"an independent online kurdish website

زۆر لە مێژە لە نێوان دەقە ئایینیەکان و مەلا و مەرجەعەکانی مەزهەبی شیعەدا و لە سەر چۆنیەتی خۆشەویستیی ئیمام عەلیaref_shexaxayi13

و ئاستی دادپەروەری ئیمامەکانی دیکەی ئەهلی بەیت و هاوکات سنووری دوژمنایەتیکردنی نەیارانی شیعە کێشە و ناکۆکی درووست بووە و زۆر جاران گەیشتۆتە ئاستێک کە جێگە و پێگەی خودا و ئیمامی عەلی بە فتوای ئاخوندێک ئاڵووگۆڕی پێکراوە و زۆربەی لایەنگران و شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە سەریان لێ شێواوە و لە سەر تایبەتمەندییەکانی ئیمام عەلی زۆرانبازیان کردووە.

لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی مەزهەبی ڕێژیمی ئاخوندی خۆیان بە نوێنەری بێ ئەملاو ئەولای خودا و هەڵگری پەیمام و کردار و ڕەفتاری ئیمامی عەلی دەزانن، زۆرجاران لە پەسەندکردنی کەسانی لایەنگری دەسەڵات و هاوکات تواندنەوەی نەیارانی سیاسی و ئایینی حکومەتدا، هەوڵ دەدەن لە نێوان خۆشەویستی و دوژمنایەتی ویلایەتی فەقێدا پێناسەی کەسێک بکەن و چارەنووسی دیاری بکەن.

لە مێژووی کۆماری ئیسلامی و لە سەرەتاکانی بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوند خومەینی و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی داوتری ڕێژیمدا، بەرزکردنەوە و سڕینەوەی کەس یان خود کەسانێک لە چوارچێوەی فەرمانە ئایینی_سیاسیەکانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا زۆر بەرچاوە و وەک ئاخوند سادق خاڵخاڵی لە کتێبی بیرەوەریەکانی بە زمانی گلەیی و گازەندە ئاماژەی پێ دەکات و دەڵێت بە قول فرانتس فانون انقلاب فرزندان صادق خود را می خورد مخصوصا من کە نامم صادق است”!!!

کاتێک ئاخوند ئەحمەد خومەینی ڕەخنەی ڕێبەرانی ڕێژیمی دەکرد کە لە ڕەوشتی باوکی واتە خومەینی دوور کەوتوونەتەوە، هەر زۆر زوو لە ناویان برد، ئاخوند مونتەزری کە شەخسی خۆی داڕیژەری حوکمی ویلایەتی فەقێ بوو بە هۆکاری ڕەخنەکردنی عەلی خامنەیی کەوتە بەر شەپۆلی دوژمنایەتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و تا کۆتایی ژیانی هیچ کات نەیتوانی بە ئازادیی و بەدەر لەو سنوورەی لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە سەریاندا سەپاندبوو لە سەکۆی سیاسی و ئایینی کۆماری ئیسلامیدا دەربکەوێت.

شووڕای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ویلایەتی فەقێ و دەیان ناوەندی دیکەی ڕێژیم هەر هەموویان دەخوازن سنوورەکانی پاراستنی نیزامی ویلایەتی فەقێ دیاری بکەن و لە بەرانبەر هەڕەشە و ئەگەری هەر چەشنە هێرشێکی لە ناکاو و هاوکات بۆ پاراستنی هێژمۆنی عەلی خامنەیی هەوڵ دەدەن و یەک مەبەستی دیاریکراویان هەیە.

تراژێدیای قەتڵە زنجیرەییەکان و داوتر کوشتنی سەعید ئیمامی گەورە کاربەدەستی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەر هەموویان بە فەرمانی عەلی خامنەیی و بە ئاگاداری ڕێبەری حکومەتی ئاخوندی بە ئەنجام گەیشتن و دەچنە ناو چوار چێوەی پاراستنی هێڵە سەرکییەکانی ئەم ڕێژیمەوە.

سیاسەتی لەناڵ و بزماردانی عەلی خامنەیی لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا مەبەستی تایبەتی خۆی دەپێکێت و داوبەداوی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ بە گشتی پێناسە کرا.

لەوکاتەدا سەرجەم دەنگەکانی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، شەخسی میر حوسێن مووسەوی وەک براوی هەڵبژاردن دیاری دەکەن، دەزگای ڕێبەری و شەخسی عەلی خامنەیی و سوپای پاسداران وێڕای لایەنگری کردن لە مەحموود ئەحمەدی نژاد، هەوڵ دەدەن ناوبراو بخەنە پۆستی سەرۆک کۆماری و بە  دەست ئانقەست و لە کاتی تایبەتدا جێ گۆڕکێ بە مۆرەکانی ڕێژیم دەکەن و هەر بۆیە کەسێک کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا لە چەند پۆستی دیاریکراودا ڕۆڵی گێڕابوو لە گەیشتن بە پۆستی سەرۆک کۆماری دوور دەخەنەوە و پاسدار ئەحمەدی نژاد دەخەنە جێگەی ناوبراو.

دوابەدوای تەوابوونی دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماری ڕێژیم و لە کاتێکدا شەڕ و هەڵڵا لە نێوان باڵەکان و ناوەندەکانی بڕیاردانی کۆماری ئیسلامیدا کەوتۆتە ئەوپەڕی خۆیەوە، عەلی خامنەیی ڕاستەوخۆ خۆی لە کێشەی نێوان برایانی لاریجانی و مەحموودی ئەحمەدی نژاد هەڵدەقورتێنێت و وەک ناوبژیوانێکی پیلانگێڕ، گلەیی لە سەرۆک کۆمار دەکات و ناوبراو ڕووبەڕووی یاسا و شەرعی ویلایەتی فەقێ دەکاتەوە، هەر بۆیە بە خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ مێژووی ڕێبەرایەتی کردنی عەلی خامنەیی و پێناسە کردنی هزر و هەڵوێستەکانی ناوبراو، دەردەکەوێت خۆشەویستی و دوژمنایەتیکردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەچێتە ناو بازنەی سیاسەتی لە ناڵ و بزماردان و لە هەوڵی ڕەخسانی دۆخی بە دەسەڵات گەیشتنی کوڕەکانی خۆیەتی و هاوکات دەخوازێت هاوسەنگی باڵەکانی ڕێژیم بپارێزێت.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی