دوژمنانی گەلی كورد بە درێژایی مێژوو بە پراكتیزەكردنی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و بە مێتۆدگەلێكی جۆراوجۆر، هەوڵی تواندنەوە و لە نێو بردنی نەتەوەی كوردیان داوە و
هەردەم وەڵامی داخوازە ڕەواكانی گەلی كوردیان بە ئاگر و ڕەشەكوژی داوەتەوە. بە دوای شۆرشی گەلانی ئێران و هاتنە سەركاری ڕێژیمی مرۆڤ كوژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە كاتێكدا كە سەرجەم نەتەوەكانی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی كورد، خوازیاری پێكهێنانی سیستمێكی دێموكراتیك و گەلی بوون و داوای مافی چارەنووس و بەڕێوەبردن و ئیدارەكردنی وڵات بە بێ هیچ جیاوازییەكی ئیتنیكی و ئایینییان دەكرد، مخابن خومەینی ڕێبەری ئەوكاتی ڕێژیم بە بێ گوێدان بە ویست و خواستە ڕەواكانی خەڵك، فتوای شەڕ بە دژی خەڵكی مافخوازی كوردی ڕاگەیاند و جارێكی دیكە كوشت و كوشتارێكی بێرەحمانە بە دژی نەتەوەی كورد وەڕێ خست و بە هەزاران خەڵكی بێتاوان بوونە قوربانی و بە سەدان ئازادیخواز و تێكۆشەری نەتەوەكەمان لە سێدارە دران و كۆمەلكوژی و ڕەشەكوژی سەرتاسەری كوردستانی گرتەوە و شەڕێكی ماڵوێرانكەر بە سەر كوردستاندا سەپا و شار و بە تایبەتی گوندەكانیان قەڵاچۆ كرد و حورمەتی مزگەوتەكانیان شكاند و قورئانیان سوتاند و ڕەحمیان بە ژن و منداڵی ساواش نەكرد.
سیاسەتی كۆماری ئیسلامی بە مەبەستی سەركوت و داپڵۆسینی بزاڤی نەتەوەیی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران و هەوڵەكانی ئەم بزاڤە بۆ سەقامگیریی و جێگیر بوونی سیستەمێكی دێموكراتیك و بەدەستهێنانی مافی چارەنووس، لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە كەوتە بەر شاڵاوی قەڵاچۆ كردن و ڕەشەكوژییەوە. بە دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بە تاڵانچوونی دەستكەوتەكانی شۆڕش لە لایەن كۆمەلێك ئاخوندی هەلپەرەست و دژە ئازادییەوە، كوردستان كەوتە ڕەوشێكی نالەبار و دۆخێكی شەڕانگیز و خوڵقاندنی شەرێكی داسەپاو لە لایەن ڕێژیمەوە بە سەر كوردستاندا. ڕێژیم هێرشەكی بەربڵاوی لە شار و گوندەكانی كوردستان دەست پێكرد و بەشێكی بەرچاو لە گوندەكانی كوردستانی وێران كرد. بەتایبەتی هێرش بۆ سەر گوندی قەڵاتانی نەغەدە لە 6ی خاكەلێوەی ساڵی 1359ی هەتاوی كە وێڕای وێران كردنیئاوایی، 50 كەس لە خەڵكی ئەو گوندەی شەهید كرد. هەروەها ڕۆژێك دواتر و لە ڕۆژی 7ی خاكەلێوەی هەمان ساڵ، هێرشیان كردە سەر گوندی چەقەڵ مستەفا لە شاری نەغەدە و 21 كەس لە خەڵكی ئەو گوندەیان شەهید كرد و گوندەكەیان بە تەواویی وێران كرد. وێران كردن و كوشتاری خەڵكی ئاوایەكانی گێچێ و پیرانجۆغ لە ناوچەی سۆمابرادۆستی شاری ورمێ لە 3-4ی خاكەلێوەی ساڵی 1362ی هەتاوی، كە بوو بە هۆی كوژرانی 33 كەس لە خەڵكی ئەو دوو ئاواییە. كوژرانی زیاتر لە 50 هزار كەس لە خەڵكی بێ تاوانی كوردستان و وێران كردنی دەیان گوندی كوردستان بەرهەمی سیاسەتی شەڕخوازانە و ئاسمیلاسیۆنی ڕێژیمەكانی ئێران بوو كە پێیان وابوو بە وێران كردن و ڕەشەكۆژیی خەڵكی كوردستان، تەڤگەری ئازادیخوازانەی نەتەوەی كورد لە ناو دەچێت. بەڵام ئەم سیاسەتە چەپەڵ و دژە مرۆییەی ڕێژیم نە تەنیا نەیتوانی ئیرادەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان لاواز و لە نێو ببات، بەڵكوو كوردستان ئەمڕۆ بۆتە مەیدانی خەبات و بەربەرەكانێ بە دژی سیاسەتی دژە مرۆییەی ڕێژیم و گەلی مافخوازی كورد هەروەك ڕابردوو بە ئیرادەیەكی بەرز و بەهێزترەوە، لە پێناو دابین كردنی مافە ڕەواكانی خۆیان تێدەكۆشن.