"an independent online kurdish website

گفتوگۆیەکی سەرنەکەوتوو

سەردار ئینتسار تازە ببوو بە جێگری والی، کەوتە حەول بۆ سازدانی هێز بۆ سەرکوت کردنی سمکۆ. سەرەتا ماژور میرحسێنخانی لەگەڵ هێزی ژاندارم ڕەوانەکرد، بەدوی ئەوان دا دەستەی قازاخ، داوای سوارەی لەهەمو لایەک دەکردو پەیتا پەیتا دەی ناردن. لە تارانەوە فیلیپوف سەرکردەی قازاخیان بۆ فەرماندەیی لەشکر نارد.abdurehman_mirzayi

فیلیپوف دوای دیتنی سەردار ئینتسار چوو بۆ شەرەفخان و دەست بە کار بوو، چەند شەڕو تێکهەڵچون لە نێوان کوردو هێزی ئیران دا ڕوی دا، گرینگ ترینی ئەو شەڕانە لە نزیک دیلمقان قەوما. ٤ کەس لە سەرکردەکانی قازاخ و چەند کەس لە سەرکردەکانی ژاندارم کوژران. دیلمقان ناوەندی سەلماس کەوتە دەست هێزی ئیران.

سمکۆ تێلگرافێکی بۆ عەینولدەولەی والی ئازەربایجان نارد. عەینولدەولە  ئەگەرچی والی ئازەربایجان بو بەڵام لە زەنجان نیشتەجێ بوو. عەینولدەولە فەرمانی ڕاگرتنی شەڕی دا، شەڕ راوەستا و گفتوگۆ لە نێوان سمکۆ و سەردار ئینتسار و فیلیپوف دەستی پێ کرد.

ئیرانییەکان ئەم مەرجانەیان بۆ لێ خۆش بون لە سمکۆ دانابو:

١ـ قەرەبو کردنەوەی زیانەکانی لەکستان و خوێنبایی کوژراوەکانیان.

٢ـ پاشماوەی سوپاییانی عوسمانی لای خۆی دەربکا.

٣ـ دەس وەرنەدان لە کار و باری سەلماس و ورمێ.

٤ـ خەرجی لەشکری دەوڵەت ببژێرێ.

٥ ـ هەرچی تفاقێکی جەنگی لایە تەسلیمی دەوڵەتی بکا.

٦ـ ئەحمەد ئاغای برای بنێرێ بۆ تەورێز بۆ ئەوەی لە قازاقخانە لە ناو سەرکردەکانی دا بێ.

هەرکەس نەختێ ڕێزی خۆی بگرێ مەرجگەلی لەو بابەتە قوبوڵ ناکا، نەک کەسێکی بەناوبانگ و ئازا و خاوەن ئامانجی سیاسی گەورەی وەکو سمکۆ. گفتوگۆ سەری نەگرت، زۆری نەخایاند تێکهەڵچون و شەڕ دەستی پێ کردەوە. سمکۆ بە کردەوە خەریک بو دەسەڵاتی لە ناوچە لادێ نشینەکانی ورمێ، سەڵماس، خۆی، میاندواو و  شنۆ جێگیر دەبوو.

 

درێژە کێشانی شەڕ

حکومەتی ئێران لە بەردەمی گۆڕانی ناوەکی گرنگ دا بو، ناوەندی دەسەڵاتی زۆر و ناکۆک دروست ببوون، پەشێوی و ئاڵۆزی لە هەموو ئێران دا هەبوو، دەسەڵاتی ناوەندی کزبوو، دەسەڵاتی زنجیرەی قاجار خەریک بو کۆتایی دەهات، رەزا خان لە قازاقێکی بچوکەوە ببوو بە ئەفسەرێکی گەورە، دوایی بوو بەسەرداری سوپا، بە بیانوی ڕزگار کردنی نیشتمان لە هاڵۆزی و لاوازی خۆی ئامادە دەکرد دەسەڵات بگرێتە دەست و خۆی ببێ بە شای ئێران. لە تاران کابینە زۆر نە دەمایەوە لە ئازەربایجانیش والیەکان زوو زوو دەگۆڕان، کارەکانی سمکۆ لە هەمو ئێران دا دەنگی دابۆوە و کاری دەکردە سەر دامەزران و مان و ڕوخانی کابینە.

لە بەر ئەوە هەر کابینەیەک دەهاتە سەر کار و هەرکەس دەبوو بە وەزیری جەنگ دەبوو دواهێنان بە بزوتنەوەی سمکۆ لە بەرنامەی کارەکانی دا بێ، سمکۆش لەهەوڵدانێکی بەردەوام دا بوو بۆ فراوان کردنی ناوچەکانی شۆڕش و ئازاد کردنی مەڵبەندە کوردنشینە کان لە ژێر دەسەڵاتی عەجەم. هێزەکانی شۆڕش ورمێ، سابڵاخ، شنۆ، خۆی کەوتبووە ژێردەست. کاتێ مخبرولسەلتەنە بو بە والی ئازەربایجان یەکەمین لەشکرکێشی گەورە بۆ سەر سمکۆ دەستی پێ کرد.

 

سەر چاوەکانی ئەم بابەتانە بریتین لە:

١ ـ بەڵگە نامەکانی بریتانیا.

٢ـ بیرەوەرییەکانی میستەر پاکارد سەرۆکی میسیۆنی ئەمریکا لە ورمێ.

٣ـ کتێبی کوردو عەجەم لە نوسینی بەڕێز نەوشیروان موستەفا.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی