"an independent online kurdish website

پینج سەدەی رەبەقە کە ژیانیکى هاوبەشى ئەجبارى ، ناخۆش و پڕ لە کارەسات له نێوان تورک و کورد پێک هاتوە لە ماوەى ئەم پینج سەدەیە دا تەنیا لە مۆداى شورشى دژى ئیمپراتورى عوسمانى بۆ یەکەم جار تورکەکانomer_sherifzade

لە ژێر کارێگەرى هەلومەرجى نوێ حازر بە وە بوون لە گەڵ کورد بە مەبەستى پێکەوە ژیانى ئاسایی وتووێژ بکەن ( ئەو دەمەى کە پیویستیان به کورد بوو). ئاکامى ئەم وتووێژەش بوە هوى ئەوە کە پارلمانى تورکیە لە ساڵى ١٩٢٢ گەڵاڵەى خودموختارى لە٢٢ مادە بۆ کورد پەسەند بکات لەو دەمەوە تا ئیستا هییچ چەشنە ئاخافتنێک به مەبەستى دابین کردنى ماف بۆ کورد ئەنجام نەدراوە هەر چەند لە ماوەى یەک سەد ساڵى ڕابردوو دا زۆر جاران وتووێژ به ئامانجى دیکه لە نێوان تورک و کورد بەریوە چوە. 

پرۆژەى تورک سازى لە ژێر دروشمى ” شانازى بەو کەسەى که تورکه ” له ماوەى یەک سەد ساڵى رابردوو دا بوە هوى ئەوە کە هەم لە بارى سیاسیەوە و هەمیش لە بارى یاساى بنەرەتیەوە حاشا له هویەتى نەتەى کورد بکریت.

بوومەلەرزەى سیاسى کاتیک تورکیەى هەژاند کە پارتى عەداڵەت و گەشەپێدان (A.K.P) لە ساڵى ٢٠٠٢ دەسەڵاتدارى سیاسى ئەم وەڵاتەى وەئەستو گرت ئەم پارتە لە تەرکتبى چوار عونسرى ئیسلامى سیاسى ، تورکیزم ، سکولاریزم رۆژئاوایی و دیموکراسى شەرقى پێک هاتوە کە لە بەرامبەرى رۆژئاوا دا لە تورکیزم بەرگێرى و له بەرامبەرى  رۆژهەڵات دا نئوعوسمانیزم نوینەرایەتى دەکات رەنگ بێت دوانزە ساڵ پێش کاتیک پارتى عەداڵەت و گەشەپێدان دروست بوور نەى دەزانى کە لە ماوەیەکى کورت دا رێکوردى دەسەڵاتدارى سیاسى تورکیە و سەرکەوتوترین پارتى سیاسى لە مێژووى ئەم وەڵاتە بۆ خۆى تومار دەکات چونکە هەر لە سەرەتاى دەسەڵاتدارى دا لە گەڵ تەوژمى گۆشارى میللى گەراى ئیکس تریمیست لە ناۆخۆ و دوو دڵى رۆژئاوایەکان روبەروو بوو بەڵام شێلگیرى تیمى ریبەرى ئەم پارتە توانى هەم بە سەر میللى گەرایی ئیکس تریمیستى زاڵ بێت و هەمیش متمانەى رۆژئاوایەکان بۆ لاى خۆیان ڕاکیشن رێفورم و گۆرانکارى لە روانین و سیاسەتى دۆڵەتى تورکیە لە ساڵى ٢٠٠٧ ى زاینى کاتیک کە پارتى (A.K.P) بۆ جارى دووهەم هەڵبژاردا دەستى پێ کرد.

 بەڵام شوینەوار و کاردانەوەى ئەم ریفورم و ئاڵ و گۆرانە لە سەر کۆمەڵگاى کورد دەگریتەوە بۆ ساڵى ٢٠٠٩ زاینى لەم ساڵە دا بوو کە دۆڵەتى کورد لە چوارچیوەى گەڵاڵەیەکى ساکار و پریمیتیو تولیرانسى خۆى بەرامبەر بە کۆمەلى کورد نیشان دا لەم قوناغه گەڵاڵەى تورک ئەوە بوو کە وێراى پەرە پێدان بە عەمەلیاتى نیزامى دژى گریلا قارەمانه کانى کورد بە مەبەستى بەچوک دانان یان حازر بوون هیندیک ئیمتیازیش وەک تلویزیونى کوردى ، ئازاد کردنى زمانى کوردى … بە ئامانجى ڕاکیشانى سەرنجى خەڵکى کورد بدەن بەشى یەکەمى گەڵاڵەى تورکەکان واتە بە چوک دانانى گریلاکانى کورد وەک چاوەروان دەکرا سەرکەوتو نەبوو و شکستى خوارد بەڵام لە بەشى دووهەمى گەڵاڵەکەیان تا رادەیەک سەرکەوتو بوون و توانیان سەرنجى خەڵکى کورد بۆ لاى خۆیان ڕاکیشن بە چەشنێک لە هەڵبژاردنى دەورى سیهەم کە لە ساڵى ٢٠١١ بەریوە چوو ژمارەى پارلمان تارانى کورد کە ئەندامى پارتى عەداڵەت و گەشەپێدانن دوو قات لە ژمارەى پارلمان تارانى کورد کە سەر بە پارتە کوردیەکانن زیاترە هەر بویە ئەگەر بوترى ئیستا پارتى (A.K.p) گەورەترین پارتى کوردى لە تورکیەیە ، رەستەیەکى هەڵە نەوتراوە.  

 ماوەیەکە قوناغى دووهەمى ئاخافتن ( ئاخافتنى ئاشکرا و نیوە رەسمى ) دەستى پێ کردوە کە لە دڵى بەشێک لە کوردەکان هیواى پێک هیناوە و برێک لە کوردەکانیش بە چاۆى پیلان و داۆ لێکدانەوەى لە سەر دەکەن و دڵەخورپەى خۆیان لەم پروسەیە ناشارنەوە. 

 لێرە دا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم باسه جیدیە و کورد دەبێ پروسەی وتووێژ بە جیدى بگرێت؟

1.     ئەگەر ئەم ئەسڵەمان قبووڵ بێت کە تورکیە به بێ ئیجازەى ئەمریکا ناتونى بڕیارى گرنگ بدات ، ئەو دەم دەبى ئەوەشمان قبووڵ بیت کە ئەمریکا بە زۆر هوگەل رەزامەندى ئەوەیە کە دۆڵەتى تورکیە بە جورێک کێشەى کورد چارەسەر بکات دیدارى سەرۆک کومارى ئەمریکا لە گەڵ بەڕیز ئەحمەد تورک سیاسەتوانى بە نابانگى ئیئستاى گەلەکەمان لە باکور چراى سۆزى چارەسەرى ئەم کیشەیە. ( قەرارە وەزیرى نوى دەرەوەى  ئەمریکا جان کریش لە گەڵ نوینەرانى کورد لە تورکیە کۆ بیتەوە ).

2.     یەکیەتى ئوروپا تەنیا ئەوە نیە کە چارەسەرى کیشەى کوردى لە تورکیە پێ خوشە ، بەڵکو ئەم چارەسەریەشى  وەک کلیلى کردنەوەى دەرگاى یەکیەتى ئوروپا بۆ تورکیە داناوە بەشێک لە دۆڵەتەکانى ئوروپایی لە بەر بییروراى گشتیى خۆیان ناوێرن وەڵاتێک وەک ئەندام وەر بگرن که شەرى چەکدارى تیدا بیت. تورکیە ئەندامەتى یەکیەتى ئوروپاى گەلێک بۆ گرنگه.

3.     ئینقلاب ( بەهارى) عەرەب ، هەلومەرجێکى نوى بۆ تورکیه خۆلقاندوە کە دەیهەوی لە نەیارانى لە مێژینەى خۆى ئیران وعەرەبستانى سعودى سیبقەت بگرێت واتە لە بەرامبەرى ئیسلامى بونیادگەراى عەرەبستان و ئیسلامى رۆژئاوا ستیزى ئیران ئیسلامیکى لیبراڵ عەرزە بکات.

4.     تورکیە لە دەس تێ وەردان لە سوریە و دوژمنایەتى لە گەڵ دۆلەتى ئەسەد ئەوندە چوەە پێش کە رێگاى گڕانەوەى بۆ خوى نەهیشوەتەوە بە واتەیەکى دیکە کیشەى کورد لە سوریە وەک بەشێک لە کیشەى دۆڵەتى تورکیەى لێ هاتوە.

5.     هەڵویستى دۆڵەتى تورکیە بەرامبەر به دەستەڵاتى کورد لە باشورى کوردستان بە شێوەى رادیکاڵ لە ساڵى ٢٠٠٩ گوڕانکارى به سەرهات و پێش بینى ئەوە دەکرێ کە لە گەڵ ڕاگەیاندى دۆڵەتى سەربەخۆى کوردى لەم بەشەى کوردستان موخالیفەت نەکات تورکیە ئیستا بە راشکاوى لە نێوان حکومەتى هەریمى کوردستان و دۆڵەتى ناوەندى لە بەغداد ، حکومەتى کورد هەڵدەبژێریت.

6.     کورد بە گشتى وەک فاکتوریکى گرنگ لە رۆژهەڵاتى ناوەراست مەترەحە بازیگەرانى سیاسى رۆژهەڵاتى نێوەراست کە تورکیەش یەکیک لەوانە بە ئامانجى دریژەى بازى سیاسى خۆیان پیویستیان بە فاکتورى کورد هەیە وى دەچى کە تورکەکان دورتر و بە شیوەى ئیستراتیژى تر چاۆ لە کورد و کیشەکانى بکەن. 

7.     رەنگ بێت یەکیک لە ئامانجەکانى دۆڵەتى تورک لە هینانه گۆڕى وتووێژ لە گەڵ کورد ئەوە بێت کە دەیانەوێت ئەگەر کرا پارتى کریکارانى کورستان چەک بکەن و ئەگەریش نەکرا لانى کەم هاوپەیمانى ئەم پارته لە گەڵ ئیران تێک بدەن .

8.     پارتى دەستەڵات دارى تورکیه (A.K.p) ماوەى  11ساڵە حکومەت دەکات و خەونى دەستەڵات دارى زیدەتریش دەبینێ بۆ ئەوە خەونەکانى رئالیستى بکات پیویستى بە پشتیوانى زیاترى کورد هەیە. 

9.     تورکیه لە ژێر ریبەرایەتى پارتى عەداڵەت و گەشەپێدان هیندیک هەنگاوى ئازایانەى هەڵ گرتوە کە شیاوى ئاماژە پێ کردنن لە گەڵ دوژمنانى لە مێژینەى خۆى یونان ، قیبریس ، ئەرمەنستان… ئاشتى کرد و هەر وا لە بوارى ناۆخۆیشەوە نیزامیە کەمالیستیەکانى تا رادەیەک سەرکوت کرد بێ گومان چارەسەرى کیشەى کورد ناتونى لەو ئیقدامانە بۆ دۆڵەتى تورکیە سەختر وبه هەزینەتر بێت.

10.  خەباتى چەکدارى کە لە ساڵاناى ڕابردوو لە لایەن گریلا قارەمانەکانى کوردوە بەریوە چوو گۆشارى بۆ تورکیە هیناوە وئەم هەلومەرجەى بۆ کورد تەکمیل کرد خەباتى چەکدارى خاڵى هەرە بە هێزى کورد و خاڵى لاوازى تورکە. 

بۆ چى کورد لەم پروسەیە دا لاوازه ؟ 

وتووێژ بە لەفزى سیاسى یانى دێپلوماسى کە بە داخەوە وەک حەڵقەى لاوازى کوردیش دەژمێدرێت کورد ئەوندە لە خەباتى سەخت دا سەرکەوتو بوە ، نێو ئەوندە لە بۆارى دێپلوماسى دا سەکەوتو نەبوە پاشنەى ئاشیلى کورد دێپلوماسیە مێژوو کورد لەم بارەوە هەڵگرى گەلێک حیکایەتى تاڵە. 

                 I.          پارتى کریکارانى کوردستان و بەڕیز ئوجەڵان لە ئیمرالى لەم ئاخافتنه دا گەلێک لاوازن. پارتى کریکارانى کوردستان هەم خاڵى پوزیتیڤ و هەم خاڵى نیگاتیڤى ئیستاى کورد لە باکورى کوردستانە پوزیتیڤه لە بەر ئەوەى تەوژم ( اهرم )ى گۆشار بۆ سەر تورکیەیە و زۆر جار توانیویە پاشەکشە بە بەرنامە دژى کوردیەکانى دۆڵەتى تورک بکات نیگاتیڤە لە بەر ئەوەى لە لیستى تیروریزمى نێودۆڵەتى دایە ماناى ئەوەیە ئەگەر لە لایەک وەک رێگا چارەى کورد دەژمێدرێت لە لایەکى دیکەوە بۆ خۆى بەشێک لە کیشەى کوردیش به ئەژمار دێت واتە نە بە بێ بەشدارى چالاکانەى پارتى کریکارانى کوردستان ئاخافتن سەر کەوتو دەبێت و نە لە کاناڵى ئەم پارتەشەوە مافى کورد دابین دەکرێت پشتیوانى ڕێکخراوە تورکەکان کە لە بەرەى ئوپوزیسیونى دۆڵەتى تورکیە دان بۆ چارە سەرى کیشەى کورد لە چوارچیوەى وەڵاتى تورکیە حاشاهەڵنەگرە کە بە داخەوە سکتاریستى پارتى کریکارانى کوردستان ئەم کاناڵەى بۆ کورد بنبەست کردوە. پاوانخوازى پارتى کریکارانى کوردستان لە سەر کۆمەڵگاى کوردەوارى واى کردوە کە تاقە ڕێکخراوەیەکى کوردى و یان کەسایەتیکى کورد کە لە چوارچیوەى ئەم پارتە دا نەبێ هەڵویستى پوزیتیڤ بەرامبەر بەم پارتەى نەبێت کە ئەمەش بۆ کورد کە وەک هەوا پیویستى بە یەکیەتى هەیە کارەساتە.

               II.           گۆمان لەوە دا نیه کە بەڕیز ئوجەڵان لە ڕیزى پیشەوەى خەباتگێڕانى راستەقینەى نەتەوەى کوردە ، بەڵام گۆمان لەوە دا هەیە کە ناوبراۆ دیپلوماتى شارەزا و پسپورى بوارى سیاسى کورد بێت چونکه نه هەر خەباتگیرێک سیاسیە و نە هەر سیاسیەکیش دیپلومات کورد هەر ئەوندە پیویستى بە خەباتگیرانى تیکوشەر هەیە هەر ئەوندەش پیویستى بە دیپلوماتى شارەزا هەیە بەڕیز ئوجەڵان بۆ ئازاد بوون خۆى گەلێک بە پەلەیە ( هەزار ئەڵبەتە مافى بێ ئەم لاو و ئەو لاى خۆیەتى و هەزار ئەڵبەتە زیندانى کردنى هەر لە سەرەتا دا نارەوا و نامرۆڤانە بوە ) بەڵام نادروست ئەوەیە کە کارتى جۆکێرى کورد بۆ ئەم مەبستە کەڵک وەربگیرێت. 

             III.           ناروون بوونى پلاتفۆرمى سیاسى خاڵى لاوازى دیکەى کورد لەم ئاخافتنە دایە روون نیە کە کورد بۆ چى و لە سەر چى وتووێژ دەکات بەڕیز ئوجەڵان دەڵى ” ئەگەر یاساى بنەرەتى تورکیە بگۆڕدێت و لەو دا وشەى شارۆمەندى تورکیە لە جێ وشەى شارۆمەندى تورک بنوسرى ” ئەوە مافى کورد بەرئاورد کراوە. بەڵام مافى کورد ئەوە نیە چونکه لە مێژ ساڵە کە کورد لە ئیران وەک هاووەڵاتى بە فەرمى ناسراوە هەر لەو کاتەش دا لە مێژ ساڵە مافى نەتەوەیشى پیشێل کراوە. 

ئاکام و ڕێگا چارە 

پیویستە و دەبى دەستەى نوینەرایەتى کورد پێک بێت. بەشدارى سیاسەت واناى بە ناوبانگى کورد وەک بەڕیزان لەیلا زانا ، کەمال بورکایی …. زەرووریە. دەستەى نوینەرایەتى کورد پیویستە بە یاسا ناسى شارەزا تەیار بکرێت.( وەک دەستەى نوینەرایەتى فەلەستینیەکان ) دەستەى نوینەرایەتى کورد پیویستە لە لایەن نوینەرى ڕێکخراوى نەتەوە یەک گرتوەکانەوە چاۆدێرى بکرێت. بەشدارى نوینەرى دۆڵەتى ئەمریکا و یەکیەتى ئوروپا  لە دەستەى نوینەرایەتى کورد نە تەنیا پیویستە ، بگرە قورسایی پروسەى ئاخافتن بە قازانجى کورد دەشکینیتەوە.

 پیویستە ریبەرى و بەرپرسایەتى دەستەى نوینەرایەتى کورد بە بەڕیز کاک ئەحمەد تورک بسپێدرێت لە هەلومەرجى ئیستا دا بەڕیز تورک سەرچڵ و سەرگوڵى هەموو سیاسەتوانانى گەلى کورد لە باکورى کوردستانە رۆڵى بەڕیز کاک ئەحمەد تورک وەک ریبەرى دەستەى نوینەرایەتى کورد شانسى کورد بۆ سەرکەوتن لەم وتووێژە دا گەلێک دەباتە سەر. بەڕێز کاک ئەحمەد تور جێ متمانەى خەلکى تورکە  هەر بویە تەنیا ناوبراو دەتوانى رۆڵى پردى نێوان خەڵکى کورد و خەڵکى تورک بگیرێت.

جێ و شوێنى ئاخافتن زیندانى ئیمرالى نیە یان دەبى وەک ماندیلا ریبەرى رەش پیسەکانى ئەفریقا وەکالەت بە دۆڵەتیکى ئوروپایی بدرێت بۆ پێ ڕاگەیشتن به دریژەى وتووێژەکان و یان دەبى وەک فەلەستینیەکان دەرەوەى تورکیە بۆ ئەم  ئاخافتنە دیارى بکرێت.

 

کیشەى کورد ، کیشەى نێوان پ.ک.ک و میت تورکیە نیە هەر بویە پیویستە هەر چى زووتر کوتایی به دریژەى وتووێژ لە بەینى مییت و پ.ک.ک بهینرێت و ئاخافتن لە نێوان کورد و تورکیە بە ئامانجى دابین کردنى مافى نەتەوەیی بۆ کورد بەریوە بچێت ئەگەر رەوتى وتووێژ لە بەینى مییت و پ.ک.ک درێژە بکیشێت مەترسى ئەوە هەیە کە ئاکامى ئەم رەوتە لە بەرامبەرى ئازادى بەڕیز ئوجەڵان کوتایی هینان بە خەباتى چەکدارى کورد تەواو بێت چونکه لە نەزەر مییتەوە ئولەویەت به کوتایی هینان به خەباتى چەکداریە و لە نەزەر پ.ک.ک شەوە ئولەویەت به ئازادى بەڕیز ئوجەڵانه ئەگەر ئاکامى پروسەى وتووێژ بەم جورە بۆ کورد کوتایی بێت بە ماناى خۆکوژى سیاسى بۆ کوردە و هیچى تر.

 کورد لە گەڵ پارتى (A.K.P) هیندیک خاڵى هاوبەشى هەیە کە دەتوانێت ودەکرێت وەک دۆستى تاکتیکى بە مەبەستى زاڵ بوون بە سەر دوژمنانى مێژویی و ئیستراتیژیکى خۆى (پارتى کۆمارى خەلک و پارتى حەرەکەتى میللى) کەڵک وەربگرێت کە ئەمەش لە عورفى سیاسەت دا هەم باوە و هەمیش روا. ( تەنزى تاڵى مێژوو ئەویە کە لە سەردەمى ئینقلابى دژى ئیمپراتورى عوسمانى کوردەکان وەک تاکتیک لە گەڵ میللى گەراکانى تورک دژى عوسمانیەکان هاریکاریان کرد ئیستا مەسەلە بە پیچەوانەیە )

بە گشتى کۆمەڵگاى کورد هەم لە تورکیە و هەم لە بەشەکانى دیکەى کوردستان پیشوازى و پشتیوانى لە پروسە و پروژەى وتووێژ دەکات هەرچەند دڵەخورپەى خۆشیان ناشارنەوە. ئوروپا و ئەمریکا به راشکاوانە رەزامەندى خۆیان لەم ئاخافتنه ڕاگەیاندوە. پارتى حەرەکەتى میللى بە ریبەرى باغچەلى ، کۆمارى ئیسلامى ئیران و حکوومەتى سوریە لاینى موخالیفى پروژەى ئاشتى نێوان تورک و کوردن. لایەنى کورد دەبى بە دڵگەرمێ و بەرپرسیایەتى زیاترەوە هەوڵ بدات لەم هەلە کەڵک وەربگرێ و پروسەى وتووێژ بەرو پێش ببات.

 هەڵەیە ئەگەر چاوەروانى ئەوە بکەین کە پروسەى وتووێژ کورت خاێن بێت بەڵکو لانى کەم دەبى پینج ساڵ خۆمان لە بارى پسکولوژیەوە بۆ ئەم پروسەیە ئامادە بکەین.

ع ـ شریف زادە ـ ئاڵمان ـ ١١ى رەشەمەى ـ ٢٧٧٣ کوردى

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی