ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی ئەنجومەنی بزوتنەوەیی گۆڕان لە وڵاتی سوید
بە سەپەرەستی بەڕێز “فایق سەرچناری” سەردانی بارەگای کومیتەی حدک ئێران لە شاری “ڤێستەرۆس” کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز “محەممەد ئەحمەدی” بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی کومیتەی حدک ئێران لە سوید پێشوازی لێکرا.
پاش بە خێر هانتی کردنی شاندی میوان، کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پیرۆزی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. سەرەتای کۆبوونەوەکە باسێک بوو لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی عێراق و باشوورو ڕۆژاوای کوردستان. لە درێژەی ئەو باسەدا ئاماژە بە بەهاناوەهاتنی وڵاتانی زلهێز و یارمەتییە سەربازی و مرۆییەکان و سەردانی و لێدوانەکانی سەرۆکانی وڵاتان لەسەر ئەم ڕووداوانە و هێزی پێشمەرگە و کێشەی، بە دەسکەوتێکی مەزن وەسف کرا.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا تیشک خرایە سەر هەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها ئامادەباشی هەموو هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنی و سینفییەکان بۆ هەر جۆرە یارمەتییەکی ماددی و مەعنەوی، بە ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە قەڵەم درا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو باسەدا، بەیاننامەی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و داواکاری ئەو دوو حیزبە هاوپەیمانە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ پشتیوانی خەڵکی کۆبانی و خۆپێشاندانی جەماوەری خەڵکی تینو بە ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک نمونەی زیندوو خرایە بەر باس.
تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بابەتی پێوەندی نێوان هێزە کوردییەکان و بەتایبەت لەم ماوەی ڕابووردووەدا کە کۆمەڵیک چالاکی و خۆپێشاندانی جەماوەری بەرفراوان لە وڵاتی سوید بە بەشداری کوردانی تاراوگە نشین و ئامادە بوونی هێزە سیاسی و ڕێکخراوە سیڤیلەکانی کورد لە سوید بە ڕێوەچوو بوو.
لە کۆتایی باسەکاندا شاندی هەردوو لا پێ داگربوون لە سەر پتەوترکردنی پێوەندی نێوان حیزبی دێموکرات و بزوتنەوەی گۆڕان و هەروەها سەرجەم هێزە سیاسییەکانی ناو گۆڕەپانی خەباتی نەتەوایەتی کورد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کومیتەی سوید
١٢ ـ ١٠ ـ ٢٠١٤