. (لینكی 5)

3. ئیتلاعات و بازاڕی كار

هاتنی بەلێشاوی كۆمپانیاكانی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان، دەرفەتێكی باشی بە ئیتلاعات بەخشی تا لەو كەرتەشدا چالاكی بكا و ئەركدار بی. ئەگەر ئابووریی وێرانی ئێران چاوی لە بازاڕی گەرمی باشووری كوردستانە، ئەوە ئیتلاعات هاوكارێكی باش بووە تا لەو پێوەندییەدا 2 پڕۆژەی زۆر گرینگ جێبەجێ بكا. یەكەم ئەوەی بەناوی بازرگانییەوە سەدان كاری دیكەی وەك گواستنەوەی هەمووجۆرە كەس و كەلوپەلێك بۆ ناو كوردستان ئەنجام بدا، هەروەها چەندان پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی وەك تونێلی ئەزمەر وەربگرێت كە چەندان كاری دیكەی نائابووری لەژێردا كرا. نموونەی ئەو جۆرە كارانەی ئیتلاعات زیاتر لە ناوچەی سلێمانی هەیە.

كۆمپانیاكانی ئێرانی لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسەڵاتی باشیان پێدراوە تا لەلایەكەوە سەرچاوەیەكی باشی ئابووری و دارایی بۆ ئێرانی گەمارۆدراوی هەموو دنیا فەراهەم بكەن و لە گەمارۆ ناودەوڵەتییەكان دەرباز بن، هەروەها بەشێكی زۆری بازرگانە ئێرانییەكانی كە روو لە باشوور دەكەن پێشتر لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە رێنوێنیان پێدراوە و بەشێكیان لەگەڵ كەسانی پایەبەرزی ئیتلاعاتی وەك هاوبەشی بازرگانی كار دەكەن! بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە، تەنانەت دەسەڵاتێكی هاوتای وەزارەتێكی باڵای ئێرانی بەخاوەنكارانی ئەو وڵاتە لە هاتنیان بۆ باشوور دراوە. (لینكی 6)

4. حزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی

بەر لە ساڵی 2003، نێزیك بەهەموو هەوڵەكانی ئیتلاعات لە باشووری كوردستان رووی لە حزب و كەسایەتییەكانی كوردی رۆژهەڵات بوو كە بەهۆی باری سیاسییەوە پەڕیوە باشوور ببوون كە بەداخەوە لەو كارەدا كەسانێك و تەنانەت چەند حزبێكی ئیسلامی وەك بزووتنەوەی ئیسلامی لە باشووری كوردستانیش هاوكاری ئیتلاعات بوون و لەو نێوەندەدا زیاتر لە 300 كەس تیرۆر كران، بەڵام لە ئێستەدا ئیتلاعات زیاتر وەك گشتگیر و پتر لەسەر چەند پرسی گرینگی وەك چوونەوەی پێشمەرگە و هێز بۆ ناوەخۆی رۆژهەڵات، پێوەندیی حزبەكانی باشوور لەگەڵ رۆژهەڵات و كاتی كۆنگرە و كۆبوونەوەكانی باڵای حزبە كوردییەكان هەستیارانە كار دەكا، ئەگینا زۆر خەریكی وردە زانیارییەكانی تر نابێ كە پێی وایە رەنگە لە رێگە حزبەكانی تری بچووكی باشووری وەدەستی بكەوێ!(لینكی 7)

5. كاركردن لەسەر پەنابەران

پەنابەرانی رۆژهەڵاتی لە باشووری كوردستان ئێستە زیاتر لە 2000 بنەماڵە دەبن /بێجگە لە كەمپی حزبەكان/، بەشێكی زۆریان سەر بە حزب و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن و هەندێكیان بەجۆرێك لە بەرامبەر ریژیمی كۆماری ئیسلامیدا چالاكیی سەربازییان هەبووە كە هەمیشە ترسێكیان لە دەستی كۆماری ئیسلامی لەو پارچەیە هەبووە و هەیە. ئیتلاعات بەرامبەر ئەو جۆرە لە پەنابەرانە، یان پەنابەرانی تری غەیری كورد كە بەهۆی كاروباری دیكەی رۆژنامەنووسی، چالاكیی مافی مرۆڤـ و كێشەكانی تری ئەمنی و سیاسی روویان لە باشووری كوردستان كردووە، ئەگەرچی بەڕواڵەت بێدەنگییەكی ناچاری هەڵبژاردووە، بەڵام ژێربەژێر تەواو كاریان لەسەر دەكا. بەرامبەر ئەوانەی لەسەر دژایەتی و كار دژی كۆماری ئیسلامی بەردەوامن، ئیتلاعات سوود لە مۆرە ئەمنییەكانی خۆی لە باشوور وەردەگرێ و كێشەیان بۆ دروست دەكا. ئەگینا بە سیناریۆی سەیر و سەمەرە تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت دوژمنكاری لەگەڵ خاوەن ماڵ و خەڵكی ناوچەكەیان دەكا.

رەنگە سەیر نەبێ ئەگەر وەك نموونەیەكی زیندووی دیكە بەكورتی باسی ئەوە بكەم كە لەگەڵ بێ سەروشوێن كردنی رۆژنامەنووس مەولوود ئافەند سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-كورد لە باشووری كوردستان (2012.6.8 تا ئێستە) كە بەرامبەر ئەو رووداوە ئاسایش هیچ هەڵوێستێكی نەبوو دواتر بەناوی كەمپینێكی چەند سەد كەسی هەوڵێكی زۆرمان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە دا كە تا ئێستەش لەنێوان چاوی دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێمی كوردستان و دەستی ئیتلاعاتی ئێرانیدا بێ سەروشوێنە و لە بواری دادگا و ئاسایشدا هەوڵی زۆرمان دا، بەڵام وەڵامەكان لە باشوور تەنیا 2 شت بوون: هیچ رووی نەداوە و زۆری لەسەر مەڕۆن! وابوو كە چەند هاوكارێكی دیكەمان بەڕەسمی لە ئاسایش لەسەر ئەو رووداوە هەڕەشەیان لێكرا و تەنانەت لەسەر خواستی ئێران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ فشارێكی زۆری ئەمنی و یاسایی خرایە سەر براكەم لە باشوور! لە كاتێكدا هەموو لایەك تا ئێستەش چاوەڕێن ئەو كەیسەی مەولوود ئافەند روون بێتەوە و دڵنیاین هەروا بێدەنگەی لێ ناكرێ. (لینكی 8)

لەو جۆرە حاڵەتانەدا، لایەنی ئیتلاعات سەرەتا هەوڵ دەدا بە ناردنی خزم و كەسی نێزیك و ناردنی پەیام و راسپاردە بۆ پەنابەرەكە هەوڵی بێدەنگكردن، كۆنترۆڵكردن و تەنانەت بانگكردنەوەی پەنابەرەكە بۆ ئێران بدا كە بەدەگمەن سەركەوتوو دەبێ، بۆیە دواتر بۆ نموونە لە كاروباری پێدانی مۆڵەتی مانەوە، لە بواری دۆزینەوەی كار و خوێندن و سەردانی خزم و كەسوكاری پەنابەراندا گرفت دروست دەكا و داوای لێدەكا بڕوات یان شارەكەی بگۆڕێ. لەو بارەوە چەندان نموونە كوردی رۆژهەڵات هەیە كە لە ئاسایش بانگ كراون و بەشێكیان هەڕەشەیان لێكراوە. (لینكی 9){jcomments off}

6. رۆژئاوا و باشوور ئیتلاعات نیگەران دەكەن

پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی سووریا و گەیشتنی تەنگژەكە بەلووتكەی خۆی، دەرفەتێكی باشی بۆ ئازادیی رۆژئاوای كوردستان لێكەوتەوە كە تێیدا باشووری رۆڵێكی زۆری هەبووە. ئێران وەك هاوپەیمانی سەرەكیی دیمەشق نەیتوانی هەروا بێدەنگ بێ و خۆی لە رۆڵی كاریگەری باشوور لەو پرسەدا نەزان بكا، بۆیە لە رێگەی بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی خۆیەوە هەڕەشەكانیان گەیاندە سەرۆكایەتیی كوردی باشوور و هاوكات بە رەسمی رایگەیاند كە زانیاریی ورد و نهێنییان لەبارەی جموجۆڵی باشوور دژی سووریا و ئێران هەیە! ئەو زانیارییانەی كۆماری ئیسلامی باسیان دەكا تەنیا بەبوونی هەواڵگریی ئیتلاعاتەوە لە ناوچەكە دەستەبەر دەبن. (لینكی  10)

7. رێكخستنەوەی دووبارەی ئیتلاعات لە باشوور

كۆماری ئیسلامی تا ئێستەش تەواو لە كاروبارەكانی خۆی لە باشووری كوردستان رازی نییە و پێی وایە كەمتر لە مافی خۆی پێ بڕاوە. ئەو هەستە لە هەموو هەڵسوكەوتی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیدا دیارە كە پێیان وایە دەبووایە كورد لە باشوور بەر لە هەموو كەس و لایەن و وڵات گوێ لە ئێران بگرێ، هەروەك چۆن بەرپرسانی ئێستەی شیعەی عێراقی كە پێشتر پەڕیوە ئێران بوونە و ئێستەش لە بەغدا خۆیان لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی زیاتر بەرپرس دەبینین تا گەلی عێراقی. تاران لەو بڕوایەدایە بوو كوردانی باشووریش بەحوكمی ئەوەی ساڵانێكی زۆر پەنایان لای ئێران بووە، پێویست بوو ئەوانیش گوێ لە مستی تاران بن كە ئەوە روانینێكی هەڵە و زۆر ناسیاسییە، زۆرجار ئەو گلەیی و گازندانە بەزمانی ئابووری و بازرگانی لە كوردی باشوور دەكرێن. (لینكی 11 و 12)

ئیتلاعات كە هاوكات بەدۆخی ئێستەی لە باشوور زۆر رازی نییە و لە بواری ئەمنیدا پێویستی بە پێگە و توانای بەهێزترە، لە ماوەی رابردوودا بەڕەسمی ئەو هەوڵانەی ئاشكرا بوون كە خەریكی خۆ رێكخستنەوەیە لە باشووری كوردستان و بۆ ئەو مەبەستە توانایەكی باش و بەرچاوی تەرخان كردووە. (لینكی 13)

8. كورد هەر ئیتلاعات دەناسێ

كوردی باشوور كاتێك سەردانێكی رەسمیی تاران-هەرێم لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەبینێ یان دەبیسێ، كەمتر بیری لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی وەك دیپلۆماتێكی رەسمی كردووەتەوە و هەمیشە وەك جۆرێك لە بەرپرسانی هەواڵگری و ئیتلاعاتی پێناسەیان دەكا. رەنگە روانینی گشتیی باشوور بەو شێوەیە زۆر دوور لە هەقیش نەبێ، چونكە ئەوانەی سەردانی رەسمی و ناڕەسمیی هەرێمی كوردستان دەكەن نێزیك بە هەموویان هەر كەسایەتیی هەواڵگرین و بەشێكن لە ستافی سەرەكیی ئیتلاعات. ئەگەر لە باشووری كوردستان راپرسییەك بكەین، ئەوە دەردەكەوێ كە ئەوەندەی خەڵك قاسم سلێمانی /فەرماندەی سوپای قودس/ دەناسن، هێندە عەلی ئەكبەر ساڵحی وەزیری دەرەوە یان تەنانەت كەسێكی زۆر پایەنزمی دیپلۆماسیی ئێرانی ناناسن.

دەرئەنجام

بڕینەوەی دەستی ئیتلاعات لە باشووری كوردستان، زۆر ئاسان نییە. بەتایبەت كە ئەو بەشە لە كوردستان بەناوی دراوسێتی و هاوكولتووری، پێشینەیەكی دوور و درێژی لەگەڵ ریژیمی كۆماری ئیسلامیدا بەستووە و ئیرادەیەكی پتەو بۆ باشووری بێ ئیتلاعاتی نییە! حزبە بچووكەكان، كەسایەتییەكانی سیاسی و عەشیرەیی كە لەلایەن دەسەڵاتی كوردییەوە پەراوێز خراون ئێستە وەك ئامرازێكی باش بۆ ئیتلاعات كاریان لەسەر دەكرێ تا بتوانن هەندێك لە بۆشایییەكانی ئەمنیی ئێران لە باشوور پڕ بكەنەوە كە بەداخەوە تا ئێستە سەركەوتووش بوونە.

سەرچاوەكان:

1. http://www.tebyan.net/newindex.aspx?pid=214468

2. http://diarunadiar.com/NewsDetail.aspx?itemid=297

3. http://www.ziryan.ir/NewsDetail.aspx?itemid=177 

4. http://www.goftogu.com/article/2011/07/qader-aziz.html 

5. http://www.kurdpress.com/Fa/NSite/FullStory/News/?Id=28901#Title=%0A%09%09%09%09%09%09%09%09بودجه ی شورای امنیت اقلیم کردستان بیست برابر بودجه ی شورای امنیت ملی آمریکاست%0A%09%09%09%09%09%09%09

6.   http://www.icccoop.ir/STC/default.aspx

7. http://www.heloykurdistan.com/news/wtar/wtar439.htm

8. https://peshmergekan.com/kurdish/index.php/babetekan/hewalekan/1060-2012-06-24-13-53-52

9. http://rojhelattimes.org/read.php?id=4832

10. http://www.akamnews.com/Pages/News-553.aspx

11. http://www.khabaryaab.com/News/751885/%D8%A8%DB%8C%D8%B4_%D8%A7%D8%B2_%D8%AF%D9%88_%D9%85%DB%8C%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%B1%D8%AF_%D8%AF%D9%84%D8%A7%D8%B1_%DA%A9%D8%A7%D9%84%D8%A7_%D8%A8%D9%87_%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82_%D8%B5%D8%A7%D8%AF%D8%B1_%D8%B4%D8%AF.htm

12. http://www.khabaryaab.com/News/958351/%D9%85%D8%A7%D9%84%DA%A9%DB%8C_%D9%86%D8%A8%D8%A7%DB%8C%D8%AF_%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C%D8%AF!_%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%B2%D8%A7%D9%86%DB%8C_%D9%82%D8%AF%D9%85%D8%B4_%D8%B1%D9%88%DB%8C_%DA%86%D8%B4%D9%85_%D8%A7%D8%AE%D8%AA%D9%84%D8%A7%D9%81_%D8%A7%D9%81%DA%A9%D9%86%DB%8C_%D8%AA%D8%A7%D8%B2%D9%87_%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%B2%D8%A7%D9%86%DB%8C_%D8%AF%D8%B1_%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82.htm

13. http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=80f542a1

*ئەم راپۆرتە لە ژمارە نوێی گۆڤاری سڤیل 169 بڵاو بووەتەوە*


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی