"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: مێژووی حیزی دێمۆکرات پڕە لە خەباتکاری بوێری مەیدانی تێکۆشان لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی دا. یەکێک لەو تێکۆشەرە ناودارانە کاک نەبی قادری کادری ڕیبەریی حیزبە کە ١٨ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ٢ ی دیسامبری ١٩٩٦ لە وڵاتی دانمارک بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە کەس و کار ، خاک و نیشتیمان و هاوڕێیانی لە حیزبەکەی کرد.kak_nebi_qadri

کاک نەبی لە ساڵی ١٣٢٠ هەتاوی لە گوندی سۆفیانی ناوجەی شنۆ لە دایک بووە . پلەی خوێندەواریی لیسانسی جۆغرافیا بوو. ئەو لە بنەماڵەی گەورەی قادریی ئێلی مامەش بوو. کاک نەبی ساڵی ١٣٣٩ پەیوەندیی بە حیزبەوە کردووە و دواتر بۆتە ئەندامی حیزب تا ئەو ڕۆژەی کە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ئەو تێکۆشەرە ماندووی نەناسەی دێمۆکرات بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ناو و سیمایەکی ئاشنا بوو . هەر لە شیمالی کوردستانەوە تا جنووبی ترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ناوی کاک نەبی ناوێکی ئاشنا ، سیمایەکی خەڵکی و خاکی بوو. کەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە کاک نەبی بەرپرسایەتیی حیزبیی تێدا نەبووبێ و کەم ئۆرگانی حیزبیش هەیە کە کاری تێدانەکردبێ.

کاک نەبی بە هۆی کار و تێکۆشانی دەیان ساڵەیی حیزبی لە پێش سەرکەوتنی ڕاپەرینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ، هەر لە یەکەم کۆنگرەی ئاشکرای حیزب (کۆنگرەی چوار) وەک کادری ڕێبەریی حیزب هەڵبژێردرا و تا کاتی ماڵئاوایی ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری لە ڕێبەرایەتیی و ئۆرگانەکانی حیزب دا گرتە ئەستۆ. هاوڕێێانی ڕێبەرایەتیی ئەوکاتی حیزب شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە کاک نەبی یەکێک لەو کادرانە بووە کە بۆ هەر ئەرک و بەرپرسایەتییەکی حیزبی ئەرکدار کرابێت بە دڵ و بەگیان وەریگرتووە و کاری بۆ کردووە. بۆیە کاک نەبی لای کادر و پێشمەرگەی حیزب ، خەڵکی کوردستان و هاوڕێیانی خۆی لە ڕێبەریی حیزب بە چاوی ڕێزەوە تەماشای دەکرا.

کاک نەبی لە مەیدانی شەڕ دا پێشمەرگەیەکی لە خۆ بردوو ، لە بەرپرسایەتی دا کادرێکی بە ئەزموون و مودیر ، لە سیاسەت دا کەسێکی لێزان ، لە دیپلۆماسیش دا کادرێکی بەوەجی دیپلۆماسی بوو. ئەوچەند ساڵەی دوایی کە لە دەرەوە دەژیا لە دیپلۆماسیی حیزبی دا نەخشێکی بەرچاوی گێرابوو( مەبەست حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران. ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێری ئەوکات).

کاک نەبی کە لە دوای کۆنگرەی ٨ لە گەل ئەوبەشە لە حیزب بوو کە بە ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر دەناسرا، بەڵام بە شاهیدیی هاوڕێێانی نیزیکی خۆی ، ئەو بەردەوام دە هەوڵی یەکخستنی دووبارەی هەردوو بەشی حیزب بووە و لەو پێناوە دا کاری زۆری کردبوو ، هەرچەند بەداخەوە کەمتر لە دوو مانگ بەرلە یەکگرتنەوەی هەرد وو بەشی حیزب لە ١٩ی بەرانباری ١٣٧٥، ئەو ماڵئاوایی لێکردین و ئەو ئاواتەی کە هاتبووە دی بە چاوی خۆی نەبینی یەوە.

کاک نەبی قادری لەو کادرانەی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە خۆی و خێزان و مناڵەکانی بەشداری شۆڕش و پێشمەرگایەتی بوون. ئەو کەلە بنەماڵەیەکی مام ناوەندیی دەست ڕۆیشتوو داگەورە ببوو، بەڵام خەبات لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەکەیی لای ئەو هەموو شتێک بوو. بۆیە لە پێناو سەرخستنی ئەو بیروباوەڕەی دا هەموو سەختی و دژوارییەکی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی تەحەمول دەکرد.

بێ گومان ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان لە تواناماندا نیە لە سەر گەورەیی ئەو تێکۆشەرەی دێمۆکرات بنووسین کە بە حەق شیاوی خەبات و کەسایەتیی ئەو نەمرە بێ ، بەڵام ئەو چەند دێرە لە لایەک وەک بیرهێنانەوەی کەسایەتییەکی خەباتکار و دیاری نێو بزووتنەوەی کورد دەخەینە بەردیدی جیلی ئێستای خەباتی نەتەوایەتیمان ، و لە لایەکی دیکەش وەفایە ک بێ بەرانبەر بە گەورەیی ئەو کەسایەتیە خەباتکارە و ئەو هاوڕێ و مامۆستایەمان . کاک نەبی قادری پێویستە ژیان و خەباتی بکرێتەوە کتێب ، سیناریۆی فیلمی دێکۆمێنتاریی مێژوویی و وانە بۆ قوتابخانەی فێربوونی خەبات و بەرخودان. هەر وەک لە سەرەوە باسمان کرد مێژووی حیزبی دێمۆکرات کە مێژووییەکی٧٠ ساڵەی خەباتی نەتەوایەتی یە، زۆر تێکۆشەری لە ڕێزەکانی خۆیدا پەروەردە کردووە و کاک نەبی بە حەق نوێنەرایەتیی ئەو تێکۆشەرانە دەکا و نموونەیەکە لەو نموونە زۆرانە، لەگەل ئەوەی بەداخەوە ئێستا لەژیان دا نەماوە و هەتا ئەم ساتەوەختەش جێگای بەتاڵی کاک نەبی لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا دیارە.

بەداخەوە ١٨ ساڵ بەرلە ئێستا کاک نەبی قادری ماڵئاوایی لە بنەماڵە، هاوڕێ و هاوخەبات ، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و حیزبەکەی کرد و بەداخەوە جارێ ئاوات و ئامانجەکانی کاک نەبی وەدی نەهاتوون.

یادی بە خێر و سڵاو لە گیانی پاکی

 داوای لێبۆردن دەکەین کە جگە لە کاک عومەر حامیدی، کاک سەدیق بابایی و بەڕیز دوکتۆر فرێدریک تیسۆ ، باقی وێنەکان نازانین هی ئارشیوی کام یەک لە هاوڕێیانە. تەنیا ئەو وێنانە دەزانین  و دڵنیاین کە لە ئارشیوی هەر سێ بەڕیز ڕا هێناومانە. سوپاس بۆ هەمووتان

nebi_qadiri_1nebi_qadiri_4nebi_qadiri_2nebi_qadiri_3nebi_qadiri_5nebi_qadiri_6nebi_qadiri_7nebi_qadiri_11nebi_qadiri_9nebi_qadiri_8nebi_qadiri_10nebi_qadiri_12kak_nabi_nu

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی