لەم رۆژانەدا دوای بڵاو بوونی رێکلامی وتووێژێکی ناسری رەزاری لەبارەی شەڕی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و بە بەرپرس زانینی رێبەری ئەوکاتی ئەو دوو حیزبە بە نسبەت ئەو شەڕەوە، هێرشێکی بەربڵاو لە لایەن ئەدامانی هەردوو حیزبەوە بە نسبەتی ناسری رەزازی دەستی پێکردوە و کەمپەین رێک خراوە کە دەبێ داوای لێبووردن بکات.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ناسری رەزازی بە نسبەت کام وتەی خۆی دەبێ داوای لێبوردن بکات؟
بە نسبەت ئەوەی باسی شەڕێکی قیزەونی کردوە کە ئێستا باس کردنی بووە بە بڤە؟
یان بە نسبەت ئەوەی کە رێبەری حیزبەکانی بە بەرپرس ناوبردوە؟
ئایا دەکرێ لە کردەوەیەکی وەک شەڕ دا رێبەری بەرپرس نەبێ؟ ئەگەر رێبەری مەسئول نەبوە ئەی کێ مەسئولی ئەو دۆخەیە؟!
ئایا پێشمەرگە بە بێ ئیزنی فەرماندە، و فەرماندە بە بێ ئیزنی دەفتەری سیاسی و دەفتەری سیاسی بە بێ ئاگا و ئیزنی سکرتێر ئەتوانن تەقە لە لایەنی دیکە بکەن و راودووی ببن و کەمینی بۆ دابنن و ئەوە بکەن کە لە جەریانی ئەو شەڕە پیسەدا کراوە و مرۆڤ بە بیستنی لە کورد بوونی خۆی بێزار ئەبێ؟
دیارە هیچ عەقڵێک ئەوە قبووڵ ناکات کە رێبەری ئەو کاتی ئەو دوو حیزبە و لە سەرووی ئەوان نەمر دوکتور قاسملوو و کاک عبدوڵای موهتەدی وەکوو سکرتێر هیچ چەشنە بەرپرسایەتیەکان بە نسبەت دۆخەکەوە نەبووبێت و گەر ئەوان بەرپرس نەبن کێ دەتوانی بەرپرس بێت؟
بۆیە باس کردنی ئەو دۆخە گوناهی ناسری رەزازی و هیچ کەسی تر نیە، ئەو کارە رووی داوە و نە حاشای لێ دەکرێ و نە دەشاردرێتەوە و نە ئەو دوو حیزبە دەتوانن هەروا بە نسبەتی بێ دەنگی هەڵبژێرن. ئەوان ناچارن رۆژێک هەموو بەڵگەکانیان بخەنە بەر دەستی خەڵک، تاوانبار کردنی یەک لایەنەی هیچکامیانیش ناتوانێ لە واقێع دا و لە بەردەم عەقڵی خەڵک دا وەڵامێکی گونجاو بێت، چونکوو شەڕ دۆخێکی دوولایەنەیە و بێ گومان هەر دوو لایەن رۆڵیان تێدا هەیە و گەر یەک لایەن سوور بێ لە سەر ئەوەی نەیکات ئیمکانی نیە روو بدات.
مەسەلە ئەوەیە کە شەڕ لە گەڵ “هاونەتەوە” ئەویش لە کاتی شۆڕش بۆ مافەکانی هەمان نەتەوە تا چ رادە هێڵی سوورە. دیارە بۆ هەردوولا ئەوە هێڵی سوور نەبووە (بە گشتی ئەو هێڵی سوورە بۆ کورد بوونی نیە و هەمیشە تەیاری ئەو جۆرە شەڕانەیە بۆیە یەکگرتوویی نەتەوەیی لە بارەی کوردەوە هەتا ئەم ساتە وەختە دروشمێکی بێ ناوەرۆکە) . هەم حیزبی دیموکرات و هەم کۆمەڵە دەبێ وەڵامدەر بن بە نسبەت ئەوەی رووی داوە. تا کاتێکیش ئەوە لە لایەن خۆیانەوە روون نەبێتەوە و هەرکام و هەڵەی خۆیان قبووڵ نەکەن و داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان و ئەو کەسانەی لەو شەڕەدا کوژراون نەکەن، ئەوە هەمیشە وەکوو خاڵێکی لاوازی دەمێنێتەوە کە هەرکەس بیهەوێ (لە مێدیای رەقیبەوە و تا دوژمن و هەر لایەنێک کە لاوازی حیزب و کۆمەڵە بەرژەوەندیەکی کاتی یان درێژماوەی بۆ دەستەبەر دەکات) لە کاتی پێویست دا قامک ئەخاتە سەری. هێرش کردنە سەری ئەو کەسەش کە قامکی خستوەتە سەری (بە هەر مەبەستێک، دۆستی یان دوژمنی) هیچ لە خودی واقێعە مێژوویەکە ناگۆڕێ و هێرش کردن نابێتە وەڵام بۆ خەڵک. بە پێچەوانە روون کردنەوە و توانای قبووڵی هەڵەکان و داوای لێبووردن کردن ئەو کارتە لە دەستی نەیاران دەردێنێ و شتەکە بۆ هەمیشە یەکلا ئەبێتەوە.
راستی و قبووڵی هەڵەکان بە هەموو تاڵییەوە خاوەنی هێزێکی تایبەتە بۆ متمانە بەخشین و گەییشتن بە یەکگرتوویەکی راستەقینە. تاوانبار کردنی یەکلایەنەش تەنیا رۆحی بێ متمانەیی بە هێز دەکاتەوە.
حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە بەرپرسیارن بە نسبەت ئەو شەڕە، رێبەرایەتی ئەو کاتی ئەو حیزبانە بەرپرسیارن و نەمر دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵای موهتەدی وەکوو سکرتێر بەرپرسیارن. رێبەرایەتی ئێستاش بەرپرسیارە بە نیسبەت وەڵامدانەوە بە خەڵک.
لە هەموو دنیا دا لە هەر دۆخێکی سیاسی دا رێبەرەکانن کە ناویان باس ئەکرێ و ئەوە شتێکی سەیر نیە، کاتێ ئەرتەشی ئامریکا ئەچێتە خاکی عێراق یان هەر وڵاتێکی دیکەوە کەس باسی سەربازەکان و فەرماندەکان ناکات، هەموو دنیا چاو لە پرزیدنت دەکات و ئەوە بە بڕیاری ئەو لە قەڵەم دەدرێ و لە کارنامەی ئەو تۆمار دەکرێ.
بێ گومان کەسایەتی نەمر قاسملوو ئەوەندە بە هێزە و ئەوەی بۆ کورد کردوویە ئەوەندە مەزنە کە هیچ هەڵەیەک ناتوانێ ببێت بە بیانوو بۆ کەسانی دیکە بۆ تۆڵەی شەخسی کردنەوە چوونکە بە دڵنیایەوە لە مێژووی ئەو حیزبەدا لە دوای پێشەوا لێهاتوو تر و شیاوتر و بە تواناترلە دوکتور قاسملوو قەت نەبووە و تا چەند نەسڵی تریش هەر نابێ و حیزبی دیموکرات ئێستاشی لە گەڵ بێت بەشێکی گەورە لە رەوایی خۆی لە ناو خەڵک دا مەدیونی گەورەیی ئەو رێبەرە مەزنەیە بەڵام ئەمە نابێ وامان لێبکات روخسارێکی هاوچەشنی ئەوەی ئیدئۆلۆگەکان بە رێبەرەکانیان ئەبەخشن بۆ نەمر قاسملوو بنەخشێنین.
ئەوە نە تەنیا خۆشەویستی و خزمەت بە رێبازی ئەو نیە بەڵکوو پشت کردن لە ئامانجەکانی ئەو واتە گەییشتن بە ئازادی و دیموکراسی و مافی نەتەوەییە. ئازادی و دیموکراسی بەستراوی توندی گوێگرتن لەوێ تر و قائل بوونی مافی رادەربڕین بۆ ئەوی ترە بۆیە کاتێ ئەو بنەما ئەساسیە ئاوا ئاسان (تەنیا بە هێنانە بەر باسی بەشێک لە مێژوو) پێشێل دەکرێ ئیتر باسی رێباز وئیدعای درێژەدان بە رێباز بێ مانایە. مافی نەتەوەییش بەستراوی توندی پێداچوونەوەی چەمکە نەتەوە لای خۆمانە. ئێمە چەمکی نەتەوەمان چۆن خوێندەتەوە تا ئێستا کە لەو دا شەڕی ناوخۆیی دەتوانێ روو بدات؟ حیزبی نەتەوەیی لە ئەو کاتەی کوردستان دا کام حیزبە؟ لە کاتێکدا لە دوو حیزبی گەورەی کوردستان یەکیان ئەولەویەتی سەرەکی دیموکراسی و ئەویان مافی کرێکارە؟
بە گشتی کام حیزب هەیە لە هەر چوارپارچەی کوردستان کە لە ناوەکەی دا و لە ناوەرۆکی دا نەتەوەی کورد یەکەم ئەولەویەت بێت؟ چاو خشاندنێکی سادە بە سەر ناوی حیزبەکاندا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە “رزگاری نەتەوەیی” هەمیشە ئەولەویەتێکی دەرجە دوو بووە. دیارە ئەو بەشەی روونە کە رزگاری بە بێ دیموکراسی و دەستەبەر بوونی مافی چینە ستەم لێکراوەکان بەهایەکی ئەوتۆی نیە بەڵام ئەوەش دەبێ ببینین کە هەرکام لەوانە بەستراوی بوونی کیانێکی سیاسی نەتەوەیین.
بۆیە گرنگە کە لەو جیاوازیانە ورد ببینەوە، بنەما فکریەکانی شۆڕشی ئەو سەرمەوە سەرلەنوێ بخوێنینەوە و بزانین تێگەشتن و خوێندنی بەرەی پێشووی خەباتکارانی کورد لە نەتەوە و مافی نەتەوەیی چی بوە و ئەوە تا چەند لە گەڵ خوێندنەوە و تێگەییشتنی ئێستای خەڵک دا دێتەوە؟
خستنە بەر باسی شەڕی حیزب و کۆمەڵە نە تەنیا تاوان نیە بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ دووبارە خوێندنەوەی خەباتی کورد و جێگە و پێگەی چەمکی نەتەوە کە لە گەڵ ئەوەی هەمیشە لە خەباتی کورد دا باسی لێکراوە هەمیشەیش وەک مانایەکی لەرزۆک ماوەتەوە.
ئەم باسە دەتوانێ دەروازەی خوێدنەوەی هەموو شەڕە هاوچەشنەکانمان بۆ بکاتەوە، هیچ هێزیكی کوردی نیە کە لە مێژووی دا ئەو خاڵە نگریسە تۆمار نەکرابێ (شەڕی پارتی و یەکیەتی، شەڕی پەکەکە و پارتی، دیسان شەڕی پەکەکە و یەکیەتی، هێنانی پاسدار لە لایەن یەکیەتی بە دژی حیزبی دیموکرات، هێنانی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر پەکەکە لە لایەن پارتیەوە) بۆ لە خۆمان ناپرسین بۆچی وابووە؟ ئایا ئەم رەفتارگەلە لە چوارچێوەی بیری نەتەوەیی و خەباتی نەتەوەیی دا دەگونجێ؟ ئایا هەر ئەوە بەسە کە بڵێن ئەوانی تریش کردوویانە ؟ ئایا هەڵەیەکی گشتگیر لە ناو هەموو حیزبە کوردیەکاندا دەتوانێ رەوایی بەو کارە بدات و پاساوی بداتەوە؟
ئایا پێویست نیە تێگەیشتنی کورد لە چەمکی “نەتەوە” سەرلەنوێ بخوێنینەوە و بزانین گوتاری نەتەوەیی لە ناو کوردا تا ئێستا بوونی هەبوە؟ ئەگەر هەیە کێشەکانی کامەیە و چۆنە کە “شەڕ لە گەڵ هاونەتەوە”ی تێدا دەگونجێ و بارها دووپات دەبێتەوە؟
بێ گومان مێژوو ناسڕدرێتەوە و حاشای لێ ناکرێ، مێژوو هەیە و تۆمارکراوە، گرنگ ئەوەیە ئێمە بە چ چاوێک چاوی لێ دەکەین، ئایا وەبیرهێنانەوەی مێژوو بە هەڕەشە لە سەر ئێستامان ئەبینین یان بە دەرفەت بۆ تێگەیشتن و دوای ئەوە گۆڕانی ئێستا.