"an independent online kurdish website

کولتوور و چاندنی رێکخراو یان هەر گرووپێکی مرۆڤی رەنگدانەوەیەکی باوەر، کردار و هەڵسوکەوتی رێبەرانی ئەو رێکخراوەیە و میراتێکە کە بەجێیان هێشتووە. پێشەوا قازی محەمەد یەکەم رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکەمین سەرۆک کۆماری مێژووی کوردستان بوو.carakter_leader نەریتێک کە کەسایەتی پێشەوا قازی محەمەد بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەجێی هێشتووە، ئەمرۆش لە نەریت و بەهاکانی بەنرخ و گرنگی حیزبن.

بەها بە کورتی بریتیە لە شی کردنەوەی هۆ و مۆتیڤاسیۆنی تاکەکەسی و گرووپی ئێمە بۆ گرنگیدان بە کارێک و هەوڵدان لە پێناو جێبەجێ کردنی. بەهاکان دەتوانن ئەرێنی یا خود لە ناوەرۆکدا سنووردارن. بەها ئەرێنیەکان بریتین لە: بڕوا، داهێنەری، خۆشەویستی، راستگۆیی، دڵپاکی و شەفافیەت. بەها لەناوەرۆکدا سنووردارەکان بریتین لە: بەکارهێنانی هێز، سەرکۆنەکردن، خۆبەزڵ زانی و پلەو پایە پەرەستی، خۆ بەسەر خەڵک دا سەپاندن.

رێبەرانی گەورە کولتوور و چاندێک لە گەڵ خۆیان دێنن، کە بەهاکانی ئەوان دوای نەمانیانیشیان بەدەیان ساڵی دیکە ش ببنە بەهای هاوبەش و سەرەکی رێکخراوەکانیان.

تام پیتێر (Tom Peters) نووسەر و لێکۆلەری ئەمریکی بواری رێبەری لەو پێوەندیەدا دەڵێت: “رۆڵی رێبەر، بەرێوەبەری بەهاکانی رێکخراوەیە”.

ئەو نرخ و بەهایانەی کە قازی محەمەد لە دوای خۆیدا بەجێ هێشتووە، بوونەتە هۆی ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نزیک بە هەفتا ساڵە گەورەترین و لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە سەرنج راکێشترین حیزبی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و جیددی ترین رێکخراوێکە کە پرسی نەتەوایەتی لە سەرانسەری ئێران بەرەو پێش دەبات.

ئەو رێکخراوانەی کە خاوەنی بەهای مرۆڤی بن، تەنانەت کاتێک کە رکەبەرەکانیان بە هۆی هەلی تازەی سیاسی، ئابووری و رێکخراوەییەوە توانی بێتیان ببنە لێگەریان، دەتوانن سەرکەوتن بەدەست بێنن. ئەو رێکخراوانەی کە لەسەر بنەمای بەهاکانەوە دامەزراون، ڕێز لە ئەندامانیان دەگرن و بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی و رێکخراوەیی بە گرنگ دەزانن. لە بەرامبەردا ئەو رێکخراوانەی کە ئەندامانیان وەک کەرەسەیەکن بۆ گەیشتن بە ئامانج و رێگایان بەرتەسکە لە بەشداری سیاسی و رێکخراوەییدا، سەرەرای ئەوەی کە لەوانەیە ماوەیەک بە هۆی ئۆتۆریتەی رێبەرانیان سەرکەون، لە کاتی رووخانی ئۆتۆریتە و نەمانی ترسی “یەکگرتوویی” تووشی هەرەس هێنان و لەناوچوون دەبن. رێبەرێک کە بەها کان بکاتە ستراتێژی سیاسی و ئەرزشە کۆمەڵایەتیەکان بکاتە بناخەی رێکخراوەیی خۆی، دەبێتە بەشێکی جیانەبووە لە کۆمەڵگا. بۆیە رێکخراوی وا سەرەرای بوونی قەیرانی بڕوا، سیاسی و تەنانەت لە هەندێک قۆناغەدا قەیرانی رێبەری هەروا جێی هیوای کۆمەڵگای خۆیانن.

قازی محەمەد لە سەردەمێکدا بە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بوو بە رێبەری بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان، کە بەها توندئاژۆڤەکان و فەرهەنگی توندوتیژی خوازانە بە هۆی شەری دووەمی جیهانی بەسەر ناوچەدا حاکم بوو و دیکتاتۆرەکانی گەورەو و بچووکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان دادەمەزراند و جیابیرانیان لە رێگای بەها سەختەکانەوە لە ناو دەبرد. لەو سەردەمەدا قازی محەمەد وەک گاندی لە هیندوستان کوردستان دەکاتە مەکۆی خەباتێکی درێژخایەن بۆ لەناو بردنی زوڵم و زۆری و ئاسەواری نابەرامبەری. رەنگە لەو رووەیەشەوە بێت کە قازی بە جیاتی بەجێ هێشتنی کوردستان و رزگاری گیانی خۆی، وەک سەرۆک کۆمارێکی بەرپرس و رێبەرێک کە گەلەکەی بۆی لە پلە و پایەی گەورەتر بوو و ئامانجەکەی لە ژیانی بەنرختر، دوای هێرش هێزەکانی حکوومەتی ئێران سەرۆکۆماری کوردستان، خۆی بەدەستەوەداو تا لە بێدادگاکانی حکوومەتی پەهلەوی، بە فەلسەفەی خەباتی خۆی، داگیرکەرانی کوردستان بە چالش بکێشێ.

ریچارد بارێت (Richard Barrett) بیرمەندی بەناوبانگی بواری رێبەری و کولتووری رێکخراوەیی لە پێوەندی لە گەڵ رێکخراوانەی لە سەر بنەمای بەهاکان دامەزراون دەڵێت: رێکخراوە بەها ناوەند رێکخراوێکە کە بەهاکانی دەکاتە بنەمای بڕیاردەکان و بەردەوام لە حالی ئەزموونی دوارۆژێکە کە دەیهەوێ پێک بێنێت.” ئەو بەهایانە لە سەردەمە ئاستەمەکاندا دەبنە هۆی پێکهاتنی “فەرهەنگی بەرگری” بۆ ئەوەی رێکخراو بتوانێت لە سەردەمە سەختەکاندا خۆی لە گەڵ ژینگە بگونجێنێت و بە نەسرەوتوویی رێگای خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکان هەوڵ بدات. ئەوەی کە رێکخراو بەرەو پێش دەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو بەهایانەن کە رێکخراوەکە لە سەر بنەمای دامەزراوە.

لە رۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە بەهاکانی مرۆڤ دۆستی، مافی دیاری کردنی چارەنووس، دژایەتی لە گەڵ توندوتیژی سیستماتیک، دژایەتی لە گەڵ تیرۆر و تیرۆریزم، لایەنگری لە تۆلێرانسی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی پێکهێنەرانی کوردستان، دێموکراسی، یەکسانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگایەکی دوور لە کێشە و تەنگەژە چینایەتیەکان، کردە بەردی بناغەی خەباتی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی خۆی. پێشەوا قازی محەمەد بە هۆی رابردووی تاکەکەسی و بنەماڵەیی و بەهۆی باوەری قووڵی بە پێکەوە ژیان و ئاشتی نێوان سروشت و مرۆڤ تاقانە رێبەرێک بوو کە لەو سەردەمەدا ئەو بەهایانەی هێنایە ناو ریزەکانی کۆمەڵەی ژکاف )کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد) و دەوای ئەودا بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەو بەهایانە بوونە ناوەرۆکی یەکەم راگەیاندراوی حیزبی دێموکرات و هێلەسەرەکیەکانی سیاسی ئەو حیزبە بۆ دامەزرادنی کۆماری کوردستان.

حیزبی مۆدێرن لە کۆمەڵگای نەریتی دا

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمێکدا رێنێسانسی سیاسی لە بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورددا پێک هێنا کە زیاتر لە 70% خەڵکی کوردستان گوند نشین بوو، تەنیا 5% خەڵکی شارەکان خوێندن و نووسینیان هەبوو و وەرزێری سەرچاوەی سەرەکی ئابووری لە کوردستاندا بوو. لە کۆمەڵگایەک بە نەریتی بەهێزی وەک کۆمەڵگای کوردستاندا دەبێ ستراتێژیەکی بە هێز هەبێت بۆ ئەوەی حیزب بتوانێت جێێ خۆی لە ناو کۆمەڵگادا بکاتەوە و دروشمەکانی خۆی بکاتە ویستی گشتی و لایەنگری جڤاک بەرەو لای خۆی راکێشێ.

ستراتێژی حیزبی دێموکرات بریتی بوو لە وەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی کورد، واتە مافی دیاری کردنی چارەنووس و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوکات رزگاری بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەقامگیری هەرێمی ژیر دەسەڵاتی حیزب. هونەری پێشەوا لەوەدا بووە، کە توانیویەتی ئاسۆبینی خۆی بە شێوەیەکی گشت پەسەند بکاتە ستراتێژی حیزب دیموکرات و کارەکان بەشێوەیەک رێبەری بکات کە بەربەستە کولتووریەکان رێگری نەبن بۆ هەوڵدان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی. لە روانگەی زانستی بەرێوەبەری دا، ستراتێژی چاک ئەو ستراتێژیەیە کە ئامانجی کۆتایی بۆ خەڵک روون بێت، ئامانجە دوور و نزیکی بکرێ بپێوندرێت و شوناسەکانی کردەوەیی جێبەجێ کردنی ستراتێژی روون بێت.

ئامانجەکان و راگەیاندراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتی دامەزراندندا، ئامانج گەلێکی روون لە رووی ناوەرۆک، شەفاف لە رووی رووبە کۆمەڵگا کردن و شێوەی جێبەجێ کردنیان بە پشت بەستن بە هێزی خۆی و یارمەتی دەرەوەیی دەست نیشان کرابوو. هەر ئەو ئامانج و مێتۆدە شەفافانە بوون بە هۆی ئەوەی کۆماری کوردستان لە ماوەی کەمتر لە شەشمانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات راگەیاندرا. لەو رێکخراوانەی کە خاوەنی فەرهەنگی دینامیک و بەهێزی رێکخراوەیین، بەڕێوەبەران و کاربەدەستان بە هێز و وزەیەکی زۆرەوە بەەو گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەنگاو دەنێن و کاتێک هەنگاوەکانیان لە گەڵ ستراتێژیان گونجاو بێت رێگای گەیشتن بە ئامانجەکانیش کورت تر دەبێت. پێشەوا رێبەرێک بوو کە توانی بووی بە خوڵقاندنی هەستی هاوبەش لە چوارچێوەی دروشمە هاوبەشەکاندا، هاندەری هێزی حیزبی دێموکرات و خوڵقاندنی کەشێکی وا بێت، کە لە ماوەیەکی کورت دا هەلومەرجی ناوخۆیی دامەزراندنی کۆمار ئامادە بکرێت.

بە داهێنانی ئاسۆیەکی گونجاوە کە رێکخراو دەتوانێت فەرهەنگێکی هاوگونج بە پێی نیازەکانی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەبات پێک بهێنێت و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان تێپەر کات. قازی محەمەد بە هۆی کەسایەتی ریالیستیەوە، لە رۆژی دامەزرانێ حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ئامانجی قۆناغی دیاری حیزب و ئەو بەهایانەی کە بەردی بناخەی حیزبن بە شێوەیەک دارشتووە کە، ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، بەهاکانی تازەیی خۆیان پاراستووە و خەونەکانی خەونی رۆژەڤی سیاسی کوردن.

پێنج تایبەتمەندی سەرەکی کە دەکرێ لە کەسایەتی پێشەوادا ببیندرێت بریتین لە:

  1. 1.ئامانج بۆ پێشەوا گەورەتر لە پلەو پایە و تەنانەت گیانی خۆی بوو
  2. 2.دەروەست بوون لە رێبەری و خزمەتکردندا
  3. 3.رێبەری بە شێوەی هۆشمەندی هەستی (هوشمندی احساسی)
  4. 4.دەروەست بوون بە نموونەی هەڵسوکەوتی شارۆڤەندی
  5. 5.زانینی ئەو راستیە کە کوردستان بەشێک لە سیستەمی ئابووری سەرانسەریە کە گەشەکردن و پێشكەوتنی بە پێشکەوتن و گەشەکردنی سەرانسەری ناوچەیەوە گرێدراوە.

لە هونەری رێبەری دا مەرجی رێبەری بریتین لە: 1) خۆبەرێوەبەری، 2) رێبەری خەڵکانی دیکە، 3) رێبەری حیزب و رێکخراو و 4) رێبەری کۆمەڵگا. گەر مرۆڤ نەتوانێ خۆی بەرێوە ببات، ناتوانێت کەسی دیکەش بەرێوە ببات. کەسێک کە نەتوانێ رێبەری کەسانی دیکە بکات، ناتوانێت رێبەری حیزب و رێکخراوێکیش بکات، گەر نەتوانی رێکخراوێک بەرێوەبەری، ئەوکات ناتوانی کۆمەڵگا و نەتەوەیەک ریبەری بکەی. پێشەوا خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە بوو کە بتوانێت جیا لە خۆی و خەڵکانی دەوروبەری لە ماوەیەکی کورت دا ببێتە رێبەری گەلی کورد و وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان رابگەیەندرێت.

کاتێک بیروباوەر و بەهاکانی رێبەرێک دەگۆردرێت، کردار و هەڵسوکەوتیشیان دەگۆردرێت، ئەمەش کاردانەوەی دەبێت لە سەر کولتووری رێکخراوەکە و لە ئەنجامدا هەڵسوکەوتی رێکخراو لە گەڵ دەوروبەری دەگۆردرێت. ئاڵوگۆری رێکخراوەیی بە ئاڵوگۆری رێبەری دەست پێ دەبێت، ئەوە مرۆڤەکانن دەگۆڕێن نەک رێکخراوەکان. بۆیە لە لێکدانەوەی ئاڵوگۆرەکانی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وردبوونەوە لە کەسایەتی رێبەران و پێرسۆنەلیتی ئەوان دەتوانێت یاری دەری چاک بێت بۆ تێگەیشتن لە ئاڵوگۆرەکانی ناو ئەو حیزبە.

پێشەوا قازی محەمەدی دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، خاوەنی کەسایەتیەکی وابوو، کە توانی بڕوای کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی و ناونەتەوەیی کاریگەری سەردەم بۆ لای خۆی راکێشێت و کۆماری کوردستان دابمەزرێت. بە دوای ئەودا تەنیا لە سەردەمی رێبەری دکتۆر قاسملوودا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بووبە حیزبێکی جەماوەری و مەکۆی هاوبەشی خەبات لە پێناو ئازادی و مافی چارەنووسدا. ناونیشانی نسکۆکان و لاوازی حیزب و رێکخراوەکان دوای ئەو دوو رێبەرە سەرەرای میراتی گەورەی بەجێ ماو لەوان، دەبێ لە لای کەسایەتی رێبەرانی سەردەمی حیزب بدۆزرێتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی