"an independent online kurdish website

ساڵى ٢٧١٣ى کوردى تەواو بوو ، ساڵێک لە سەر یەک بۆ نەتەوەى کورد ساڵێکى سەرکەوتوو بوو ، شەر و پێکدادان کەمتر وەبەرچاو دەکەوت،  omer_sherifzade


سوڵح و ئەمنیەت لە بەرچاو بوو، لە تەقویمى کوردى کەمتر سالێک وەبەرچاۆ دەکەوێت کە کوردستان وەک ساڵى ٢٧١٣ى کوردى ئاشتى و ئەمنیەتى تیدا بەرقەرار بوو بێت.

کوردستان لە ساڵى ڕابردوو ئەمنترین ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوین بوو . دیپلوماسى ناوچەیی و نێونەتەویی کورد گەلێک ئاکتییو بوو ، رەنگ دانەوە و دەنگ دانەوەى نێونەتەوەیی کێشەى کورد لە ساڵى رابردوو لە کێشەى فەلەستین زیاتر بەرچاۆ بوو . بایخى نێونەتەویی کورد لە ساڵى رابردوو زیاتر و سەرنجى دۆنیا پتر بۆ لاى کێشەى کورد ڕاکێشرا.

 

رۆژئاواى کوردستان

 

رۆژئاواى کوردستان لە ساڵى رابردوو سەرقاڵترین بەشى کوردستان بوو،  سەرقاڵترین بوو لە بەر ئەوەى :

1.      بەشێکى بەرچاۆ لە خاک و خەڵکى کورد ئازاد بوون.

2.      شەرى گروپە ئیسلامیە فاشیستیەکان ( ئەلقاعیدە ، داعش ،بەرەى نەسر…) دژ بە نەتەوى کورد لە ئارادا بوو و ژمارەیەک لە باشترین تێکوشەرانى کورد بە دەس ئەوە گروپە تیروریستە ئیسلامیانە شەهید کران.

3.      لە ساڵى ڕابردوو رۆژئاواى کوردستان هەروا مەیدانى ململانى پارتى کریکارانى کوردستان و پارتى دێموکراتى کوردستان بە رێبەرى کاک مەسعود بارزانى بوو.

4.      هێز و وزەى کورد بە سەر دوو جەمسەر ( محور ) دابەش بوو جەمسەریک کە پارتى یەکیەتى دێموکراتیک ( لەقى رۆژئاواى پ.ک.ک ) رێبەرى بوو و جەمسەرى دیکەش بە وەسیلەى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردەکانى سووریە کە لە دوانزە حیزبى کوردى پێک هاتوە بەریوە چوو ( جەمسەرى دووهەم نیزیک بە بەڕیز کاک مەسعود بارزانیە).

5.      خۆبەرێوەبەرى بەشەئازاد کراوەکانى کوردستان لە سێ کانتۆن ( جزیرە ، کۆبانى و عفرین ) گەلێک رەخنە و پرسیارى کوردى و دەرەکى بە شوینى خۆى دا هینا چوونکە ئەو فرمە خۆبەرێوەبەریە لە تئورى سەقەتى پارتى کریکارانى کوردستان ( کاک عەبدواللە ئوجەڵان ) سەرچاوەى گرت کە لە گەڵ هییچ مودێلیکى خۆبەرێوەبەرى نێونەتەویی یەک ناگریتەوە جگە ئەوەش پاوانخوازى پارتى (پ.ى.د) هەم لە دامەزراندن و هەمیش لە بەرێوەبەری ئەو سێ کانتۆنە حاشا هەڵنەگرە هەر ئەم رەخنانەش بوونە هوى ئەوە کە نە تەنیا هییچ وەڵاتیكى دەرەکى ئەو کانتۆنانە بە رەسمى نە ناسێت ، بگرە تاقە ڕێکخراوەیەکى کوردیش کە لە بازنەى پارتى کریکارانى کوردستان دا  نەبێت ، ئیعترافیان پێ نەکات ئەوە لە حاڵیک دایە کە نوینەرانى دەیان دەۆڵەتى گەورە و چکولەى دۆنیا لە باشوورى کوردستان حزوریان هەیە کە بە لەفزى سیاسى بە مانى بە فەرمى ناسینى دەسەڵاتى کورد لەم بەشەى کوردستان لە لەیەن ئەو دۆڵەتانەوەیە جگە ئەوەش زۆربەى هەرە زۆرى خەڵکى کورد وڕێکخراوەسیاسیەکانى هەر چوار پارچەى کوردستان پاراستنى دەسەڵاتى کورد لە باشوورى کوردستان بە ئەرکى خۆیان دەزانن.

6.      هەڵسووکەوتى پارتى کریکارانى کوردستان لە رۆژئاواى کوردستان جاریکى دیکەش ئەم راستیە تاڵەى سەلماندەوە کە ئەم پارتە وەک هەر پارتیکى ئیکستریمیستى تر باورى بە دیپلوماسى نێونەتەوەیی نیە و تەنیا بە هێزى چەک و سازمانى خۆى بایخ دەدات ئەزمونیش سابیتى کردوە کە ئەم چەشنە بییر کردنەوەیە سەرکەوتو نابێت ( ئەگەریش سەرکەوتوو بێت کۆمەڵگا بەختەوەر ناکات ) بۆ وینە زیاتر لە دە ساڵە بەشێکى بەرچاۆ لە خاک و خەڵکى فەلەستین لە لایەن ڕێکخراوى حەماسەوە بەریوەبەرى دەکرێت ( حەماس بایخ بۆ دیپلۆماسى نێونەتەویی دانانێت ) لەو ماوە درێژە دا جگە لە کۆمارى ئیسلامى ئیران نەبێت لە لایەن هییچ وەڵاتیکى دیکەوە بە فەرمى نەناسراوە ئەوە لە حاڵێک دایە کە بەشەکەى ترى فەلەستین کە بە وەسیلەى سازمانى الفتح ئیدارە دەکرێت ( چوونکە باورى بە دیپلۆماسى نێونەتەویی هەیە و ڕیز لە یاسا و ڕیساى نێونەتەویی دادەنێت ) تا ئیستا لە لایەن ١٢٩ وەڵات بە فەرمى ناسراوە و وەک دەۆڵەتى سەربەخۆ مامەڵەى لە گەڵ دەکەن.

ئایا باشتر وا نەبوو لە جێ ئەو شەلەم شۆرباوەى کە پارتى کریکارانى کوردستان بۆ رۆژئاواى کوردستانى دروست کرد لە ناوچە ئازادکراوەکان هەڵبژاردن کرابا و پارلمانیکى کوردى دامەزرابا و لە چوارچیوەى ئەو پارلمانەش کورد خۆبەرێوەبەرى خۆى کردبا ؟ تا هەم نوینەرانى خەڵک و حیزبەکانى دیکە بەشدارى خۆبەرێوەبەرى بووبان و بەرپرسایەتى بەریوەبەریان قبوول کردبا و هەمیش درزى ناکۆکیەکان بڕیک کەم کرابانەوە درزى ناکۆکى ڕیزەکانى کورد لە رۆژئاواى کوردستان وەحشتناکە لە موداى ساڵى رابردوو بە دایم بۆنى شەرى نێوخۆیی پێوە دیار بوو بێ گۆمان ئەگەر خۆبەرێوەبەرى بە وەسیلەى پارلمان کرابا ئامپێرى حەساسیەتى نێونەتەوەیش بەرامبەر بە کورد ئەوەندى ئیستا نە دەچوو سەر ئاخر خەڵکى کورد ئیستا لە رۆژئاوى کوردستان ٦٦ وەزیر و سێ سەرۆک وەزیرى بۆ چیە ؟!

لە ساڵى رابردوو سەفەرى کاک سالیح موسلیم رێبەرى پ.ى.د بۆ تاران لە جێ خۆى دا نەبوو چوونکە ناۆبراۆ لە ئیران هییچ شتێکى ون نە کرد بوو تا بەوى بگرێت هەڵبەت هەر بەم مەنتیقەش سەفەرى ئیحتیمالى هەر رێبەریکى کورد لە ئیران بۆ سووریە ناتونێ دروست بێت.

باشوورى کوردستان

لە ساڵى رابردوو باشوورى کوردستان هەر وەک چندین ساڵى رابردووتریش ناوەندى سەرەکى ناسیونالیزمى سیاسى کورد بوو ، دەسەڵاتى کورد لە ساڵى رابردوو سەقامگیرتر بوو ، ئەمنیەت لە باشوورى کوردستان گەلێک ڕێک و پێکتر و کردەوەى تێرۆریستى زۆرکەمتر وە بەرچاۆ بوون ، ژیانى خەڵک بە گشتى باشتر بوو. میدیاى کوردى ئازادتر و بە سەر وەزعى سیاسى و کۆمەڵایەتى باشوورى کوردستان زاڵ بوو بە چەشنێک کەمتر رووداویک توانى خۆى لە چنگیى میدیاى کوردى بشاریتەوە ، دەنگ دانەوە و رەنگ دانەوەى هەواڵ و رووداوەکانى بەشەکانى دیکەى کوردستان لە ساڵى رابردوو لە میدیاکانى باشوورى کوردستان گەلێک باشتر بوو.( پیاۆ دەبى حەق بڵى لە ساڵى رابردوو کاناڵى تەلەویزیونى رووداو سەرچڵى هەموو میدیاکانى کورد بوو )

گرنگترین رووداوى ساڵى رابردوو لە باشوورى کوردستان بەریوە چونى خۆلى چوارەمى هەڵبژاردنەکانى پارلمانى کوردستان بوو کە لە روانگەى دێموکراسیەوە نومرەى قبووڵى وەرگرت و توانى دێموکراسى کورد دێموکراتیزەتر بکات.

لە ساڵى رابردوو شەترنجیى سیاسى باشوورى کوردستان ئاڵ و گۆڕى بە سەر دا هات دەسەڵات دارى پەنجا بە پەنجا کۆتایی هات بەرەى ئوپوزیسیون ( بزوتنەوەى گۆڕان ، یەکگرتوو و کۆمەڵى ئیسلامى ) هەڵوەشایەوە ، یەکیەتى نیشتیمانى کوردستان رۆڵى خۆى وەک حیزبى دووهەم ( یەکەم ) لە دەس دا و جێ خۆى بە بزوتنەوەى گۆڕان سپارت.

تا مانگى گەلاویژى سالى رابردوو بەڕیز مەسعود بارزانى بۆ تەحویل دانى پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم بە جیدى لە لایەن بەرەى ئوپوزیسیونەوە لە ژێر گۆشار دابوو بەڵام هەم بڕیارى ٢٠ى ئاۆگوستى ساڵى ڕابردوو پارلمان ماوەى سەرۆکایەتى درێژ کردەوە و هەمیش ئاکامى هەڵبژاردنەکانى خۆلى چوارەمى پارلمان ، سەرۆکایەتى ناۆبراویان بۆ ماوەى چندین ساڵى دیکە گرانتى کرد. ( کە زۆریش لە جێ خۆى دا بوو )

وەزعى ئابوورى بە گشتى باشتر بوە رۆژانە نیزیک بە یەک میلیون بەرمیل نەۆت روانەى دەرەوە دەکرێ فرۆشى گاز بەشێکى دیکەى داهاتى هەریمى کوردستانە ، داهاتى تووریست لە ساڵى رابردوو لە سینورى یەک میلیارد دۆلار تێ پەریوە مۆدێلى ئابوورى وەڵاتى دۆبەى خەریکە لە باشوورى کوردستان بە تەواوى شکڵ دەگرێ.

وەپاش کەوتنى پێک هینانى کابیینەى هەشتەم لە جێ خۆى دا نەبوو هەڵبەت لەم بارەوە تەنیا دەسەڵاتى سیاسى کورد تاوانبار نیە بەڵکوو بەشێک لە رەخنەکان لە سەر پارلمان و یاساى هەڵبژاردن دان.

 لە ساڵى ڕابردوو پیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوزتر بوو نە حکوومەتى ناوەندى حازر بوو دەسەڵاتى کورد قبووڵ بکات و نە کوردیش سەیتەرەى حکوومەتى ناوەندیەوە قبووڵ کرد هەم هەولێر و هەم بەغداد خۆیان بو بەرەنگار بوونەوەى زیاتر ئامادە دەکەن ئەزموونى ساڵى رابردوو جاریکى دیکەش ئەم راستیەى سەلمانەوە کە کێشەکانى نێوان حکوومەتى ناوەندى و هەریمى کوردستان چارەسەر کراو نین.

بڕینى مووچەى فەرمانبەرانى کورد لە لایەن حکوومەتى ناوەندیەوە هەلێکى باش بوو بو ئەوەى رێبەرانى کورد خەڵک بێنە سەر شەقام تا بڕیارى جیایی یەکجارى و هەمیشەیی لە عیراق بدەن بەڵام بە داخەوە رێبەرى کورد ئەم هەلە باشەیان لە دەس دا.

دیاردەى نیگاتیڤى گەندەڵى ماڵى لە ساڵى رابردووش وەک ساڵانى رابردووتر هەروا گرنگترین و ناحەزترین بوو هەرچى داهاتى حکوومەتى هەرێم زیاتر دەبێت هەر بەو ئەندازەیەش گەندەڵى ماڵى زیاتر دە بێت بە داخەوە بەرنامە و پرۆژەى چاکسازیش لانى کەم لەم بارەوە بەرچاۆ ناکەوێت.

لە ساڵى رابردوو فەعالیەتى کۆمارى ئیسلامى ئیران لە باشوورى کوردستان گەلێک بەرچاۆ بوو هەم لە پاشگەز بوونەوەى بەستنى کونگرەى نەتەوەیی کورد و هەمیش لە زییندانى کردنى کۆمەڵێک چالاکى سیاسى کوردى کوردستانى ئیران لە باشوورى کوردستان ، دەستى کۆمارى ئیسلامى ئیران بە تەواوى دیار بوو جگە ئەوانەش هاتوو چوى بێ رەویە و بە نیهینى کاربەدەستانى کۆمارى ئیسلامى ئیران بۆ باشوورى کوردستان هەم گۆمان لێکراو و هەمیش مەترسى دارە.

سەفەرى بەڕیز کاک مەسعود بارزانى بۆ رووسیە و هەڵوەشاندنەوەى سەفەرى بۆ ئەمریکا لە ساڵى رابردوو ، نیشانەى بڕێک گۆرانکارى لە سیاسەتى نێونەتەویی حکوومەتى هەریمى کوردستانە کە قازنجى کوردى تێدا پیش بینى ناکرێت. 

لە ساڵى ڕابردوو پیوەندیەکانى هەریمى کوردستان لە گەڵ تورکیە بڕێک زیادەرەویی پێوە دیار بوو بە تایبەت هاۆهەڵویست بوونى دەسەڵاتى کورد و دەۆڵەتى تورکیە لە ئاست رووداوەکانى رۆژئاواى کوردستان هەڵەیەکى تاکتیکى گەورە بۆ رێبەرى کورد لە باشوورى کوردستان بوو.

سیاسەت و بۆچونى کاربەدەستانى هەریمى کوردستان بەرامبەر بە حکوومەتى ناوەندى لە بەغدا چ لە ئاست بڕینى مووچەى فەرمانبەرانى کوردستان و چ لە ئاست مەسەلەى نەۆت … لاواز و لە پاشەکشە دا بوو.

بۆشایی نەبوونى مام جەلال تاڵەبانى بە سەر یەکیەتى نیشتیمانى کوردستان لە ساڵى رابردوو بە تەواوى دیار بوو و بەشێک لە ناکۆکیەکانى نێو ڕیزەکانى یەکیەتى نیشتیمانى هەر لەم بۆشایەوە سەرچاوەى دەگرت. (دیارە خەلکى کورد عادەتیان بە نەبوونى مام جەلال کردوە ئەگەر ناوبڕاۆ بمرێت شتێک لە دیمەنى سیاسى کوردستان ناگۆڕێت ).  

رەۆتى سەربەخۆیی باشوورى کوردستان لە ساڵى رابردوو زۆر کەم رەنگ بوو رەنگ بێ ئەمەش لاوازترین و تاڵترین  لاینى سیاسى دەسەڵاتى کورد لە ساڵى رابردوو لە باشوورى کوردستان بوو بێت.

باکوورى کوردستان

کۆبوونەوەى نەوروزى رابردووى شارى ئامەد ، سەرەتایەکى باش بۆ دەس پێکەرى ساڵى ٢٧١٣ى کوردى لەم بەشەى کوردستان بوو. ساڵى رابردوولە سەر یەک بۆ خەلکى کورد لە باکورى کوردستان بە پێت و بە بەرەکەت بوو خەباتى کورد لە بوارى جوراوجور ڕێک و پێک تر ، قوڵتر و بەرینتر کرایەوە مێتودەکانى خەبات لە زیندانەوە بگرە تا شەقام ، پارلمان و میدیاکان هاوئاهەنگ لە گەڵ خەباتى شاخ و ئوروپا بەرێوە چوو قۆرساى بزوتنەوەى کورد لە ساڵى رابردوو لەم بەشەى کوردستان گەلێک زیاتر بوو.

لە ساڵى رابردوو پارتى کریکارانى کوردستان بە پێکهینانى پارتى دێموکراتیکى خەڵکەکان تورکیە هەنگاویکى گرنگ و باشى بۆ پیوەندى دانى بزوتنەوەى کورد بە هێزى چەپ و شورشگیرى خەڵکەکانى دیکەى تورکیە هەڵهینایەوە کە زۆر لە جێ خۆى دا بوو.

مەترەح کردنى تیزى خۆبەرێوەبەرى ( خودگردانى ) دێموکراتیک لە لایەن پارتى ئاشتى و دێموکراسیەوە تا رادەیەک ئیستراتیژى سیاسى و خەباتگیرانەى کوردى لە باکورى کوردستان ڕیک و پێکتر کرد.

لە ساڵى ٢٧١٣ى کوردى حیزبى دەسەڵات دار ( حیزبى عەداڵەت و گەشەپێدان ) توشى قیرانى جوراوجور هات کە تا رادەیەکى بەرچاۆ ئەو پارتەى لاواز کرد کە ئەمەش راست و خۆ و ناراست وخۆ بە قازانجى بزوتنەوەى کورد تەواو بوو.

پاوانخوازى پارتى کریکارانى کوردستان لە بوارى نێوخۆیی و نە گۆنجاوى سیاسەتەکانى ئەم پارتە لە گەڵ وەزعیەتى نێونەتەوەیی لە ساڵى رابردووش هەر وەک ساڵانى رابردووتر خاڵى نیگاتیڤ و لاوازى بزوتنەوەى کورد لەم بەشەى کوردستان بوو پاوانخوازى پ.ک.ک بەتایبەت لەم بارەوە بە زەقى بەرچاۆ بوو کە تێکوشان و چالاکى کورد لە دەرەوەى بازنەى ئەم حیزبە بەتەواوى شاردرایەوە و لە لایەن ئەم پارتەوە سانسوور کرا ( سانسورى ئەم پارتە بە سەر رووداوەکانى دەرەوەى خۆى تا رادەیەک بەرچاۆ بوو کە گوایا لە باکوورى کوردستان جگە لەم پارتە کەسى تر کورد نیە و خەباتى نەتەویی ناکات ) .

تێکوشانى پارادیپلوماسى ( لابیگەرى ) پارتى کریکارانى کوردستان لە ساڵى ڕابردوو بە تایبەت لە میدیاکان وەک بى. بى. سى. ، دەنگى ئەمریکا و بەشێک لە میدیا کوردیەکان … گەلێک بەرجاٶ  بوو.

پرۆسەى ئاشتى لە ساڵى رابردوو سەرکەوتنی بە دەس نە هینا و بە جوریکیش بە بنبەست گەیشت ئەگەر لە لایەک دۆڵەتى تورک لە بلوکە کردنى پرۆسەى ئاشتى تاوانبارى ئەسڵی بە حیساب بیت ، لە لایەکى ترەوە ناکرێ کەم زەرفیەتى سیاسى پارتى کریکارانى کوردستانیش لە بنبەست گەیشتنەى پرۆسەى ئاشتى لە بەرچاۆ نەگرێن.

سەفەرى بەڕیز کاک مەسعود بارزانى و ئوردۆغان بۆ شارى ئامێد یەکیک لە گرنگترین رووداوەکانى ساڵى رابردوو بۆ باکوورى کوردستان بوو ئاکامى ئەم سەفەرە لە سەر نەتەوەى کورد بە قازانج بوو و تا رادەیەکى بەرچاۆ تابۆى کورد و کوردستانى بۆ کۆمەڵگاى تورکیە زیاتر شکا.

دیدار و چاۆپێکەوتن لە گەڵ بەڕیز ئوجەلان لە مۆداى ساڵى ڕابردوو بەردوام بوو ئەم دیدارانە زەمینەى ئازاد بوونى ناۆبراۆیان لە بار کرد دادگاى مافى مرۆڤى ئوروپاش لە ئاخرین رۆژەکانى ساڵى رابردوو بە دەرکردنى بڕیاریک زەمینەى ئازاد کردنى بەڕیز ئوجەڵانى ئاسانتر و هەموارتر کرد هەر بویە پیش بینى ئەوە دەکرێ کە سەرۆکى پارتى کریکارانى کوردستان لە ساڵى داهاتو ئازاد بکرێت.

 پیش بینى ئەوە دەکرێ کە خەڵکى کورد لە باکوورى کوردستان بە پشت بەستن بە بە دەسکەوتەکانى خۆى بەرفراونتر لە هەڵبژاردنى شارەوانیەکان کە لە ٣٠ى مانگى مارس ٢٠١٤ى زایینى بەریوە دەچن ، بەشدار بن. ( خۆلى پێشوى هەڵبژاردنى شارەوانیەکان لە ساڵى ٢٠٠٩ بەریوە چو کە لەو دا لە ٩٧ شار کوردەکان بڕاوە بوون و هیواى ئەوە هەیە کە ئەم جارە کوردەکان بتوانن لانى کەم کۆرسى شارەوانى ١٢٥ شارى کوردى بۆ خۆیان قورخ بکەن). 

شرۆڤەى ئەوە دەکرێت کە رێبەرانى پارتى ئاشتى و دێموکراسى بە تایبەت عوسمان بایدمیرى و سەلاحەدین دمیرتاش چى دیکە ئوتوریتەى پارتى کریکارانى کوردستان لە قەندیل قبووڵ نەکەن و بۆ خۆیان خەتیکى سیاسى نوی رەچاۆ بکەن هەر چند لەم بارەوە قسە کردن جارە زوە.

کوردستانى ئیران

لە سالى ڕابردووش وەک چندین ساڵى ڕابردووتر بزووتنەوەیی نەتەوەیی کورد لە ئیران لە چاۆ بەشەکانى دیکەى کوردستان لاوازترین بوو بە کورتى و بە گشتى دەکرێ سێ هوکار سەرەکى بۆ ئەم لاوازیەش دەس نیشان بکرێن هوکارى یەکەم ئەوەیە کە بە هێز بوون یان بێ هێز بوونى کورد و بزوتنەوەکەى پێوەندى راست وخۆ و دیالکتیکى بە حکوومەتى ناوەندیەوە هەیە بەو مانایە کە هەرچى حکوومەتى ناوەندى لە تاران بێ ‌هێز و لاواز بێت هەر بەو ئەندازەیەش بزوتنەوەى کورد بە هێز دەبێت و بە پیچەوانەى ئەم فرمولەش هەر دروستە واتە هەرچى حکوومەتى ناوەندى بێ کێشە و یان بە هێز بێت بزوتنەوەى کورد لاواز دە بێت بۆ وینە لە ساڵەکانى ١٩٧٩ تا ١٩٨٣ کە حکوومەتى ناوەندى لە تاران لاواز بوو ، بزوتنەوەى نەتەوەیی کورد لە ئیران لە موقایسە لە گەڵ بەشەکانى دیکە کوردستان بە هێزترین بوو. هوى دووهەم ناتەبایی و ناکۆکى نێوان بزوتنەوەى نەتەویی کورد لە ناۆخۆ و دەرەوى کوردستانى ئیرانە واتە بزوتنەوەى کورد لە ئیران بە دوو رێبازى جیاواز دەروات ڕیبازى بزوتنەوە لە دەرەوەى کوردستان کە لە لایەن حیزبە کوردیەکانەوە رێبەرى دەکرێت لە گەڵ ڕێبازى بزوتنەوە لە ناۆخۆى وەڵات کە بە وەسیلەى رووناکبیران و چالاکانى سیاسى بەرێوە دەچێت بە تەواوى لێک جیاوازن و هییچ زمانیکى هاوبەشیان لە گەل یەکتر نیە. هوکارى سیهەم ناکۆکى و چند بەرەکى ڕیزى حیزبەکانى کورد هەم لە ناۆخۆى خۆیان و هەمیش حیزبەکان لە گەڵ یەکترە ( دیارە لە ساڵى ڕابردوو لەم بارەوە بڕێک گوفتمانى یەک بوونەوە و یەک گرتنەوە لە نێوان دوو حیزبى ناسراوى کوردەوە حیزبى دێموکرات و حیزبى کۆمەلە هاتوەتە ئاراوە ).

لە ساڵى ٢٧١٣ى کوردى شەرى ریژیمى فاشیستى دیینى ئیران دژى کۆڵبەرانى کورد هەروا دریژەى هەبوو کە بە پێ ئامارە نارەسمیەکان لەو شەرە نابەرابەرە دا پتر لە سى کۆڵبەر کورد گیانیان لە دەس دا و تەنانەت باندیکى مافیایی رژیم دیینى ئیرانیش بە ناوى باندى هیوا تاب ئاشکرا بوو کە دەستى بە خۆێنى چندین کوردى هەژار سوور بوو دیمەنى سیاسى کوردستان ئیران لە ساڵى ڕابردووش هەروا ئەمنیەتى بوو و سەرۆک کۆمارى تازەش نەیتوانى ئەو فەزایە بگوڕێت. لە ساڵى ڕابردووش ژمارەى زیندانى سیاسى کورد لە موقایسە لە گەڵ ژمارەى زیندانى سیاسى نەتەوەکانى دیکە لە ئیران زیاتر بوو و لانى کەم شش زیندانى سیاسى کورد بە دەستى رژیمى ئیسلامى ئیران ئیعدام کران.

زەرورەتى پێکهاتنى بزوتنەوەیەکى رێفرمخوازى جیدى کە بتوانێت لە سیاسەت ، کوردایەتى و حیزبایەتى رێفورمیکى هەموو لایەنانە پێک بینێت بۆ کوردستانى ئیران هەروا پیویستى سیاسى ساڵ بوو بزوتنەوەیەک هەم لە ئەزمونى بزوتنەوەى گۆڕان لە باشوورى کوردستان و هەم لە حیزبى ئاشتى و دێموکراسى لە باکوورى کوردستان کەڵک وەربگرێت و تێکەڵاوى تایبەتمەندیەکانى کوردستانى ئیرانى بکات.

حیزبى دێموکراتى کوردستان لە ساڵى رابردوو هەوڵى ئەوەى داوە تا گوفتمانێکى نوى واردى ئەدبیاتى سیاسى کورد لە ئیران بکات گوفتمانى نوى حیزبى دێموکرات لەم ئەسڵە پێک هاتوە  ” جیدیت لە کوردایەتى و تولێرانش لە سیاسەت ” نابێ حاشا بکرێت کە لە رابردوو دوو دڵى ( توهم ) لە کوردایەتى و دوگماتیستى لە سیاسەت گوفتمانى زاڵ بە سەر بزوتنەوەى کورد لە ئیران دا بووە هەر چند حیزبى دێموکراتى کوردستان سەرکەوتنى ئەوتوى لە گوفتمانى تازەى خۆى بە دەس نەهیناوە و نەیتوانیوە رۆڵى مۆتورى بزوتنەوەى گۆرانکارى نوى بێت ، بەڵام گوفتمانى نوى ئەم حیزبە جێ هیوا و هومیدى بییر و نەسڵى نوی لە کوردستانى ئیرانە.

بزوتنەوەى نەتەوەیی کورد لە ئیران لە ساڵى ڕابردووش وەک ساڵانى ڕابردووتر هەروا لە ناوەندى کوردستان واتە بەشى سۆرانى و سوننێ نشین قەتیس مایەوە و ناوچەکانى خوارەوەى کوردستان ( کرماشان ، ئیلام و لورستان ) یان بەشدار نەبوو و یان زۆر کەم بەشاریان کرد کە ئەمەش وەک لاوازترین خاڵى بزوتنەوەى نەتەویی کورد لە ئیران دەژمێدرێت.

کارنێواڵى جیژنەکانى نەورووز لە باکوور ، رۆژئاوا و باشوورى کوردستان زۆر هیوابەخش بوو بەڵام لە کوردستانى ئیران مرۆڤى کوردى ناهومید دەکرد.

حیزبە دەس کردەکانى  پ.ک.ک بۆ کوردستانى ئیران ( پژاک ) و بۆ باشوورى کوردستان ( پارتى ریگا چارەى دێموکراتیک )  فەشەلیان هینا و شکستیان خوارد و چى دیگە مەترەح نین.

 

ع ـ شریف زادە ـ ٢ى خاکەلێوەى ٢٧١٤ى کوردى ـ ئاڵمان

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی