"an independent online kurdish website

چه‌ند مانگێكه‌ جموجوله‌كانی‌ رێكخراوی‌ تیروریستی‌ داعش(ده‌وله‌تی‌ ئیسلامی‌ عێراق و شام) په‌ره‌ی‌ سه‌ندوه‌و له‌ چه‌ند روَژی‌ رابردوودا به‌ هێرشێكی‌ چاوه‌رواننه‌كراو شاری‌ یه‌ك میلیون كه‌سی موسل یان داگیر كرد!madi_badri

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جێگای‌ سرنجو باس كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ ئه‌م هه‌موو هێزه‌ی‌ چون و له‌ كوێ‌ كوَ كردوه‌ته‌وه‌, ئه‌و هه‌موو چه‌كه‌ قورس و كه‌ره‌سته‌ نیزامیه‌ی‌ له‌ كوێ‌ هێناوه‌ كه‌ ئه‌رته‌شی حكوومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق له‌ به‌رامبه‌ری‌دا توانای‌ به‌رگری‌ كردنی‌ نیه‌. ئه‌گه‌ر ئاورێك له‌ رووداوه‌كانی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردووی‌ عێراق و كوردستان بده‌ینه‌وه‌ وه‌لاَمی‌ ئو پرسیارانه‌و پیلانه‌كانی‌ دوژمنانی‌ كوردمان بوَ ده‌رده‌كه‌وێ‌. به‌ پێی‌ یاسای‌ عێراق حكوومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان بوَی‌ هه‌یه‌ نه‌وتی‌ كوردستان بو ده‌ره‌وه‌ به‌رێ بكات و داهاتی‌ نه‌وته‌كه‌ش 16% بو هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت و ئه‌وی دیكه‌ش ده‌چێته‌ خه‌زانه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق.

ئه‌م هه‌نارده‌ كردنی‌ نه‌وته‌ بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق و مالكی‌ سه‌روك وه‌زیری‌ عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌بووه‌ بچێته‌ ژێر باری‌ ئه‌م یاسایه‌و له‌و پێوه‌ندییه‌دا بوَ گوَشار خستنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌یان كێشه‌ی‌ بوَ دروست كردوه‌, راگرتنی بودجه‌ی‌ هه‌ریم نه‌ناردنی‌ مه‌عاشی مانگانه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێك له‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ مالكی‌ دژ به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌.

هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ كوردستان بوَ ده‌ره‌وه‌, حكوومه‌تی‌ عێراق به‌ هه‌ره‌شه‌یه‌ك بوَ داهاتووی‌ عێراق و سه‌ره‌تایه‌ك بوَ سه‌ربه‌خوَیی كوردستان له‌ عێراقی‌ ده‌زانن بوَیه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ستیان بێت بوَ پێشگیری‌ له‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت ده‌یكه‌ن و بوَ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌نایان بوَ دوست و دوژمنانی‌ خوَیان كه‌ كێشه‌ی‌ كورد كێشه‌ی‌ هه‌موویانه‌ بردوه‌ تا رێگا چاره‌یه‌ك بدوزنه‌وه‌و پێشی پێ بگرن. له‌و پێوه‌ندیه‌دا كونسولی ئێران هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كوردستان و زمانی‌ كوردی‌ به‌ یه‌كێك له‌ لقه‌كانی‌ زمانی‌ فارسی ناو ده‌بات حاشا له‌ بوونی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ ناوی‌ كورد ده‌كات. هه‌روه‌ها كوماری‌ ئیسلامی‌ رای‌ گه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ربه‌خوَیی را بگه‌ینێت پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ده‌پچرێنیت.

ته‌نانه‌ت سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ به‌ریز مه‌سعود بارزانی‌ بوَ ئه‌روپاو پێشوازی‌ گه‌رموگوری‌ ولاتانی‌ ئه‌روپایی و هه‌ڵكردنی‌ ئالاَی‌ كوردستان له‌ واتیكان و به‌شێك له‌ ولاَتانی‌ ئه‌روپایی ئه‌و مه‌ترسیه‌ بوَ عێراق و ئێران و دوژمنانی‌ كورد دووپات بووه‌ كه‌ كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خوَیی ده‌روات هه‌ربوَیه‌ پێویست بوو پیلانێكی‌ نوێ دابرێژرێت تا ئاسایشی‌ كوردستان تێك بدرێت ئه‌و هیواو ئوَمیده‌ی‌ كورد كه‌م بكه‌نه‌وه‌. له‌م به‌ینه‌دا گواستنه‌وه‌ی‌ جموجوڵه‌كانی‌ داعش له‌ ده‌ورووبه‌ری‌ شاروچكه‌كانی‌ رومادی‌ و فه‌لووجه‌ بو مووسل بێ هوكار نه‌بووه‌, رێخراوێك له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا نه‌یتوانی‌ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ داگرێت و له‌ به‌شێكی‌ زوَر له‌ په‌لاماره‌كانی‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌رته‌شی عێراق شكستی‌ خوارد.

له‌ نه‌كاو له‌ مووسل سه‌رده‌ردێنێت و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ داگیر ده‌كات بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رگرییه‌كی‌ ئه‌وتو له‌ لایه‌ن ئه‌رته‌شی ناوه‌ندی‌ عێراق بكرێت ته‌نانه‌ت به‌شێكی‌ زوَر له‌ چه‌ك و چول و كه‌ره‌سته‌ی‌ نیزامیان بو داعش به‌جێ هێشت و كشانه‌وه‌و شاری‌ مووسلیان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌رواننه‌كراو پێشكه‌شی داعش كرد. به‌ پێی‌ هێندێك سه‌رچاوه‌ خه‌ڵكی‌ مووسل رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زوَر له‌ چه‌كداره‌كانی‌ داعش عه‌ره‌بی نازانن! و ده‌ڵین ئه‌م چه‌كدارانه‌ له‌ ولاَتانی‌ دراوسێی عێراق هاتوون. كامه‌ ولاَتی‌ دراوسێی عێراق؟ سوریه‌, ئوردون, سعوودی‌, كوێت, لوبنان, یان ولاَتانی‌ كه‌نداو ئه‌مانه‌ هه‌موو ولاَتی‌ عه‌ره‌بین و دانیشتوانی‌ ئه‌م ولاَتانه‌ هه‌موویان عه‌ره‌بن یان عه‌ره‌بی ده‌زانن.

كه‌ وابوو له‌ ولاتانی‌ دراوسێی عێراق كه‌ عه‌ره‌ب نین و دانیشتوانی‌ عه‌ره‌بی‌ نازانن ته‌نیا ئێران و توركیه‌ن. ئه‌گه‌ر ئاورێك له‌ رابردوو بده‌ینه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیه‌ به‌ شێوه‌ی‌ راسته‌وخوَ ئه‌و چه‌شنه‌ ده‌ستێوه‌ردانانه‌ی‌ نه‌كردوه‌و له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا نایكات, ته‌نیا ئێران ده‌مێنێ كه‌ پێشتریش له‌ لایه‌ن سوپای‌ پاسدارانه‌وه‌ چه‌ندین ئه‌زموونی‌ نیزامی‌ له‌ عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌. ئامانج له‌ كشانه‌وه‌ی‌ داعش له‌ رومادی‌ و فه‌لووجه‌ بو مووسل و هاوكاری‌ ئێران و عێراق له‌و رێكخراوه‌ تیروریستیه‌ چیه‌؟ مووسل له‌سه‌ر سنووری‌ كوردستان و ناوچه‌عه‌ره‌بیه‌كان هه‌ڵكه‌وتوه‌ ته‌نانه‌ت سه‌دا چلی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م شاره‌ كوردن, گواستنه‌وه‌ی‌ شه‌ر له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌كان بو ناوچه‌ سنووریه‌كانی‌ كوردستان و ته‌نانه‌ت كوردستان شوێنه‌وار له‌سه‌ر ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی هه‌رێمی‌ كوردستان داده‌نێت و یه‌كه‌م ئاسه‌واری‌ له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وته‌كه‌یه‌.

دوای‌ داگیر كردنی‌ مووسل ئێستا هه‌ره‌شه‌ی‌ شه‌ر بوَ سه‌ر ناوچه‌ كوردیه‌كانه‌. پێویسته‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كورد زوَرتر وریا بێت مێژوو خه‌ریكه‌ دووپات ده‌بێته‌وه‌ دوَژمنانی‌ كورد به‌ عه‌ره‌ب و ئێران , شێعه‌و سوننه‌ به‌ هه‌موو دوژمنایه‌تیه‌ك كه‌ پێكه‌وه‌ هه‌یانه‌ دیسان له‌ به‌رامبه‌ر كورد رێككه‌وتوون. هه‌ڵكشانی‌ شه‌ر له‌ ناوه‌ندی‌ عێراق بوَ سنووری‌ كوردستان , داگیر كردنی‌ سێهه‌مین شاری‌ عێراق به‌ یه‌ك میلیون حه‌شیمه‌ت, به‌رگری‌ نه‌كردنی‌ سوپای‌ عێراق و به‌ جێ هێشتنی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ نیزامی‌ بو داعش, بوونی‌ چه‌كداری‌ غه‌یری‌ عه‌ره‌ب له‌ ناو داعش و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی‌ دیكه‌ ئه‌وه‌مان زوَرتر بو ده‌سه‌لمێنی‌ كه‌ ئه‌و شه‌ره‌ شه‌ری‌ دژه‌ كورده‌.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی