"an independent online kurdish website

  لە دوای، راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە لایەن بەرێزعەبدوڵلا ئوجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان وسەروک وەزیرانی پێشوو رەجەب تەیب ئەردوگان، لە تورکیە، ناوبراو لە لایەن خۆی وحیزبەکەیەوە،husen_xeliqi

پڕووپاگەندەیەکی زۆری بڵاوکردەوە کە ئەوە ئێمەین وەک تاک و حیزب، پەردەی بێدەنگیمان لە سەر بوون ومافی کورد لە تورکیە هەڵدایەوە و کۆتاییمان بە براکوژیی هێنا و گویا دیواری دەمارگرژیی کەمالیزممان رۆخاند و ناوی کورد وکوردستانمان هێنا سەرزار! سەرەڕای ئەوە، لە چەندین شانۆگەری فریوکارانەشدا، ئەو بۆ چوونەیان بە رواڵەت نیشان دا و لە ئامێددا، دیمەنی مرۆڤ دۆستانەیان بە خۆیان گرت وکوردی بەشخواراوی وڵات پەلپەلکراویش، هەرچەند بە گومانەوە، دڵی بەو شانۆگەرییە خۆشکرد ودڵپاکانە  بۆ ئاشتی، ئامێزخۆی گرتەوە. بەڵام لەوماوەدا، بێجگە، لە گوتار، لە لایەن دەسەڵاتی تورکەوە،هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەڵاواردن وماف پێشێلکراوەییە هەڵنەگیرا!

   لەم رۆژانەدا، ئەردوغان پەردە لە سەرئەو خەپاندن و فریوکارییە هەڵدەداتەوە، و لە کۆبوونەوەی کۆبەندی  ئابووری  جیهانیدا، لە ئاخاوتنی خۆیدا، لە وڵاتانی  جیهان گازندە دەکا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعەش) هاوپەیمانی پێک دێنن، بەڵام بەرانبەر پارتی کرێکارانی کوردستان، هیچتان نەکرد!

   بەم جۆرە هەرچێ  ژاری دژە مرۆڤی خۆی  لە چەند رستەدا هەڵرشت! لە راستید ا ئەم هەڵوێستە دڕندانە، دوو ئاکامی لێ دەخوێندرێتەوە: یەکەم ئەوە، بانگەشەی ئاشتتیخوازییەکەی ناوبراو لە بنەڕەتدا دووڕووانە بووگە، و دووەم، ئەم دەربڕینە ناپاکانە، سووکایەتییەکە بە هەموو نەتەوەی کورد.

   سەرەڕای گشت ئەمانە، ئەم هەڵسەنگاندنە دژە مرۆڤییە، تەنیا دەبێ لە مێشکێکی نەخۆش و پڕ لە ژاری دژە مرۆڤی ئەردوغانەوە، کەفڕێژ بکا، دەنا هیج مرۆڤ و رێکخراو و دەسەڵات و دادگایەک، ئەو دوانە پێکەوە هەڵناسەنگێنێ ولە بنەڕەتدا ترازوویەکی وەها لە جیهاندا، نابیندری، ئەودوانە پیکەوە وەک یەک و یە کسان کێشانە بکا. لێرەدا بۆ سەلماندنی وتەکەم، ئاماژە بە چەند خاڵی جیاواز دەکەم:

١-گریلای پارتی کریکاران بۆ ئامانجێکی پیرۆز واتا رزگاری خاک وخەڵکێک، خەبات ئەکا وئەمە یانی گەوهەری ئازادیخوازیی بەڵام داعەش بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵاتێکی کونەپەرستانەی چەند هەزارساڵ پێش، خوێن دەرێژێ وخاکی خەڵک داگیردەکا.

٢-پارتی کرێکاران بۆ وەدەست هینانی دەسەڵاتێک خەبات ئەکا کە ئاکامی ئەبێتە رزگاری نەتەوەیەک لە ژێرنیری یەخسیری چەند سەد ساڵەدا بەڵام داعش، دەسەڵاتی دەوێ بۆ یەخسیرکردنی مرۆڤی ژێردەسەڵاتی خۆی.

٣-پارتی کرێکاران، لە بەرخۆدانی خۆیدا، ماڵی کەس تاڵان ناکا و کچ وژنی کەس ناڕفێنێ  بەڵام داعش، بە پێچەوانە، بە پێی بۆچوونی خۆی، ئەو کارە دەکا و دەستدریژی بە ژن وکچی خاکی داگیرکراو دەکا و تەنانەت وەک ئاژەڵ بە موسوڵمانەکانی وەک خۆی! دەیانفرۆشێ!!

٤-پارتی کرێکاران، دیلی خۆی سەرنابڕێ و لە زۆرباردا بە رێزەوە ئازادی دەکا بەڵام داعش، بە پێجەوانە، هەم دەستدێژی بە دیل ئەکا وهەم دیل سەردەبڕی وهەم  کۆمەڵکوژیی دەکا.

٥-گریلا، هێرش ناکاتە سەرخاکی کەس و وڵاتی دیکە و تەنیا خوازیاری ئازادی خاک وخەڵکەکەی خۆیەتی بەڵام داعش، بەوهێرشەی دەیەوێ، خاکی نەتەوەکانی دیکە بخاتە بن پێی خۆی و ئەوەی نەبێ بە موسوڵمانی وەک ئەو، جزیە وسەرانەی لێ بستێنێ و وەک مرۆڤی پلە نزم سەیری بکا.

٦-ئامانجی  گریلا خۆشبەخت کردنی مرۆڤە لەم دەورە لە ژیاندا  بەڵام  داعش بە هیوای خۆشبەختکردنی  لە جیهانێکی دیکەدا، فەرمانی خۆ تەقینەوەی پێ دەد!!

٧-داعشی، خۆی بە کوشتن دەدا، بەوهیوایە لەو دنیا حوری چاوڕەش لە باوش بگرێ و لە بەهەشتی خودادا، ئازادانە، هەرچێ بخوازی بیکا وهەرچشتێک بیەوێ بیخوا و بۆ هەمیشە و نەمر، بەم جۆرە وەمێنێ، بەڵام گریلای کورد، ئامادەیە گیانی خۆی بکاتە قوربانی بۆ ئەوە، رۆڵەکانی نەتەوەکەی بە ئازادی بژین وچیدیکە لە ژێرچنگاڵی رەشی داعشیی داگیرکەرەکاندا، ژیانی کوڵەمەرگیی تێپەر نەکەن. لە باوڕی  گریلادا، نیکاحی جیهاد نییە و توخنی ناکەوێ و داعش بۆ دامرکاندنی هەوەسی جنسی، ژنی خاوەن مێرد و ئازاد وکچی بە دیل گیراو ناچاردەکا رۆژانە لە گەڵ چەند کەس، جووت ببێ و ئەویش بە بەشێک لە جیهادی ئیسلامی وگەیشتن بە باخی بەهەشت، ناودیری دەکا!!

 هەرجۆرێک بێ جیاوازی لەو پێوەندییەدا، زۆرە و تەنیا رەگەزپەرستێکی دڵ پر لە ژاری دژە مرۆڤی وەک  ئەردوغان وهاوبیرەکانی نایان بینن و بێشەرمانە، ئەویش لە کۆبوونەوەیەکی جیهانی بەوجۆرەداو بێ شەرمکردن لە نوێنەران و بەشداران ئەو کۆبوونەوە، پەردە لە سەر رق ئەستووری و رەگەزپەرستی خۆی هەڵدەداتەوە.

   با کورد بە تایبەت سەرکردەکان، لەو هەڵوێستانەی داگیرکەران، دەرس وەرگرن و چێ دیکە فریوی زەردەخەنەی فریوکارانەیان نەخۆن. باوڕیان پی نەکەن و تێبکۆشن، نەکەونە داوی پلانیانەوە وا نەزانن، گوڕانیان بەسەر داهاتووە و دۆخیان خوێندووەتەوە، چوونەتە قاپۆڕی مرۆڤ و بە یەکسانی نەتەوەکان، بڕوایان هێناوە!

   خەلێقی ٢/١٠/٢٠١٤ 

سەرچاوە: پێشمەرگەکان


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی