"an independent online kurdish website

لە ٢٤ی ژووئیەی ١٩٢٣ی زایینی بەگوێرەی پەیمانی لۆزان لە لایەن سەرکەوتووانی شەڕەوە، بەتایبەتی فەرانسە و بریتانیا بە بێ بەشداری نوێنەرانی کورد، کوردستانیان بە سەر چوار وڵاتی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش کرد.teimou_eliasi10

لەو کاتەوە کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی کوردستانی سووریە تووشی سیاسەتێکی توندی زەبروزەنگ و سەرکوت و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی هاتووە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٦٢ی زایینی لە سەرژمارییەکدا ٣٠٠هەزار کەس لە لایەن رێژیمی بەعسەوە ناسنامەی ئەو وڵاتەیان لێ ئەستێندرایەوە. لە سەردەمی حافز ئەسەدی باوکی بەشار لە ناوچە کوردنشینەکان “پشتوێنێکی ئەمنی” دروست کرا کە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستان، عەرەبەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا نیشتەجێ دەکران.

ئەمڕۆ نەوەد ساڵ پاش پەیمانی لۆزان، کوردی سووریە خۆی ئامادە دەکا تا بە تەواوی تواناوە بەشداری لە کونفرانسی ژنێڤ ٢دا بکا کە، بۆ ٢٢ی ژانڤییەی ٢٠١٤ی زایینی پێشبینی کراوە. لەراستی ئەنجومەنی باڵای کورد کە لە ٢٠١٢دا پێکهاتووە و، ١٧ پارت و رێکخراوی سیاسی لە خۆ دەگرێ، لە مانگی دسامبری ٢٠١٣ی زایینیدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە، لە رووخانی سەدام حوسەینەوە ناوچەیەکی تارادەیەک سەربەخۆیە کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی دەستەیەکی نوێنەرایەتی بۆ بەشداری لە ژنێڤ ٢ بەڕێ بکەن.

لە مەیداندا، ی.پ.گ. باڵی چەکداری پارتی دێموکراتیکی یەکیەتی کورد ( پ.ی.د) کە رێکخراوێکی لائیکە و نیوەی هێزەکانی لە ژن پێکهاتوون، توانیویە ناوچە کوردنشینەکان بەتەواوی کونترۆڵ بکا. کورد نزیکەی ١٢% دانێشتوانی سووریە پێک دێنن کە بە دریژایی سنووری تورکیە هەتا قامیشلوو لە سنووری کوردستانی عێراق نیشتەجێن. جگە لەمەش هێزەکانی پ.ی.د هەموو هیێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانیان لەو ناوچانەی کە زۆرینە و تەنانەت کەمینەی کوردیان تێدایە دەر کردووە. لە لایەکی دیکەوە کوردەکان ٨٥% لە چاڵە نەوتییەکانی سووریە کە دەکەونە کوردستانەوە، کونترۆڵ دەکەن.

شایانی باسە کە کوردەکان لە سەرەتای دەست پێ کردنی ناڕەزایەتییەکانی سووریە لە ساڵی 2011، سیساسەتێکی ” نە بۆ دژایەتی کردنی لایەنی رێژیمی عەلەوی و نە بۆ دژایەتی کردنی لایەنی ئیسلامییە سونییەکان” گرتە پێش. ئەم سیاسەتی بێ لایەنییە دەرفەتی ئەوەی بۆ پێکهێناون کە ڕۆڵێکی ” کینگ مەیکر” واتە بڕیاردەر و نێوبژیوان بگێڕن وەکوو کوردەکانی عێراق کە، پاش رووخانی سەدام حوسەین لە ٢٠٠٣ کە، رۆڵی نێوبژیوانیان هەبوو لە نێوان شیعە و سونییەکان. لە ڕێکەوتی 12 نۆڤامبری 2013، کوردەکانی سوریە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی خۆیان ڕاگەیاند و ئامانجیان دامەزراندنی حکومەتێکی فیدراڵ و دیموکراتیکە لە سووریە کە رێز لە مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان و ژنان بگرێ.

لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە هەوڵی رازی کردنی لایەنە پێوەندیدارەکانە بۆ بەشداری لە کونفرانسی ژنێڤ ٢، دەوڵەتی تورکیە بەردەوام دژایەتی بەشداری کورد لەم کونفراقنسە دەکا. جگە لەمەش دەوڵەتی رەجەب تەیب ئوردۆگان کێشانی دیوارێکی لە نێوان نوسەیبین و قامیشلوو کە ناوەندی دەسەڵاتداری کوردی لە سووریەدایە دەست پێکردووە. بەگوێرەی رێپۆرتاژێکی بی بی سی دەوڵەتی ئەردۆگان پشتیوانی لە گرووپی توندڕەوی ” ئەلنوسرە ” دەکا. بەرەی نوسرە لقێکی رێکخراوی ئەلقاعیدەیە کە لە فێڤرییەی ساڵی ٢٠١٣وە دژی کوردەکانی سووریە لە شەڕدایە. ئەوان چەند کۆمەڵکوژییەکیان دژی کورد لە شاری سنووری رەئسولعەیندا ئەنجام داوە.

لە کۆتاییدا کوردەکان لە خۆدەپرسن. داخۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە ژێر فشاری تورکیەدا ئەمجارەش وەکوو جاری پێشوو کە لە پەیمانی لۆزاندا لە ١٩٢٣دا کردیان، کورد پشتگوێ دەخەن؟

وەرگێران لە فەرانسەوی: رەحیم موحەمەدی

TBGVA_1

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی