بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی نەیان دەویست ئیران بکەوێتە ژێر هێژمۆنی کۆمۆنیزمی روسی و لە ئاکام دا لاوازو پارچە پارچە بێ.
لە لایەکی ترەوە، روسیەش دەیویست دراوسێکەی لای خواروی بەهێز بێ و جوغرافیای سیاسی وەک خۆی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان، بە تایبەتی بەریتانیا، نەتواننئێران بخەنە ژێر رکێفی خۆیان و لەوێوە بنکەی پیلانگێڕی دژیی دەوڵەتی روسیای سۆسیالیستی دابمەزرێنن٠
لە گەڵ ئەوەی سمکۆ لای وابو دەبێ دژایەتی ئیران بکا، نەیتوانی لەگەڵ کوردەکانی ئیران پێوەندی و هاو خەباتی فراوان دابمەزرێنی و لە گەڵ بزوتنەوەی کورد لە عێراق و تورکیا هیچ کارێکی چەکداری هاو بەشی نە کرد٠
هەر وەها نەیتوانی لە گەڵ ئازادیخوازانی ئیران هیچ کارێکی هاوبەش یا هاوکاریەک بکا٠
شەڕو شۆڕش
هەلومەرجی گشتی ئیران
مێژوونوسێکی ئێرانی هەلومەرجی ئەو سەردەمە بەمجۆرە باس دەکا
(مشیرولدەوڵە کاتێ هاتە سەر کار کە دۆخی ئیران بە هۆی ڕوداوەکانی جەنگی جیهانیەوە(١٩١٤ )پەرێشان و هاڵۆز بوو٠ یاخییەکان و ڕێگرەکان لە دەوروبەری وڵات دا لە دەوڵەت هەڵگەڕابونەوە، هەندێ لە ئیلات و عەشایەر سەرەڕای ئەوەی باجیان نەدەدا، سەرپێچییان لە فەرمانی حکومەتی ناوەندی دەکرد،حەزیان دەکرد حکومەتی تاران لاوازبێ یا بڕوخێ٠
باری دارایی وڵات زۆر لەرزۆک ببوو و بە گشتی وەرگرتنی دەرامەتی دەوڵەت تێک چوبوو٠
خەزانە چۆڵ و حکومەتی ناوەندی ناتەوان ببوو٠ دانی مانگانەی فەرمانبەرانی حکومەت بە جۆرێ توشی دواکەوتن دەبو کە زۆر جار چەند مانگێ قەرزدار دەبوون، هەلومەرجی ئەوسای ئەرتەش بێ ئەندازە خراپ بو٠ هێزە نیزامییەکانی ئەو زەمانە پێک هات بولەمانەی خوارێ:
١. یەک لەشکری قازاق کە لەزەمانی پێش جەنگەوە لەژێر سەرپەرشتی ئەفسەرانی ڕوسیای قەیسەری دا بەڕێوە دەبران، ئەم ئەفسەرانە بە جۆرێکی ئاسایی لە خزمەتی دەوڵەتی ئێران دا بوون٠
لەو کاتەدا کە سەرۆکایەتی لەشکر لەئەستۆی ئاستاروسلسکی بوو(٨ هەزار کەس بوو)
٢. هێزی ژاندارم کە لە زەمانی میستەر شوستەری ئەمریکایی، ڕاوێژپێکراوی دارایی ئیران و سەرۆکی خەزانەداری گشتی، بە نیازی کۆ کردنەوەی داهاتی دەوڵەت، دامەزڕێنرا بوون٠
ئەم هێزە لەساڵی ١٣٢٩ ی قەمەری دا سازمان درابوون٠
دوایی بوبەناوێکی سەرەکی بەڕێوە بەرایەتی ژاندارمری کە بەهۆی کۆلۆنیل یال مارسون و چەند ئەفسەری سویدی تر بەڕێکخستنێکی نوێ دامەزرابو(هەمویان ٨ هەزارو ٤٠٠ کەس بوون)
لەلای سەروی ئیران دا(کەنارەکانی دەریای خەزەر بەتایبەتی ڕەشت)هێزی موتەجاسرین خەریکی شەڕبوون لەگەڵ ئۆردوی قازاق، لە ئازەربایجان ئیسماعیل ئاغای سمکۆ ڕاپەڕی بوو خەریکی پێکدادان بوو لە گەڵ بەشێکی ئۆردوی ژاندارم٠
هەروەها کوردە کانی کوردستانیش بە شێکی تری ئۆردوی ژاندارمیان بە خۆیانەوە خەریک کردبوو و لە شەڕهەڵاتن دا بوون٠
لە سەران سەری ئیران دا تێکهەڵچون و پێکادان ڕوی دەدا…))
سمکۆ لە سەرەتای دەست پێ کردنی بزوتنەوەکەیەوە ئاگاداری لاوازی ئێران و خراپی هەلومەرجی گشتی حکومەتی ئیران بو٠و
لە بەرئەوە لای وابوو ئەوە هەلێکە دەبێ کورد بە سودی خۆی بیقۆزێتەوە٠
کوردی شوێنەکانی تریش پشتیوانی لەمان بکەن بە ئامانجی نەتەوەیی خۆیان بگەن))
لە ساڵی ١٩١٩ دوو ڕوداو بون بە هۆی تەقاندنەوەی ناکۆکی دێرینەی کاربەدەستانی ئیران و کورد بە تایبەتی شکاک لەناوچەی ورمێ٠ پیلانی شەهید کردنی سمکۆو ناردنی حاکمێکی نوێ بۆ ڕەواندنەوەی کورد لە ورمێ٠
پێلانی کوشتنی سمکۆ
جێنشینی والی ئازەربایجان لە تەورێز کابرایەک بو بەناوی موکەڕەمولملک پیلانێکی بۆ کوشتنی سمکۆ دانا٠ بۆمبێکی لە ناو قوتویەکی شیرینی دا بۆنارد بۆئەوەی لە کاتی هەڵپچڕین دا پێی دا بتەقێتەوە٠
کسروی ڕوداوەکە بەم جۆرە ئەگێڕێتەوە..
((موکەڕەمولملکنائب الایالە لەبەر ئەوەی سوپایەکی لەبەردەست دا نەبوو بینێرێتە سەرکوردەکان، بەناچاری بیری لە چارەیەکی تر ئەکردەوە ئەوەبو کە بۆمبێک بۆ ئیسماعیل ئاغا بنێرێ و لەناوی ببات٠
ساڵی ١٢٧٨ لە کاتی جەنگەکانی تەورێز حەیدەرعەمواوغلی و کەسانێکی ترلە ئازادیخوازانی ئەم شارە بۆکوشتنی شجاعولدەولە بیریان لەم چارەیەکردبۆوە٠
قوتویەکیان بەناوی(ئەمانەت) لە رێگای پۆستەوە بۆناردو کوشتیان٠
موکەڕەمولملکیش دەیویست هەمان شت لەگەڵ سمکۆ تاقی بکاتەوە، بۆئەم کارەش هاوبیری و هاوکاری بەنهێنی دەگەڵ ئەرمەنیەکان پێکهێنا، بۆمبەکەش ئەوان دروستیان کردو موکەڕەم ناردی بۆ شاری خۆی، لەبەرئەوەی خەسووی ئیسماعیل ئاغا لە گوندێکی خۆی نیشتەجێ بوو، بەوناوەی کە ئەوە قوتوی شیرینیە ئەوژنە بۆ زاواو نەوەکەی خۆی ناردووە. ناردی بۆ جەهریق بۆ ئیسماعل ئاغا٠ بەڵام سمکۆ لە شوجاع نزام هوشیارتر بوو خۆی دەربازکرد٠
لە زمانی سمکۆوە وا دەگێڕنەوە کە قوتوەکەیان هێنا کوڕەکەم پێی وابوو ئەوە شیرینییە و پێداگری دەکرد و دڵی پێخۆش کردبوو کە دیاری نەنکییەتی.
من داستانی شوجاع نزامم بیرکەوتەوە بەد گومان بوم و هوشیار بومەوە٠ لە بەر ئەوەی لە سەر چیمەن دانیشت بوم وتم لەوێ بیکەنەوە٠
هەرکە نەخشەکەیان دڕی و ڕۆشنیەکی کەمی لێ دەرکەوت من فرسەتم نەداو بە پێ تێم هەڵ داو هاوێشتم بۆدەرەوەو باوەشم بە کوڕەکەم دا کردو خۆم لەسەر سەوزیەکە درێژکرد٠
بۆمبەکە چەند هەنگاوێ دور لە ئیمە تەقیوە٠
بەم جۆرە سمکۆ لەمەرگ ڕزگاربو٠
بەڵام بۆمبەکە لەجێیەک تەقیەوە عەلی ئاغای برای وچەند کوردێکی تری کوشت و ئەمەش بەهانەیەکی تری دایە دەستی سمکۆ٠