"an independent online kurdish website

٢٦ساڵ لەمەو پێش، دوژمن قورگی سەردەشتی سەر سەوزی گرتوو و ویستی بیخنکێنێ، بۆ ئەوەی ورەی پۆلاینی و ئازایەتی مرۆڤێک لەبەین بەرێ ، تا کوڕ گەل هاتنە دەست دوژمن دەستی خۆی وەشاند،

شیوەسەڵی لەو کاتەوە تا ئیستا وەک شەهید زیندوو لە نێو کۆری خەبات دایە، بە فکر و بە بیرکردنەوە و بەڵام بەداخەوە دوژمن دەستی خۆی وەشاند ئەوەی بەجەستە لە ئێمە دور کردوەوە، شیوەسەلی بە کوڕ گەلی گوتبوو کە، کوڕینە ئاگادار بن دوژمن لە هەل دەگەرێ، هەر بۆیە دەبێ هەمیشە ئێوە چەک لە مست و لەسەر هەست بن، لەو رۆژە بەولاوە کە دوژمن دەستی خۆی وەشاند شیوەسەڵی، مرۆڤە ورە پۆلاینەکە لای پێشمەرگە نەماوە، بەڵام بەدڵ لەگەڵیانە و بە جەستە نا.

حەسەنی شیوەسەلی نموونەی مرۆڤیکی ئازاو چاو نەترس و بوێر، مرۆڤێک کە زۆر پێش لە سەردەمی خۆی دەژیا، ئەو لەکاتی شەڕدا لە ریزی پێشەوە و لە کاتی رێبەریدا لە ترۆپکی سەرەوە بوو، لەگەڵ منداڵ منداڵ بوو و لەگەڵ گەورە گەورە بوو، ئەو تا بلێ مرۆڤێکی خاکی و خەڵکی بوو، بەگشتی خەڵک و پێشمەرگە خۆشیان دەویست، هەر کاتێک شیوەسەڵی لایان با باکیان نەبوو، لەهیچ، چونکە دەیانزانی هەر شوێنێک شیوەسەڵی لێبێت دوژمن خۆی لێ نادات.

 hesen_shiweseli_1

ناوی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی له‌ ریزی تێکۆشه‌رانی رێی ئازادی و مه‌یدان دارانی خه‌باتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ناوێکی ته‌واو ئاشنا و ناسراوە. هه‌رکه‌س مانای فیداکاری بزانێ و ده‌گه‌ڵ ترس بێگانه‌ بێ، شیوەسەڵی ده‌ناسێ. هه‌رکه‌س خه‌ڵکی خۆش بوێ و له‌رێی ئامانجه‌کانی گه‌ل دا خۆی ماندوو بکا، شیوەسەڵی ده‌ناسێ. هه‌رکه‌س چه‌کی شانازی له‌شان کردبێ و هه‌وراز و لێژی کوردستانی بڕیبێ، شیوەسەڵی ده‌ناسێ. هه‌ر که‌س پێشمه‌رگه‌ بووبێ، پێشمه‌رگه‌ خۆشه‌ویست بێ،شیوەسەڵی ده‌ناسێ.

 من وەک خۆم لەتەمەنێک کەم دا بووم کە دوژمن هەوڵی تیرۆری مامۆستا شیوەسەلێ دا، بەڵام لە بیرمە کە پێشمەرگەکان هەموو نارەحەت و پەشۆکا بوون، من ئەو کات تەنها منداڵی ئەو شوێنە بووم کە بنکەکانی هێزی گیارەنگی لێ بوو، من بەردەوام وەک مرۆڤێکی بچکۆلە لە نیو پێشمەرگەکاندا دەسوورامەوە پێم سەیر بوو دەبێ چ قەومابێ، بۆچی هەموویان وا پەشۆکاون، من نەم دەزانی دوژمن دەستی لە نێو دڵیان نابوو و ویست بووی دڵیان دەربهێنێ، بەڵام سەرکەوتوو نەببوو، بەڵام ئەم دڵە بۆهەتا هەتایە توانای رابردووی لەدەست دا.

کە گەورە بوو و فامم کردەوە ئەو کات زانیم ئەو رۆژە پێشمەرگەکان بۆ ئاوا بوون، بابم بۆی گێرامەوە کە چ بووە؟ چۆن بووە؟ ئەوەندەی لە زاری شایەد و ئاگادارەکان دواتر بیستم ، بەو قەناعەتە گەیشتم کە دوژمن و نەیاران دەیانهەویست شیوەسەڵی لە مەیدان ببنە دەرەوە، بۆیە لە هەموو هەولێک سلیان نەکردۆتەوە، بۆم دەرکەوت کە بە نەبوونی شیوەسەلی کەلێنێک گەورە کەوتۆتە نێو لاشەی دێمۆکرات.

ئێمەی لاو دەبێ شیوەسەڵی بکەینە رەمزیك بۆ پێگەیشتن و بەردەوامی، دەبێ بیکەین بە نیشانەی و رەمزی بەرخۆدان و ئازایەتی، شیوەسەلی فێری کردین کە هیچ کات نابێ لە بەر دوژمن سەر سڵ دانوێنێ، هیچ کات وا مەکە کە دوژمن بزانێ کە بێ هێزی ، هەمیشە خۆت لە بە هێزی دا نیشان بدە.

لە ٢٦ ساڵەی هەوڵی تیرۆری مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی ، سەری رێز و نەوازش دادەنوێنم بۆ فیداکاری و لە خۆ بردوویی ئەو مرۆڤە بەرزە. بەراستی مامۆستا شەهیدی زیندووی گەلەکەمانە، کە نەوەکانی هاتوو دەبێ شیوەسەلی ببێتە سەر مەشقی ژیانیان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی