"an independent online kurdish website

زۆر لە مێژوو ناسان و لێکۆڵەران، مێژووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فمینیستی دەگەڕێننەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٧ و کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەورەی فەرانسە، کە لەوێدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاوو کاریگەریان گێڕا.tuba_alisi

بەڵام بە گوێرەی مێژووی ستانداردی ڕۆژئاوایی و هەروەها مێژوویی فمینیستی یان یەکسانیخوازی، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم بزووتنەوەیە لە نیوەی دوهەمی سەدەی ١٨دا سەری هەڵداوەو گەشەی کردووە.

ئەم بزووتنەوەیە دابەش دەکرێ بە سەر ٣ قۆناخدا. قۆناخی یەکەم لە  ساڵەکانی١٨٥٠ تا ١٩٦٠ی زاینیی، کە ناسراوە بە مێژووی سەرهەڵدانی لیبراڵ، مارکسیست و سوسیال فمینیستەکان. قۆناخی دووهەم لە ساڵەکانی ١٩٦٠ تا ١٩٩٠ی زاینییی کە لەوێدا بیرۆکەی ڕادیکاڵ فمینیستەکان سەری هەڵدا. قۆناخی سێیەم لە ساڵەکانی ١٩٩٠ی زاینیی و هەتا ئێستاشی لە گەڵ دایە، قۆناخی سەرهەڵدانی پۆستمودارنیستی فمینیستی و هەروەها گەڕان و توێژینەوە کردن لە سەر دۆزینەوەی وڵام بۆ ڕەگەز و هۆکارە زانستییەکانی دروستبوونی نایەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا لە درێژایی مێژوو.

وەک دەزانین کە فمینیزم دەستەواژەیەکی ڕۆژئاواییە و لەوەش زیاتر ئازادی و مافی ژنان لە ڕۆژئاوا پێناسەیەکی هەڵەی بۆ کراوە لە کۆمەڵگا و ولاتانی دواکەوتوودا. لە بەر ئەوەش  بە داخەوە کوردستانی ئێمەش دەکەوێتە نێو ئەو بەشە لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکان لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا، هەربۆیە فمینیزم تا ئێستاش دەستەواژەیەکی نامۆیە و پێناسەیەکی ڕاست و دروستی بۆ نەکراوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەمە وای کردوە کە تاکی کۆمەڵگای کوردی و هەتا زۆر جار ژنانی یەکسانیخوازیش نایانەوێ خۆیان وەک فمینیست پێناسە بکەن.

لە پێشدا با بزانین فمینیزم واتای چییە؟

فمینیزم ئیدولۆژییەکە، کە ڕەخنە لە کردەوەو و سیاسەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگرێت و ئامانجی گۆڕینی لارسەنگی و نایەکسانییە لە دابەشکردنی دەستەڵات و ماف لە نێوان ڕەگەزەکاندا. ئەم ئیدولۆژییە بە پشتبەستن بە بەڵگەی مێژوویی جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ژنان لە هەموو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بە درێژایی مێژوو  بە شێوەی جیاواز لە لایەن کۆمەڵگای پیاوسالارییەوە توندووتیژیان دەرهەق کراوە. مەبەست لە پیاوسالاری ئەو شێوە ڕوانگەیەیە کە پێی وایە ژن لە باری سروشتییەوە بۆ ئەوە دروست کراون کە ژێر دەستەی پیاو بن و، پیاو ڕێگەی پێدراوە هەموو دەستەڵاتێک بە سەر ژندا بکات و بڕیاری بە سەردا بدات و ژنیش ئەبێت ملکەچی فەرمانەکانی پیاو بێت. جا ئەم روانگەیە بە هۆی پەروەردەی کۆمەڵگاوە ئەکرێت لە خودی ژنانیشدا بەرچاو بکەوێت.

بۆ ئەوەی بمانەوێ لە گەڵ مەکتەبەکانی فمینیستیدا ئاشنا بین، زۆر پیویستە چاوێک بە سەر ئەو قۆناخانەی مێژوویی فمینیستیدا بگێڕین بۆ ئەوەی بزانین ویست و ئامانجەکانی ئەوان چی بوون. هەروەک ئاماژەم پێدا قۆناخی یەکەم ، قۆناخی سەرهەڵدانی لیبراڵ، مارکسیست و سوسیال فمینیستەکانە. ویست و ئامانجەکانی ژنان لەم قۆناخەدا بە کورتی، مافی دەنگدان، مافی هاووڵاتی بوون، مافی خوێندنی باڵا، مافی بەشداری کردن لە سیاسەت و بەڕیوەبەری وڵاتدا، مافی یەکسان لە  وەرگرتنی میرات، مافی هەبوونی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان، مافی کار کردن و سەربەخۆیی ئابوری و هەروەها وەرگرتنی موچەی وەک یەک بۆ کاری وەک یەک. ئەمانە کۆمەڵێک لەو ویستانە بوون کە لە قۆناخی یەکەمی بزووتنەوەی فمینیستیدا ژنان هێنایانە گۆڕێ. هۆکارەکەشی ئەوە بوو وەک دەزانین کە ژنان لەو سەردەمانەدا بێبەش بوون لەو مافانە. هەروەها ئێستاشی لە گەڵ بێت لە کۆمەڵێک لە وڵاتانی دونیادا و لە کوردستانی ئێمەشدا ژنان هێشتا لە بەشێک لەو مافانە بێبەشن.

بەڵام وەک دەزانین ژنانی ڕۆژئاوا لە ئاکامی ئەو بزووتنەوەیەدا هەتا کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ توانیان بە نزیک بە هەمووی ئەو ئامانجانە بگەن.

سوسیال، مارکسیست فمینیستەکان پێیان وایە کە هۆکاری نایەکسانی و توندووتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دەگەڕیتەوە بۆ جیاوازی ڕەگەزی و جیاوازی تەبەقاتی، هەروەها هەبوونی سیستمی سەرمایەداری. واتە لەو بڕوایە دان کە دەستەڵات و بیری پیاوسالاری بە نسبەت رەگەزی مێینەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی توندووتیژیە دژی ژنان. لە کۆمەڵگایەکدا کە پیاو سەروەری پێ دراوەو، ئیزنی ئەوەی هەیە چۆنی پێ خۆش بێت ئاوا لە گەڵ ژندا مامەڵە بکات، ئاکامەکەی دەبێت بەو کۆمەڵگای نایەکسانییە کە ژنان تێیدا دەناڵێنن لە بێ مافیدا.

هەروەها هۆکارەکەی دیکەش دەگەرێننەوە بۆ جیاوازی تەبەقاتی و ئابووری و پێیان وایە کە جیاوازی ئابووری و هەروەها نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری هۆکارێکی گرینگە بۆ چەوسانەوەی ژنان. لێرەدا ئاماژە بەوە دەدەن کە هەروەک چۆن سەرمایەدارەکان و خاوەن کارخانە گەورەکان دەتوانن لە ڕێگای دەستەڵاتی سەرمایەداریانەوە کرێکارەکان بچەوسێننەوە و کرێکارەکان ناچارن لە بەر دەرهێنانی بژێوی بنەماڵەکانیان زۆر ناعەداڵەتی لە خاوەنکارەکان قەبووڵ بکەن. پیاوانیش هەر بەو شێوەیە کاتێک دەستەڵاتی ئابوریان لە ماڵدا هەبێت ژنان ناچار دەکەن ملکەچی بڕیارەکانیان بن.

چوون زۆر جار ژنان لە بەر ئەوەی کە لە لایەن پیاوانەوە بەخێو بکرێن ناچارن گوێرایەڵی هەموو فەرمانەکانی پیاوان بن. هەر بۆیە ئەمان پێیان وایە کە بە نەمانی کۆمەڵگای پیاو سالاری، کە ئەویش کاتێک بە دەست دێت کە ژنان سەربەخۆیی ئابووریان هەبێت و کرێکاران چیتر بە دەست سەرمایەدارەکان نەچەوسێنەوە، ئەو کاتە ئیتر ژنانیش ڕزگاریان دەبێت لە ژێر دەستی و توندووتیژی.

لیبراڵ فمینیستەکان: بە جیاواز لە گەڵ ئەو دوو مەکتەبەکەی دیکە کە ئاماژەم پێدا، جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە هۆکارەکانی درووست بوونی ئەو نایەکسانی و توندووتیژییە لە کۆمەڵگادا لە نیوان ژن و پیاودا دەگەڕێننەوە بۆ سیستمی پەروەردە و فێر کردن لە بنەماڵە و کۆمەڵدا. ئەوان پێیان وایە کە پەروەردەی هەڵە و جیاواز وای کردووە کە ئەم دوو ڕەگەزە پێناسەی جیاوازیان بۆ بکری و مافی جیاوازیان بۆ لە بەر چاو بگیرێ.

لەم سیستمی پەروەردەییەدا ژن و پیاو هەردووک بەرپرسیارن و پێویستە بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەم شێوازە پەروەردەییە بێت ڕێفۆرمی یاسایی بکرێت. واتە یاسای کۆمەڵگا دەبێت سەر لە نوێ لە سەر بناخەی بیری یەکسانیخوزی دابنرێ و مافەکانی ژن و پیاو وەک یەک چاویان لێ بکرێ. هەروەها یاسا بەر پرسیار بێت بۆ سەقامگیر کردنی ئەو یەکسانییە و زەمانەتی ئیجرایی هەبێت بۆ چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانی لە نیوان ژن و پیاودا. هەروەها لیبراڵەکان زۆر جەخت لە سەر ئازادی تاک و هەبوونی ماف یەکسان  و مەدای یەکسان دەکەنەوە.

قۆناخی دووهەم و سەرهەڵدانی ڕادیکاڵ فمینیستەکان: بە پێی خوێندنەوەیەک لە سەر رادیکاڵ فمینیستەکان، بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەم مەکتەبەی فمینیزم، کە یەکێک لە مەکتەبە گەورە و شوێندانەرەکانی فمینیستییە لە مێژووی بزووتنەوەی ژناندا، وەک ریاکشونێک بە مەکتەبە فمینیستیکانی قۆناخی یەکەم سەری هەڵدا. چوون ئەمان پێیان وابوو کە فمینیستەکانی وەک لیبراڵ، مارکسیست و سوسیالیستەکان تەنیا لایەنێکی کێشەکانی ژنانیان پێکاوە و یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی توندووتیژی دژی ژنان کە ئەویش دەستدرێژی جنسیە هەم لە بنەماڵەدا و هەمیش لە کۆمەڵگادا لە بیر کردوە.

دیسانیش بیرۆکەی کێشەی ژنان کێشەیەکی سیاسیە و ئەبێت لە ڕێگای بەرنامەڕێزی و پلانی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت، شتێک بوو کە ئەوان هێنایانە گۆڕێ. ئەوەمان لە بیر نەچێت کە لە نێو ژنانی ڕادیکاڵدا بەشێکی زۆری ژنانی خاوەن خوێندنی باڵا دەبینرێ، کە لەوانەیە لە نێو مەکتەبەکانی دیکەدا وا نەبێت.

ڕادیکاڵ فمینیستەکان: بڕوایان وایە کە هۆکاری نایەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کۆمەڵگای پیاوسالاری و هەبوونی جیاوازی ڕەگەزی لە نێوان ژن و پیاودا وای کردووە کە پیاو ئەو جیاوازیەی وەک لایەنی لاواز لە ژندا چاو لێ کردووە. هەروەها بوونی ئەو جیاوازییە ڕەگەزییە وای کردووە کە ڕەگەزی سروشتی ژن ئەرکی منداڵ بوونی پێ دراوە و ئەمەش بۆ  خۆی کاریگەری ئەبێت لە سەر گەشە کردن و مەودای وەک یەک لە گەڵ پیاوان. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەم جیاوازی ڕەگەزییە بە کار براوە و سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لە ژیر کارتێکەری ئەم جیاوازییەدا دروست کراوەو  هەربۆیە کۆمەڵگایەکی نایەکسان بۆ ژن درووست کراوە کە ژنان لە ژێر توندووتیژیدا دەناڵێنن.

 هەروەها لە نێو ئەم شاخە لە فمینیستەکاندا کۆمەڵێک هەن کە خوازیاری کۆمەڵگای جیاوازی ژنانە و پیاوانەن بۆ ئەوەی کۆتایی بەم نایەکسانییانە بێت. هەر خودی ئەم بیرۆکەیەیە کە هەموو شاخەکانی بزووتنەوەی فمینیستیان خستۆتە بەر شەپۆلی ڕخنە و زۆر جار فمینیزم هەر پێناسەی لە ڕوانگەی ئەو کۆمەڵە کەمەی ڕادیکاڵ فمینیستەکانەوە بۆ دەکرێ.

 ڕادیکاڵ فمینیستەکان پێیان وایە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ببێتە کۆمەڵگایەکی یەکسان و توندوتیژی دژی ژنان کۆتایی پێ بێت پێویستە بە پێچەوانەی ئەو ڕوانگانەی کە تا ئێستا کارتێکەریان هەبووە لە سەر بیری کۆمەڵگا، هەبوونی جیاوازی ڕەگەزی لە نێوان ژن و پیاو پێناسەی نوێی بۆ بکرێ. واتە ئەوەی کە ژن لە باری سروشتییەوە توانای بەرهەمهێنانی منداڵی هەیە و پیاو نییەتی ئەبێت وەک ئیمتیازێکی گەورە بۆ ژنان چاوی لێ بکرێ و ئەم کارەی ژنان وای لێ بێت کە ژنان لە بواری کارو هەبوونی دەستەڵات بە سەر منداڵدا ئیمتیازیان هەبێت. هەروەها ئەمان بڕوایان وایە کە ژن ئەبێت دەستەڵاتی تەواوی هەبێت بە سەر جەستەی خۆیدا و ئازاد بێت لە بڕیاردان بۆ لە بار بردنی منداڵ یان بە دونیا هێنانی.

قۆناخی سێیەم زۆر بە کورتی:

پۆستمودارنیستەکان، بڕوایان وایە کە کولتورێک کە بە درێژایی مێژوو جێی گرتوە کە مرۆڤەکانی بە سەر دوو بەشدا دابەش کردووە، هۆکاری درووست بوونی ئەو نایەکسانییە کە لە نێوان ژن و پیاودا هەیە. لەو دابەشبوونەدا هەمیشە ژن خراوەتە لایەنە نەرێنییەکەیەوە و پیاویش لایەنە ئەرێنییەکەیەوە. وەک: ئەوەی کە ژن  لەم ڕوانگەیەوە پیناسەی بۆ کراوەو پیاویش پێچەوانەکەی. ژن، سروشت، کە ناتوانێ ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێت، هەست، واتە زیاتر هەست بە کار دەبات تا ژیربیژی و زانست، پاسیڤ واتە لە کردارەکاندا کارایی نییە و زۆر شتی دیکە.

هەروەها وەک ئەماژەم پێدا، لەم قۆناغەدا فمینیستەکان بە دوای وڵامە زانستییەکاندا دەگەڕین و ئەیانەوێ پێناسەیەکی نوێ و زانستی بۆ ڕەگەز ببیننەوە.

ئەوەی کە من لەم بابەتەدا باسم کردوە پێناسەیەکی زۆر کورتە و من لە بەر درێژ نەبوونەوەی بابەتەکەم ناچارم خۆ لە زۆر وردەکاری ببوێرم و بابەتێکی قورسی ئاوا پێویستی  بە لێ ووردبوونەوەی زیاتر هەیە کە من هەڵی دەگرم بۆ بابەتێکی دیکەی دوورودرێژ. هەروەها وەک دەزانین ئەم مەکتەبانە زۆر شاخەی جیاوازیان لێ دروست بوەو لەوەش زیاتر چەندین شاخەی بچووکی دیکەی فمینیستی هەیە کە من خۆمیان لێ دەبوێرم.

 بە کورتی فمینیزم واتای بزووتنەوەییەکی یەکسانیخوازییە کە ئامانجی نەهێشتن و بنەبڕ کردنی توندووتیژی و نایەکسانییە لە نێوان ڕەگەزی  ژن و پیاودا هەیە. هەروەها بۆ جێگیر کردنی ئەو یەکسانییە پێویستیمان بە نەهێشتنی بیرو روانگەی پیاوسالاری هەیە، و بۆ ئەوەی کۆتایی بەو روانگەیە بێنین پێویستە ژنان سەربەخۆیی ئابورییان هەبێت و کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی دیموکرات بێت و خاوەنی یاسایەک بێت کە لە سەر بناخەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی دانرا بێت.

تووبا ئەلیاسی ٠٢.٠١.٢٠١٣ نۆرویژ{jcomments off}

سەرچاوەی کەڵک لێ وەرگیراو: فمینیزم چییە لە نوسینی ژنە نووسەرو فمینیستی نۆرویژی کاترینە هۆڵست

Hva er Feminisme? Cathrine Holst:2011

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی