گرتەیەکی ڤیدۆیی پیشانی ئەدات کە باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە برلێن و سیاسەتمەداری ئاڵمانی خاتوو کلاودیا رۆت ، لە کۆنفرانسی ئەمنیەتی مۆنیخ دەستەکانیان بە نیشانی سڵاو لێکدا و ئەم سلاوکردنە نا ئاساییەش کەوتۆتە بەر رەخنەی تووند.
گرتەیەکی ڤیدۆیی لە رێکەوتی ٣ی فورییە بەرنابەر بە ١٥ی رێبەندان لەسەر تۆری کۆمەڵایتی یوتووب بڵاو بۆتەوە کە لەودا
عەلیرەزا شێخ عەتار بالوێزی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان و خاتوو کلاودیا رۆت سەرۆکی حیزبی سەوزەکانی ئاڵمان بۆ سلاو کردن لە یەکتر دەستەکانیان لێکدا ،جوولەیەک کە لە کولتووری ئێرانیەکاندا بە ” لەی دەوە ” بەناوبانگە.
ئەو گرتە ویدۆیە بەشێکە لە ویدۆی ھەواڵەکانی رۆیترز لەباری قسە و باسەکانی تایبەت بە پرسی ناوکی ئێران لە کۆنفرانسی ئەمنیەتی مونیخی ئاڵمان کە لە چرکەی شەشەمدا باڵوێزی ئێران بە بینینی کلاودیا رۆت دەستی بە ھێمای دۆستی دەباتەسەرەوە و لەبەرنابەردا کلاودیا بە مەبەستی وڵامدانەوە بەرە دەستی لە بەرە دەستی شێخ عەتار ئەدات .
ئەمجۆرە سڵاوکردنە لە نێوان دۆستان و ناسیاوان لە ئاڵمان ناسراو و باوە ، بەڵام لە گۆرەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەتوانێ وەھا کردارێک ھەرا بنێتەوە بە تایبەت کاتێک بۆ وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی کە لە ھەست و کەوتی سیاسی تایبەت بە ژنان یاسای تایبەت بە خۆی ھەیە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە باس لە وڵاتێک دەکرێ کە لە میدیاکانی جیھانیدا زیاتر لە ھەر شتێک بە پێشێل کاری مافی مرۆڤ و یان ھەرەشە لە ئاشتی ناوچە و دونیا تاوانبار کراوە .
کاردانەوەی میدیایی لە ئێران
دوای بڵاو کردنەوەی ئەم ویدۆیە ھێندێک لە راگەیندنەکانی ئێران وەک ” بازتاب ” لە سەر چاک و چۆنیە نائاساییەکەی ئاڵمان ئاوا دەنووسن .
” بازتاب ” لێدوانی باڵوێزی ئێرانی بەو جۆرە بڵاو کردەوە : من بە نیشانەی رێز دەستم بەرز کردەوە و خاتوو رۆتیش دەستی بەرز کردەوە بەڵام ھیج جۆرە لێکدانێک رووی نەدا .
سایتی ” پارسینەش ” بنکەی ھەواڵدێری ” جامعە روحانیت مبارز ” لە رێکەوتی ٢٠ی رێبەندان بە شێوەیەکی پاکانە کردن ، خاتوو کلاودیا رۆت بە داھێنەری ئەحواڵپرسی نا ئاسایی ناوزەد دەکا و نووسی کە عەلیرەزا باڵوێزی ئێران لە ئاڵمان لەگەڵ چاک و چۆنیەکی نائاسایی و لە ناکاوی خاتوو رۆت رووبەروو بۆتەوە .
ئەو سایتە لە کورتەی ھەواڵەکانی خۆیدا لەو بارەوە ئیشارەی بە یاساکانی تایبەت بە کونسولگەریەکانی کۆماری ئیسلامی کرد ” بە پێی نەریتی نەنووسراوی نێوان دیپڵۆماتکارانی ئێرانی ، ئەگەر ئەوان لەگەڵ ژنانی بیانی کە دەستی خۆیان بە مەبەستی سڵاو کردن ڕادەکێشن رووبەروو بوونەوە ، بە نەریتی ھیندی بەری دەستەکانیان بەیەکەوە بلەکێنن و روو بە بەرانبەر رێزی خۆیان بە سەر دانواندن بنوێنن “
کاردانەوەی میدیایی لە وڵاتی ئاڵمان
سایتی ئینترنێتی بڵاو کراوەی ئاڵمانی ” دی ڤۆلت ” رۆژی شەممە ٢١ی رێبەندان بابەتێکی لەو بارەوە لە نووسینی ھنریک مۆدەست برۆدەر نووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگ بڵاو کردەوە .
ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرە بەناوبانگەی ئاڵمان بابەتی رەخنەیی زۆری تا ئێستا لە سەر شێوازی سیاسەت کردنی دەوڵەتی ئاڵمان و مامەلە کردنی لەگەڵ تالیبانی ئەفغانستان و رژێمی کۆماری ئیسلامی نووسیوە .
برۆدەر لە بابەتە رەخنەیەکەی بە توندی لە کلاودیا رۆت و رەفتارە دۆستانەکەی لەگەڵ شێخ عەتار دا رەخنە دەگرێ و دەنووسێ : سەرۆکی حیزبی سەوزەکان ( کلاودیا رۆت ) لە میانەی کۆنفرانسی ئەمنیەتی مۆنیخ لە کاتێکدا پێوە بوو کە خۆشحاڵ و دەم بە بزە بەرەو عەلیرەزا شێخ عەتار باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە برلین دە رۆیشت و دەستی لە دەستی ئەودا . ئەم ویدۆیە جێگای گومان ناھێڵێتەوە . ئەمان یەکتر دەناسن ، لەیەکتری خۆشیان دێ و بەیەکەوە گاڵەتە و جەفەنگیشیان ھەیە .
ئەو دێرانەی دوایی کە برۆدەری نووسەر لە ” دی بۆڵت ” دا دەیان نووسێ ھۆکاری رەخنەکەی لەو دۆستایەتیە بە باشی روون دەکاتەوە .
« ئەوەی ناتوانرێ ( لەم ویدۆیەدا ) بەبیندرێ ئەوەیە کە بە دەستی باڵویزەوە خوێنێکی زۆر لکاوە . ئەو پیاوی باوەرپێکراوی سەرۆک کۆماری ئێرانە . ئەو لە ساڵەکانی ١٩٨٠ و ١٩٨٥یش واتە ھێشتا لە سەردەمی خومەینیدا ، پارێزگاری کوردستان و ئازربایجانی رۆژاوا بووە و بەو جۆرە بە ھۆی بەرپرسیارەیەتیەکەی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی سەدان کەسی لە ئوپۆزسیۆنی کوردی لە ئەستۆ بووە و ئەمە شتێکە کە نوێنەری پێشووی دەوڵەتی ئاڵمان لە کار و باری مرۆییدا دەبەی لەی ئاگادار بێ . »
برۆدەر مەبەستی لە کڵاودیا رۆتە کە وەک نوێنەری دەوڵەتی ئاڵمان لە کار و باری مافی مرۆڤدا سەردانی ئێرانی کردبوو . لەو سەردەمەشدا برۆدەر لە میدیاکانی ئاڵمانی رەخنەی لە کلاودیا گرت کە بە ئەمری بەرپرسانی ئێرانی بە یاسای تایبەت بە رەچاوکردنی لەچکە ” رعایت حجاب “ی رازی بووە .
لە لاپەرەی فەیسبۆکی کلاودیا رۆت سەرۆکی حیزبی سەوزەکانی ئاڵمان لە بارەی ئەو ویدۆیەوە ھاتووە کە ” ئەم دیمەنانەی ناو ویدۆکە بەشێکی بچووک لە راستیەکان پێشان ئەدات ” . لە درێژەدا دەخوێنینەوە کە کلاودیا رۆت شێخ عەتاری لە قەدیمەوە و لەو سەردەمەی کە کاری پارڵمانی کردووە ناسیوە .
بەرێوەبەری لاپەرەی فەیسبۆکی رۆت دەنووسێ : « بالوێزی کۆماری ئیسلامی عادەتەن لەگەڵ ژنان دەست لێ ناداتەوە و لەگەڵ کلاودیاش ھیچ کات دەستی لێ نەداوەتەوە . ئەو لەو بار و دۆخەدا تەنیا ھەوڵی داوە وڵامی رێزدارانەی داتاوە بێ ئەوەی ناچار بێ لەگەڵ کلاودیا دەست لێ داتەوە . کلاودیا کە بە تەواوی لەو کردەوە چاوەروان نەکراوەدا غافڵگیر دەبێ ، دەستی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کەم دەگرێ و دژکردەوەی رێزدارانەی ئەو بە ھۆی ئەو راستیەوە بوو کە لە میانەی کۆنفرانسەکەی مۆنیخ ویستی لە وەزیری دەرەوەی ئێران و باڵوەێزی ئەو وڵاتە لە گوفتوگۆیەکدا داوای روخستدان بۆ دەرھێنەری بەناوبانگی ئێرانی جەعفەر پەناھی بکات تا لە فیستیڤاڵی برلینالە لە ئاڵمان بەشدار بێ . »
لە خوارووی ئەم چەند دێرەی دوایی لە فەیسبۆکدا ، تا ئێستا ٤٨٠ بۆچوون و دژکردەوە نووسراون و زۆربەیان رەخنە لە کلاودیا دەگرن و تەنانەت زۆربەیان داوای دەست لە کار کێشانەوەی دەکەن .
لە لایەکیترەوە ھێنریک مۆدەست برۆدەر، یش لە لای خۆیەوە ئەم پاساوەی کڵاودیا بە بێ شەرمی ناودەبا و لە ھەست و کەوتی کلاودیادا ھێندێک نادانی و فورسەت تەلەبی دەبینێ و دەپرسێ کە ئایا سەرئەنجام کلاودیا رۆت لە قیافەی چاوەروان نەکراوەکەی باڵوێزی ئێران بۆ سلاوکردن بە تەواوی غافڵگیر بوو و بە شێوەی سروشتی دژ کردەوەی لە خۆ نیشاندا یا خود ھەلوێستی رێزدارانە پیشانیدا لەبەر ئەوەی ئامانجێکی ھەیە و دەیوسیت پەی بگات ؟
سەرچاوە
بەشی فارسی سایتی ” دویچە ولە ”
وەرگێرانی رەشید . ز{jcomments off}