"an independent online kurdish website

لە دیرۆکی پڕ لە شانازی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا هەندێک ڕۆژی تاڵ و تفت هەیە کە ناخۆشترینیان ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوییە. ئەو ڕۆژە بۆ هەتا هەتایە وەک ڕۆژێکی ڕەش و تاریک یاد دەکرێتەوە. چوونکە لەو ڕۆژەدا پێشەوای کارێزما و کەڵە پیاوی مێژووی گەلی کورد قازی محەممەدی نەمر، دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سەرەک کۆماری کوردستان لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی واتە سەیف و سەدری قازی بەدەستی گەورە دیکتاتۆری ئەو دەم واتە حەمە ڕەزای پاڵەوی و دارودەستە نفرەت لێکراوەکەی لە سێدارە دران.peshewa_qazi_muhemmed

حکوومەتی حەمە ڕەزاشا بە هیوای ئەوەی کە بە لە سێدارەدانی پێشەوای گەلی کورد خەباتی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ هەمیشە کپ دەکاتەوە، دەستی دایە تاوانی لە سێدارەدانی سەرۆک کۆماری کوردستان. بەڵام هەر چەند تاوانی خۆی ئەنجام دا، بە هەڵەدا چوو، لە بەر ئەوەی رێبازێک کە پێشەوا رێبەریی دەکرد، لە قووڵایی هەست و خواستی نەتەوەی کوردەوە سەرچاوەی دەگرت و دەکرێ و ئەو میللەتەی پێشەوا قازی محەممەدی پێگەیاندووە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی نە تەنیا لە درێژەدان بە رێبازی سڵ ناکا، بەڵکوو هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر خۆی بە درێژەدەری رێگای ئەو شەهیدانە دەزانێ و تاکوو گەیشتن بە ئاواتەکانیان خەبات لە کوردستان درێژەی دەبێ.

 

پێشەوا قازی محەممەد ڕۆشنبیرێکی نەترس و رێبەرێکی بە مشوور بوو. بە هۆی نزیکی لە گەلەکەی شارەزای تەواوی دەرد و مەینەتەکانی ئەوان بوو. پێشەوا بە هۆی کەسایەتی بەرزیەوە خۆی بە بەشێک لە خەڵک دەزانی و خۆی لەوان جیا نەدەکردەوە. بە زمانێکی سادە و ئاسایی لەگەڵ خەڵک دەدوا و گوێ بیستی قسەکانیان دەبوو. بۆیە وەک یەکەم ڕیبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد نازناوی پێشەوای پێبەخشرا. ئەو هەموو ئیمکاناتی ماددی و مەعنەوی خۆی لە پێناوی بەختەوەری گەلی کورد دانابوو. پێشەوا نیشتمانپەروەرێکی دیموکرات، ناسیونالیستێکی مرۆڤ دۆست و دۆستی هەموو گەلانی ئێران و لایەنگری ئاشتی و دادپەروەریی جیهانی بوو. لە پێناوی وەدیهێنانی باوەڕە مرۆڤایەتیەکانیدا، پێسەوا قازی محەممەد تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرا، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا ڕێزی لە مافی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینیەکان دەگرت و کۆماری کوردستانی بە حکوومەتی هەموو دانیشتوانی کوردستان دەزانی.

 

پێشەوا دەیزانی بۆ بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگا بەشداری چالاکانەی ژنان وەک نیوەی کۆمەڵی کوردەواری و لاوان وەک هێزی دینەمۆی بەرەوپێش چوونی جڤاک، پێویستیەکی سەرەکیە. هەر بۆیە بە پێکهێنانی یەکیەتی ژنان و ناردنی لاوان بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات لە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و پێشکەوتوو لە کوردستانی دواکەوتوویی لێدراودا بوو.

 

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە لە مێژووی خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا بە ڕۆژی شەهیدان ناسروە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان ڕێز لە شەهیدانی ڕێگای رزگاری دەگرن. جێی شانازییە کە بە شەهید بوونی پێشەوا و هاوڕێکانی بڵێسەی گڕکانی خەبات دانەمرکایەوە و ڕێگای ئەو شەهیدانە بێ ڕێبوار نەمایەوە و زۆری نەخایاند کە ڕۆڵە ئازاو لە خۆبوردووەکانی نەتەوەکەمان بۆ خەباتێکی تووند و درێژخایەن وەخۆ کەوتن و قۆڵی هیممەتیان بۆ بووژاندنەوەی تەشکیلاتی حیزب هەڵماڵی. زیاتر لە ٦٧ ساڵە حیزبی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دڕندەترین دوژمنانی ماف و ئازادی دا لە خەبات دایە و لە پێناوی دابین کردنی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد دا هەزاران کەس لە ڕێبەران و کادر و ئەندامان و لایەنگرانی گیانیان بەخشیوەو شەهید بوون. بەو حاڵەش حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕۆژێک لە خەباتی خۆی ڕانەوەستاوە و بە چۆک دا نەهاتووە.

 

حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو ماوە دوورو درێژەدا تووشی هەوراز و نشیوی زۆر هاتووە و گەلێک قۆناغی سەخت و دژواری بڕیون، بە سەر زۆر تەنگ و چەڵەمە و کەندو کۆسپدا تێپەڕیوەو تێشکانی بە خۆیەوە دیون. ئەم حیزبە نە لە سەرکەوتنەکاندا لە خۆبایی بووە، نە لە تێشکانیش ناهۆمێد بووە. زیاتر لە نێو سەدەیە تێکۆشانی بێ پسانەوەی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕوونی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە خوێنی شەهیدان گڕکانی خەبات بڵێسەدارتر و بەتین تری دەکا و دوژمنانی ئازادی لەگەڵ نائۆمێدی و رێسوایی بەرەوڕوو دەکاتەوە.

 

لە کتێبی “پێوەندییەکانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان” لە نووسینی ڕیچارد ئەی. مۆبلی Richard A. Mobley و لە وەرگێڕانی بەڕێز حەسەن قازی، لە لاپەڕی ٣٠ ئەم کتێبە (مۆبلی) لە سەر قازی محەممەد وەها دەنووسێ:

 

بە ئاوردانەوە لە رابردوو، دەردەکەوێ چالاکییەکانی قازی دەیسەلمێنن کە ناوبراو پیاوێکی ئەوتۆ بووە کە بە کارامەییەوە هێز و دەسەڵاتی بەکار هێناوە، مامۆستایەکی هونەری مومکین بووە، پیاوێکی ئەوتۆ کە ئامادەیی ئەوەی بووە لەتەک بەرنامەی گشتگری کوردی بێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ئیئتلافێک کە بکرێ چەرخی کاری بگەڕێ، پێک بهێنێ. بە کورتی قازی کەف و کۆڵی بزووتنەوەی گشتگرەوەی کوردی بەکار هێنا لە کاتێکدا بە ئاسانی لایەنی پێشەوەچوونی ئیفراتی وەلانا. شتێکی تر کە لە سەر قازی ئەوەیە کە ناوبراو وەک موتوری هێزی کۆماری کوردستان وەحیساب دێ. هەرچەند قازی بێ ڕەقیبیش نەبووە.

 

لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە شاری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ بە شکست کۆتایی هات بەڵام لە ڕاستیدا دامەزراندنی کۆمارێک کە لە ماوەی یانزە مانگدا قۆناخێکی پڕ بایەخ بوو لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکاندا، هەروەها وەرگرتنی چەندین وانەو پەند لە گۆڕانی خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و رزگاری نەتەوەی کورد.

 

 

بەڕێز بێ یادی شەهیدانی هەرگیز نەمری گەلی کورد، بەتایبەتی سەرەوران قازی و قاسملوو شەرەفکەندی.

بڕۆخێ رێژیمی کۆنەپەرەست و تێروریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران

 

حەمید تەیموری

 

٢٧ ـ ٣ ـ ٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی