"an independent online kurdish website

لە یەك دوو ساڵی رابردوودا كە هەموو نەورۆزان حەماسی خەڵك بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لووتكەی دەدا، كەم كەس هەبوو بتوانێ لە باشووری كوردستان بە ئاشكرا دژی ئەوە قسە بكات كە كورد مافی جیابوونەوەی لە عێراق نییە،rebwar_kerim_weli

 بەڵام ئەوانەی بە چاوێكی ورد لە مەسەلەكەیان دەڕوانی و كەمێك واقیعبین بوون، دەركیان بەو هەموو كون و كەلەبەرە كردبوو كە لەناو ماڵی كوردیدا و تەنانەت ماڵی كوردستانی (بە پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكانیشەوە) هەبوو.

هاوڕێیەكمان كاتی خۆی پێش هێرشی داعش نووسیبووی كە ئەگەر وا بڕوات دەبێ بچین لە بەنگلادیش سەرباز بێنین بۆ ئەوەی شەڕمان بۆ بكات!

جیا لەو هەموو ناكۆكی و ململانێیە حیزبییەی كە هەبووە و هەیە، لە دوو ساڵی رابردوودا كورد لە ئیدارەدانی قەیراندا سەركەوتوو نەبوون. دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤەكان، شێوەی مامەڵەی دامەزراوەكان و جۆری دروستكردنی پەیوەندییەكان زۆر سەرەتایی بوون. كورد دوای دەرچوونی ئەمریکا لە ناوچەکە (بەتایبەتیش پارتی ) پێیانوابوو كە دۆزینەوەی هاوپەیمانێكی ناوچەیی بەهێز لە زلهێزێك كە ناوچەكەی لەڕووی سەربازییەوە بەجێهێشتووە، باشترە. پرۆسەی دانوستاندن و دروستكردنی پردەكانی پەیوەندی لە نێوان توركیا و پارتی و دواتر حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی توركیا، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لێڵ و نادیارە. سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی لەو پرۆسەیەدا كە لەسەر ئاستی تاكەكەسی و تیمێكی بچووك بەڕێوەی بردووە، پتر لەوەی پشتی بە بۆچوونی تیمی پسپۆڕ بەستبێ، لە هەوڵی رزگاركردنی وەزعەكەدا بووە. بارودۆخێك كە دەرهاوێشتەی هەندێك هەنگاوی دیراسەنەكراو بوونە. كورد بە ئەوانەشەوە كە پشتیان بە ئێران بەستووە، هەموو تووشی هەڵەیەكی ستراتیژیی گەورە بوونە. ئەوانەی ئەمڕۆ پێیانوایە ئێران لەو بەزمەدا سەركەوتووە و قسەی ئەوان چووەتە سەرێ، دەبێ ئەوەشیان لەبیرنەچێ كە هەموو بە یەك ئەندازە بەر رەحمەتی گاڵتەجاڕیی سیاسەتەكانی ئێران، ئەمریكا و توركیا كەوتوون.

دوو ساڵ ماوەیەكی كەم نەبوو بۆ ئەوەی كورد بتوانن خۆیان بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا ئامادە بكەن، بەڵام ئامادەكارییەكان هیچ روانگەیەكی ستراتیژییان تێدا بەدی نەدەكرا. هەر لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتەوە بگرە تا ئامادەكاریی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر مەترسییەك كە بكرێتە سەر كوردستان، نەیانتوانی لە چوارچێوەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی و دوور لە رۆحی حیزبایەتی بەڕێوەبچن. ئینجا خوێندنەوەی بارودۆخەكە بەو ئاسانیە نەبوو كە بەو میكانیزمانەی ئێستا سەركردەكانی كورد كاری پێدەكەن مویەسەر بێت. جارێك سیاسییەكی عاقڵی كورد لە 2004 واتا 10 ساڵ پێش ئێستا پێیگوتم، ئەمریكا هەڵەی كرد كە لە عێراقی دا، دەبووایە پێشتر لە سووریا بدات! ئەوكات مەسەلەی عێراق زۆر ئاسانتر چارەسەر دەكرا. لە بارودۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا كورد تێیكەوتووە، دەبێ راشكاوانە دان بەوەدا بنرێت كە كورد نەك هەر میكانیزمی دروستكردنی ستراتیژیی نەبووە، بگرە تا راددەیەكیش بووەتە قوربانیی خۆشباوەڕی و ئەو شەترەنجەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت. كورد نەیانتوانی لە ئەهەمیەتی جیۆستراتیژیی سووریا بۆ دنیا تێبگەن و حیسابەكان لەسەر بنەمای نەمانی رژێمی ئەسەد و هەندێكیش تەنها لە روانگەی دژایەتیكردنی ئەو حیساباتە هەڵچنران. وەك چۆن لە سەردەمی پەیماننامەی جەزایردا، كورد پێیوابوو كە مەحاڵە ئێران و عێراق پێكبگەن!، بەڵام كە ئەمریكا و رووسیا پێكگەیشتن كورد دۆڕاندی. رەنگبێ كەمێك لێتێگەیشتنی ئاسان نەبێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەسەرمان هاتووە، باجی رزگاركردنی رژێمێكی دیكتاتۆرە. پەیدابوون و لەناوچوونی داعش خزمەتی یەك ئامانج دەكەن. بەڵام ئێمە لەو بەینەدا لە كوێ بووین؟ ئایا ئەگەر كەمێك وردتر بیرمان كردبایەوە و ئامادەسازیی زیاتر هەبووایە، كەمێك لە سیاسەتدا بمانتوانیبایە زمانی دیپلۆماسیمان بەهێزتر بكەین، نەدەكرا بارودۆخەكە زیاتر لەوەی كە هەیە لە قازانجی خۆمان بەكاربێنین؟

ها راستە كورد ئەمڕۆ لە ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بوونەتە پاڵەوانی شەڕی دژی تیرۆر، راستە هەولێر بووەتە ناوەندی ترافیكی دیپلۆماسیی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام دەزانن چیمان لەدەستداوە؟ ئەمڕۆ خەڵك باوەڕیان بە دروشمی جیابوونەوە نەماوە، باوەڕیان بەوە نەماوە كە ئەگەر ئەمریكا نەبێ بتوانین لێرە بژین، باوەڕیان بەوە نەماوە كە دەبووایە هەشت مانگ برسی بكرێن چییە گوایە سەربەخۆ دەبن، كەچی دوایی گڕ گڕ بادەینەوە بۆ بەغدا.


سەرچاوە: ماڵپەری رووداو


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی