"an independent online kurdish website

بەیانی رۆژی ١٩ ژوئیە زۆربەی راگەیاندنەکان، هەواڵی یەکەمیان لەسەر ئەوە بوو کە ئێران و گروپی ٥+١ پاش ١٨ رۆژ وتوێژ رێککەوتوون، هەتا ٤ مانگیتر درێژە بە دانوستانەکەیان بدەن.ali-esmailnejad

دانانی چوار مانگیتر بۆ دانوستان لەسەر کێشەی ناوەکیی ئێران لەو دۆخەدا کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێدا دەژی لە راستیدا دانی دەرفەتێکە بە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی ئاراستەی پرۆژەی ناوەکیەکەی بەو لایەدا بەرێ کە پتر لە بەرژەوەندی ئەو دایە.

هۆکاری ئەوەی کە زۆر کەس سەر ئەو باوەرن کە ئەو ٤ مانگە لە قازانجی کۆماری ئیسلامی دایە چییە؟

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە پێویستە سەیرێکی دۆخی گشتیی ناوچەکە و نەخشەی جیهانی وزە بکەین

سووریا ماوەی سێ ساڵە لە شەرێکی نێوخۆییدا دەسوتێ، عێراق تووشی شەری نێوخۆی هاتووە، ئەفغانستان بەرو ئاژاوە دەڕوات و پاڵێوراوانی هەڵبژرادنی سەرکۆماری ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان قەبوول نییە، ئیسرائیل و حماس لە شەڕدان، وڵاتی رووسیا بە هۆی پشتگیری لە سەربەخۆییخوازەکانی ئۆکراین لە لایەن ئەمریکا و یەکییەتیی ئەورووپاوە بەرەورووی گەمارۆیی ئابووری بۆتەوە ،لە هەموو ئەو ڕووداوانەدا ئەمریکا لایەنێکی بابەتەکەیە و گەڵاڵە و بەرنامەی تایبەتیی خۆی هەیە و ئێرانش بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێک لە بابەتەکەیە و هاوکات لەگەڵ ئەوە بەشێک لە قەیرانەکەیە و ئەگەر بەشێک لە قەیرانەکەش نەبیت، ئەو قەیرانە ئاوی دەچێتە ئاشی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ وێنە گەمارۆی ئابووریی رووسیا دەتوانێ ئێران و ئەو وڵاتە لێک نزیکتر کاتەوە و لەگەڵ ئەوەش روسییە یەکێ لە فرۆشیارەکانی وزەیە و ئەو وڵاتە بە هەر شێوەیەک تووشی کێشە بێت بۆ ئێران وەکوو دەرفەت سەیر دەکرێت ئێران یان لە فرۆشتنی وزە دەبێتە بەدیلی روسییە یا ئەوەی بۆ گران کردنی وزە دەبێتە دۆستی روسییە.

شەری ناخۆی لە سورییە وعێراق و دەستی ئێران لەو بابەتەدا و هێژمۆنی کۆماری ئیسلامی بەسەر حماسدا لەگەڵ ئەگەری سازبوونی قەیرانی وزە بە هۆی ئالۆزی نێو عێراق و گەمارۆی روسییە وامان پێدەلێت کە کۆماری ئیسلامی لەو ٤ مانگەدا بەدوایی ئەوەیە کە لە رێگای ئەو رووداوانەوە ئامریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەروپا پێملی ویستی خۆی بکات واتە ئەو ٤ مانگە بۆ کۆماری ئیسلامی دەرفەتێک بێت کە ئێران لەسەر دۆسییەی ناوەکییەکەی دانوستان ناکات بەڵکوو لەسەر ئەو قەیرانانە دانوستان بکات کە یان خوڵقێنەری بووە یا ئەوەی بەشێکە لە قەیرانەکە و لەو رێگەیەوە کێشەی ناوەکییەکی بەرو ئاراستەی خۆی بەرێت.

هەڵبەت لە گەڵ ئەوە لە کێشەی ناوەکی ئێراندا ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بە هۆی ئەوەی کێشەی ناوەکی ئێران راستەخۆ ئەمنی نەتەوەی ئەو وڵاتانە دەباتە ژێر پرسیارەوە هەر چەند ئەو وڵاتانە راستەخۆ لە دانوستانەکاندا بەشدار نین بەڵام کارتێکەریان لەسەر دانوستانەکان هەیە بۆیە دەبێت بلێن ئەگەر دیوێک دەیەوێت قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست بە قازانجی ئێران بگۆرێت ئەوە دیوێکیتر خوازیارە ئەو قەیرانانە بەرو ئاراستەی وڵاتانی وەکوو سعوودی و قەترە و ئیسرائیل بەرێ

لێرەدا زۆر روونە کە ئەو وڵاتانەش بە هیچ شێوەیەک حازر نین رێکەوتنێک بۆ کێشەی ناوەکی ئێران قەبوول بکەن کە ئەو رێکەوتنە لەسەر چۆنێتی چارەسەری قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست داندرێ نەک لەسەر چۆنێتی چارەسەری کێشەی ناوەکی ئێران.

دانانی ٤ مانگیتر بۆ دانوستان لەسەر کێشەی ناوەکی ئێران بێ گومان ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست و قەیرانەکانی ئەو ناوچەیە و قەیرانی وزە ئالۆزتر دەکات هەر بەو هۆکارانەش ئەو ٤ مانگە ناتوانێ دەروایەک بێت بۆ چارەسەری کێشەی ناوەکی ئێران بەڵکوو دەرفەتێک دەبێت بۆ دیپلۆماسی تێرۆر لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا هەر بەو هۆیەش دەبێت چاوەروانی ئەوە بین لە کە ٤ مانگی داهاتوودا قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست ئالۆزتر ببن و تێرۆریزمەکانیش بە تواناتر.

 

سەرچاوە: کوردپا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی