پێشمەرگە، شوڕشگێڕی گیان بەختكەرو بەورەو چاونەترسی كورد، كە بۆ بەرگری لە مافی گەل و پاراستنی خاك و نیشتمانەكەی و بەرژەوەندی وڵاتەكەی، سینگی خۆی دەكاتە قەڵغان و هەردەم ئامادەی گیان بەخت كردن و سەردانانە لە رێگای پارێزگاری لە خاك و گەلەكەیەتی.
ساڵی 1324ی هەتاوی (1945ی زایینی) كۆماری كوردستان لە لایەن حیزبی دێۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا، بە مەبەستی دیاریكردنی ناوێك بۆ هێزی نیشتمانی كورد (سپای میللی كوردستان 26/سەرماوەزی/1324ی هەتاوی) كۆبوونەوەیەك بەو مەبەستە پێكهات و هەر لەوێ وشەی پێشمەرگە بۆ سپای میللی كورد دیاری و پەسند كراو بۆ یەكەمجار هاتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی كورد.
ئەو وشەیە لە لایەن كەسێك بە ناوی مام ئەحمەد كە چاپەزی سكرتاریای پێشەوا بووە پێشنیار دەكرێ، مانای پڕنێوەڕۆكی ئەو وشەیە دەبێتە هۆكار تا جنابی پێشەوا قازی محمد و هەیئەتی وەزیرانی كۆماری كوردستان پەسندی بكەن و ئەو ناوە لە سەر سپای میللی كوردستان دابنێن، كە تا ئێستاش نەك هەر پارێزراوە بەڵكو ناوی پێشمەرگە بووەتە ناوێكی نێونەتەوەیی و بووەتە سپایێكی مودێڕن و پێشكەوتنخواز و جێی رێزو متمانەی هەمو مرۆڤایەتی.
پاش هەرەسهێنانی كۆماری كوردستان، وشەی پێشمەرگە لە هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ سپای كورد كە دژ بە دەسەڵاتی مەركەزی و بۆ دابین كردنی مافی گەلەكەیان خەباتیان دەكرد بەكار دەهێنرێت، جگە لە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە (1978ی زایینی) كە لە باتی ئەو وشەیە وشەی گریلا ( guerrilla پارتیزان, جنگجوی غیر نظامی)ی بۆ ناودێر كردنی هێزەكەی بەكار هێناو ئێستاش ئەو حیزبەو باڵەكانی وشەی گەریلا بەكار دێنن.
ئەو بژاردە جیاوازە چەند پرسیارێك دێنێتە ئاراوە، 1ــ ئایا p.k.k هیچ باوەڕێكی بە كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن مێژوو و خاوەن رابردوو نیە، كە بژاردەكان و دەسكەوتەكانی گەلی كوردی پێش دامەزرانی خۆی قەبوڵ نیەو رەدیان دەكاتەوە؟ 2ــ ئایا بەو بۆچوونەی كە لە گەورەترین بەشی كوردستان (كوردستانی باكوور) سەری هەڵداوە خۆی بە هێزی بەرتەر دەزانێ و دەیهەوێ رابردوو بسرێتەوەو ویست و خواستی خۆی بسەپێنی بەسەر هەمو بەشەكانی كوردستاندا؟ بە داخەوە گەر هۆكارەكان ئەوە بن یان مەبەست لە دۆستایەتی و نزیكایەتی لەگەڵ وڵاتێك وەك ئێران بێ! خۆی لە خۆیدا كۆسپێكی گەورەیە لە بەر دەم یەكدەنگی و یەكریزی كورد.
ناوی پێشمەرگەو هێزی بەبڕشت و خۆشەویستی خەڵكی كورد، ترسێكی گەورەی خستۆتە ناو دڵی دوژمنانی گەلی كورد، كە بەرە بەرە كەوتنە پلانرێژی و بەرنامە دانان بۆ كەم كردنەوەی گەورەیی و پیروزی ناوی پێشمەرگە، بە مەبەستی پێشگیری لە پێكهێنانی یەكریزی و تەبایی هێزە كوردستانیەكان.
بە تایبەت پاش هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی لە ئێران و دژایەتی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ هێزە كوردییەكان و ترسی بە نیسبەت پەرە سەندنی هەستی نەتەوایەتی و تەبایی و یەكریزی حیزب و هێزە كوردستانیەكان، دەستی دایە چەواشەكاری و پلانرێژی دژ بە شۆڕشگێڕانی كورد و ناوی پیروزی پێشمەرگە.
