"an independent online kurdish website

لە هەر كۆمەلگایەدا كە مرۆڤ لە فێربوون و بارهێنان بە زمانی زگماكی خۆی بێبەش بێ , نیشانەی زوڵم و سەرەرۆی سیاسی وكۆمەڵایەتی ونادادپەروەریە لەو وڵاتە, چوونكە زمانێك بە سەر زمانەكانی دیكە زاڵ دەبێ , كە ئەمەش مانای ئەوەیە كە لەو كۆمەڵگایەدا چەوساندنەوەی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی فەرهەنگوو كلتوور و ناسنامەی ئەو میللەتە, پیلانی لە پێش داڕێژڕاوە.shorsh_golkar

هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ لە نێو بردنی نەتەوەكانی دیكەی غەیرە فارس كەڵك لە قەدەخەكردن و غەیرەیاسایی كردنی زمانی ئەو نەتەوانە دەگرن و بەو چەشنە دەیانهەوێ فەرهەنگ ومێژوو ناسنامەی وان لە نێو بەرن و بیانكەنە كۆیلەو مرۆڤ گەلی پلە دوو  و لە ئاكامدا نێویان لە سەر لاپەڕەی مێژوو بسڕنەوە , چوونكە ئەوان ئەوە بە چاكی دەزانن كە نەتەوەیەك كاتێك هەرەس دێنێتوو نێوی لە مێژوو ئەسڕێتەوە كە زمانی زگماكی خۆی لە بیركردبێ.

ئەوان بۆ گەیشتن بەم مەبەستە گوێ بە هیچ یاساورێسایەكی نێونەتەوەی نادەن و تەنانەت ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤایەتیش لە بەر چاو ناگرن و گوێ خۆیشیان لێ ئاخنیوە و بەردەوامن لە سەر ئەم كارە دزێوەیان و هەركاتیش نەتەوەی ژێرچەپۆكەو زوڵم لێكراوی كورد داكۆكی بكات لە سەرەتایترین مافی خۆی كە خوێندنە بە زمانی زگماكی, بەچەواشەكاریەوە پێ دەڵێن كە سەردەمی ئەم قسانە تێپەڕیوە, هەنووكە سەردەمی “جیهانی بوونە”و زمانیش تەنیا كەرەسەی ئاخاوتن و لەیەك تێگەیشتنە ئیدی هیچ جیاوازیكیشی نیە ئەنگۆ بە چ زمانێك قسان بكەی وبنووسی! بەڵام ئەمە بۆچوونێكی فێڵبازانەیە چوونكە زمان تەنیا رۆڵ وئەركی ئاخاوتن و لە یەك تێگەیشتن نییە, بەڵكوو دەلاقەی زەینی مرۆڤە بەرەو پەڕانپەڕی دەورووبەری و بناخەی زەینی ئەو!

هەروەها مرۆڤ بە زمانەوە مرۆڤە كە دەورووبەری هەست پێ دەكاتوو پێكهاتەی فیكری شكڵ دەگرێ, چوونكە زمان كەرەسەی رووناكبیری وداهێنانە.

مەخابن ئەم كردەوەوچەوساندنەوە سیستماتیكەی كە لە لایەن حكومەتی ناوەندیەوە بەڕێوەدەچێ لە بواری زانستی وپەروەردەكردنەوە گەورەترین كۆسپ لە سەر رێگای گەشەكردنی منداڵانی كورد دروست دەكات,چوونكە منداڵێك ئەگەر بە زمانی زگماكی خۆی نەخوێنێ ,سروشتیە كە ناتوانێتیش هاوئاهەنگی لە نێوان فیكر و زمانیدا دروست بكا و تووشی خودسانسۆری و شەرمێونی دەبێ , لە ئاكامدا منداڵ وابە باش دەزانێ كە لەوەها كەش و هەوایەكدا كە بۆ ئەو نامۆیە یان بێ دەنگ بێ یان كەمتر قسان بكا, چوونكە بەردەوام لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە لە پەراوێز خراوە كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە تووشی خۆ بەكەم گرتن بێ و تەنانەت نەوێرێ بیروبۆچوونی خۆی بە ئاسانی دەرببڕێ چوونكە هەست دەكات بەرلەوەی گوێ بە بۆچوونەكەی بدەن بە شێوەزاری قسان كردنەكەی گاڵتە دەكەن و پێ دەكەنن.

هەروەها جێگای ئاماژەیە كە منداڵی خوشترین وەرزی ژیانی هەر مرۆڤێكە, وەرزێك كە خاوێنی و كامەرانی وجوانی تێدایە و تێكدانی ئەم وەرزەش تەنیا لە دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆ و شوینیستوو بە رواڵەت مرۆڤ دەوەشێتەوە,كە بە بێ بەشكردنی ملیونها منداڵی تامەزرۆی خوێندن بە زمانی زگماكی ,بوونەتە مەزنترین پێشێل كەری مافی مرۆڤ.

لە كۆتاییدا نابێ ئەم شتە گرینگەش لە بیربكەین كە پاراستنی زمانی زگماكی لەلایەن نەتەوەی بن دەست وزوڵم لێ كراوەوە وەكوو ئەوە وایە كە بەندییەك لە بەندیخانە بێت وكلیلی دەركەی بەندیخانەكەش لە گیرفانیدابێ.

 

شۆرش گوڵکار

onij-1364@yahoo.com

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی