Hoppa till innehåll
Hem » د.قاسملوو، رێبه‌رێکی دێموکرات وسیمای به‌رزی مرۆڤایه‌تی، حوسێن نازدار

د.قاسملوو، رێبه‌رێکی دێموکرات وسیمای به‌رزی مرۆڤایه‌تی، حوسێن نازدار

22ی پووشپەری 1393هەتاوی 25ساڵ بە سەر شەهید بوونی دوكتور قاسملووی زاناومەزن دا تێ دەپەرێ، بەم بۆنەوە و لەم رۆژەداhusen-nazdar-01

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وگەلی كورد ودۆستان ولایەنگرانی كورد و دوكتورقاسملوو، لە زۆر شوێنی جیهان دا، بە شێوەی جۆراوجۆر رێز لە یاد و بیرەوەری ناودارترین كەسایەتی سیاسی و گەورە پیاوی مێژووی كورد ، دوكتور قاسملووی نەمر دەگرن. .

لە 22ی پووشپەری ساڵی 1368هەتاوی (بەرانبەربە 13ژوئیەی ساڵی 1989زایینی) دا، تیرۆریستە دڵرَەشەكانی رێژیمی ولایەتی فەقیە ،كەبە ڕواڵەت بۆباس و دیالوگ لەسەر مەسەلەی كورد لە ئێرانەوە ناردرابوونە ڤییەن (پێتەختی ئوتریش ).دوكتورقاسملوو سكرتێری گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان دەگەڵ كاك ”عەبدوڵا قادری ئازەر”ئەندامی كومیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی  وڵات و” دوكتور فازڵ رەسووڵ ”ماموستای  كوردی زانستگەی ڤییەن ،تیرور كرد.

 رێبەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران ، دەیانزانی كە دـ قاسملوو هەروەك لە خەبات بۆ دادپەروەری سیاسی و نەتەوایەتی و كۆمەڵایەتی دا شێلگیرە ، زۆر زیاتر لەوەش باوڕی بە وتووێژ و چارەسەری ئاشتیخوازانەی مەسەلەی كورد هەیە و هەر بۆیە كاتێك لە رێگای نیزامی یەوە زەفەریان پێ نەبرد ، فێڵبازانە و دەغەڵكارانە لە دەروازەی ئاشتیخوازانەوە بۆی هاتنە مەیدان  و بە ناوی  وتووێژی ئاشتیخوازانە لە سەر مافی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران ،لە ڤییەن دەگەڵی دانیشتن و تێروریان كرد.

راستییەكی حاشا هەڵنەگرە ،كە شەهید یوونی دـقاسملوو زەبرێكی كاریگەر و خەسار و كۆستێكی مەزن و شوێن دانەر بوو ، كە بە تایبەتی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كەوت.تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەو كۆستە گەورەیە ،كۆستی هەموو نەتەوەی كورد بە گشتی و بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران و بزوتنەوەی خەبات بۆئاشتی وئازادی و دێموكراسی لە ئاستی جیهانیدابوو.

ئەو كۆستە گەورەیە لەلایەك بوو بە مایەی خەم و پەژارەی خەڵكی كوردستان و دۆستانی گەلی كورد و لەلایەكی دیكەوە ڕق و قینی شۆرشگێرانەی ڕۆڵەكانی گەلی كوردی بەرانبەر بە رێژێمی ئاخوندی زیاتر لە پێشوو بزواند ولە سەر درێژەدانی خەبات و رێبازی رێبەرە مەزنەكەیان شێلگیر تری كردن  ولەئاستی جیهانیش دا ،سیما و نێوەرۆكی تێرویستی كۆماری ئیسلامی ئێرانی باشتر دەرخست.

دوكتور قاسملوو،بە شاهیدی و ئیعترافی زۆر كەسایەتی ناوداری كورد و ئێرانی و جیهانی كەلە نزیكەوە ناسیویانە ،گەورەترین و بەئێعتبارترین كەسایەتی سیاسی و مێژووی كورد بوو ،تەنانەت لە رۆژهەڵانی ناوەڕاستیش دا كەسایەتیەكی كەم وێنە بوو ،بزووتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان بۆبەشێكی بەر چاو لە دەسكەوتەسیاسیەكانی خۆی قەرزداری زانایی و زیرەكی سیاسی ئەو رێبەرە مەزنەیە ،بە داخەوە ئیستاشی لە گەل َبێ‌ گەلی كورد رێبەرێكی دیكەی هاوتای قاسملووی نەبوەتەوە.

دوكتور قاسملوو ،خوێندكارێكی  زیرەك و بە بەرنامە ، مامۆستایەكی كەم وێنە ،بیرمەند و رووناكبیرێكی بیركراوە و تێژبیر و وریا و ژیربوو.

دوكتور قاسملوو ،رێبەرێكی مودێرن و سیمایەكی دێموكرات ،مروڤێكی شورشگێر ، ،سیاسەتوانێكی واقع بین و نمونە ،دیپلۆماتێكی هەڵكەوتو  وسەفیرێكی گەورەی  نەتەوەی چەوساوەی كورد بوو..

دوكتور قاسملوو ،مودیرێكی داهێنەر و چالاك و پڕكار و ماندووی نەناس ، رێكخەرێكی بە توانا و ئەمانەت دار  ،پێشمەرگەیەكی بە نەزم و دیسیپلین  ،تێكوشەرێكی خاكی و خەڵكی و بەهەست و قسە خوش و راستگۆ  ،كوردێكی مافخواز و نیشتمان پەروەر بوو.

دوكنور قاسملوو ،لەئاستی كوردستان و ئێران و جیهان دا ،بەراستی خەباتگێڕی شێلگیر و لە خۆ بوردو و ماندووی نەناسی رێگای ئاشتی و ئازادی و دێموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوایەتی بوو..

دـقاسملوو ،بە زیرەكی و توانایی و ئەزموونی كەم وێنەی خۆی رۆنێسانسێكی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دا وەڕێ‌ خست  ،پێرەوپرۆگرامی حیزبی لە سەر بناغەو بنچینەی دیمۆكراسی وبەرژەوەندی گەلی كورد و سەربە خۆی سیاسی  بریاردان  دارشتەوە و كردییە بە رێبازی سیاسی حیزبی  ،سوسیالیستی دێموكرانی لە ناو حیزب دا چەسپاند و كردییە بە ئامانجی دوا رۆژی حیزبی دیموکرات.

 شەهید دوكتور قاسملوو ،باورێكی قووڵی بە دێموكراسی هەبوو ،پێی وابوو دێموكراسی شتێك نییە تەنیا تایبەت بە هێندێك كەس و چەند وڵات بێ‌  ، بەڵكو دەسكەوتێكی مروڤایەتییە و  هەركەسێك و هەر وڵاتێك مافی هەیە كە هەیبێ‌ و كەڵكی لێ‌ وەرگرێ‌ ،ئەو نەك هەر بۆ دۆستان تەنانەت بۆ دوژمنەكانیشی دێمۆكراسی دەپاراست و دەیفەرموو : ”خەبات بۆ دێموكراسی نابێ‌ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی و چینایەتی”

دـقاسملوو ،باوڕی قووڵی بە” ئازادی و داد پەروەری”هەبوو ، پێی وابوومرۆڤ هەروەك بۆ درێژەدان بە ژیان ٍپیویستی بە ”ئاو هەوا ”هەیە،هەر بەو چەشنەش بۆپەرەگرتن و گەشە كردن و درەوشانەوی كومەڵگای مرۆڤایەتی پیویستی بە ”ئازادی و دادپەروەری” هەیە.

شەهید دوكتور قاسملوو،باوڕی قووڵی بە”دۆستایەتی و پەیوەندی و هاوكاری”نێوان مرۆڤەكان هەبوو، پێی وابوو بۆ بەردەوام بوونی ژیانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ،بە پاراستنی ”بەرژەووندی و سەربە خۆیی و حورمەتی”بەرانبەر ،پیویستە ئەو پێوەندی و هاوكارییە هەمیشە گەشە بكا و پەرە بستێنێ.‌

لە بەر هەمووی ئەو تایبەتمەندییە بەرزانەی كە دـقاسملووی نەمر هەیبوون ،شەمشەمە كوێرەكانی حکومه‌تی ئیسلامی ئێران،دوژمنانی ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ ،بە پیلانی ئاشتی و بەغەدر و خەیانەت دەست بەكار بوون و مامۆستای دێموكراسی و پێغەمبەری ئاشتییان شەهیدكرد.

ٍئەوان بە  هەڵە چوون ، پێیان وابوو  بە تێروری دـقاسملوو ، رێباز و ئامانج و حیزب وگەلی قاسملووشیان تێرور كردوە ، بەڵام ئیستا پاش تێپەر بوونی 25ساڵ بە سەر شەهید بوونی دـقاسملوو دا ، زۆر ئاڵوگۆری  هەمە لایەنە  وگرینگ و چارەنووس ساز لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ناوخویی دا پێك هاتوون كە تەنانەت لە سەر حیزبی دێموكرات و گەلی كوردیش شوین و كاریگەری بەرچاویان هەیه‌  ، رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش زیاتر لە هەموو كاتێك كەوتوەتە بەر گەمارۆی جۆرواجۆری نێودەوڵەتی و جیهانی  و حیزبی دێموكرات و بیر ورێباز و ئامانجی قاسملووش بەردەوام لە بەره‌و پێش چوون و گەشە كردن و درەوشانەودان و رێبواران و قوتابیانی قوتابخانەی قاسملووش ،ئاڵای پڕلە شانازی ئەویان بە شەكاوەیی راگرتوە و بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجە بەرزەكانی گەلی كورد ،دڵسوزانە و سەربەرزانە و شێلگیرانە و بێ‌ووچان خەبات دەكەن و بەرەو ئاسۆی روون هەنگاو دەنێن.   

    حوسێن نازدار