دیارنییە لە یەكەم دیداری نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی پێشووی عێراق، چی گوترا،
بەڵام گومان لەوەدانییە كە باسی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كراوە. بەوپێیەش کە باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی، فاتیحایان بۆ كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆككۆمار خوێند، چونكە توانیویانە ئەو پەیامە بە پارتی بگەیەنن كە دەیانەوێ كێ سەرۆكی داهاتووی عێراق بێت.
سەرەتا لە یەكێتییەوە دەستپێدەكەم، كە سێ كاندیدی دیاریكرد (دووی ئاشكرا و یەكێکی نهێنی)، كە لەبنەڕەتدا یەكێکیان (واتە فوئاد مەعسوم) پلانی A باڵی دەستڕۆیشتوو بوو و دوای ئەویش نەجمەددین كەریم وەك پلانی B داندرابوو. بۆئەوەی ئەگەر هات و “خوانەخواستە” بەرهەم ساڵح لەنێو فراكسیۆنە كوردییەكاندا دەنگی پێویستیش بهێنێت، ئەوە نەجمەددین كەریمی بەرامبەر قوت بكەنەوە. لەو حاڵەتەشدا دیسان دوورنەبوو فەوزا دروست بێت. پلانی A سەریگرت و، ئۆتۆماتیكییەن و وەك چاوەڕێ دەكرا، نەجمەدین كەریمیش پاشەكشەی كرد. ئەو نەجمەددین كەریمەی یەك هەفتەیە منەتی كەسی نەدەزانی و دەیگوت پاشەكشە ناكات! بۆیە لە لایەنی یەكێتییەوە شتەكە زۆر بە رێكوپێكی رێكخرابوو.
هاوكات یەكێتی لەسەر ئاستی عێراقیش ئیشێكی باشی بۆ فوئاد مەعسووم كردبوو، ئەوەش لەڕێگەی نێردراوە نهێنییەكانی خۆیان بۆ لای عەرەبە شیعەكان و گرووپەكانی دیكە، بۆیەش فوئاد مەعسووم زۆر ئاسانتر لە خولی دووەمی تاڵەبانیدا بە سەرۆكی عێراق هەڵبژێردرا و بڕوا ناكەم ئەگەر ئەو كاندیدە د. بەرهەم ساڵح بووایە ئاوا بەئاسانی پرۆسەكە كۆتایی هاتبایە.
یەكێتی، ئێران و عەرەبی شیعە بۆ هەنگاوەكانی دوایی هەموو شتێكیان بڕاندۆتەوە و دوور نەبوو یەكێكی وەكو د. بەرهەم ساڵح بووبایە بە یەكێك لە گەورەترین لەمپەرەكانی بەردەم ئەو پرۆسەیە، لە ئاستی عێراق و ناوچەییدا، بەڵام قەت باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی رێگەی نەدەدا بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆككۆماری عێراق و جێگەی تاڵەبانی بگرێتەوە. باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی كاتی خۆی نەیهێشت د. بەرهەم چوار ساڵی سەرۆك وەزیرایەتی تەواوبكات، چۆن رێگەی دەدا كە ببێتە سەرۆككۆماری عێراق، بۆیە تەحدداكانی د. بەرهەم ساڵح لەو ئاستەدا و ململانێكەی بێهوودە دیاربوو.
لەو بەینەدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەولا و ئەملا باسی ئەوە دەكرێت كە گوایە ئەگەر پارتی بیویستایە دەیتوانی وابكات بەرهەم ساڵح ببێتە كاندیدی كورد لە بەغدا.
جارێ خاڵی جەوهەری ئەوەیە كە هەمیشە زیرەكترین كەسەكان هەڵنابژێردرێن و سیاسەتیش بە عاتیفە ناكرێت. ئەگەر پارتی و گۆڕانیش دەنگی خۆیان بە تەواوەتی دابایە بە دكتۆر بەرهەم، دیسان لەمپەری دکتۆر نەجمەدین هەر دەما و دووبارە قەیران درێژەی دەبوو. چونكە هەر “دەباشان” رای لەسەر دكتۆر بەرهەم نەبوو. پارتیش ئەدەبیانە مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخەكەدا كرد و شكستێكی ئابڕوومەندانەیان بۆ دكتۆر بەرهەم دەستەبەركرد. چونكە ئەمڕۆ لەو بارودۆخەدا راگرتنی یەكێتی و باڵی دەستڕۆیشتوو، بەتایبەتیش دوای هێنانەوەی تاڵەبانی بۆ كوردستان، وا دەخوازێت كە یەكێتی لەناو بازنەدا بمێنێ و گۆڕانیش لەوەیاندا هاوڕای پارتییە.
رەنگبێ ئەوە دیوێكی دیكەشی هەبێت كە پارتی نەیویست كەسایەتییەكی بەهێز هەرچەندە كە لە خۆشی نزیك بێت، بنێرێتە سەر كورسیی سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەغدا. چونكە دكتۆر بەرهەم لە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەغدا شانسی ئەوەی هەبوو ببێ بە تاڵەبانییەكی دیكە لەڕووی سیاسییەوە، بەڵام فوئاد مەعسووم هەر فوئاد مەعسووم دەمێنێتەوە. ئەوە بۆ پارتی باشتر بوو.
دیارنییە بەرهەم ساڵح لێرە بەدواوە چی دەكات، بەڵام پێموایە لەناو یەكێتی نیشتمانیی کوردستاندا تووشی بنبەستی سیاسی بووە و هەموو دەرگاكانی لێداخراون و پێناچێ ئیدی سیاسەتكردنی لەناو ئەو حزبەدا هیچی دیكە بخاتە سەر مێژووی سیاسی و پێویستی بەوە هەیە بزانێت كە لە شەققەی باڵ بدات، تا ئەوەی لەوەش نەبووە.
سەرچاوە: روداو
فوئاد مەعسوم سوێندی خوارد بەرگری لە یەکپارچەیی عێراق بکات
24.07.2014
(باس‌نیوز)-
فواد موعسووم کاندیدی لیستە کوردییەکان دوای دوو خوڵ، بە 211 دەنگ بووە دووەمین کورد، کە سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی پێبسپێردرێت.
لە مێژووی عێراق تەنیا دوو کەس بەدیموکراتی چوونەتە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری، ھەردووکیشی کوردن کە یەکەم جەلال تاڵەبانی و دووەم دکتۆر فوئاد مەعسومە، ھەردوکیشیان ئەندامی یەک حزبن، یەکەم سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دووەم ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەیە، ئەوەی جێی سەرنجیشە ھەردوکیان خەڵکی شاری کۆیەن و لە منداڵییەوە ھاوڕێی یەکبوون.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، لە گەڕی یەکەم د.فواد مەعسووم بە بەدەستھێنانی 175 دەنگ یەکەم بوو، حەنان فەتەلاویش بە بەدەستھێنانی 37 دەنگ دووەمی پرۆسەکە بوو. بەھۆی بەدەستنەھێنانی رێژەی یاسای کە دوو لەسەر سێی دەنگەکانە و لە دوای کشانەوەی فەتەلاوی و چەند کاندیدێکی دیکە، گەڕی دووەم لە نێوان فەیسەل موسەوی و د.فواد مەعسووم ئەنجام درا، مەعسووم بە بەدەستھێنانی 211 دەنگ بووە دووەم کورد کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت.
فواد مەعسووم لە کاتی سوێندخواردنی وەک سەرۆک کۆمار رایگەیاند، کە ئەو سوێندە دەخوات کە خۆی لە سالی 2003 دایڕشتووە و سوێندی خوارد کە یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێ.
ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە شاری بەغدا، بە دەنگدان بۆ د.فواد مەعسووم دامەزرێنەر و سەرکردەی دیاری یەکێتییان بۆ کاندیدیکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار یەکلای کردەوە و (باس‌نیوز)یش ژمارەی دەنگی لایەنەکان ئاشکرا کرد کە بەم شێوەیە بوو:
دکتۆر فواد مەعسووم، یەکێتی 15 دەنگ، گۆڕان 6 دەنگ، ئیسلامییەکان 4 دەنگ، پارتی 5 دەنگ.
دکتۆر بەرھەم ساڵح، یەکێتی 4 دەنگ، گۆڕان 2 دەنگ، ئیسلامییەکان 3 دەنگ، پارتی 14 دەنگ.
کورتەیەک لە ژیانی فوئاد مەعسوم
محه‌ممه‌د فوئاد مه‌عسووم هه‌ورامی، كوڕی ئامینهخانه و ناسراوه به (د.فوئاد مه‌عسووم). له‌ساڵی 1938 له شاری كۆیه له باشووری كوردستان له‌دایكبووه. ئێستا کاندیدی کوردە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
بنه‌ماڵه‌كه‌ی خه‌ڵكی گوندی خه‌رپانین له ناوچه‌ی هه‌ورامانی دیوی باشووری كوردستان و باوكی له‌سه‌رده‌ستی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لالدا دوو بنه‌ماڵه‌ی ئایینیی كۆیه بوون، له منداڵییه‌وه هاوڕێیه‌تی له‌نێوانیاندا هه‌بووه.
د. فوئاد موعسووم تاوه‌كو ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی له قوتابخانه ئایینییه‌كانی كوردستان خوێندوویه‌تی، پاشان ساڵی 1958 ده‌چێته قاهیره و له زانكۆی ئه‌زهه‌ر ده‌ست به خوێندنی زاسته ئیسلامییه‌كان ده‌كات و له‌وێ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر له زانسته ئیسلامییه‌كاندا به‌ده‌ستده‌هێنێت و به‌دوایدا بڕوانامه‌ی دكتۆرا له هه‌مان زانكۆ له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه وه‌رده‌گرێت.
د. فوئاد ئه‌ندامی حزبی شیوعی عیراق بووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته سووریا و چاوی به خالید به‌گداش-ی سكرتێری حزبی شیوعی سووریا ده‌كه‌وێت و هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی كێشه‌ی كورده‌وه ده‌زانێت ، واز له شیوعیایه‌تی ده‌هێنێت و له‌دوایدا له ساڵی 1964 ده‌بێته ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.
له‌ساڵی 1968 له زانكۆی به‌سره بووه‌ته مامۆستای زانكۆ و به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی به‌سره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
له‌ساڵی 1973 له قاهیره نوێنه‌ری بارزانی و شۆڕشی كوردستان بووه و تاوه‌كو ساڵی 1975 له‌وێ ده‌مێنێته‌وه.
له‌ساڵی 1976 یه‌كێكبووه له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و تاوه‌كو ساڵی 1992 سكرتێری یه‌كێتیی شۆڕشگێران بووه، یه‌كێتیی شۆڕشگێڕان، كه به خه‌تی گشتیش ناسراوه، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان یه‌كێتییان پێكده‌هێنا.
له ساڵی 1992 بووه سه‌رۆكی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان .
له رۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌وه له‌ساڵی 1976 به‌رده‌وام ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه بووه.
له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام له‌ساڵی 2003 دا چووه‌ته به‌غدا و ئه‌ندامی شاندی نوێنه‌رایه‌تی باشووری كوردستان بووه.
له ساڵی 2004 سه‌رۆكی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كاتیی عیراق بووه له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام.
له ساڵی 2005 ه‌وه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق بووه .
بۆ دوو خول سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی كوردستان بووه له په‌رله‌مانی عیراق.