کوردیلەکانی ئەمڕۆمان .. نەوەی داهاتووی کوردسـتانن .. هیــوا و ئومێدی گەلەکەمانن .. بەردی بنـاغە و کۆڵەکەکـانی کۆمەڵـگای داهاتــووی کوردســتانن .. کوردیلەکــــانمان گرنگترین سامـان و سەرمـایەی گەلی کوردمـانن .. کە لە سـامانی نەوت و زێڕێش زۆر بە نرختر و گرنگترن .
کوریــــلەکانمان، تـۆوی ژیـان و مانـمانن .. دەڕوێن و شـین دەبـن .. ساڵ لە دوای ساڵ گەورەتــر دەبن .. دەبنە نەمامی تەڕ و ناسکی هــیوامان .. تا زیـاتر بەیاخ بەم شــــلکە نەمامانەی ئەمڕۆمان بدەین .. تا زیاتر خزمەتیان بکەین .. جوانـتر دەڕسکێن .. باشــتر چـرۆ و گـەڵا دەکەن .. نایابتر بەر دەدەن .. دەبنە کەڵەداری بەهـێز و رەگ داکوتــراو .. دەتوانن لەبەر لیزمە و رەهێڵە و رەشەبا و زریان و تۆفانی رۆژگارە سەختەکاندا خۆیان بگرن و هەڵنەتەکـێن .. دەتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم سەردەمە جەنجاڵە و، لەگەڵ داهاتووی جەنجاڵتردا دەربەرن .. لە کاروانی خێراڕەوی شارستانی و پێشکەوتن دوانەکەون .. لەگەڵ داهێنانە سەیر و سەمرەکانی رۆژانەی تەکنۆلۆژیادا نابەڵەد نـەبن .
لەم روانــگەیەوە، دەستەبــەرکــردنی دواڕۆژێــکی گەشــتر و شـیاوتر بۆ کوردســتان .. ژیانێکی خۆشتر و شیرینتر بۆ گەلی کوردمان .. هێنانەدی هیوا و خواست و خـەونەکای ئەمــڕۆمان .. دامـەزرانــدنی دەوڵــــەتی سەربەخــۆی کوردسـتان، کە هیــوا و خـواستی هەموومـانە .. هەمـوو ئەم هیــوا و ئـاواتانەمـان، لە سـایەی بیـر و هـۆشی گەش و، بە مەچـەک و بـازووی کوردیلەکـانی ئەمڕۆمـان دێـنە دی .
هەر ئەم کوردیلە چاوگەشانەی ئەمڕۆمانن، لە سبەینـێدا دەبنە شاسوار و شـۆڕەسواری مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی .. دەبنە کورد و کوردســتان پەروەری دڵـسۆز .. دەبنە شۆڕشگێڕی چاونەترس، بە پێشمەرگەی چەک و پێنووس و کوردستان لە داگیرکەرانی رەگەزپەرست رزگــاردەکەن و سەربەخۆیی کوردســتان رادەگــەیەنن .. ئـاڵای پیـرۆز و رەنگینـمان لە هەموو شوێنێکی کوردســتاندا هەڵدەکــەن .. ئەمانن شکۆداری نەتەوە و نیشتــمانەکەمان دەپارێزن .. هەرگیـز سازش لەسەر مــافە رەواکانی گەلەکەمان ناکەن .
کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە پاڵـیۆز و بە نوێنەرانی کوردسـتان لە وڵاتـانی جیهاندا .. دەبنە هەڵگری پەیـامی ئــازادی و، چڵە نێرگــزی ئاشتی، بە هەمـوو گـەلانی ئـــازادی و ئاشتیخوازی دنیا پێشکەش دەکەن .. ئەم کـاکەلە رووحسـوکانەی ئەمـڕۆمـانن .. دەبــنە کەڵەپـیاوی مێرخـاس و پاڵـەوان .. دەبنە باوکــانی هۆشــیار .. ئەم خونـــچە گەشــانەی ئەمڕۆمانن، دەبنە شێرەژنی قـارەمان و نـاودار .. دەبنە دایـکانی بە سۆز و میهرەبــان .
کوردیلەکـانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا، دەبنە دەسەڵاتدار و کارمەند و فەرمانڕەوا.. دەبنە رابەر و سەرکردە و پێشەوا .. دەبنە نووسەر و رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و هونەرمەند .. دەبنە زانا و دانا و بیرمەند .. دەبنە پەرپاکەری شۆڕشێکی گۆڕانکاری و چـاکسـازی و نوێـخوازی .. ناهەموارییەکان و گەنـدەڵی و جـیاوازی و نــادادپـەروەری لەبن دێنن .
تا دروستر و پوخـتر و روخـتەتر کوردیلەکـانی ئەمڕۆمان پـەروەردە بکەین .. تۆکمەتر فێریان بکەین .. راستر ئاراستەیان کـەین .. باشتر رێنماییان بکەین .. گەشبینتر دەبین لەوەی کە رەنـج بێـوەر نـابین .. دڵنیا دەبین لەوەی کە نـەوەی ئەمڕۆمــان ئــایندەیەکی باشـیان دەبـێت و .. چارەنـووس و داهاتـووی کـورد و کوردسـتانیش گـەشـتر دەبێـت .. دڵنیا دەبین لەوەی، کە منداڵانی ئەمڕۆمان دەبنە تاکی بڕوابەخۆ و سوودبەخش .. دەبنە کاریتە و کۆڵەکە بەهێزەکانی کۆمەڵگایەکی خۆشبەخت و بەختەوەر و تەبای کوردیمان .
بۆ هێنانەدی ئەم هیوا و ئامانجانەشمان، پێویستە بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و زاناییەوە، بە ئەوپەڕی بەرپرسێتی و دوورئەندێشەییەوە .. بایەخ بە پـەروەردەکـردن و بە ڕێنمایی و بە ئـاراستەکردن و، بە راهێنان و، بە ئامـادەکردنی کوردیلەکـــانی ئەمڕۆمـــان بـدەین .. پێویستە بە هەستی کوردایەتی و، بە سۆز و خۆشەویستی و ئینتیمابوون بۆ کوردسـتان گۆشیان بـکەین .. ئەمانەش گرنگترین و، پیــرۆزترین ئــەرکی ئەستۆی هەموومـانن .. پێویسترین ئـەرکی نەتــەوەیی و نیشتــمانیمانن .. دەبێـت ئــەم راسـتییەش لەبــەرچـاو بگرین، کە نـەوەی ئەمڕۆمــان، لەگەڵ نەوەی سەدەی بیسـتەمدا جیاوازییەکی زۆریــان هـەیە .. نەوەی ئەمڕۆمان، ئاسۆی بیر و ئەندێشەیان فراوانتر و روونـاکترە .. هیــوا و خـەون و خواستەکانیـشیان، هەمــان خـــەون و خواستی نــەوەی پێش خۆیـــــان نین .. نەوەی ئەمڕۆمان، لە سـایەی جیهانگیری و تـازەگەری و پـەروەردەی نـوێ و، داهێنانە تـــــازەکانی تەکنۆلۆژیادا .. بوونی بە هەزاران کتێب و گۆڤاری وێنەداری رەنگاوڕەنگی هەمەڕەنگەی منداڵانیش لە بەردەسـتیاندان .. بوونی ئینتەرنێت و چەندین ئامێری زەین تيژکردن و زیانیاری دەوڵەمەندکردن .. بوونی دایکان و باوکانی و خێزانانی رۆشنبیر و هۆشیار و بە تەنگەوەهاتووی ئایـندەی کورد و کوردسـتان .. هەموو ئەمـانە بوونـەتە هۆی دروست بوونی نەوەیەکی چـاوکراوەتر و رۆشـنبیرتر و زۆرزانـترن و بلیـمەتر لە نەوەی پێشتریان .. لە رووەشە هەریەکە لە خێزان و قوتابخانە و راگەیاندن و میدیاکان و هەموو ئەو رێخراوانەش کە چاودێری کردنی جێبەجێکردنی مافـەکانی مـنداڵان دەکەن .. رووڵـێکی زۆر گرنگ و کاریگەریان لە پـەروەردەکردنی دروست و لە ئـاراستەکردنی راستی کوردیلەکانماندا هەیە .
ئەگەر بە پێی بنەما راسـت و دروستەکانی پـەروەردەی نـوێ، کوردیلەکــانمان گــۆش و پـەروەردەیـان بـکەین .. بێگومان سەرکەوتـوو دەبـین و دواڕۆژیــکی باشـتر و گەشـتر بۆ کـورد و کورستان مسۆگەردەکەین .
کەواتە دەبێت ئەوە بـزانین، کە چ ئەرکـێکی پیــرۆز و هەستیار و چـارەنووسـازمان لە ئەستۆدایە .. هەر کەمتەرخەمی و ساردی و سڕییەک لە گۆش کردن و پەروەردەکردنی جگەرگۆشـەکانی ئەمڕۆمـاندا بنوێنـین .. بە زیـانی چـارەنووس و ئـایـندەی گەلەکەمــان دەشکێنەوە .. کەسیشمان حەز بە ئاکامێکی نەخوازراوی وا ناکەین .
رەزا شوان / نەرویـج : ٢٥/ ٣ / ٢٠١٤