"an independent online kurdish website

بەرێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حدکا چەند رۆژ پێش ئیستا سەردانی وڵاتی سوێدی کرد.ali-hashemi

لەو ماوەدا بەشداریی لە چەند کۆبوونەوەی گشتیی و تەشکیلاتیدا کرد. یەکێک لەو کۆبوونەوانە رۆژی ٢١/٠٥/٢٠١٤ لە شاری ویستروس کە منیش” سەید عەلی هاشمی” لەوێ نیشتەجێم بەرێوەچوو، بۆ بە شداری لەو کۆبوونەوەدا کە زیاتر بۆ ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رێکخرابوو بانگهێشتن کرابووم.

    لەپاش وتەکانی بەرێز کاک مستەفا، وەک هەموو کۆبوونەوە حیزبیەکان دەرەتان و رێگە بە بەشداران درا بۆ ئەوەی کە لە سەر باسە پێشکەشکراوەکە، ڕاو وبۆ چوونی خۆیان دەر ببڕن. جێی ئاماژەیە سەرەرای ئەوەی  یەکێک لە بەرێوەبەرانی کۆبوونەوەکە هەوڵی دەدا پێش بە باسکردن لە سەر یەکگرتنەوەی دووبەشی لێکدابڕاوی حیزبی دیموکرات بگرێت،  بەڵام لەبەر ئەوەی کێشەی دوو دیموکرات پرسێکی زۆر گرینگ ولە روانگەی بەشدارانەوە پێوویستی بە چارە سەر هەبوو، بۆیە داوا و خوازیاری دیتنەوەی رێگەچارەی ئەوکێشەیە لە سکرتێری گشتیی بوون. منیش کە رێگەم پێدرابوو بیروڕای خۆم دەر ببڕم سەرە رای هەست کردن بەئازارێکی زۆر لە پشتمدا کە بەهۆی عەمەلیاتی دیسک بەرۆکی گرتبووم و بەیارمەتی وبە بەکار هێنانی حەبی بەهێزی ئارامکەرەوە  توانای دانیشتنم لە سەر ویلچەرەکەم(چەرخی کەمئەندامان) بوو، هەوڵمدا ئەوەندەی بۆم دەکرێت قسەکانم کە رەنگدانەوەی دڵ و لاشەی پڕئازام بوو روو لە سکرتێری گشتیی بەیان بکەم. هەرچەندە منیش وەک زۆر کەسی دیکە لە پلاری کاکی کۆڕگێڕ بێبەش نەبووم، بەڵام  وەک پێشمەرگەیەکی دێرێنی کەم ئەندام و ئازار چێشتوو بەپێویستم دەزانی بە راشکاوی بۆچوونی خۆم لەسەر پرسی یەکبوونەوەی حیزب باس بکەم.  ناوەرۆکی  قسەکانم تەنها داخوازی چارەسەری کێشەی دوو دیموکرات و یەکبوونەوەی دووبارەی حیزب و رێزگرتن لە تێکۆشەرانێک بوون کە بەهۆی جۆراو جۆر دوورەپەرێز کرابوون.

   بەڵام کاتێک یەکێک لە دژبەرانی تاسەر ئێسکان تووڕە لە چارەسەری کێشەی دووبەشی لێکدابڕاوی حیزب، بە ئامادە بوونی بەرێز سکرتێری گشتیی و بەئاماژە بە قسەکانی من ئیهانەی پێکردم و بە نارەوا تەوهینی پێکردم. بە پشتبەستن بەو قسانەی کاک مستەفا کە لە وتارەکەی خۆێدا باسی  کرد کە رێگە بەکەس نادەێن تەوهین بەهیج کەسێک بکرێت، هەر وەک رێگە بەکەسیش نادەێن تەوهینمان پێ بکات، لە نامەیەکی کورتدا بۆ کاک مستەفا داوام لێکرد پێش بە تەوهین کردنی ئەو جۆرە کەسانە بگرێت. بەلام بە داخەوە وڵامەکەی کاک مستەفا ئەگەر نەلێم دەقاودەق بەڵکوو دەتوانم بڵێم بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ تەییدی قسەی ئەو کەسە بوو.

  تا کەسێک تووشی ئازاری پرووکێنەری وەک من نەبووبێت نازانی منی کەم ئەندامی  لاق بڕاوی ئازارمیوان چ دەکێشم، ئازارێک کە یادگاری رۆژانی سەختی خەباتە، ئەو رۆژانەی کە بەهەموو بڕوا و ئیمانەوە بە گژ دوژمنی گەلەکەماندا دەچووینەوە وباکیشمان لە گیانی خۆمان نەبوو رووحیشمان لەسەر بەری دەستی دانابوو بۆ بەرەوپێشبردنی سیاستی ئوسوولی حیزبی دێموکرات. بۆیە  چاوەروان بووم بەرێز کاک مستەفا  بە گشتیی رێگەی بەئیهانەکردن بەکەس نەدایەت وبەتایبەتیش بەرگریکارێکی دڵسۆزی شەهیدێکی زیندووی وەک من بوایەت. من کە بەهیوای بیستنی مژدەی یەکبوونەوەی دووبارەی حیزبەکە لە زاری سکرتێری گشتیی وەک هەموو ئەو کەسانەی کە داوایەکی هاوەشێوەی منیان لە بەرێزی بوو، بەشداری ئەو کۆڕەم کردبوو، بەڵام سەد مەخابن نەک وشەیەکی هیوابەخشی نوێم سەبارەت بەیەکگرتنەوەی دووبارەی حیزب لەلایەن سکرتێری گشتیەوە بەر گوێی نەکەوت، بەڵکوو لە هەمووکات دڵشکاوتر و پڕ ئازارتر و بێ‌هیواتر گەرامەوە.

  سەید عەلی هاشمی

٢٥/٠٥/٢٠١٤

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی