"an independent online kurdish website

٦٧ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ‌ به‌ره‌به‌یانی‌ ‌ 10ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ ساڵی‌ ‌ 1326ی‌ هه‌تاوی (1947.3.30 زایینی) ‌دا پێشه‌وا قازی‌، حه‌مه‌حوسێن خان‌ سه‌یفی‌ قازی‌(ئامۆزای‌ پێشه‌وا) ‌و ئه‌بولقاسم‌ سه‌دری‌ قازی‌( برای‌ پێشه‌وا) به‌ دوای‌ حوكم دران له‌دوو دادگای‌ ناعادلانه‌‌و فه‌رمایشی‌دا به‌ده‌ستی‌ چه‌په‌ڵی‌ دوژمنانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ چوارچرای‌ شاری‌ مه‌هاباد، mejid_heqi-0

واته‌ هه‌ر له‌و شوێنه‌ی‌ كه‌‌ ‌‌ 2ی‌ رێبه‌ندانی‌ 1324هه‌تاوی(1946.1.22زایینی) دا كۆماری‌ كوردستانی‌ لێ‌ راگه‌یه‌ندرابوو، له‌ سێداره‌ دران‌و شه‌هید كران‌و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌سه‌ر شان‌و پیلی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ شه‌ڕه‌فی‌ مه‌هاباد له‌ گۆرستانی‌ مه‌لا جامی‌ به‌ خاكی‌ پیرۆزی‌ نیشتمان سپێردران. 


حیزبی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستانی ئێران له‌ ‌ 10ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ 1358هه‌تاوی (1979.3.30 زایینی) ئه‌و رۆژه‌ی‌ وه‌ك رۆژی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستانی‌ راگه‌یاند. راگه‌یاندنی ده‌ی خاکه‌لێوه‌ وه‌ک رۆژی شه‌هیدان وه‌ک رووداوێکی له‌نه‌کاو و بۆنه‌یه‌کی حیزبی نابێ سه‌یر بکرێ، به‌ڵکوو ریشه‌ی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ ده‌بێ له‌ رۆحی بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ مافی چاره‌نووسی خۆی ده‌بێ ببیندرێ. 


هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی هه‌ندێک نرخ و سه‌مبۆلی هاوبه‌شن، که‌ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگاکه‌ به‌یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ 26ی سه‌رماوه‌زی 1325 و دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌ دووی رێبه‌ندانی هه‌مان ساڵ خاڵ گۆرانی گرنگن له‌ مێژووی بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد که‌ به‌ کورتی ده‌توانین ناوی “په‌ڕینه‌وه‌” له‌ دۆخی خه‌باتی عێله‌کی به‌ره‌و به‌نه‌ته‌وه‌ کردنی گه‌لی کورد ناو ببه‌ین. له‌و رووه‌وه‌ ده‌کرێ ئه‌و دوو رووداوه‌ سه‌مبۆلیکیه‌ له‌ لانی که‌م روانگه‌ی ئاڵ و گۆری نرخه‌ناوخۆیه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئه‌و کاتی کوردستان ، هه‌ل و مه‌رج و نرخه‌ سیاسیه‌کانی جیهانی ئه‌و کات، سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و ده‌وروبه‌ر لێک بده‌ینه‌وه‌. به‌و پێیه‌ راگه‌یاندنی ده‌ی خاکه‌لێوه‌ وه‌ک رۆژی شه‌هیدانی کوردستان، هه‌روه‌ک دیاری کردنی 26ی سه‌رماوه‌ز به‌ رۆژی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌نگاوێک به‌ره‌و نه‌ته‌وه‌یی کردنی ئه‌و نرخه‌ حیزبیانه‌ داده‌نرێن که‌ شوێن داده‌نێنه‌ سه‌ر نرخه‌ ناوخۆیی و سروشتیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان و ده‌بنه‌ هۆی گه‌شه‌ سه‌ندنی ناسنامه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌ بنده‌ست به‌ڵام خۆ راگره‌مان. 


ئا له‌و روانگه‌یه‌دا، ئه‌مرۆ خه‌باتی ئێمه‌ له‌ پێناو دیاری کردنی مافی چاره‌نووس به‌ پێێ هه‌ل و مه‌رجی ئه‌مرۆیی ناوخۆیی و ناوچه‌یی واتا به‌خشتر شی ده‌کرێته‌وه‌ و فه‌لسه‌فه‌ی بوونی حیزبێکی نه‌ته‌وایه‌تی و بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ روانگه‌ی گه‌شه‌ کردنی کۆمه‌ڵگادا روونتر ده‌بیندرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ راگه‌یاندنی رۆژی شه‌هیدان و رۆژی پێشمه‌رگه‌ له‌ 26ی سه‌رماوه‌زدا، هه‌نگاوێکی له‌نه‌کا و “ابتدا به‌ ساکن”ی هه‌ڵنه‌گرتووه‌، به‌ڵکوو وه‌ک درێژه‌ی ره‌وتی گه‌شه‌ کردنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد، وه‌ک ئه‌رکی حیزبێکی پێشره‌و له‌ بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تیدا ده‌ست پێکه‌ری جۆڵانه‌وه‌یه‌کی رادیکاڵی نه‌ته‌وایه‌تی – کۆمه‌ڵایه‌تی و دێکۆنستراکتیڤی کۆمه‌ڵگا بوو. ئه‌و هه‌نگاوه‌ خاوه‌نی ریشه‌ی مێژوویی خۆی بوو، له‌ یه‌ک جێدا له‌ ده‌ستی پێنه‌کردو دیارده‌یه‌کی کورتخایه‌ن نه‌بوو، بۆیه‌ دیارده‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ ده‌ستپێک و خه‌باتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ده‌کرێ و ده‌شێ له‌ روانگه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ لێی نزیک ببین و گوتاری نه‌ته‌وایه‌تی بزاڤی گه‌لی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ روانگه‌ی نرخه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی ئه‌و بزاڤه‌ ده‌شێ شی بکرێنه‌وه‌. 


په‌یامێک که‌ پێشه‌وای نه‌مری کوردان، قازی محه‌مه‌د به‌ گه‌لی کورد دا، له‌ وه‌سیه‌تنامه‌کیدا روونه‌، ئه‌و داوای خه‌بات، یه‌کگرتوویی، خوێندن و پێشکه‌وتنی بێ وه‌ستان و بڕوا به‌ خۆبوون و که‌سایه‌تی خۆ ده‌کات. دۆزینه‌وه‌ی که‌سایه‌تی “خۆ” دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی تاقه‌که‌سی و نرخه‌ هاوبه‌شه‌کان و له‌ ئاکامدا دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیه‌. له‌و رووه‌وه‌ دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ مه‌هاباد، راگه‌یاندنی دووی رێبه‌ندان و به‌داخه‌وه‌ له‌ سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و زۆر له‌ رێبه‌رانی جۆڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ستراتێژی بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کوردیان به‌ پلانێکی نوێ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه‌ هێنایه‌ کایه‌وه‌ که‌ گه‌شه‌ کردن و به‌ ئامانج گه‌یاندنی ئه‌رکی نه‌وه‌ی ئه‌مرۆیه‌. له‌و رووه‌وه‌ به‌نه‌ته‌وه‌یی بوونی رۆژی شه‌هیدان له‌ راستیدا به‌نه‌ته‌وه‌یی کردنی هه‌موو ئه‌و به‌ها گرانانه‌یه‌ که‌ شه‌هیدانی کوردستان له‌ پێناوه‌ی ئامانجه‌کانیان گیانیان فیدا کردووه‌.
به‌ هیوای ئه‌و رۆژه‌

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی