بێ گومان ئەوانەی کە جیلی سەردەمی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، یان شاهیدی جینایەتەکانی ئەو ڕێژمەن دەرحەق بە نەتەوەی کورد، یان لە ڕێگای میدیای ئەوکات و باس و بابەتەکانی دوای ئەو کاتی ئاگادارن کە ڕێژیمی خومەینی لە شاری سنە و لە نەورۆزی ١٣٥٨ی هەتاویدا چ جینایەتهایەکی خوڵقاندووە؟
ئەو شەڕە تا لە بیرم بێ ٢٤ ڕۆژی درێژە کێشا وە و شەهید و بریندار وئاوارەیەکی زۆر ، و وێرانیەکی بەرچاوی ئەو شارە گەورە و مێژوویەی بەدواوە بووە. لانی کەم من وەک خۆم بەڵگەیەکی ئەوتۆم تا ئێستا وەک ئارشیو لەو جینایەتە نەدیتووە کە لە میدیای تەسویریی کوردی و بەتایبەتی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەلە کە ئەوکات تاقە حیزبی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە دەرگیری ئەو شەڕە بوون ، دیمەن و فیلمی ئەو شەڕەیان بڵاونەکردۆتەوە ، یان بڵاویان کردۆتەوە و من نەمدیون.
نیزیک ساڵیک لەمەو بەر لە ئارشیوی (فەیسبۆکی)کەسێک بە ناوی ئارێشی زەمانی ئەم کۆمەڵە وێنەیەم دەست کەوت و هەڵمگرتن تا لانی کەم بیخەمە ئارشیوی سایتی پێشمەرگەکانەوە و پارێزراو بن لە نەمان و فەوتان وەک زۆر بەڵگەی گرینگی دیکەی مێژوومان. کە بەداخەوە نەماون.
من بەڕیز کاک ئارێش زەمانی ناناسم و نەمدیوە . بەداخەوە ناشزانم ئێستا لە کوێ دەژی و کێ یە؟ بەڵام لە هەر کوێی ئەم جیهانە بێ ، سوپاس بۆ ئەو بەڵگە بەنرخانەی و هیوادارم بلاوکردنەوەی ئەم وێنانە لە ئارشیوی ئەو بە دزم نەزانێ. چوونکی ئەرکی من کاری ڕاگەیاندنە . ئامانجم ئەوە نیە کە باسی ڕووداوە کارەساتبارەکە بکەم .چوونکی نە پیاوی ئەو مەیدانەم و نە خۆم لە ئاست گەورەیی قوربانیانی ئەو غەدرە دەزانم. ئەو ئەرکەی بەجێ دێڵم بۆ نووسەران و پشپۆرانی ئەو بوارە، بەتایبەتی شاری سنە گانکای نووسەر، ئەدیب و شاعیر و قەڵەم بەدەستانە و ئەوان ئەو مێژوویە دەنووسنەوە. تەنیا ئەم وێنانە ئارشیو دەکەم . ئەوە ئەو دیمەنانەن کە لە شەڕی داسەپاوی ڕێژیمی ئاخوندەکان بەسەر شاری سنەی قارەمان دا گیراون و بەڵگەی ئەو ئیدیعایەن کە بەردەوام گوێمان لە پەیڤی: سنەی خوێناوی بووە ، ڕاست مەبەست لەم دیمەنانەیە . چ کەسێک ئەم وێنانەی گرتووە، بەداخەوە مەعلووم نیە. مەگەر کاک ئارێش بدۆزینەوە و ئەو ڕاستیی ئەم وێنانە بۆمان ڕوون بکاتەوە.
هیواداریشم کەس لە دۆستان و هاوڕێیانی کوردم نەڵێن: بڵاو کردنەوەی ئەم دیمەنانە باش نیە! بەداخەوە زۆر جار گوێم لەو پەیڤە بووە کە لانی کەم لای من پەیڤێکی غەریبی بێ مانایە . بۆیە بێ مانایە چوونکی بەڵگەی مەزڵوومیەتی میلەتێک مەرج نیە بە تەبعی دڵی من بێ یان نە؟ هەژێنەربێ یان نە؟ تەماشای ئەو دیمەنانە دڵتەزێنە، بەڵام پێویستە جیلی ئێستا و داهاتوومان بزانێ چی بەسەر ئەم میللەتە هاتووە؟ ئەم میللەتە چۆن مان ومەوجوودیەتی خۆی لە فەوتان پاراستووە؟ بزانن چەندە نرخمان داوە بۆ مانەوەی خۆمان؟ هەروا ئاسان نەگەیشتووینەتە عەسری ئینتەرنێت ، سەتەلایت و تێکنۆلۆژیا.
جارێکی دیکەش سوپاس بۆ خاوەنی ئەم وێنانە و سلاو لەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان .