"an independent online kurdish website

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن ماوەیەک لە مەوپێش یەکیك لە کانتونەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا یاسایەکی پەسەند کرد کە لەوێدا یاساکە لە سەر بناخەی مافی ڕیز گرتن لە ژنان بوو وەک مرۆڤ و مافەکانی ژنانی یەکسان نرخاندبوو لە گەڵ پیاوان. tuba_alisi

هەرچەند ٢ خاڵ لەو یاسایانە جێگای ڕخنەیە و ئێمە وەک بەشێک لە ژنانی ڕۆژهەڵات نامەیەکمان نارد و وێرای دەستخۆشی تێبینی خۆمان سەبارەت بەو ٢ خاڵەش ڕاگەیاندبوو. هەروەها وەک کۆمەڵیک لە ژنانی ڕۆژهەڵات وڵامی خۆمان ناردووە بۆ مەلا کامەران، بەڵام دیسانیش خۆم پێ رانەگیرا و ناچار بووم چەند قسەیەکی دیکە بنووسم بۆ مەلا کامەران و هاوشێوەکانی.

لێرەدا مەبەست لەم نوسینە باس کردن لە سەر خاڵەکانی ئەو یاسایە نییە، چوون لە ڕوانگەی منەوە بێجگە لەو ٢ خاڵە، ئەو یاسایە هەم یاسایەکی بێوینەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و هەمیش یاسایەکە کە شایانی ژنانی خۆراگری نەتەوەکەمانە و بۆ ئەوە دەبێت هەر لە ئێستاوە هەموو ڕیکخراوە کوردییەکان لە بەرنامەی خۆیاندا بیگونجێنن.

هەروەک چاوەڕوان دەکرا، دژبەرانی مافەکانی مرۆڤ، ئەوانەی کە دەیانەوێ ژیانی مرۆڤەکان بگەڕیینەوە بۆ ١٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، لە بەر بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان هەڵیان کوتایە سەربەڕیز ساڵح موسلیم و هەڕەشەیان لێ کرد کە یاسایەکی یەکسانی پەسەند کردووە بۆ ژنان کە دژایەتی هەیە لە گەڵ یاساکانی ئیسلام. هەڵوێستی مەلا کامەران بۆ من جێگای سەرسوڕمان نەبوو، چوون من لە مێژە ئەوەم زانیوە کە یاسای ئیسلام یاسایەکە دژی مافە مرۆییەکانی ژنان و یاسایەکە کە تەنیا تایبەتە بە سەدەکانی ناوەڕاست و لە دونیای ئەوڕۆدا ناتوانێت بەو شیوەی کە هەیە جێگای خۆی بکاتەوە و مەحکومە بە کز بوون جا ئێستا بێت یان لە داهاتوویەکی نزیکدا. ئەوەش کە مەلا کامەران خەمی بۆ دەخوات خەمی ئیسلام نییە و تەنیا خەمی دووکانە هەڵشکاوەکەی خۆیەتی کە بە دوای دروست بوونی داعش ڕووی لە کونکوشە و وای کردووە کە مەلاکان قسەکانیان چیتر جێگای متمانە نەبێت بۆ خەڵک.

لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە کە مەلا کامەران لە ژێر سایەی حکومەتێکی کوردیدا ئەو هەڕەشانە لە دەستەڵاتێکی دیکە کوردی دەکات؟ بەلام دیسانیش زۆر سەیر نابێت کە دەستەڵاتدارانی کوردی لە باشووری کوردستان خۆیان لە پشت مەلا کامەران بن؟ چوون ئەو یاسایە کە لە ڕۆژئاوا پەسەند کراوە زەنگێکی خەتەریشە بۆ دەستەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان کە بە دڕیژایی ماوەی دەستەڵاتداری خۆیان نەک هەر یاسایەکی یەکسانیان بۆ ژنان پەسەند نەکرد، بەڵکو تا بۆیان کرا هەوڵیان دا یاساکانی ئیسلام لە کوردستاندا جیگیر بکەن و ژیانی ژنان بگەڕییننەوە بۆ سەدەکانی نێوەڕاست. هەروەها لە ماوەی دەستەڵاتداری خۆیاندا قوربانیانی ژنان لە قوربانیەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە زیاتر بووە و ڕۆژ نییە گوێمان لێ نەبێت کە ژنانی کورد بە دەستی بنەمالەکانیان لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەفدا شەهید نەکرێن و قاتڵانیش لە بەر گەندەڵی یاسا وەک باسکی بانان بۆی دەرباز نەبن؟

بە کورتی و بە کوردی مەلا کامەران و هاوشێوەکانی باشترە چیتر واز لەو پروپاگەندە دژی مرۆییانەی خۆیان بێنن و لێگەڕین با پێشڕەوانی مافەکانی ژنان بۆ خۆیان سەروەر بن و هەروەک خۆیانیش دەڵین ئەگەر قەرارە ئیسلام پێویستی خەڵک بێت با خەڵک بۆ خۆی هەڵی بژێرێ نەک لە ژێر هەڕەشەکانی ئەواندا؟ هەروەها مەلا کامەران چۆن ئیزن بە خۆی دەدات کە بەو شێوەیە هەڕەشە لە ساڵح موسلیم بکات کە بە قازانجی ژنان یاسای پەسەند کردووە لە کاتێکدا کە مەلاکان خۆیان لە کونا حەشار داوە ژنانی خۆڕاگری نەتەوەکان ئازایانە لە سەنگەرەکانی خەباتدان بۆ بەرگیری کردن لە مافەکانی نەتەوەکەیان. جێگای شەرمە بۆ مەلا کامەران و هاوشیوەکانی کە بە خۆیاندا ناچنەوە کاتێک دەبینن کە ژنانی نەتەوەکەیان لە سەنگەرەکاندا هیچ جیاوازیەکیان لە برا پێشمەرگەکانیان نییە، بەڵام دەبێت لە بەرانبەر یاسادا دوو مافی جیاوازیان بۆ لە بەر چاو بگیرێ؟

هەروەها ڕۆشنبیرانی کورد، ژنانی یەکسانیخواز بێ دەنگی ئێوە لە بەرانبەر ئەو مەلایانەدا، چاوپۆشی کردنتانە لە بەرانبەر تووندوتیژی و بێڕیزی کردن بە ژنان. جا بۆیە تکا دەکەم با چیتر لێ نەگەڕێین کە ژنانی نەتەوەکەمان لە ژێر سایەی ئەم شەمشەمە کوێرانەدا زیندانی بکرێن و با بە هەموومانەوە بە دژی ئەم بیر تەسکانەدا بچینەوە و نەهێڵین ئەمانە یاسای ئیسلام داسەپێنن بە سەر ژناندا!

 ١٨/١١/٢٠١٤

بابەتی پەیوەندی دار

میکانیزمەکانی خەتیب بۆ کاریگەری دانان لە سەر بەردەنگ (بە روانین و بە پێوەردانانی نامەکەی مەلا کامەران بۆ ساڵح موسلیم)، گوڵاڵە کەمانگەر

 *  نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ به‌ڕێز مەلا كامەران لە لایەن ژنانی رۆژهەڵاتەوە


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی