كاكه ره‌حمان، مامۆستا و هاوڕێى رۆژانى سه‌ختى خه‌باتم، ئه‌و شه‌و كه چاوم به ده‌فته‌رى بیره‌وه‌ریه‌كانمدا ده‌گێڕا هه‌تا چه‌ند شتێكى لێ گوڵبژێر بكه‌م و له ساڵیادى 30 ساڵه‌ى شه‌هید كرانتدا بنێرمه سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى سایتى پێشمه‌رگه‌كان.
به‌ڵام نه‌مزانى كام ئامۆژگارى به‌نرخ، یان كام تایبه‌تمه‌ندى به‌رزى تۆ كه بۆ ئێمه‌ى هاوڕێ و هاوبیرانى درێژه‌ده‌رى رێبازت بوونه‌ته وانه‌یه‌كى به‌ئه‌رزش و له‌بیر نه‌كراو هه‌ڵبژێرم. ئاخر ژیانى تۆ له لایه‌ك پڕ له ئێش و ئازار‌و له لایه‌كى تریش ته‌ژییه له ئازایه‌تى و له‌خۆبردوویى و بیرتیژى، كه ئێمه ئیلهامى لێ وه‌رده‌گرین.
بۆیه تێ مام كامیان بنوسم، دواجار ئه‌وه‌ى ده‌نووسم كه‌شكۆڵێكه له ژیان و به‌سه‌رهات و تىڕوانینى ورد و هه‌ستى خاوێن و بیرى پێشكه‌وتنخوازانه‌ى تۆیه، كه وه‌ك شۆڕشگێڕێكى به‌بیرو باوه‌ڕ ده‌تناسین. ئه‌گه‌ر كه‌م و كورتییه‌كى تێدابێ و كه حه‌تمه‌ن تێیدایه به‌ر له هه‌موو كه‌س داواى لێبوردن له تۆ ده‌كه‌م، كه به رۆحى گه‌وره‌ى خۆت بمبوورى، چوونكه ئه‌وه‌ى كه نووسیومه بڕوام پێ بكه، كه ده‌زانم بڕوام پێ ده‌كه‌ى، چوونكه هه‌میشه جێی بڕوا‌و متمانه‌ى تۆ بوومه، له‌سه‌ر هه‌ر ره‌سته‌یه‌ك چه‌ند دڵۆپ فرمێسكى حه‌سره‌تم له‌سه‌ر هه‌ڵرششتووه. له كۆتایشدا بۆ ئه‌وه‌ى له لایه‌ك روحى تۆ پێ شاد بكه‌م و له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه دڵى خۆمی پێ بده‌مه‌وه، ته‌نیا یه‌ك شته‌و ئه‌ویش نوێ كردنه‌وه‌ى په‌یمان و به‌ڵێنه كه تا سه‌ر درێژه‌ده‌رى رێگاتان بین. ده‌زانم تۆش هه‌ر ئه‌وه‌ت له ئێمه هاوڕێ و هاوبیرانى خۆت ده‌وێ. تۆ هه‌میشه ئاشقى نیشتمان و زێده‌كه‌ت بووى، بۆیه سه‌ره‌تا له وه‌سفى زێده‌كه‌ته‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌م.
پیرانشار لانه‌ى بێچووه شێرانم، سه‌یره! كه سه‌ره‌تاى به‌هارى 1339یه، وه‌رزێره‌كانى پێده‌شتی لاجانى خوارو زه‌وى شیوه ده‌كه‌ن، پیرانیش تاراى سپى زستانى فڕێ داوه‌و په‌له‌یه‌تى تاكو له هه‌ڤاڵانى دوا نه‌كه‌وێ. نه‌ڵێن و به‌رى مێرگانیش پشتنده‌ێكى سه‌وزیان به‌ده‌ورى پیرانشاردا كێشاوه. باوه‌شیان له دار به‌ڕوه‌كان داوه، ئه‌وانیش له خۆشى و هه‌یبه‌تیان چرۆیان ده‌كرده‌وه.
سپى ریزو سه‌ربه‌رزیش ده‌ست له ملانى كانى خوا و له‌وێ وه بۆنه‌ته ئه‌ستێره له شاره خنجیلانه‌كه‌ى پیرانشار ده‌ڕوانن، به‌فریش هه‌نگاوى هه‌ڵگرتووه‌و پێى له ته‌نگه به‌ڕو زار‌و دۆڵ و قه‌دى چیاكان ناوه، وه‌ك رێبوارێكى به‌ئه‌زموون له‌سه‌ر خۆ به به‌ژن و باڵاى گه‌لى حاجى برایم، گه‌لى ئاشى، گه‌لى توان، زار دۆڵێ، خه‌یله و مازوه ره‌شه‌و گۆڕى دیلانان هه‌ڵده‌كشێ و وچان له قوچى قه‌ڵان، كوتكى هه‌ڵاڵان، مەحمود ئاكۆ و گابه‌لك و ملكه‌وارو سامڕه‌ند شێخ زنیر، گربینراو شاز‌و قازو له‌ندى شێخان ده‌گرێ.
كوێستانچیه‌كانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش له‌سه‌ر سینگ و به‌رۆكى ئه‌م زووزانانه بارگه‌و بنه ده‌خه‌ن، ره‌شماڵ و چیغ و چادرى كورده‌وارى هه‌ڵده‌ده‌ن. ئا سه‌یركه وه‌رزێرو ئاژه‌ڵداره‌كان چه‌نده دڵ به جۆش و خرۆش و گه‌ش بین و هیوا به دواڕۆژن، ده‌ست له نێو ده‌ستى یه‌كتر چۆن ئاره‌قى ماندویه‌تى ده‌ڕێژن، تاكو به‌روبوومى ئه‌مساڵیان رنێو بێنن.
ئا له‌م كاته‌دا گوڵ خونچه‌یه‌ك له‌م پێى ده‌شته پشكووت، چریكه‌ى بازێك له‌م كوێستانه به‌رگوێ كه‌وت، ته‌وارێكى رووسوور و هه‌ڵویه‌كى سه‌ربه‌رز له‌و كوێستان و پێى ده‌شتانه له شه‌قه‌ى شاپاڵیان دا. له نێو شارى پیرانشار وچانیان گرت، ئێواره‌یه‌و خۆر ماڵئاوایى كردووه، تاریكى ده‌یهه‌وێ باڵ به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌دا بكێشێ، له‌م ئان و ساته‌دا مۆمێكى زه‌رد له نێو ماڵى سۆفى ره‌سولى سۆفى زاده‌دا داگیرسا و روناكى و تیشكى هیواى خسته دڵى سۆفى ره‌سوڵ و پووره خه‌جێ هاوڕێ و هاوبیرو هاوڕازى یه‌كتر. مناڵێكى چاوگه‌ش چاوى به دونیا هه‌ڵێناو ناویان لێ نا “عبدالرحمن“.
ئه‌م بازه بچكولانه‌یه له باوه‌شى شێر ژنێكى به‌هه‌یبه‌ت و له ژێر سۆزى باوكایه‌تى مرۆڤێكى نیشتمانپه‌روه‌ردا گه‌وره بوو. منداڵانى ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌بووا شان به شانى باوك له موچه‌و مه‌زراكان ئیش بكه‌ن و خه‌ریكى په‌یدا كردنى بژێوى بنه‌ماڵه بن.
هه‌رچه‌ند بنه‌ماڵه‌ى عه‌بدالرحمن له چینى هه‌ژارو كه‌م ده‌رامه‌ت بوون، به‌ڵام له ئاستى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى وریا‌و تێگه‌یشتوو بوون، سۆفى ره‌سوڵ بارى قورسى ئه‌م ژیانه‌ى پێ ته‌حه‌مول ده‌كرا، به‌ڵام نه‌یده‌توانى خۆى قه‌ناعه‌ت پێ بێنێ كه براو برازا‌و منداڵه‌كانى له چراى زانست و خوێنده‌وارى بێ به‌ش بن. كه ئه‌ركى سه‌رپه‌ره‌ستى كردنیان له ئه‌ستۆیه‌تى. چونكه ئه‌و هۆكارى سه‌ره‌كى بێبه‌شى ماف و ئازادى یه‌كانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له نه‌خوێنده‌وارى ده‌زانێ. بۆیه ره‌حمانیش وه‌ك باقى ئه‌ندامانى دیكه‌ى بنه‌ماڵه له‌به‌ر خوێندن دانرا.
ره‌حمان له قوتابخانه قوتابیه‌كى ژیر‌و زیره‌ك بوو، خۆشه‌ویستى مامۆستا‌و هاوپۆله‌كانى بوو، خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى و بەشیک لە دواناوه‌ندى له شارى پیرانشار ته‌واو كرد‌و بۆ درێژه‌دانى خوێندن چووه دانیشسه‌راى موقه‌ده‌ماتى مەهاباد فارغ التحصیلی مامۆستایی له‌وێ گرت، دواتر بوو به ماموستاى قوتابخانه له گوندى شنۆ زه‌نگى ناوچه‌ى لاجان.
ره‌حمان له‌و ئه‌ركه‌شدا زۆر مه‌سئولانه ده‌جوڵایه‌وه، ئه‌و فێر كردن و په‌روه‌رده كردنى قوتابیه‌كانى به ئه‌ركى ماموستایه‌كى موچه‌خۆرى حكومى سه‌یر نه‌ده‌كرد، به‌ڵكوو به ئه‌ركێكى نیشتمانى و نه‌ته‌وایه‌تى لێ ده‌ڕوانى و ئه‌وانى به روحێكى نیشتمانى و نه‌ته‌وایه‌تى بارده‌هێنان.
ئه‌و وه‌ك ماموستایه‌كى شۆڕشگێڕ هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى شوڕشى گه‌لانى ئێران بوو به پێشڕه‌وى خه‌باتى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك و له ناوچه‌كانى پیرانشاردا به ماموستا سه‌مه‌دى بێهره‌نگى كوردان ده‌ناسرا، ئه‌و زۆر زوو كه‌وته سازماندانى لاوانى پیرانشار و له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كه‌م به‌رپرسی یه‌كیه‌تى لاوانى دێموكراتى كوردستانى ئێران له پیرانشار بوو له یه‌كه‌م ساڵه‌كانى دواى راپه‌ڕینى به‌شكۆى گه‌لانى ئێران له ساڵى 1357دا، دواتر به‌رپرسایه‌تى جۆراوجۆرى بوو، وه‌ك به‌رپرسى یه‌كیه‌تى لاوانى پیرانشار و ئه‌ندامى كومیته‌ى شارستانى حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران له پیرانشار و پاشان بۆ ماوه‌یه‌كى كورت به ئه‌ندامى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى یه‌كیه‌تى لاوانى دێمۆكرات هه‌ڵبژێردرا و رۆڵێكى مه‌زنى له ناساندنى ئه‌م رێكخراوه‌یه‌دا بینى و ته‌شكیلاته‌كانى یه‌كیه‌تى لاوانى دێموكراتى كوردستانى ئێرانى سازمانده‌هى كرد. ته‌شكیلاتێك كه دواتر به ده‌یان و سه‌دان كادرى جێگاى هیواى بۆ حیزب و بزوتنه‌وه‌ى گه‌له‌كه‌مان پێ گه‌یاند.
كاك ره‌حمان سوفى زاده زوو له ریزى حیزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران‌دا خۆى دیته‌وه‌و بوو به سیمایه‌كى دیار و جێگاى بڕوا‌و متمانه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك و ریزه‌كانى حیزب، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه شه‌هیدی نه‌مر د.قاسملوو كادرێكى ئاگا‌و شاره‌زا و لێوه‌شاوه بوو به سیاسه‌ته‌كانى حیزب. له نێو خه‌ڵكدا به رێزه‌وه وه‌رده‌گیراو خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى به‌رینى جه‌ماوه‌رى بوو، به‌حه‌ق چاوه‌ڕوانی لێ ده‌كرا له دواڕۆژدا رێبه‌رێكى به‌وه‌جى حیزب و خه‌باتى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك بێ، هه‌ر بۆیه‌ش ببوو به چه‌قڵى چاوى دووژمن و نه‌یارانى حیزب، دوژمن پیلانى زۆرى بۆ له‌ناو بردنى داڕشت و نه‌یارانیش له‌و باره‌وه سبقه‌تیان له دوژمن گرت و سنووریان به‌زاند، به‌ڵام هیچ كامیان له‌و پیلانانه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتن.
له ره‌وتى تێكۆشانى حیزبی‌دا كاك ره‌حمان زۆر كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ى كه‌وتنه به‌رده‌م و دووجار زۆر به سه‌ختى بریندار بوو، جارێك له شه‌ڕى سێ مانگه له نێو شارى پیرانشار و جارى دووهه‌م له شه‌ڕى حه‌ماسه‌ى شیناوێ له گوندى گه‌پڵه‌سه‌ن، جیا له‌وه‌ش پیلانه‌كانى تاقمى حه‌وت كه‌سى بۆ له‌ناو بردن و شكاندنى كه‌سایه‌تى به‌رزى شه‌هید ره‌حمان شتێكى حاشا هه‌ڵنه‌گر بوو. پیلانى نه‌یاران و دوژمنان و هه‌روه‌ها شه‌هید بوونی پێشمه‌رگه‌ى به‌بیرو باوه‌ڕو دێرینى حیزب، سۆفى ره‌سووڵى باوكى له 25ى خاكه‌لێوه‌ى 1362ى هه‌تاویدا، بە هۆی لە دەست دەرچوونی تفەنگ لە لایەن هاوڕێیەکیەوە کە لەم روداوەدا کاک ئەحمەد مەحمود نەژادیش بەداخەوە شەهید کرا، هیچیان وره‌ى به ره‌حمان به‌رنه‌داو هه‌نگاویان پێ شل نه‌كرد، به‌ڵكوو به ئیمانتر و به وره‌یه‌كى به‌رزتر قۆڵى هیمه‌تى بۆ تێكۆشان هه‌ڵماڵى و شانازى به خۆى ده‌كرد كه كوڕه شه‌هیدى حیزبه و ده‌یگوت ده‌بێ كوڕه شه‌هیده‌كان له‌سه‌ر رێگاى باوكیان به‌رده‌وام بن.
له كۆنفرانسى كومیته شارستانى پیرانشار له پاییز‌ى ساڵى 1360دا داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ره‌حمان كرا بۆ كومیته‌ى شارستانى پیرانشار و له‌سه‌ر بڕیارى ده‌فته‌رى سیاسى درایه‌وه به پیرانشار، وه‌ك ئه‌ندامى هه‌یئه‌تى ئیجرایى و به‌رپرسایه‌تى ته‌شكیلاتى پێ سپێردرا.
كاك ره‌حمان سۆفى زاده خاوه‌نى كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندى به‌رز بوو كه مافى خۆیه‌تى ئاماژه‌یان پێ بكه‌ین و هاوڕێیانى حیزبى له گۆڕه‌پانى خه‌باتدا بیكه‌ین به چراى رووناك كه‌ره‌وه‌ى رێگاى ژیانیان و ئیلهامى شۆڕشگێڕى لێ وه‌رگرن.
1ــ شۆڕشگێڕێكى سیاسى و رووناكبیرێكى هه‌ڵكه‌وتوو و كادرێكى موبه‌لغى سیاسه‌ته‌كانى حیزب بوو، ئه‌و له بوارى تئورى و سیاسى دا كادرێكى به‌تواناو تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتوو بوو، به شێوه‌یه‌كى زۆر وردبینانه و گشتى ده‌یڕوانیه مه‌سه‌له‌ى كورد. تواناى هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌ل و مه‌رج و لێكدانه‌وه‌ى بارى نێونه‌ته‌وه‌یى و ده‌ركى راستى یه‌كانى بارودۆخى مه‌وجوودى ده‌كرد. له ژێر رووناكى ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌دا ئامانجه‌كانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى و دروشمه ئیستراتیژى یه‌كانى حیزبى شى ده‌كرده‌وه‌و خه‌باتى بۆ ده‌كرد.
2ــ له بوارى كارى ته‌شكیلاتى یه‌وه، كادرێكى به ماناى وشه شاره‌زا بوو، له راستى دا به دایكى ته‌شكیلاتیان ناو ده‌برد، ئه‌و ته‌شكیلاته‌ى ئه‌و رێكى ده‌خست و پێكى دێنا بناغه‌یه‌كى زۆر قایم و موحكه‌مى ده‌بوو، كه‌متر دوژمن ده‌یتوانى زه‌فه‌رى پێ به‌رێ و جیا له‌وه‌ش كارایى ته‌شكیلاتى له سه‌رێ بوو. پێویست به نموونه هێنانه‌وه نیه، ده‌توانم ئه‌وه‌نده بلێم كه كاربه‌ده‌ستانى رێژیم له شارى پیرانشار له به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌شكیلاته‌دا كه ره‌حمان پێكهێنه‌رى بوو ده‌سته‌وه‌ستان دامابوون.
3ــ له‌گه‌ڵ هه‌موو چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا هه‌ستان و دانیشتنى بوو، هه‌ر كه‌س به شێوه‌ى خۆى له‌گه‌ڵى ده‌دوا، هه‌ركه‌س به گوێره‌ى تواناى خۆى ئه‌ركى بۆ دیارى ده‌كرد و به‌و راده‌یه‌ش چاوه‌ڕوانى لێ بوو.
4ــ له بوارى نیزامیشه‌وه پێشمه‌رگه‌یه‌كى ئازا‌و چاونه‌ترس بوو، فه‌رمانده‌یه‌كى لێهاتوو و به‌توانا بوو، تا ئه‌و كاته‌ى له ناوچه‌ى پیرانشار بوو سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌رپرسایه‌تى به‌شى ته‌شكیلات و ته‌بلیغاتى به ئه‌ستۆوه بوو و به‌رپرسایه‌تى ستادى عه‌مه‌ڵیاتى بۆ شه‌ڕه قورسه‌كانى له ئه‌ستۆ بوو.
5ــ كادرێكى به‌وه‌ج و ئاشنا به سیاسه‌ته‌كانى حیزب و راستیه‌كانى كوردستان و كۆمه‌ڵگاى كوردستان بوو، قه‌ت نه‌مبینى له به‌رانبه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره سیاسیه‌كاندا كه لێى ده‌كرا دامێنێ. له هه‌مانكاتدا له شه‌ڕیش قه‌ت ده‌سته‌وپاچه و هه‌ڵه شه‌و هه‌ڵ چوو نه‌بوو. زۆر له‌سه‌ر خۆ‌و به‌ته‌حه‌مول بوو. به بیركردنه‌وه‌یه‌كى هه‌ڵسه‌نگێندراو بڕیاره‌كانى ده‌دا و ئاكامى بڕیاره‌كانى له‌نه‌زه‌ر ده‌گرت.
6ــ له بوارى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئینسانێكى یه‌كجار خه‌ڵكى و خاكى بوو، ئه‌و زۆر باش فه‌رهه‌نگ و كلتوورى نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى ناسیبوو، ده‌یزانى كه چۆن ده‌بێ هه‌ڵسوكه‌وتى له‌گه‌ڵ بكا‌و رێزى لێ بگرێ، بۆیه له نێو زه‌حمه‌تكێشانى ناوچه‌دا به مامه غه‌مه ناو ده‌برا.
7ــ له بوارى ئینسانیه‌وه مرۆڤێكى ئازادیخواز‌و دێمۆكرات بوو، رێزى بۆ بیر‌و بۆچوونه جیاوازه‌كان داده‌نا و له‌سه‌ر ماف و ئازادیه‌كانیاندا شێلگیر بوو، به‌رخوردى له‌گه‌ڵ دیله‌كانى شه‌ڕ یه‌كجار زۆر مروڤ دۆستانه بوو، هه‌میشه هه‌وڵى ده‌دا تا سیاسه‌ته‌كانى حیزبیان بۆ شى بكاته‌وه‌و تێ‌یان بگه‌یه‌نێ كه ئه‌وان له شه‌ڕ دژى جولانه‌وه‌ى كورد ناحه‌قن.
8ــ به نیسبه‌ت هاوڕێیانى خۆشى به ئه‌مه‌ك و ئه‌مه‌كناس بوو، ببو به سه‌نگى سه‌بوور بۆ هاوڕێیانى كه هه‌موو كه‌س لای ئه‌و سفره‌ى دڵى بكاته‌وه، تاكوو به ئاموژگاریه به نرخه‌كانى رێنوێنى بكا‌و ئه‌و گرێ بووچكه‌ى بۆ بكاته‌وه. زۆر جار ده‌یگوت مه‌رجى سه‌ركه‌وتنى هه‌ر حیزبێكى سیاسى و فه‌ردێكى نێو كۆمه‌ڵگا و پێشمه‌رگه‌یه‌كى خه‌باتگێڕ ئه‌وه‌یه كه بتوانێ ئیعتماد له نێو كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى خۆى دا به‌ده‌ست بێنێ.
به‌ڕاستى كاك ره‌حمان ئه‌و ئیعتیماده‌ى به‌ده‌ست هێنابوو، چ له لایه‌نى خه‌ڵكه‌وه و چ له لایه‌ن رێبه‌رایه‌تى حیزبه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بوو كرایه به‌رپرسى كومیته‌ى شارستانى ره‌به‌ت و سه‌ره‌نجام له رۆژى 26ى گه‌لاوێژى 1363 له به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ى هێرشى دوژمن بۆ سه‌ر جانداران له‌گه‌ڵ هاوڕێ كاك مەحمود فه‌یزى كادرى كومیته شارستانى ره‌به‌ت شه‌هید بوون خونچه‌ی گوڵی ته‌مه‌نی هه‌ڵپڕووكا.
ده‌فته‌رى سیاسى حیزب له راگه‌یاندراوێكدا هه‌واڵى شه‌هید كرانى ره‌حمان شۆفى زاده له رادیۆ ده‌نگى كوردستانه‌وه به كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان و كادر‌و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامانى حیزبى راگه‌یاند، له ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو كه شه‌هید بوونى ره‌حمان سۆفى زاده خه‌سارێكى گه‌وره‌یه له بزوتنه‌وه‌ى كورد به گشتى و حیزبى دێمۆكراتى كوردستانى ئێران به تایبه‌تى. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه له بنكه‌ى ده‌فته‌رى سیاسى مه‌جلیسى پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى بۆ دانرا و له‌و مه‌جلیسه‌دا له لایه‌ن جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌وه له سه‌ر كه‌سایه‌تى و رۆڵى كاك ره‌حمان له بزوتنه‌وه‌ى كورد و له ریزه‌كانى حیزبى دێمۆكرات دا قسه كرا، له یه‌ك ره‌سته‌دا گوتى بۆ كاك ره‌حمانى جوانه‌مه‌رگ هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێم هه‌ركه‌س شه‌هید ده‌بێ خۆشه‌ویسته، به‌ڵام گه‌وره‌یى و خۆشه‌ویستى ره‌حمان له‌وه‌دایه ئه‌و به زیندوویى خۆشه‌ویستى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان و حیزبه‌كه‌ى بوو.
سه‌د مه‌خابن ئه‌جه‌ل مۆڵه‌تى نه‌دا كه كاك ره‌حمان له‌وه زیاتر بژى و خزمه‌تى زیاتر به گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ى بكا، به جوانه‌مه‌رگى سه‌رى نایه‌وه‌و ئازادى و سه‌ربه‌ستى گه‌له‌كه‌ى نه‌بینى، به‌لام ئه‌وه به‌لاى ره‌حمانه‌وه گرینگ بوو به‌رده‌وامى له خه‌بات و درێژه‌دانى ئه‌م رێگا پڕ سه‌روه‌رى یه‌یه بۆ گه‌یشتن به ئامانج. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیه بڕواننه ناوه‌ڕۆكی وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی.
كه له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ى شه‌هید ره‌حمان ورد ده‌بینه‌وه ئه‌وكات گه‌وره‌یى و بیر تیژى و سه‌داقه‌ت و پاكى و خه‌ڵكى و خاكی بوونى ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ.
بۆ رێبوارانى رێگاى شه‌هیدان:
هاورێیان!
خۆشكان و برایانى لاو! پێم خۆشه ته‌مه‌نم زۆر درێژتر بآ بۆ خزمه‌ت دژى كۆنه‌په‌ره‌ستى، بۆ خه‌بات دژى چه‌وسێنه‌رانى نه‌ته‌وه‌كه‌م، بۆ خه‌بات دژى خوێنمژترین و كۆنه‌په‌ره‌ست ترین رێژیمى جهان “رێژیمى خومه‌ینى”، بۆ خه‌بات بۆ رزگارى زه‌حمه‌تكێشان و خه‌بات بۆ مافى دیارى كردنى چاره‌نووسى گه‌لانى جیهان.
نازانم كاروانى ته‌مه‌نم تا كوێ بڕ ده‌كا، به‌ڵام تا هه‌بم بۆ نه‌مانى چه‌وسانه‌وه‌ى ئینسان به ده‌ستى ئینسان تێده‌كۆشم، وه‌كوو ئه‌ندامێكى بچووكى حیزبى شۆڕشگێڕ و پێشڕه‌وى گه‌لى كورد، حیزبى دێمۆكرات، كه شانازى به رێباز‌و به‌رنامه‌و پێڕه‌وى ئه‌و حیزبه ده‌كه‌م و به‌ڵێن ده‌ده‌م تا دوایین هه‌ناسه حیزبه‌كه‌م و رێوشوێنه‌كه‌ى له بیر نه‌كه‌م.
جێگاى شانازییه كه ئه‌ندامى ئه‌م حیزبه‌م، ئاواته‌خوازم هه‌موو چین و توێژه زه‌حمه‌تكێشه‌كان و رووناكبیران له ده‌ورى ئاڵاى هه‌میشه شه‌كاوه‌ى ئه‌و حیزبه كۆ ببنه‌وه، چوونكه رزگارى ده‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌و هه‌مو تایبه‌تمه‌ندییه‌كى حیزبێكى شۆڕشگێڕى ئه‌و قۆناغه‌ى تێدایه. پێم خۆشه هه‌موو كاتێك وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك نێوم به‌رن چوونكه رازاوه‌ترین و پیروزترین ناوى كوردستانه. ناوێكه كه بچووك و گه‌وره، كیژان و كوڕانى شۆڕشگێڕى كوردستان شانازى پێوه‌ده‌كه‌ن و خۆشیان ده‌وێ، به راستى هه‌قیشه.
ئاواتمه‌و جێگاى شانازیمه به شۆڕشگێڕم بزانن و كیژانى كوردستانى خاپووركراو و كوڕانى قاره‌مانى ئه‌و وڵاته رێگاى ئه‌و حیزبه به‌رنه‌ده‌ن تا دوایین هه‌ناسه بۆ وه‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى ئه‌و حیزبه تێبكۆشن. گه‌لى كورد زۆر شه‌هیدى داوه‌و سه‌دان ساڵه بۆ مافى دیارى كردنى چاره‌نووسى خۆى به‌ده‌ستى خۆى تێده‌كۆشێ، به‌ڵام دوژمنانى ده‌ره‌وه و نێوخۆ چنگى خوێناوى یان له ملى كوردى هه‌ژار به‌رناده‌ن.
پێویسته له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا هه‌موو لاوانى كوردستان، كیژان و كوڕانى به‌هه‌ستى نیشتمان پێكه‌وه ده‌ست بده‌نه ده‌ستى یه‌ك و بۆ رزگارى نه‌ته‌وه‌كه‌مان و بۆ ئازادى ئێران تێ‌بكۆشین.
شتێك كه زۆر ئازارم ده‌دا نابه‌رانبه‌رى مافى ژنان و پیاوانه له كوردستاندا، به‌داخه‌وه داب و نه‌ریتى كۆنه‌په‌ره‌ستانه واى له نێو كۆمه‌ڵى پڕ له ده‌ردى كورده‌واریدا ریشه‌ى داكوتاوه كه زۆر رۆژان قرچم له ده‌روون دێنێ. ژنان و به تایبه‌تى كیژانى رووناكبیرى كوردستان ده‌بێ به چه‌كى بیر‌و باوه‌ڕ چه‌كدار بن، هه‌تا به‌رگرى له هه‌موو جۆره مافێكى نیشتمانى و كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌تایبه‌تى مافى خۆیان بكه‌ن، ئه‌و كاته كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك رزگارى بۆ نزیكه كه ژنان وێراى پیاوان، به خه‌باتێكى هه‌مه‌لایه‌نه قۆڵى لێ هه‌ڵماڵن. زۆر جار ئاواتمه كه ژنان بۆ گه‌یشتن به مافى خۆیان له نێو كۆمه‌ڵانى كوردیشدا تا پله‌ى مردن تآبكۆشن. چوونكه به بڕواى من شه‌هید ده‌بن و ده‌بنه جێگاى شانازى كۆمه‌ڵانى پێشكه‌وتووى وڵاته‌كه‌مان و ده‌ره‌وه. جارێكى دیش ئاواتمه كه كورد رێز له پێشمه‌رگه بنێ.
سڵاو له حیزبى دێمۆكرات!
سڵاو له پێشمه‌رگه!
ره‌حمان سۆفى زاده 5/4/1362
شه‌ڕه به‌ناوبانگه‌كان كه ره‌حمان سۆفى زاده به‌شدارى تێدا كردووه:
1ــ شه‌ڕى گرتنه‌وه‌ى شارى پیرانشار و سه‌رگرده‌یه له لایه‌ن رێژیمه‌وه و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه، رۆڵى ره‌حمان به‌رچاو بوو.
2ــ شه‌ڕى سێ مانگه‌و لێدانى پادگانى پیرانشار و شه‌ڕی نێو شار كه تێدا بۆ یه‌كه‌مجار بریندار ده‌بێ.
3ــ ساڵى 1358 ده‌سته‌یه‌كى نزیك سه‌د كه‌سى بۆ مه‌ئمووریه‌تى شیماڵى كوردستان به‌ڕێ كران، كاك ره‌حمان سه‌رپه‌ره‌ستى ده‌كرد، له گه‌لى به‌ندى ره‌حمان به ناوى خوازراو ((ره‌شه هه‌لاج)) ناوبانگى ده‌ركرد.
4ــ شه‌ڕى جه‌ران له ساڵى 1359دا له ژێر فه‌رمانده‌هى مه‌لاحه‌سه‌ن شێوه‌سه‌ڵى دا ده‌ورو رۆڵى ره‌حمان له‌بیر نه‌كراوه، سۆفى ره‌سووڵى باوكى یه‌كێك له پێشمه‌رگه برینداره‌كانى ئه‌و شه‌ڕه بوو.
5ــ ساڵى 1360 له مه‌ڵبه‌ندى پیرانشار ستادى عه‌مه‌ڵیاتى دامه‌زرا، كاك ره‌حمان لە ئه‌ندامانى سه‌ره‌كى ستاد بوو، له زۆربه‌ى شه‌ره‌كاندا به‌شدارى چالاكانه‌ى بوو، بۆ وێنه شه‌رى دووهه‌مى جه‌ڕان له ساڵى 1362، شه‌ڕى چیانه كه به‌ناوبانگترین شه‌ڕى ئه‌م ناوچه‌یه‌یه كه نزیك به 700 كه‌س له هێزه‌كانى رێژیم كوژران و ناسرى كازمى فه‌رمانده‌ى عه‌مه‌ڵیاتى رێژیم كوژراو 22 پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید و نزیك به 20 پێشمه‌رگه‌ى دیكه‌ش بریندار بوون.
6ــ شه‌ڕى جاده‌ى پیرانشار ـ سه‌رده‌شت، له‌سه‌ر به‌ردێكى گه‌وره له نزیك خدراوێ نووسى دێمۆكراسى بۆ ئێران و خودموختارى بۆ كوردستان، ئه‌و نووسینه‌ى له به‌رد هه‌ڵكه‌ند و تا ماوه‌یه‌كى زۆر دواى گرتنه‌وه‌ى ئه‌م جاده‌یه هه‌ر مابوو.
7ــ شه‌ڕى گه‌وره‌ى شیناوێ كه كاك ره‌حمان فه‌رمانده‌ى جبهه‌ى گوندى گه‌پله‌سه‌ن ده‌كرد، هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا بریندار بوو، له‌و شه‌ڕه‌دا نزیك به 300 كه‌س له دوژمن كوژران و 5 پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید بوون.
8ــ چه‌ك كردنى خه‌ڵكى ناوچه‌ى به‌رى مێرگان، به پێى به‌رنامه‌یه‌كى ته‌شكیلاتى و دواجاریش به شێوه‌ى نیزامى عه‌مه‌لى كرا به بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك كه‌س دڵۆپه خوێنێكى لىێ بێت. گه‌ڵاڵه داڕێژه‌ره‌كه‌ى ره‌حمان سۆفى زاده بوو، ئه‌م كاره دیارده‌ى به‌زۆر چه‌كدار كردنى خه‌ڵكى له لایه‌ن رێژیمه‌وه پوچه‌ڵ كرده‌وه.
به سپاسه‌وه
هاوڕێی شه‌هید
لوقمان مێهفه‌ر
19/5/1393