"an independent online kurdish website

رۆژی هەشتی مارس بەرۆژی نێونەتەوەی ژن ناسراوە.siamend-shexaxayiy_01

ئەمرۆژە لە مێژسالە لەلایەن کۆمەڵانی ئازادیخوازانی جیهان و بەتایبەت رووناکبیرو شۆرشگێرانی کورد ڕێزی لێ دەگیرێ و بەگرینگی چاو لەو رۆژە مێژووییە دەکرێ. دەبێ ئەوەش وەبیر بێنمەوە هەر لە کۆنەوە لە سەردەمی ‘زردەشت’ پێغەمبەردا لە ئێرانی کۆندا بۆ هەر مناسبەتە رۆژێک دیاریکراوە وەک رۆژی کشاوەرز، دایک، مێهر، خەرمان هەڵگرتن، بەهارو…وە… لە نێو هەموو ئەو رۆژانەدا رۆژێکیش بۆ ژن دیاریکراوە. (چواری مارس)*

ئەوەی شایانی باسە ژنانی ئوروپایی  لەساڵی ١٩٢١وە سەربەخۆیی خۆیان وەدەست هێناوە. پێش ئەم ساڵە ژن بەشێوەیەکی فەرمی و  شارستانیانە لەگەڵ پیاو مافی یەکسانی نەبووە. خاتوو’ کلارا زتکین’ ژنی خەباتگێڕو بەناوبانگی ئاڵمانی ساڵی ١٩١٠ زایینی لە کۆنگرەیەکی ژنانی سوسیالیست لە’کۆپنهاکی’ پێتەختی دانمارک پێشنار دەکا رۆژێک بەناوی رۆژی خەبات بۆ ئازادی ژن دیاری بکرێ، پاش ئەو داوایە بەپەسندی ئێف ئێن(سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان) ساڵوەگەڕی هەشتی مارسی هەمووساڵێک بۆ ژیانی یەکسانی ژن و پیاو دیاری کراوە.

دیارە پێشینەی دامەزراوەو یەکێتیەکانی ژنانی ئورووپا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر پێش ساڵی ١٩١٠ بەڵکوو لەساڵی ١٧٩٨دا لە’فەڕانسە’ خاتوو’ ئۆلیمپ دۆکوژ’ پەیماننامەی مافی ژنی بردە نێو کۆمۆنی ‘پاریس’، لە پەیماننامەکەدا هاتبوو کە ئەگەر دەسەڵات بۆی هەیە ژن لە سێدارە بدا، دەبێ ئەو مافەفەش بە ژن بدا کە بتوانێ بگاتە کورسی پاڕڵمان. بەڵام سەرەنجام ئەم خاتوونە ملی وەبەر گیۆتێن کەوت و کوژرا.

هەروەها لە ساڵانی ١٨٥٠و ١٨٥٧ ژنانی فێمنیسم و یەکسانی خوازی جیهان لە هێندێک شوێنی دنیا دەنگی خۆیان بەدژی نابەرابەری جینسی و شوغڵی بەرز کردەوە. لە ساڵی ١٨٧١دا نزیکەی دەهەزار ژنی فەرانسی چالاکانە بۆ پارێزگاری لە کۆمۆنی پاریس لە بەرامبەر دوژمنەکانیاندا هاتنە مەیدان و یەکێتی یەکیان بۆ پارێزگاری لە پاریس و پەرەستاری کردن لە برینداران پێکهێناو تەنانەت بەشێک لەو تێکۆشەرانە لە شەڕی نێو شەقامەکاندا گیانی خۆیان لە پێناو ئازادی لە دەست دا.

لەساڵی ١٩٠٨دا ژنانی کرێکاری ئەمریکا لە شاری’نیۆیۆڕک’دا خۆپێشاندانێکیان بەدژی بەکەمگرتن و بێ حورمەتی بەژنان و مافی یەکسانی لەگەڵ پیاوان بەڕێوە برد، لە خۆپێشاندانەکەدا ژنان بەشێوەیەکی دڕەندانە کەوتنە بەر پەلاماری پۆلیس. ئیدی پاش ئەم رووداوە، جووڵانەوەی ژنان زۆر شێلگیرانە، بەرەو قۆناخێکی تازە هەنگاو دەنێ. هەروەک ئاماژەم پێکرد، بەدوای پێشنیارەکەی شۆڕەژنی ئاڵمانی کلارا زتکین کە رۆژی هەشتی مارس ببێ بەرۆژی ژنان. لە ١٩ مارسی ١٩١١دا لە چوار وڵاتی ئوروپای رۆژئاوا متینگێکی گەورە بۆ جەسپاندنی مافی یەکسانی ژنان بڕێوە دەچێ. دوابەدوای ئەم خۆپێشاندانەو چەندی دیکە، رۆژێ هەشتی مارس بەتەواویی دەچەسپێ و دەبێتە ڕۆژێکی نێونەتەوەیی و جیهانی.

ئیدی لەو رۆژەوە تا بە ئەمرۆ ژنان بەهەوڵ و تێکۆشانێکی بێوچان توانیویانە لە زۆربەی وڵاتانی دێمۆکراتی جیهان ڕێکخراوەی خۆیان بۆ پشتگیری لە مافی یەکسانی و ئینسانی دابمەزرێنن و  زۆربەی مافەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن و کەسایەتی خۆیان بەرز ڕاگرن. بەڵام  لەگەڵ هەمووی ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنەی بۆ ژنان وەدەست هاتووە. بەبڕوای من ئافرەتانی ئورووپایی بەتەواوی بەئامانج و ئازادییەکانی خۆیان نەگەیشتوون! چونکە لەم سەردەمەدا ژن لەلایەن مۆنۆپۆلەکانەوە وەک کالا چاو لێدەکرێ و مامەڵەو توجاڕەتی جینسییان پێوە دەکرێ. هەڵبەت لەمبارەوە نموونە گەلێک زۆرەو لەم نووسراوەیەدا جێی نابێتەوە… ناو هێنانیشی لەبەر نامڕۆڤانە بوونی کردەوەکان زۆر قیزو بێز هێنەرە…

هەروەک ئاماژەم پێکرد، لە ئورووپا ئازادی و ئاسایشی ژنان هەروا بەسووک و ئاسانی وەدەست نەهاتووە… بەڵکوو لەم بۆارەدا خەباتێکی شێلگیرو ماندوویی نەناسانە کراوە. بۆ وێنە، وەک پیرەکانی سوییدی دەگێڕنەوە:

ژنانی سوییدی هەتا پێش سەدەی نۆزدە لەوپەڕی ژێر چەپۆکەییدا ژیاون. ژنان هیچ چەشنە مافێک و دەسەڵاتێکیان نەبووە. بە هەزاران ژن بەتاوانی جۆراوجۆر، وەک منداڵ لەبەرخۆبردن، سگپڕی نائاسایی، پیاو لەسەر گرتن و… بێسەرو شوێن کراون. یان لەلایەن مێردەوە ناچار بەکاری دەرەوەی ماڵ، تەنانەت لەشفرۆشی کراون. هەروەها ژنانی منداڵەبەر مافی کار کردنیان نەبووە، ژن کەمترین دەستمزدی رۆژانەو مانگانەیان پێدراوە. ژنان بەداییم لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لەژێر چاوەدێریدا بوونەو لەکاتی چوونەدەردا متمانەیان پێ نەکراوە، هەربۆیە زنجیرو قفڵی تایبەتیان لەنێو گەڵ بەستراوە.

ئەگەر بۆ ڕابردوومان بگەڕێنەوەو لەم بەینەدا بەراوەردێک لە نێوان ژنی کوردو سوییدیەکاندا بکەین. بۆمان دەردەکەوێ پێش سەدەی نوزدە ڕەوشی ژنی کورد بۆ باشی لەگەڵ هی سوییدییەکان بەراوەرد ناکرێ. چونکە مەڵبەندی کوردستان شوێنی ئەوینی ڕاستەقینە بۆ کچان و کوڕانی کورد بووە. جێ ژوان و سەرکانی و بێری و… گەواهی ڕا بردوومانن. دەکرێ ڕاشکاوانە بڵێم ژنی کورد لە ڕابردوودا هیچکاتێک ڕەفتاری وەک ژنێکی سوییدی پێش سەدەی نوزدەی لەگەڵ نەکراوە.

لەم سەردەمەدا کە سەردەمی ئازادی ژنانە. ژنی کوردیش لەم بۆارەدا بەلێزانی بۆ دەستەبەر کردنی مافەڕەواکانی خۆیان دەستیان بەخەبات و تێکۆشانێکی سەخت و دژوار کردووە.

ژنی کورد باری خەباتەکەی دوو جار قورستر لە هی ژنانی ستەم لێکراوی جیهانە، یەکەم ستەم کە لە ژنی کورد دەکڕێ ژن بوونێتی و دووهەمینییش ستمی نەتەوایەتییە. سا هەربۆیە خەباتی ژنی کورد زۆر دژوارتر لە هی ژنی نەتەوەکانی دیکەی جیهانە. دەبێ سەربەرزانە ئەوەش بڵێم، لە سەردەمی ئێستاماندا بەهەزاران ژنی کورد بەپلەی خوێندەواری باڵا گەیشتوون.

لەگشت بۆارەکانی ژیاندا زۆر ئازایانە و شارەزایانە چالاکن و خەباتێکی چڕوپڕیان لە پێناو وەدەستهێنانی مافی خۆیان و سەربەستی گەل و نیشتمانیان دەست پێکردووە. بەتایبەت ئافرەتانی دەرەوەی کوردستان بەپشتیوانی مرۆڤە ئازادیخوازەکان، زۆر مکوڕانە بۆ دەستەبەر کردنی مافی یەکسانی خۆیان و نەتەوەکەیان، بۆ لە قاودانی ئاکاری ناپەسەندی دژی ژن، پیاوسالار، ئایینی ڕەش بین و کلتوری داخراوو… وە بۆ لابردنی توندوتیژی و ئەو بیرە کۆنەپەرستانەیە کە ژن وەک ئامرازێک بۆخۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی پیاو لە کونجی ماڵ و چێشتخانەدا قەتیس دەکا هەوڵدەدەن.

سیامەند شێخ ئاغایی

2013هەشتی مارسی

·         ئایین زەردەشت*{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی