"an independent online kurdish website

بۆ هەمووان روون و ئاشكرایە، بەشێك لە ئامانجەكانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی هەتاوی هاوبەری 1979ی زاینیی دژی رێژیمی پاشایەتی، گەیشتن بە ئازادی وسەروەری و دادپەوەری و مافی دیاری كردنی چارەنووس بۆ گەلانی ئێران بوو.ali_sorani

بەڵام بە هۆی كۆمەڵێك هۆكار ئەو شۆڕشە بەلاڕێدا برا و حكوومەتێك هاتە سەركار كە دەسكەوتەكانی ئەو شۆڕشەی بۆ پاوانكردنی دەسەڵات و خۆسەپاندن بەسەر خەڵكانی ئێراندا بە تاڵان برد و شۆڕشی خەڵك لە بورای ئازادی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری و مافی گەلانی بندەست نەك بە ئامانجەكەی نەگەیشت.

بەڵكوو دەتوانین بڵێین لە هەندێ بواریشدا لە سەردەمی رێژیمی پێشوو بارودۆخی وڵات و ئازادی رادەربڕین و بەشداری سیاسی لە ئاستی بەڕێوەبەری وڵاتدا خراپتر بوو. ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئەم بابەتەیە بارودۆخ و هەلومەرجی نەتەوەی كورد وبزووتنەوەی كوردە كە ئاكامی ئەو شۆڕشە شتێكی جگە لە ماڵوێرانی و كاولبوونی خاكی كوردستان و كوشتار و سەركوتی بێبەزەییانە خەڵكی بێتاوان و بێ دەرەتانی كورد بۆ ئەو نەتەوە چەوساوە بە دواوە نەبوو.

ئەمڕۆكە پاش 34ساڵ بەسەر ئەو شۆڕشە و لێكەوتە و دەركەوتەكانی دەبێ خەڵك كورد بەگشتی و بزووتنەو رەواكەی بەتایبەتی لەو ئەزموونە بە شێوەیەكی درووست و واقێعبینانە وانە وەربگرێت. بە تایبەتی كە نزیك بە 7دەیەیە خەریكی خەباتێكی رەوا و بەردەوەامە و لە هەموو شێوەكانی خەبات بە شێوەی پۆزێتیڤ و مرۆییانە كەڵكی وەرگرتووە.

هەرچەندە بەگشتی پاش هاتنە سەركاری رێژیمی ئاخووندی و ئێستاكەش بزووتنەوەی كوردی و بە تایبەتی حیزبی دێموكرات تاكتیكی رووخانی رێژیمی وەك دروشم هەڵگرتووە بەڵام لە راستیدا ئەمڕۆ ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە تەنیا بە رووخانی ئەو رێژیمە، نەتەوەی كورد بە هیوا و خواستەكانی ناگات، بەڵكوو بە دابینبوونی بەستێنێكی دێموكراتیك و مرۆڤتەوەر دەكرێت نەتەوەی كوردیش بە مافە مرۆییەكانی خۆی بگات .

ئەمە پێش لە رووخان پێویستی بە دەستەبەربوونی دێمۆكراسی و رێككەوتنە لەگەڵ هێزە سەراسەرییەكانی ئۆپۆزێسیۆن ئێران و بەم شێویە ئەو دروشمە واتە رووخانی كۆماری ئیسلامی بە تەنیا و بەبێ بەرچاوڕوونی لە داهاتووی پاش رووخانی ئەو سیستمە، نابێ ببێتە ستراتێژی بزووتنەوەی رەوای خەڵكی كوردستان.

تاكوو ئەو ئەزموونەی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی1357ی هەتاوی دووبارە نەبێتەوە و رووخانی سیستمێك نەبێتە هۆكاری رمان و رووخانی هیوا و داخوازییە رەواكانی نەتەوەیەكی بندەست و چەوساوە. ئەم پێویستیەش(بەرجەونی وڵات و سیستمی بەڕێوەبەری وڵات پاش رووخان) لە كاتێكدا زیاتر لە جاران و پێویستتر لە هەر سەردەمێك خۆی دەنوێنێ و زەق دەبێتەوە كە تاكوو ئێستاش ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی نموونەی هەرە زیندووشی كۆبونەوەی ئەم دواییانەی پڕاگ بوو كە بەشێك لە ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی و كوردستانی تێیدا بەشداربوون. كە هەموو قسەكان لە چوارچێوەی ئێرانێكی یەكە و یەك نەتەوە ویەك خاكدا خۆی نواند.

هەربۆیە بۆگەیشتن بەو خاڵەی كە پاش رووخان، دێموكراسی و دادپەروەری و دیاری كردنی مافی چارەنووس ببێت بە هەوێنی پێكەوەژیانی نەتەوەكانی ئێران، دەبێ ئەو راستیانە قەبووڵ بكەین كە ئێران پێكهاتوو لە چەند نەتەەوە و لە بنەڕەتدا یەك نەتەوەی یەكە بە ناوی نەتەوەی ئێران بوونی نییە و لە داهاتووشدا ئەگەر لایەنی ئۆپۆزێسیۆن بە تایبەت شووینیزمی فارس دەیانهەوێ ئێران لەیەك جیا نەبێتەوە و پارچە پارچە نەبێت دەبێ ئەو راستیە قەبووڵ بكەن كە ئێران پێكهاتوو لە چەندین نەتەوە و هەموو ئەو نەتەوانەش مافی بێ ئەملا وئەولای خۆیانە لەپێوەندی لەگەڵ چارەنووسیان بڕیار بدەن.
 
كۆیە، 22ی رێبەندانی 1391ی هەتاوی{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی