"an independent online kurdish website

لە ئەڵبۆمی یادەکانتا ، وێنەیێکم بۆ بخوێنەوە دایە

  هەر کامێکیان سەدان داستانی زەمەنی هاواریانی تێدایە

لەم بەرەو خۆرەوە و

لە توێی تیرێژەکانی تیشکەوەshehid_shojae

لە گەلاوێژ و مانگی سوور بدوێ

لەو ڕێچکانەی بوونە ڕێباز

 لەو گردکانەی بوونە هەوراز

لە خوێنی گەرمی شەهید  لە بەستەڵەکی نیشتماندا

 کە پێدەشتێک گوڵی برینی تێدایە

بۆم وەگێرە دایە

بۆم وەگێرە  قەت لە بیستنیان تێر نابم

 دەنگت لەگەڵ هاتن و چوونی هەناسەم و

لە لێدانی دڵم دایە

ئەتۆ بدوێ و من سەر دەکەمە سەر باوەشت

وەکوو مناڵێکی دڵ پەڕ

لێوە هەڵقرچاوەکانم پڕ بە کۆشی ئەم دونیایە

 کوڵی گریانی تێدایە 

هەزاران سڵاوی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستی ، پێشکەش بە گیانی نەمری شەهیدان ، گوڵالە سوورەکانی شۆڕشی خوێناوی گەلەکەمان و سەرکەوتن بۆ ڕێبوارانی ڕێگای پیرۆزیان . بەردەوامی بۆ خەباتیان  لە دژی پەلامار دەرانی نیشتمانمان و پارێزەرانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی . ئەو کاتانەی گەلێک و نەتەوەیەک لە هەموو لایەکەوە دەکەوێتە بەر شاڵاوی چەوسانەوە و تواندنەوە ، هیچ شتێک لەوە گرینگتر نییە کە گەل تێ بگا و هەوڵ بدا  پارێزگاری لە ئازادی و کەرامەت و هەرمانی خۆی بکات .

گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کەوتۆتە بەر پەلاماری کۆنەپەرستی و تەنیا ڕێگە چارەی خۆپاراستنی ، بەرەنگار بوونەوەیە . هەر بۆیە پتر لە سێ دەیەیە ئازایانە بەرانبەر لەشکرکێشییەکانی دوژمنەکەی ڕاوەستاوە و بەرەنگاریان دەبێتەوە . لەو بەربەرەکانییەدا ڕۆڵەکانی خۆی فیدای هەبوونی دەکا . ئەو قوربانیانەن کە سەربەرز و رووسوور ڕایگرتووە و بۆتە سەردێری خەبات بۆ تێکۆشانی گەل و نەتەوەکانیتری ئێران . بە هۆی ئەم نامەیە بەشدار دەبم لە ڕێز گرتن و سۆز و خەمتان دا ، لە یاد کردنەوەی ڕۆڵە فیداکارەکانی حیزبەکەمان کە هەموو ژیانیان بەختی پاراستنی گەل و نەتەوەکەیان کردووە کە یەک لەوان هاوڕێ  “شوجاع ئەمینییە”.

شوجاع ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی ، لە ئاوای گوڵازی ناوچەی ژاوەڕۆی سنە، لە ننێو یەکێک لە بنەماڵە هەژار و زەحمەت کێشەکانی دێ دا لە دایک بوو . گەرچی هەژاران و زەحمەتکێشەکانی کوردستان هەرە زۆری خۆشییەکانی ژیانیان دەکەوێتە ژێر باری ئازاری گوزەران ، بەڵام کۆڕی گەرمی بنەماڵەکانیان پڕن لە خۆشەویستی ئاو و خاک و گەل و نیشتمان ، باوەشیان پڕە لە تینی پێگەیاندنی ڕۆڵەکانیان . کور و کچەکانیان لە کڵی گووران دەر دێنن و بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان ڕادێنن ، شوجاع لە بنەماڵەیەکی وادا گەورە بوو .

  

نامەکە لە درێژەدا دەدوێ کە: باوک و دایکی شوجاع دەیانەویست ، جگەر گۆشەکەیان وەکوو ئەوان نە خوێندەوار نەمێنێ . ئەرک و زەحمەتی زیاتریان دایە بەر خۆیان و سوجاعیان ناردە بەر خوێندن . شوجاع چووە مەدرەسە و بنەماڵەکەی خزمەتی تاقانە دەرس خوێنەکەیان کرد بەو ئاواتەی لە دواڕۆژدا خزمەتی بنەماڵە و کۆمەڵگاکەی بکات . هەربۆیە شوجاعیش لەم ڕاستییە تێگەیشتبوو ، کاتەکانی خۆی بە فیڕۆ نەدەدا و بە باشی دەرسەکانی دەخوێند و لە قوتابخانە ، قوتابییەکی نموونە بوو و بە سەرکەوتنەوە لە هەموو تاقی کردنەوەکاندا دەهاتە دەر و دەچووە کلاسی سەروەتر و هاوڕێ شوجاع تا دەهات ڕادەی زانیاری و تێگەیشتوویی خۆی زیاتر دەبردە سەر و ئەم تێگەیشتنە زیاتر کاری دەکردە سەر رەفتار و ئەخلاقی هاوڕێ شوجاع و ئەو ئەخلاق و رەفتارە جوانەش دەبووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئاوایی ڕێز و حورمەتی بۆ دابنێن .

خەڵکی ئاوایی وەکوو ڕۆڵەی خۆشەویستی خۆیان سەیریان دەکرد و خۆشیان دەویست . شوجاعی ئەمینی پاش تەواو کردنی قۆناغی سەرەتایی خوێندن لە گوند ، بۆ درێژەدانی خوێندن چووە شاری سنە و هەمیشە ئەوە ئازاری ئەدا کە باوکی بە چ دەست تەنگییەکەوە بۆ درێژەدانی خوێندن هاوکاری دەکات ، هەر بۆیە پاش تەواو کردنی ساڵی خوێندن دەگەرایەوە بۆ گوندەکەیان ، بۆ ئەوەی بتوانێ لە کارەکاندا یارمەتی باوک و براکانی بدات .

لە ساڵی ١٣٥٦ی هاتوییەوە ، تۆفانی ئازادی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و شۆڕشی سەرانسەری گەلانی ئێران دەستی پێ کرد و لە کۆتاییدا ڕێژیمی شایی تێکەوە پێچا و لە زبڵدانی مێژووی ڕشت . حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێکۆشانی ئاشکرای دەست پێ کرد و توانی لە ماوەیەکی نزیکدا ، نێزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستان لە ژێر ئاڵای بزووتنەوەی دێموکراتیک و نەتەوەییدا کۆ بکاتەوە. شوجاعیش بەو پەڕی بڕوا و تێگەیشتووییەوە هاتە ریزی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتەوە و بەرە بەرە دەستی دایە کار و تێکۆشان .

ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی شەڕەفی ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێ بەخشرا و  لە تەشکیلاتی حیزب دا بەرپرسیارەتی شانەیێکی حیزبی پێ ئەسپێردرا . دواتر لە گوندەکەی خۆیان بوو بە مامۆستای شۆڕش و بە هەموو توانا و بەو پەڕی دڵ گەرمییەوە دەرسی دەگوتەوە و دڵسۆزانە قوتابییەکانی فێری زمانی زگماکی دەکرد .  شوجاع وەک مامۆستاش لە نێو خەڵکی ئاوایی و قوتابییەکانی دا زۆر خۆشەویست بوو، ڕێزی لێ دەگیردرا .

هاوڕێ شوجاع دواتر بوو بە پیشمەرگە و چەکی شەڕەف و شانازی لە شان کرد و پاش ماوەیەک لە کۆنفرانسی حیزبی ژاوەرۆ ، وەکوو ئەندامی کۆمیتەی ژاوەڕۆی سنە هەڵبژێردرا و  چووە نێو خەڵک و دەستی کرد بە کاری تەشکیلاتی و لەو کاتەوە تا دواکاتەکانی ژیانی ئەرکی ڕێکخستنی بەشێک لە زەحمەتکێشانی ناوچەکانی سنەی لە ئەستۆ بوو .  

هاوڕێ شوجاع بە زمانی خەڵکی دەدوا و قسەی دەکرد ، ئازار و کوێرەوەرییە گەلە بەش مەینەتەکەمانی بە زمانێکی سادە شی دەکردەوە و خەڵکی لە راستی پرسەکان دەگەیاند . شوجاع هەر لە سەرەتاوە ، تایبەتمەندییەکانی  مڕۆڤێکی شۆڕشگێری تێدا بوو . بەرە بەرە ئەو تایبەتمەندیانە بەرزتر و زەقتر دەبوون و کردبوویانە خۆشەویستی خەڵکی ناوجەکە . پێشمەرگە هاوڕێکانیشی شانازییان دەکرد کە شۆڕشگێڕێکی ئاوایان هاوسەنگەرە . شوجاعی ئەمینی ، ڕۆڵەی شۆڕشگێری حیزبەکەمان رۆژ لەگەل ڕۆژ ڕادەی زانیاری خۆی دەبردە سەر و لە مەیدانی کردەوەدا کەڵکی لێوەر دەگرت . دوو جار لە دەورەی سیاسی دا بەشداری کرد و هەردوو جارەکە لە قوتابییە باشەکان ناسرا . ئەو لە کاتی تەنگانەدا بەوڕە بوو. ئەگەر چواردەوری بە هێزی دوژمن تنرابایە ، خۆی نەدەدۆڕاند و بەراستی نەترس و خۆڕاگر بوو ، بۆ هەموو مەئمووریەتێکی حیزبی ئامادە بوو، زستانانیش نەدەگەرایەوە بنکەی کومیتەی شارستان بۆ پشوودان ، بەڵکوو بە زستانیش لە ناو خەڵکی زەحمەتکێش دەمایەوە و خەڵک وەکوو گلێنەی چاوی خۆیان دەیانپاراست و نەیان دەهێشت پاڕێزەرانی کۆنەپەرستی زەفەری پێ بەرن .

لێوەشاوەیی هاورێ شوجاع لە ریزەکانی حیزب دا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەر دەکەوت و تا دەهات کەسایەتی شوجاع زیاتر دەناسرا و لە ریزەکانی حیزبدا پلەی تەشکیلاتی ساڵ لەگەڵ ساڵ دەچووە سەرێ ، وەک : ئەندامی شانە، مامۆستای شۆڕش ،سەرشانە ، ئەندامی کومیتەی ناوچەی ژاوەڕۆ ، کومیتەی شار و کومیتەی ناوچەی لەیلاخ و دواتر بەرپرسی ئەو کومیتانە و سەرئەنجام ڕاوێژکاری مەڵبەندی یەک و ئەندامی کومیتەی شارەستانی سنە .

هاوڕێ شوجاع چەندین جار لە لایەن ئورگانەکانی سەرەوەتری حیزبەوە ، ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی گیرا . ئەو کادرێکی لێزان و بە ئەزموونی حیزبی بوو . لە کار و باری حیزبی دا ئازا و بەجەرگ بوو . خۆی بە بەرپرسیارترین پێشمەرگە دەزانی و هەرکارێک بە بەرژەوەندی حیزبەکەی بوایە ، بۆ جێبەجێ کردنی دریغی نەدەکرد. لە شەڕدا سەنگەر بە سەنگەر لەگەڵ هاورێیانی هێڕشی دەکردە سەر دوژمن . لەگەڵ پێشمەرگە هاوڕێکانی دا زۆر تێکەڵاو بوو . هەمیشە تێدەکۆشا گیر و گرفتی هاوڕێیانی چارەسەر بکات . ئەم سیفەتانە هاوڕێ شوجاعیان زۆر خۆشەویست کردبوو .

ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ، هاوڕێ شوجاع وەک بەرپرسی کومیتە ناوچەکانی حوسێن ئاوا و لەیلاخی سنە دیاری کرا و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دوو هاورێی دیکەی بە ناوەکانی ” مەعرووف سەلیمی” و ” خالید ئیبراهیمی” بەرەو شوێنی کاریان بەڕێ کەوتن .

شەوی ١٩ی گەلاوێژ بە ناشارەزایی دەچنە گوندی باوەڕێز لە چەند کیلۆمتری شاری سنە و دەچنە ماڵی جاسووسێکی خۆفڕۆش کە نەیان ناسیبوو . خاوەن ماڵەکە پەزیراییەکی باشیان لێ دەکا و ئەوانیش شەو لەو ماڵە دەمێننەوە و بۆ بەیانی ئەو شەوە، خاوەن ماڵە خۆفڕۆشکە دەچێ بۆ شاری سنە و ڕاپۆرتیان لێ دەدا .

سەعات ١٢ی نیوەڕۆ ، دوو ماشینی پڕ لە جاش و پاسدار و ماشێنێکی دیکە کە تۆپی ١٠٦ میلیمتری لەسەر دەبێ ، دێنە ناو گوندی باوەرێز و ڕێگەی دەرباز بوونی هاوڕێ شوجاع و هاوڕێیانی دەگرن . ئەمجار بە گوللەی تۆپی ١٠٦ لە ماڵەکە دەدەن و هاوڕێ شوجاع و هاورێیانی دەزانن کە ئیمکانی دەرباز بوونیان نییە و بۆ ئەوەی بە دیلی نەکەونە دەستی دوژمن ، هاوڕێ شوجاع و کاک مەعرووفی سەلیمی بە ناڕنجۆک خۆیان شەهید دەکەن و کاک خالید چەند فیشەک دەنێ بە خۆیەوە ، بەڵام شەهید نابێ و بە دیلی دەیگرن ، بەڵام بۆ شەوی ئەو ڕۆژە لە نەخۆشخانە لە سنە ، ئەویش شەهید دەبێ . بەم جۆرە سێ هاوڕێی تێکۆشەری حیزبیمان ، سێ ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان ، گیانی پاکی خۆیان فیدای ئازادی و سەربەستی گەل و نیشتمان دەکەن و بوونە سوورە گوڵی یەخەی فریشتەی ئازادی .

هەزاران سڵاو لە رٶحی پاکی ئەم سێ شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی گەلەکەمان .

فیلم 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی