"an independent online kurdish website

دیسانه‌وه‌ له‌ كوردستان هه‌ڵبژاردنه‌و هه‌موو لایه‌ك كه‌وتووه‌ته‌ خوێ وخۆ ئاماده‌ ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی هاوڵاتیان و كورسییه‌كانی مسۆگه‌ر بكات و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ حزبه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و سامان و نه‌وتی كوردستان كون و قوژبنی شه‌قام و رێگاوبان و دیوارو سه‌ربانی خانوی ماڵان و ئه‌پارتمان وقوتابخانه‌كان وچایخانه‌و چێشتخانه‌و دوكان ومۆڵه‌كانیان به‌ دروشمی زه‌ق و بریقه‌دارو سه‌ره‌نجراكێش ته‌نیوه‌وdeng_dan

هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بۆ فریودانی هاوڵاتیان به‌ پۆست و پاره‌و، لافوگزافی دیموكراسی لێئه‌ده‌ن و بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بنه‌مایه‌كی دیموكراسی هه‌بێت و، ئه‌وه‌تا نزیكه‌ی حه‌وت مانگه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌و په‌رله‌مان په‌كی كه‌وتووه‌و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ حكومه‌ت پێكبێت و، رژێمه‌كانی دژ به‌ هه‌ریمی كوردستان به‌ ئاشكرا ده‌ست ئه‌خه‌نه‌ ناو كاروباری پێكهێنانی حكومه‌ت و كه‌سانی داموده‌زگاكانی سیخوری ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ شاره‌كانی كوردستان ته‌راتین ئه‌كه‌ن و، به‌رپرسه‌كانی ئێمه‌ش ناوێكی گه‌وره‌و فوتێكراون و هیچیان له‌ ده‌ست نایه‌ت و هه‌فتانه‌ به‌م لاو ئه‌ولا هه‌ڵپه‌ هه‌ڵپیانه‌و روو له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌كه‌ن.

له‌ كوردستان هه‌ست به‌ دیارده‌یه‌كی نوێ و نامۆ ئه‌كرێت ئه‌ویش به‌ ناردنی كه‌سانێك تا دوێنی ئه‌ندام ولایه‌نگیرو مووچه‌خۆری حزبێك بوون و، ئه‌مرۆ ره‌وانه‌ی حزبێكی تر ئه‌كرێن و خۆیان له‌سه‌ر لیستی حزبه‌ نوێكه‌ كاندید ئه‌كه‌ن و، ئه‌مه‌ش ره‌واڵه‌تێكی قیزه‌وه‌ن و گڵاوو بێفه‌ره‌و ئه‌نجامه‌كه‌ی  زیانبه‌خشه‌و دووره‌ له‌ رێزگرتنی ده‌نگی هاوڵاتیان، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ كاندیدانه‌ بازرگانی ئه‌كه‌ن و، بێبارن و دوورن له‌ موراڵ و ئه‌خلاق و ته‌نها هه‌وه‌س و خواست و ئاره‌زوویان گه‌یشتنه‌ به‌و كورسییه‌ زێرینه‌یه‌ كه‌ شه‌وو رۆژ خه‌وی پێوه‌ ئه‌بینن و، له‌ پاش ته‌واو بوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌دۆزنه‌وه‌و  تاكه‌ تاكه‌ یان به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ریزی حزبه‌ نوێكه‌ وازئه‌هێنن و ئه‌گه‌رێنه‌وه‌ بۆ حزبه‌ كونه‌كه‌یان و، راستی ئه‌م بۆچوونه‌ش پاشان ده‌رئه‌كه‌وێت و، ململانی و ئاڵۆزی و گیروگرفت و قه‌یران  له‌ نیوان حزبه‌ “گه‌وره‌كان” دروست ئه‌كات و، ئه‌بێته‌ هوێ په‌كخستنی پرسه‌كانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كه‌ هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ په‌كی كه‌وتووه‌و، خۆیان لاوازو نابوت ئه‌كه‌ن و دوژمنان به‌‌سه‌ریانه‌وه‌ زاڵ ئه‌بن.

له‌و رۆژه‌وه‌ رژێمی خوێنرێژی سه‌دام حسه‌ین و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی رووخاوه‌و دستور بۆ عێراق نووسراوه‌ته‌‌وه‌ تا هه‌نوكه‌ به‌رپرسه‌كانی ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ گه‌وره‌كان خۆیان به‌ ماده‌ی (140) ئه‌خلافێنن و، هاوڵاتیان چه‌واشه‌ ئه‌كه‌ن و په‌نا ئه‌به‌نه‌ به‌ر درۆو ده‌له‌سه‌و خۆیان واپیشان ئه‌ده‌ن كه‌ ئاسه‌واری به‌ عه‌ره‌بكردن و راگواستنی زۆره‌ملێ له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابراوه‌كان به‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و مه‌خمورو شوێنه‌كانی تر ئه‌سرنه‌وه‌و ئه‌یانگێرنه‌وه‌ سه‌ر كوردستنان و، ئه‌وتا بێشه‌رمانه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵپژاردندا ئاماژه‌ی پێ ئه‌كه‌ن و لێره‌دا پرسیارێك قیت ئه‌بێته‌وه‌ یه‌كێك به‌و ناوچه‌ دابراوانه‌ بڵێت ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، ناوچه‌ جێناكۆكییه‌كان و یان ناوچه‌ دابریندراوه‌كان چۆن ئه‌توانێت ماده‌ی (140) ی شووم و نا موباره‌ك جێبه‌جێ بكات؟.

هه‌ندێ له حزبه‌ گه‌وره‌كان به‌ده‌ر له‌ خواستی هاوڵاتیان خۆیان كردووه‌ته‌ خاوه‌نی كوردستان، ئه‌گه‌ر باس له‌ رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی و رۆژانی سه‌ختی شاخ بكرێت ئه‌وا خۆیان به‌ پێشه‌نگ ئه‌زانن و، به‌ زۆره‌ملێ سواری سه‌ری هه‌موو شتێك ئه‌بن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكرێت كه‌ گه‌وره‌ترین پرسی نه‌ته‌وایه‌تییه‌ خۆیان ئه‌كه‌ن به‌ خاوه‌نی و، لێره‌شدا پێویسته‌ بووترێت ئه‌وه‌ی داڵده‌ی پیاو خراپ، به‌عسی و تومه‌تباران بدات چۆن ئه‌توانێت ئاوات و خواستی گه‌ڵ به‌دیبهێنێت؟.

حزب گه‌وره‌ بێت یان بچوك ئه‌بێ رێز له‌ خوێ و جه‌ماوه‌ر بگرێت و، به‌ دروشمی زه‌ق و بریقه‌دارو سه‌رنجراكێش سه‌ر له‌ كه‌س نه‌شێوێنێ و، هه‌وڵ بدات هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێت و با ده‌نگی‌ خه‌ڵك و سنوقه‌كان سه‌نگی مه‌حه‌ك بێت و، له‌ هه‌موو دونیادا حزبێك سه‌ر ئه‌كه‌وێ و حزبه‌كانی تریش به‌ دووایدا هه‌نگاو ئه‌نێن.

9/4/2014

 

وێنە : تۆری میدیایی رووداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی