هاوینی ساڵی ٦٩ی هەتاوی ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی هێزی قەندیل بوو، هەر جوڵاباینەوە بریندار یا شەهیدمان دەدا، دوژمن بە تەواوی ئیمکانات و قووەتی خۆی فشاری بۆ هێنا بووین. تەواوی رێگاکانیان لێ گرتبووین.

جاسووس و بەکرێگیراوی زۆری تەرخان کردبوون بۆ ئەوەی ڕێگا لە حزووری ئێمە لە ناو کۆمەڵانی خەلک بگرن، تەنانەت جاسوسی خەزاند بووە ناو خۆشمان کە لە دوایی دا ئاشکرا بوون، تەواو لە سنووری دەست کرد شۆر نەدەبووینەوە نەیاران پێ یان دەزانی و بۆسەیان بۆ دادەناینەوە.
بەداخەوە ئەو ساڵە شەهیدێکی زورمان دا، چەندین فەرماندەی قارەمان، ئازا و بە جەرگ، کوڕانی ڕۆژی تەنگانە ماڵ ئاواییان لێکردین و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون. لێرە دا ئیشارە بە یەکێک لەم بیرەوەرییە تاڵانە دەکەم کە چەندین شەهیدمان پێشکەش بە بارەگای کورد و کوردایەتی کرد.
دووهەم مانگی هاوینی ساڵی 1369ی هەتاوی بوو، هەوا لەو پەڕی گەرمی خۆیی دابوو ، هەر چەند لای ئێمە زۆر تەئسیری نەبوو چونکە مەقەڕەکانمان لە مالیخ و هیندێکیشیان لە داوێنی قەندیل بوون، هەردەم شنە بایەکی فێنک بە سەر ئەم مەڵبەندە دا دەهات تێکەڵ بە قاسپەی کەو و بۆنی مەندۆک و سوێسن و هەلاڵە و بیزا دەبوو، ماندویەتی لە لەشی مروڤ دەردەکرد، بە تایبەت کاتی دەمە و ئێواران کە بە ئاوە کەلە تەزێنەکەی داوێنی قەندیل کەتری ڕەشمان لێ پڕ دەکردو بە ئیستیکانی فەرانسەوی دوسێ چامان بە گەرمی فڕ دەکرد و بە دو سێ کەسان سیگارێکمان بە با دەکرد.
ئەو ساڵ من لە لکی دووی هێزی قەندیلی حیزبی دێمۆکڕاتی کورستانی ئێران سازمان درابووم، من کادری دەرمانی بووم بۆ ئەوەی لە مەنتیقە دا دەرمانم لێ نەبڕێت یا لە ئەسەر کەمبوودی دەرمان کەسمان هیچی بەسەر نەیەت. دوو دانە کۆڵەپشتیم تێک کردبونەوە کە بە رێگا دا دەڕۆیشتم لە پشتەوەم هەر تەپو تۆز بوو. فەرماندە هێزمان کاک ئەحمەد نەستانی و بەرپرسی مەڵبەند کاک سەید رەزا بوون، هەر وەها سەرلکمان کاک محەممەد قەرەخدری و جێگرلک، کاک عەلی دیواری بوون، یەکێک لە سەرپەلەکان شەهید رەحیم سێڵوەیی بوو یەک دوویەکیش چونەتەوە بۆیە ناویان ناهێنم. خولاسە یەک دوو رۆژ بوو فەرماندەرانی نیزامی کۆ دەبونەوە. بە تەمای عەمەلیاتێک بوون لە مەنتیقەی بەری مێرگان بۆ ئەوەی تۆڵەی شەهیدەکانمان بکەینەوە و ورەی خەڵکیش بەرینەوە سەر، بەڵام یەک دوو یەک لە فەرماندەکان لە گەڵ شێوەی حەرەکەتەکە ناڕازی بوون، هەرچی هێز بوو دەیکوت دەبێت عەمەلیات بکەن و بگەرێنەوە .بەڵام هێندێک موخالیف بوون چونکە بەراستی حەرەکەتێکی مەترسی دار بوو، تۆ عەمەلیات بکەی و بە پەلە بگەرێتەوە بۆ سنوور، چونکە هەر جارێک ئێمە تووشی دەرگیری دەبووین، دوژمن بنارەکانی دەگرت، دەیگوت برینداریان پێیە و حەتمەن بێرە دادێن. دوای مناقشەیەکی زۆر ساخ بونەوە کە بگەرێینەوە بەرەو ناوچە و وەڕێکەوتین ،پاش دوو ڕۆژ سەرمان لە ناوچەی بەری مێرگان وەدەرنا.
پاش رۆژێک حەسانەوە لە جەنگەڵی بەری مێرگان، لە کاتی ئێوارە بەرپرسان کۆبونەوە کە لە سەر جادەی سەردەشت پیرانشار عەمەلیاتێک بکەن. بۆ ئەم مەبەستە شەش، حەوت کەسی چالاکیان هەڵ بژارد، چونکە شوێنەکە زۆر حەساس بوو، نەفەراتی زۆری هەڵ نەدەگرت باقییەکەی دیکە ئامادە باش لە پشت دێی خرەچەوەندەرێ ماینەوە.
دەستەی دیاری کراو بە نێو جەنگەڵ دا و بۆ نێو دێ شۆڕ بونەوە، لە عەینی کاتیش دا تاقمێک لە جاش و پاسدار بۆ ناو گوندی خرەچەوەندەرێ دەهاتن، دەستەکەی ئێمە بەوەیان زانی. بە عەجەلە خۆیان گەیاندە تەنیشت هۆڵەکانی دێ. لە و کاتەش دا خۆفرۆشان گەیشتنە نزیک هۆڵەکان لە یەکەم دەستڕێژی شێرە کوڕانی دێمۆکڕات دو کەلاک کەوتنە عەرزی و چەند کەسیشیان بریندار بوون، وەک عادەتی هەمیشەییان تا هێزیان تێ دابوو بەرەو دواوە رایان کرد، دو کوژراوەکان جاش و پاسدارێک بوون، ئێمەش هەموومان ساغ و سڵامەت بووین.
پاش شەرەکە دوژمن ناوچەکەی بە خەستی تۆپ باران کرد ئێمەش چەند کەسمان نارد بۆ ناو دێ هیندیک نان و پێخۆریان هێنا و تەقسیمان کردو بەرەو سنور کەوتینە رێ . هەرچەند یەکێک لە فەرماندەکان دوبارە تەئکیدی کردەوە کە بەرەو قوڵای بڕۆین بەڵام ئەوانی دیکە قبووڵیان نەکردو کوتیان بڕیاری هێزە دەبێ بگەرێینەوە، بەڵێ بەڕاکە ڕاک خۆمان گەیاندە بناری بەری مێرگان. لەوێدا پشوویەکمان داو دوبارە حەرەکەتمان کرد. شوێنی مەبەستمان دۆڵی خەرپاپی بوو، پێش ئەوەی بچی بۆ ناو دۆڵەکە هیندێک کۆنە کاولی لێ بوون، بێ خەبەر لەوەی خۆفرۆشانی گەل لە وێ دا کەمینیان بۆ داناوین بەڵام شەهامەتی ئەوەیان نەبوو کە تەقەمان لێ بکەن، بەڵام خەبەریان بە ئاغاکانیان دابوو کە ئێمە بەرەو دوڵەکە دەڕوین رەسەدی تۆپخانەیان دەگەڵ دۆلەکە میزان کرد بوو ، ئێمە زۆرمان نەمابوو کە بگەینە ناو دۆڵەکە کە گرمەی تۆپێک لەو بەری دۆڵەکەی دا، توپی دوهەم ئێمە لەناو دۆلەکە بووین کە موستەقیم لە سەفی پێشمەرگەی دا، شەو چەندە ڕەش بوو ئەوەندەی دیکە رەش بوو. لە بەرچاوانمان لە بەر تۆز و دووکەڵ چاو چاوی نەدەدیت ،ناڵە نالی برینداران بێدەنگی شەوی شکاند بوو، پاش وەخۆ هاتنەوە کە هەستاینەوە لە دوایی من را یا شەهید بوو یا بریندار . منیش برێکم دەست لە خۆم گێرا دیار بوو بریندار نەبووم تەنها بە بای خۆمپارەکە سەرم وەبەرد کەوت سەرم هەڵتۆقی بوو، پاش وەخۆ هاتنەوە کە چاومان لێکرد سێ شەهید و هەشت بریندارمان هەبوون. هەر چونێک بێت بریندارەکانمان راگوێستن و بۆ بن رەوەزەشاخێک رویشتین کە تۆپ و خۆمپارە نەی دەگرتەوە. ئەوەی راستی بێت نەمان توانی شەهیدەکان راگوێزین چونکە بریندارەکانمان زۆر بوون و تەنها یازدە کەسی ساغ مابوینەوە. بریارمان دا هەرکات بریندارەکان دەربازیان بوو ئەو کات بۆ شەهیدەکان بچینەوە. بە هەزار چەرمەسەری لە بن رەوەزەکان بریندارەکانم دەرمان کرد ئەلحەق کاک مراد جۆڵا هاوکاری باشی کردم لە برین دۆزینەوە و بانداژ کردن دا کە جێگای سپاس و تەقدیرە. بریندارەکان دودانەیان وەزعیان زۆر شڕ بوو خوشکە مرێم رەحمانی کە زۆر شۆێنی تیکەی تی دابوو بریندار بوو، دەبا لە کۆڵمان کردبا ئەوی دیش کە ئێستا تەسلیم بوتەوە نام هەوێت ناوی بێنم بەڵام بەراستی بەغیرەت بوو، لە سەر برینەکانی خۆی دڵخۆشی ئەوانی تری دەداوە بریندارەکانی دیکە هەمووم لە یاد نین چەند کەسێکیان نەبێت وەک سەید سەمەد تاهیری، محەممەد حەسەنەرەش، یەک دوکیشیان چونەتەوە، شەهیدەکانیش بریتی بوون لە رەحیم سێڵوەیی سەرپەڵ، فاتمە دلاوەری و قادر وەفایی، سەحنەیەکی زۆر ناخوشمان دی، کاتی شەهید بونیان شەهید رەحیم و شەهید فاتم لە تەنیشت یەک دەست لە دەستی یەک دا شەهید ببوون ئاخر قەرار بوو کە بگەڕێنەوە لە ناوچە پێکەوە زماوەند بکەن بەڵام ئێمە شاهیدی زماوەندی شەهید بوونیان بووین، لەو کاتە دا هیچ چاوێک نەیدەتوانی خۆراگرێت و فرمێسکی خوێنینیان بۆ نەرێژێت.
من ئەو کاتە شەهید رەحیمم ناسی کە لە ترسی بۆمباران شاری پیرانشارمان چٶل کردبوو. لە ماڵی خاڵم لە سێڵوێ گیرسابوینەوە ساڵی 1366ی هەتاوی لە سەر بڕیاری حیزبی گەڕامەوە ناوخۆ تا هاوکاری بنەماڵەکەم بکەم و لەپەنا ویش دا کاری حیزبی، ئەو کات شەهید رەحیمم ئەندام داخیلی بوو، کورێکی چالاک جێگای متمانەی خەڵکی قسە خۆش سەنگین و هەتا بڵێی چاو نەترس بوو ،رەئیس پاسگای سێڵوێ فشاری زٶر بۆ خەڵک هێنا بوو. شەهید رەحیم ساغ بۆوە کە تەقەی لێبکات ڕۆژێک ئەم دەرفەتە رەخساوو تەقەی لە رەئیس کرد بەڵام رەئیس دەربازی بوو بە سوکی بریندار کرا، لەو کاتە دا ژنێک شەهید رەحیمی بەتفەنگەوە دیتبوو دەست خۆشی لێکرد بوو، شەهید رەحیم لە ترسی ئاشکرا بوون دوای ئەم روداوە یانی ساڵی 67 خوی گەیاندەوە ناو ریزەکانی پێشمەرگە لە کوێستانەکانی بەربنە، هەر زوو ئازایەتی و قارەمانی رەحیم سێڵوەیی بۆ هەموان دەرکەوت و لە ماوەیەکی کەم دا کرا بە جێگر پەڵ و دوای پە سەرپەڵ. کاتێک ساڵی 1368ی هەتاوی یەکترمان دیتەوە سەرپەل بوو، بەراستی حیزب فەرماندیەکی بەوەج و کارامەی لە دەست دا.
شەهید فاتمە دلاوەری خەڵکی کانی باغ لە بنەماڵەیەکی ئاینی و نشتیمان پەروەر چاوی بەدونیا هەڵێنا بوو، شەهید فاتم ساڵی 68 دەگەڵ پۆلێک لە کچانی تر تێکەڵ بە ریزی حیزبی دێموکڕات بوون بەڵام بە داخەوە شەهید فاتم زۆر نە ژیا کە خزمەتی زیاتر بکات، دەیان ئاوات و خۆزگە لە ناو دەرونی فاتم دا خۆیان مەڵاس دابوو، بەڵام شەمشەمە کوێرەکانی تاریکی نەیان هێشت ئەم خۆزگانە چکەرە بکەن.
شەهید قادر وەفایی خەڵکی لگ بن، شەهید قادر کورێکی بە تەمەن بوو دیار بوو سارد و گەرمی ڕۆژگاری زۆر چێشتوە، ئەویش ماوەیەکی کەم بوو کە هاتبوو بۆ پێشمەرگایەتی، هەستەی داخیلی بوو و ئاشکرا ببوو. شەهید قادر سەختی زۆر چێشت بوو لە لە مەجلیس دادەنیشت باسی نەهامەتییەکانی خۆی دەکرد، سەرت لێ ئەستور دەبوو، یانی ئەوەی دەستی بۆ برد بوو شکەستی هینابوو، بۆ یەک جاریش شانس لە دەرگای قادری نە دابوو، لە کاتی چوون بۆ ئەم جەولەیەش کووتی من شانسم نیە شتێکم هەر بەسەر دێت کە بەداخەوە راست بوو، گیانی پاکی بەختی رێگای خاک و نەتەوەکەی کرد.
بگەرێمەوە بۆ شۆێنی روداوەکە پاش تیمار کردنی بریندارەکان حەرەکەتمان کرد بەڵام نەمانتوانی زۆر بڕوین لە بەر بریندارەکان لە بن دارە گوێزەکانی خەرپاپ ماینەوە. بەیانی زوو دەستەیەک لە پێشمەرگەکان گردەکانیان گرت نەکا دوژمن گەمارومان بدات سێ کەسیشمان لە لای بریندارەکان ماینەوە هەر چون بێت تەماسمان دەگەڵ هێز گرت، داوای ئەسپ و یەسترمان کرد بۆ بریندارەکان. پاش نیوەرو کە هیچ باس نەبوو بریارمان دا وردە وردە بڕوینە سەر تا هێزی کۆمەگی دەگاتێ، هەر چونێک بێ خۆمان گەیاندە بناری کوترەڵ لەوێ ماینەوە، پەیتا پەیتاش هێلیکوپتێرەکانی رژیم دەهاتن و ناوچەیان دەپشکنی لە شوێن پێی ئێمە دەگەران کە بە خۆشیەوە نەیان دیتین. هاوکاری گەیشتێ و بریندارەکانمان بەڕێ کرد و ئێمەش بڕیارمان دا بۆ شەهیدەکان بگەرینەوە. من و محەممەد قەرەخدری و عەلی دیواری و حەسەن جەناغی گەراینەوە. لە نۆێژی شێوان خۆمان گەیاندە دەوروبەری شەهیدەکان بەڵام کە چاومان لێکرد تەواوی دەوروبەریان مین گوزاری بوو هەروەها لەسەرەوەش کەمین یان گرتبوو چونکە ئاوری سیگارمان دیتن دەیان زانی کە بۆ شەهیدەکان دەگەرینەوە، بەداخەوە نەمان توانی کە شەهیدەکان بێنینەوە، پاش چەند رۆژ داگیرکەران لە تەنیشت پایگای سەری گۆمێ بە بوردزێل وەبن گڵیان دابوون.
لە ئاخیر دا دەم هەوێت بڵێم هەزاران سڵاو لە گۆری بێ نیشانی شەهید رەحیم خزرنژاد ناسراو بە رەحیم سێڵوەیی، فاتمە دلاوەری و قادر وەفایی، ئێوە نامرن ناوتان بیرەوەریەکانتان لە دڵی من دا هەڵقەندراوە.
مردن و نەمان بۆ خۆفرۆشان و داگیرکەرانی کوردستان.
چیا عەبدوڵازادە
پێشمەرگەکان: وێنەی 2 شەهید و چەند هاوڕێیەک کە لە نووسینەکەدا ناویان هاتووە، بەداخەوە وێنەی هەمانمان دەست نەکەوت.