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و دەركردنی فتوای جیهاد دژ بە كورد لە لایەن رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران (ئایەتۆڵڵا خومەینی)، دوو حیزبی سەرەكی كوردستانی ئێران واتە دێمۆكرات و كۆمەڵە بە كافرو ناموسڵمان ناودێر كران و تێكۆشانیان لە ناوخۆی كوردستانی ئێران نافەرمی راگەیەنرا، بەوەشەوە نەوەستان، تەنانەت بۆ نانەوەی دوبەرەكی و دروست كردنی شەڕی مەزهەبی و كەم كردنەوەی هەستی كوردایەتی، وشەی پێشمەرگەی موسڵمانیان بۆ ئەو كوردانەی كە فریوی كۆماری ئیسلامیان خوارد و دژی گەلەكەی خۆیان راوەستان بە كار هێناو بە دانی بەلێن و پەیمانی درۆ و تەماح وەبەر نان سەرەنجی ئەوانی بۆلای خۆی راكێشا، تا بە مەبەستی كەمڕەنگ كردنەوەی پیروزی وشەی پێشمەرگەو دوور كردنەوەی خەڵك لە شۆڕشی نەتەوایەتی و لاواز كردنی هەستی نەتەوایەتی بەرەو هەستی ئایینی، بەردەوام بن لە كارو چالاكیەكانیان.
بەڵام نەك تەنیا ئەو پیلانە نەیتوانی كۆماری ئیسلامی بە ئامانجی خۆی بگەیەنێ بەڵكو بە ئاشكرا بوونی بەڵێن و پەیمانە درۆینەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بە نیسبەت دانی خودگەردانی كوردستان بە موفتیزادەكان و هەوەها پێڕەوانی كۆنگرەی 4 كە لە حیزبی دێمۆكرات دابڕابوون، ئەو هێزانە لە ئێران كشانەوەو لە ئاكامدا دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی دەستی دایە زیندانی كردنی كاك ئەحمەد موفتی زادەو ئیعدام كردنی چەندین مەلای ناوداری ئەو جوڵانەوەیە.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەو كاتەوە تا ئێستا، بە مەبەستی دژایەتی حیزبە كوردیەكان و بەلارێدا بردنی هەستی كوردایەتی و هەورەها كۆنترۆڵكردنی جووڵانەوەی كورد لە ئێراندا، لە وشەی پێشمەرگەی موسڵمان كەڵك وەردەگرێ، بە هاتنە سەر كاری حەسەن روحانی دەبینین جارێكی دیكە لە ژێر ناوی پێشمەرگەی موسڵمان هەندێك لە دەست و پێوەند و موچەخۆرانی لە ناوخۆی كوردستانی ئێران كۆ كردۆتەوەو سمینارو كۆنگرەیان بۆ دەگرێت. كە لە نێو واندا كەسانی نەفس نزم و خۆفرۆش و دژەگەلی و بەناو چالاكوان بەرچاو دەكەون، ئەوان بە درێژایی تەمەنی كۆماری ئیسلامی كاریان خزمەت كردن بەو رێژیمەو خەیانەت بە نەتەوەو نیشتمانی خۆیان بووە، بۆیە ئەوانە رسوای گەلەكەیانن و هیچ رێزێكیان لە ناو خەڵكدا نیە.
لە كوردستانی باشور هەمو حیزبە كوردیەكان بە دێمۆكرات و چەپ و ئیسلامی، هێزی نیزامییان بە پێشمەرگە ناو دەبەن، تەنانەت ئەو حیزبانەش كە باوەڕیان بە پرسی نەتەوەیی كورد نیەو هیچ رێزێك بۆ دروشم و ئاڵای كوردستان دانانێن، بەڵام وشەی پێشمەرگە بۆ چەكدارەكانیان بەكار دێنن، كە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ناوی پیروزی پێشمەرگە تا چ رادەیەك لای خەڵكی كوردستان گەورەیە.
پێشمەرگەی كوردستان لە ناخ و دڵ و بیرو باوەڕی خەڵكی كورددا هەڵقوڵاوەو هەڵ دەقوڵێت، خۆی بە نیسبەت خەڵك و خاكەكەی بەرپرس دەزانێ، بۆ رزگاری گەلەكەی لە چەوسانەوەو كۆیلایەتی پشت لە هەمو حەزو ئاواتە تاكەكەسیەكانی خۆی دەكات و بە گیان و خوێنی خۆی بەرگری لە ئامانج و ئاواتی خەڵكەكەی و پانتایی نیشتمانەكەی دەكات. بۆیە ئەركەكانی پێشمەرگە گەلێك قورس و دژوارن كە تەنیا بە ورەی پۆڵایین و چەكی زانست و بیری تیژی پێشمەرگە و بڕواو خۆشەویستی پێشمەرگە جێبەجێ دەبێت.
بە گشتی دەكرێ ئەركەكانی پێشمەرگە بۆ دوو قۆناغی زەمەنی خەباتی ئەو هێزە دەستنیشان و باس بكەین: یەكەم: لە جەرگەی خەبات وەك پێشمەرگەی حیزبێكی شۆڕشگێڕ دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی سەرەڕۆ. دووهەم: پاش سەركەوتن، تێكۆشان لە ریزی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی ئازاد كراو و دەسەڵاتی كوردی.
1ــ پێشمەرگەی حیزبێكی شۆڕشگێڕ لە جەرگەی خەبات دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی سەرەڕۆ:
بۆ باس كردن لە سەر ئەم ئەركە جارێكی دیكە ئاوڕێك لە سەردەمی دروست بوونی هێزی پێشمەرگەو بارودۆخی ئەوكاتی حیزبی دامەزرێنەری پێشمەرگە دەدەینەوە، حیزبی دێمۆكراتی كوردستان كە دامەزرێنەری كۆماری كوردستانە، حیزبێكی سیاسی و سەردەمیانە بوو، توانی لەو هەلومەرجە تایبەتە كە لەو سەردەمەدا بۆ ئەو بەشەی كوردستان هاتبووە پێشێ، كیانێكی سیاسی كوردی پێك بێنێت و بەڕێوەبەریەكی دێمۆكراتێك دروست بكات، بە هۆی بافتی كۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی كوردستانی ئێران كە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی هۆزو عەشیرەكان بوو، هێزی پێشمەرگەی كۆماری كوردستان پێكهاتبوو لە زۆربەی ئەو هۆزو عەشیرەتانە و هەروەها بارزانیەكان كە بۆ پشتیوانی لە كۆمار هاتبوونە مەهاباد. (جەنابی مستەفا بارزانی نەمر وەك یەكێك لە ژنراڵەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمار دیاری كرا)
ئەگەرچی لە سەردەمی كۆماردا هێزی پێشمەرگە بەو شێوە پێناسە كرابوو كە بەرگری لە مان و مەوجوودیەتی سیاسەت و كیانی كوردی و دەسەڵاتی كوردی بكات، پاش هەرەسهێنانی كۆمار و لە سەردەمی بوژانەوەی حیزبی دێمۆكرات و رێكخستنەوەی شۆڕش، پێشمەرگە بوو بە سیاسەتمەدار، دیپلۆمات، شۆڕشگێڕو بەرگریكار لە ئامانج و ئاواتەكانی خەڵك و جێگای هیوا و ئۆمێد بۆ رزگاری گەلی كورد.
حیزبەكان بوون بە مەكۆی رۆڵە نیشتمانپەروەرەكانی كورد و هەمو ئەركەكانی سەركردایەتی و رێكخستن و بەڕێوەبەری شۆڕشەكەیان وەئەستۆ گرت، وشەی پێشمەرگە بوو بە پێناسەی هەمو پۆست و پایەكانی حیزب و هەموان یەكدەست كران بۆ یەك ئامانجی هاوبەش، ئەركی هەموانیش وەك پێشمەرگە بوو بە هەوڵدان لە راستای مافویستی گەلەكەیان و پاراستنی حیزب و ئامانجە هاوبەشەكەیان.
لەو قۆناغەدا ئەگەرچی پێناسەی زۆرێك لە ئەندامان و چەكدارانی حیزبەكانی كوردی لە هەر چوار پارچە پێشمەرگەیە و لە ناسنامەدا بە حیزبەكەیانەوە دەناسرێنەوە، بەڵام لە ژێر ناوی هەر حیزب و رێكخراوێكدا ببن هەر رزگاریدەری گەلی كوردن.
2ــ پاش سەركەوتن و لە ریزی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی ئازاد كراو و دەسەڵاتی كوردی:
هەر وەك بۆ ئەركی هێزی پێشمەرگەی كۆماری كوردستان كە ساڵی 1324ی هەتاوی لە شاری مەهاباد پێك هات ئاماژەمان پێدا، ئەرك و بەرپرسایتی هێزی پێشمەرگە و سپای میللی كورد پاش سەركەوتن و دروستكردنی كیانێكی كوردی لە هەر پارچەیەك لە كوردستان، دەبێتە پارێزەر لە حكومەت و كیانی سیاسی كورد و بەرگری لە تەواویەتی خاك و خەڵكی ئەو كیانە كوردییە.
هێزی پێشمەرگە دەبێت لەو قۆناغەدا یەكپارچە بێت و بچێتەوە ژێر بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و ئەركی میللی نەتەوەیی خۆی وەئەستۆ بگرێ و بە گشتی خۆی دوور بگرێ لە شەڕی حیزبایەتی، هێزی پێشمەرگە ببێتە سپای میللی گەلی كورد و دوور بێت لە سیاسەت كردن، ئەركی ببێتە پاراستنی نەتەوەو نیشتمانەكەی (كورد و كوردستان).
بە داخەوە ئەوەی كە لە باشووریی كوردستان پاش ساڵی 1991ی زایینی روویدا و هەنوكەش هەر درێژەی هەیە، ئەوە بوو كە حیزبە سیساسیەكانی ئەو هەرێمە پاش سەركەوتنیان نەك تەنیا هێزی چەكداریان لە سیاسەت جیا نەكردەوە، بەڵكو هەر حیزبەو بۆ خۆی دەستی دایە وەرگرتن و ناونووسی هێزی چەكدار، ئاكامی وەها فیكریەت و كردارێك ئەمڕۆ لەوەدایە كە نە تەنیا هێزی پێشمەرگە لەیەك دابڕاوەو لە باتی ئەوەی كە ئەركی راستەقینەی خۆی كە هەمانا پاراستنی حكومەتی كوردی و كیان و نیشتنان و خەڵكی كوردستانە، بەڕێوە بەرێ، كەوتۆتە رقەبەری و كێبەركێی ناسالم. تا ئەو جێگایەی كە حیزبە سەرەكیەكانی باشووری كوردستان بە كەڵك وەرگرتن لە هێژمونی هێزی پێشمەرگەیان خاك و خەڵكی كوردستانیشیان لەیەك جیا كردۆتەوە.
ئەگەر سەردەمی كۆماری كوردستان هێزی پێشمەرگە لە چەكدارانی هۆزو عەشیرەتەكان دروست ببوو، بە داخەوە ئەمڕۆ دەبینین لە باشووری كوردستاندا هێزی پێشمەرگە ئەگەرچی یەك ناوی هەیە بەڵام هەر بەشێكی بەستراوەتەوە بە حیزبێكەوەو بە ناوی ئەو حیزبەوەو یان لەوە خراپتر بە ناوی كەسێكەوە ناوی دەبرێ و لە بەرژەوەندی ئەم یان ئەو حیزب و یان ئەم یان ئەو تاكی سیاسی كایەی پێ دەكرێت.
رەمزی سەركەوتنی ئێمەی كورد لە یەكڕیزی و یەكپارچەیی، لێبوردن و یەكتر قەبووڵ كردندایە، حكومەتێك گەر نەتوانێت هێزێكی یەكپارچەو یەكڕەنگ و یەكدەنگی هەبێت، ناتوانێت سەركەوتنی مەزن مسۆگەر بكات، دەبێتە جێگای رمبازێنی نەیاران و ناحەزان، دوژمنان زۆر بە ئاسانی كایەی پێ دەكەن و شەڕی پێ دەفرۆشن.
لە 69هەمین ساڵیادی داهێنانی وشەی پێشمەرگەو پێكهێنانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جێی خۆیەتی كە سەری نەوازش و رێز بنوێنین بۆ هەمو شۆڕشگێڕان و قارەمانانی گەلەكەمان كە لە قۆناغە جیایاكانی خەبات بۆ رزگاری گەلەكەیان، وەك پێشمەرگەی كوردستان بوێرانە بەگژ داگیركەراندا چوونەوەو گیانیان بەختی نیشتمانەكەیان كرد. یادیان بەرزو پیروز بێت.
نوید كرمی
سەرماوەزی 1393ی هەتاوی